"دوعا" تراژیدیایه‌کی مێژوویی، و ئیمزای وه‌رچه‌رخاندنی سه‌رده‌مێک‌

رزگار شه‌یبان

rezgarshaiban@yahoo.com

 

ڕووداوێک که‌ به‌رێکه‌وت له‌ چاوی ره‌شترین کامێراوه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ ناو مێدیاکان، رووداوێکی ئه‌وه‌نده‌ دڵگران و تراژیدیایه‌کی هێنده‌ گه‌وره‌بوو ویژدانی مرۆڤایه‌تی هاژاند و جیهان و سه‌رده‌می ئه‌مرۆی له‌ پڕ جه‌نجالترین گۆشه‌ی جیهانی سیاسییه‌وه‌، خستۆته‌ به‌رده‌م ئالوگۆر.

رووداوی تراژیدیایی بردبارانکردنی كچێکی هه‌ڤده‌ ساڵه‌، له‌ کوردستانی عراق له‌ ژێر بیانووی ئاینی و ئه‌خلاقی، خه‌ریکه‌ له‌ پاڵ کۆمه‌لیک هه‌لومه‌رجی سیاسی و ململانی ئاینی و نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی تێده‌په‌رێت و دوعا جارێکیتر ده‌کرێته‌وه‌‌ قوربانی ده‌ستی ئه‌و کۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی ئاینی و نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی. ئه‌وان‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ‌ رووداوه‌که‌ له‌ ره‌یڵی تراژیدیاییه‌ک که‌ به‌سه‌ر مرۆڤێکدا هاتوه‌‌ به‌رنه ‌ناو‌ کێشه‌ی خۆیان و تاوانباریی و مێژووی ژن کوشتن و سوونه‌تی مروڤ کوشتنی خۆیان پاساو بکه‌ن یان له‌ جه‌نگی ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییدا له‌ دژی یه‌کتر به‌کاریبهێنن.

کارگه‌ریی ئه‌و رووداوه‌ ویژدانی مرۆڤایه‌تی له‌ جیهاندا هاژاند. جیهانیک که‌ ته‌نانه‌ت میدیاکانیش لایه‌نگرنن و ناتوانن بێ لایه‌نبن له‌ هیچ رووداوێک و ناتوانن که‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌لاتی سیاسی و چینایه‌تی پشتی سه‌ر بخه‌ن، به‌لام ئه‌م رووداوه‌ هه‌موو میدیاکانیشی خستۆته‌ به‌رده‌م ئالوگۆرێک که‌ ده‌بیت ئیتر  له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م تاوانه‌ لایه‌نگری و بێ لایه‌نی خۆیان له‌ مافه‌ بنچینه‌یه‌کانی مرۆڤ جاریکتر پێناسه‌بکنه‌وه‌.‌‌‌

ده‌سه‌لاتدارانی سیاسی و حکومه‌تی کوردستان و عراق راسته‌خۆ به‌رپرسن له‌ له‌و کاره‌ساته‌ و خۆیان لایه‌نێکن له‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستی و چه‌سپاندنی ده‌مارگیری ئایینی.  هه‌موو سوونه‌ته‌ دواکه‌وتوه‌کانی کۆمه‌لگا چه‌ندان ساله‌ له‌ژێر ده‌سه‌لاتی ئه‌واندا زۆر زیاتر له‌ هه‌رکۆییه‌کی دنیا گه‌شه‌ده‌کات. پاییه‌ و بنه‌ماکانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دواکوتوترین سه‌رمایه‌داری ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌ کوردستان و عراق په‌یوه‌سته‌ به‌و گه‌شه‌‌ له‌ دواکه‌وتوویی که‌ خه‌ریکه‌ کۆمه‌لگا ده‌گه‌رێنیته‌وه‌ بۆ ناو زۆنگاوه‌ بۆگه‌ناوه‌کانی  نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ئایینی. لێره‌وه‌یه‌ که‌ مرۆڤ به‌هه‌موو پێکهاته‌یه‌کیه‌وه‌ له‌ رووی جسمی و هه‌ست و خۆشیه‌کان و مافه‌ بنه‌ره‌تیه‌کانییه‌وه‌ پێناسه‌ده‌کریته‌وه‌ و جێگای کۆمه‌ڵایه‌تی  بۆ دیاریده‌کرێت له‌ دیدگای ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و گه‌شه‌که‌یاندا.

به‌ڵام بزووتنه‌وه‌‌ی ئالوگۆر، بزووتنه‌وه‌ی مافی یه‌کسانی و ئازادیخوازیی له‌پاڵ ویژدانی مرۆڤایه‌تیدا ده‌توانێت و خه‌ریکه‌ له‌ گه‌ڵ کۆتایی دواین هه‌ناسه‌ی "دوعا"، کۆتایی به‌ده‌وره‌یه‌ک ده‌هێنێت که‌ مرۆڤ ئیتر به‌ هیچ بیانوویه‌کی ئه‌خلاقی و ئاینی نه‌کوژرێت و پیناسه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی نه‌کرێته‌ بنه‌مای ژیانی. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌‌‌ له‌ توانایدایه‌ که‌ ئیمزای کۆتایی سه‌رده‌می به‌ربه‌ریه‌ت و کۆتایی یاساکانی به‌ربه‌ریه‌تی هه‌ر شه‌ریعه‌تیک و هه‌ر ئاینێک، به‌ یه‌که‌مین لاپه‌ره‌ی سه‌رده‌مێکی تازه‌وه‌ بنه‌خشینیت. سه‌رده‌مێک که‌ ئیتر هه‌رکه‌س له‌ هه‌رکوێیه‌ک بێت و هه‌رچیه‌ک بیت پێناسه‌ی مرۆڤ بوون بنه‌مای ژیانی بێت.

 

April 28, 2007