لێدوانه‌که‌ی سه‌رۆک بارزانی سنوری ده‌ستکردی نێوان پارچه‌کانی کوردستانی به‌زاند.
کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی

 

وه‌ک گشتمان ئاگاداری مێژوی تاڵین، گه‌لی کورد له دوای جه‌نگه جیهانییه‌کانه‌وه به بێ ویستی خۆی دابه‌ش کراوه، به‌ڵام له هه‌مو کات و زه‌مانێکدا به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌بووه دژی ئه‌م داگیرکردن و پارچه پارچه کردنه، هه‌ر وه‌ک چۆن له شۆڕشه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی گه‌لی کورددا ده‌رده‌که‌وێت.

به‌ڵام بونی عه‌وله‌مه‌ و یه‌کجه‌مسه‌ری ئه‌مڕۆ هێزێکی زیاتری به‌خشیوه به گه‌لی کورد بۆ کۆکردنه‌وه‌ی پارچه‌کانی. ئه‌مه‌ش زیاتر له دوای ڕوخانی ڕژێمی فاشستی عیراق و بونی گه‌مه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌رده‌که‌وێت، که ئه‌مه‌ش هه‌لێکی زێڕین بوو بۆ گه‌لی کورد به‌تایبه‌تی له باشوری کوردستاندا، که توانی  سیاسه‌ته‌کانی به‌پێی ستراتیژیه‌تی ئه‌مڕۆ دابڕێژێته‌وه، هه‌روه‌ک فیدڕاڵ کردنی عیراق و ده‌نگدانه‌وه‌ی باشوری کوردستان به هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ. وه ئه‌مڕۆش له جێ به جێ کردنی ماده‌ی 140 دا زیاتر ئه‌م هه‌له‌مان بۆ ده‌ڕه‌خسێت، هه‌رچه‌نده نه‌یاره‌کانیمان له ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌‌ی کوردستان به هه‌مو ڕێیه‌ک هه‌وڵ ده‌ده‌ن که ئه‌م هه‌له‌مان له بار به‌رن، به‌ڵام یه‌کده‌نگی و یه‌کڕیزی کورد بوه هۆی ئه‌وه‌ی که ڕاسپه‌رده‌کانی ده‌ستوری عیراقی بکه‌وێته جێ به جێ کردنه‌وه، ئه‌مه‌ش ڕقی دوژمنی مێژویی گه‌لی کوردی له عه‌ره‌به شۆڤێنییه‌کان و که‌مالییه‌کانی تورکیا زیاتر کردوه، هه‌رچه‌نده به رای من تا چه‌ند پاڵه‌په‌ستۆی سیاسی له‌سه‌ر کورد بێت ئه‌وه‌نده‌ش یه‌کگرتو ده‌بێت.

جێی خۆشحاڵییه که سه‌رکرده‌کانی پارچه‌کانی کوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ست به مه‌ترسییه‌کی هاوبه‌ش ده‌که‌ن که ئه‌مه‌ش زیاتر ده‌مانباته‌وه بۆ چه‌سپاندنی هۆشی نه‌ته‌وایه‌تی له‌و پارچانه‌دا وه به ڕونی و ئاشکرایی له لێدوانه‌که‌ی به‌ڕێز سه‌رۆکی شاره‌داری ئامێد ده‌رده‌که‌وێت که فه‌رموبوی:   (هه‌رده‌ستدرێژییه‌ک بۆ سه‌ر که‌رکوک ده‌ست درێژییه بۆ سه‌ر ئامێد)، به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان مه‌سعود به‌رزانیش به‌و لێدوانه نیشتیمانییه‌ی که گه‌یاندییه گوێی دوژمنان، ئه‌و یه‌کپارچه‌یی و هاوخه‌مییه‌ی گه‌لی کوردی چه‌سپاند که ده‌فه‌رمێ: (ئه‌گه‌ر ڕژێمی تورکیا ته‌گه‌ره بخاته سه‌ر جێ به جێ کردنی ماده‌ی 140 ، ئه‌وا بۆ کوردی باشوریش هه‌یه که ده‌ست بخاته کوردستانی باکوره‌وه) واته لێره‌دا ئه‌م وته‌یه واتایه‌کی گرنگ و به پێز ده‌دات به‌وه‌ی که کورد هه‌ر کورد ده‌بێت گه‌رچی پارچه پارچه‌ش کرابێ، چه‌ند جوانه که ده‌بینین که‌رکوک خه‌می دیاربه‌کر ده‌خوا و دیاربه‌کریش له پیناو ئازادی که‌رکوک ئاماده‌یه بێته فیدا..!!  چه‌نێ مایه‌ی دڵخۆشییه که هه‌ست بکه‌ین ئیمه یه‌کین و هه‌ر مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر هه‌ر پارچه‌یه‌ک مه‌ترسییه بۆ سه‌ر پارچه‌که‌ی تر.

ئالێره‌‌‌وه به توانایی و به پێزی و کارامه‌یی وته‌کانی سه‌رکردایه‌تی کورد له به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی هۆشی  نه‌ته‌وایه‌تی کوردیدا ده‌رده‌که‌وێت ، که بتوانن به دوژمن بڵێن کورد گیانێکه له 5 جه‌سته‌دا.

دیاره ئه‌م لێدوانه گه‌لی کوردی به گشتی خۆشحاڵ کرد و دوژمنانیشی به شێوه‌یه‌ک ترساندووه که هاوار بۆ هاوپه‌یمانه‌کانیان (ئه‌مریکا) ببه‌ن که هاوکارییان بکات بۆ ئه‌وه‌ی ئینزاری گه‌لی کورد بکه‌ن واز له یه‌کبون بهێنێ، به‌ڵام مێژو سه‌لماندویه‌تی که دوژمنان خه‌یاڵیان خاوه و گه‌لی کورد هه‌رگیزاو هه‌رگیز به‌و هه‌ڕه‌شه‌و گووڕه‌شانه ناترسێت، چونکه گه‌لی کورد وه‌ک ئاماژه‌مان پێ کرد و مێژو تۆماری کردوه،  ساڵه‌های ساڵه شۆڕش ده‌کات دژی ئه‌و داگیرکه‌ره نه‌گریسانه‌ی کوردستان و نه به شه‌هید و ئه‌نفال و نه به کیمیاباران و زینده‌به‌چاڵ کورد له یه‌کبونی کۆڵ نادات. خۆ به‌هێز ترایان و دڕنده ترینیان له دوژمنه‌کانمان رژێمی فاسشتی به‌غدا بو، به‌ڵام گه‌لی کورد  هه‌رگیز چۆکی دانه‌دا و توانی چۆک به به‌عس بدات، ئه‌وجا ئه‌مڕۆش به دوژمن (تورکیا) ده‌ڵێین، هه‌ڕه‌شه‌کانتان هینده‌ی تر سه‌رکردایه‌تیمان به هیز تر و گه‌له‌که‌مان یه‌کگرتو تر ده‌کات.

من له‌لای خۆمه‌وه به هه‌ستێکی کوردایه‌تییه‌وه پر به زاری خۆم هاوار ده‌که‌م ئیتر به سه‌ گه‌لی کورد یه‌ک بگرن و پێشمه‌رگه‌ و گه‌ریلاکان با یه‌ک هێز بن، با هه‌مو ده‌ست له ناو ده‌ست، به یه‌ک ڕێڕه‌و و یه‌ک ستراتیژیه‌ت هه‌وڵ بده‌ین بۆ چه‌سپاندنی بنه‌ماکانی ده‌وڵه‌تی کوردی له کورستاندا.

 

کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی

هۆڵندا

Kani_awin@hotmail.com

 

           

 

05/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca