نامه‌یه‌کی کراوه
بۆ به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان مه‌سعود بارزانی!
بۆ ڕۆشنبیرانی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و نه‌ترس!
بۆ ته‌واوی ڕێکخراوه‌کانی لایه‌نگری مافی ژنان و مافی ئینسان!
بۆ گشت ئینسانی کورد به هه‌ر دین و ئایین و بێرێک که دژ به وه‌حشیگه‌ری ڕاده‌وه‌ستێ!

ئه‌گه‌ر ئینسان له پێناو عه‌شقدا شه‌هید نه‌بێ و هاوڕێی ئاشقان نه‌بێ، کوا ده‌توانێ داواکاری مافی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لێکی ئه‌نفالکراو بێ؟
دیتنی کوشتنی کچێکی 17ساڵه له ناوچه‌یه‌کی سه‌ر به موسڵ به ویدئۆ له‌سه‌ر سایته‌کان وه‌ک بۆمه‌له‌رزه سه‌رزه‌مینی ڕوحی هه‌ر ئینسانێکی وه‌فادار به عه‌شق و مێهربانی ده‌له‌رزێنێ. زۆرم بیرکرده‌وه که ئایا ئه‌و نامه‌یه‌ بنوسم یا نا، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام به‌و ئاکامه گه‌یشتم که ئه‌گه‌ڕ له ساتێکی وادا وه‌ک ئینسان ده‌نگ هه‌ڵنه‌بڕم، مردنم باشتره.

به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان!

قه‌ت له‌بریم ناچی ساڵی 1991 که له شاری کابۆل بووم،تاڵه‌بانه‌کان ده‌هاتنه ناو شار و به شمشیر سه‌ری خه‌ڵکیان به ڕاوه‌ستان لێده‌دا و جه‌‌سته‌‌ی ئینسانه‌که چه‌ند میتر دوای سه‌رلێدان ده‌ڕۆیشت و تاله‌‌بانه‌کان له ده‌وری ڕاده‌وه‌ستان و پێده‌که‌نین و پێیان ده‌کوت: "رقص مرده"، واته‌ سه‌مای مردوو!

ئه‌و کرداره‌ له موسڵ بێ یان هه‌ر شوێنێکی‌تر عێراق (مادام که‌ ئێستا کورد به‌سه‌ریداسه‌پاوه که به‌شێکه بێ له عێراقی فێدرال) وه‌ک دیارده‌یه‌کی کولتوری کاتێک ده‌یان که‌سی وه‌حشی کۆده‌بنه‌وه‌ و بڕیاری مه‌رگی ئینسانێک ده‌ده‌ن، چه‌ند پرسی سه‌رکی دێنێته ئارا: سنووری وه‌حشیگه‌رێتی له ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا تاکوێ د‌ڕوا؟ ئایا له‌ناو هه‌‌ر تاکێکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیدا، تاڵه‌بانێک نیه؟ بۆ حکومه‌تی کوردستان و یان عێراق پارێزه‌ری ژیانی ئه‌و کچه‌ نه‌بووه؟ ئه‌و پۆلیسانه‌ی که ئه‌رکی ئه‌مانه‌تداری و ڕاگرتنی ئاسایشی خه‌ڵکیان پێ‌ئه‌سپێردراوه بۆ ئه‌و کچه‌‌یان له ژێر ده‌ستی ئه‌و قاتڵانه ڕزگار نه‌کرد؟
کوشتن و جوانه‌مه‌رگ کردنی دوعا، هه‌وڵ کاره‌سات و ئاخر کاره‌سات نییه. ڕۆژانه به ده‌یان ژن و کچ ده‌کوژڕێن و خۆده‌سوتێنن و له هه‌ر چوار پاڕچه‌ی کوردستان ژنان هه‌وڵ که‌سانێکن که مافیان له‌ ژێر پێ‌ده‌ندرێ. ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالار و دواکه‌وتوو بۆ دووباره‌ به‌ڕهه‌مهێنانی خۆی به‌رده‌وام په‌لاماری ژنان ده‌دا و پێ له هه‌موو یاساکان ده‌نێ. به‌ڵام داخه‌که‌م ئه‌م جاره‌یان شێوه‌ی کوشتنه‌که‌، ته‌نیا قه‌ره له‌ قه‌ره‌ی سه‌نگساره‌کانی ڕژیمی جمهوری ئیسلامی ده‌دا و ئه‌و دیمه‌نانه‌ ته‌نیا له ناو تاڵه‌بانه‌‌کاندا ده‌بیندرێ.
دیتنی ئه‌و کاره‌ساته له موسڵ بێ یان له هه‌ر شوێنێکی‌تری عێڕاق،  ده‌بێ حکومه‌تی کوردی هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر بگرێ. به‌ بلۆک و به‌رد و شه‌ق له جه‌سته‌ و سه‌ری ئینسانێک دان و ئه‌نجن ئه‌نجکردنی، هه‌مووی قاره‌مانێتی ئه‌و پیاوانه‌یه که که‌سایه‌تی خۆیان له کوشتنی ئه‌و منداڵه‌‌ بێده‌ره‌تانه‌ دا ده‌بینن. ئه‌و به ناو قاره‌مانه که‌له‌پوکانه له بیریان ده‌چێ که دوعا به پێی قانونی وڵاتانی پێشکه‌وتوو منداڵه‌ و خۆ ئه‌گه‌ر منداڵیش نه‌با هه‌ر جنایه‌ته که ده‌رهه‌قی ئه‌نجام درا. ئه‌و پیاوه‌ به درۆ قاره‌مان و به‌شه‌ڕه‌فانه، هه‌موو شه‌ڕه‌فی خۆیان له کوشتنی ئینسانێک دا ده‌بینن که پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌ گه‌ڵ که‌سێک بووه که هاوئایینی عه‌شیره‌که‌ی نه‌بووه، به‌ڵام نا زۆر به هه‌ڵه‌دا ده‌چین ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌و کاره‌ساته ته‌نیا له چوارچێوه‌ی شه‌ڕی نێوان دین و عه‌شیره‌ته‌کان دا ببینین. کوشتنی ژنان له ناو هه‌موو ئاینه‌کان و قه‌ومه‌کان دا ده‌بیندرێ و ناکرێ ئه‌مه به ئایین و گرووپێک ببه‌ستینه‌وه. ئه‌و دیارده‌یه بۆ وێنه‌ له ناو ئیسلامیه‌کان، زه‌رده‌شتیه‌کان، مه‌سیحیه‌کان و هیندیه‌کان، کورد، عه‌ره‌ب، تورک، فارس و هه‌مووی ناوچه‌ی ڕۆژ‌‌‌هه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت ئیسپانیاو ئیتالیا ده‌بیندرێ. جه‌سته‌ی ژن ئه‌و سه‌نته‌ره‌یه که ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالار تێیدا خۆی به‌رهه‌م دێنێته‌وه و به وه‌حشیه‌تی خۆی ئینسانه‌کان ده‌ترسێنی و کۆنترۆلی روح و جه‌سته‌ی هه‌موو کۆمه‌ڵگا ده‌کا.

به‌ڕێزم!
پرسیار ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد تا کوێ پشتیوانی له ژنان ده‌کا بۆ گۆڕانی نۆڕم و نه‌ریته‌کان؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌بێ ده‌سته‌وه‌ستان ڕاوه‌ستێ و چاولێکه‌ری حوکمه‌کانی عه‌شیره‌‌کان بێ؟ ڕاسته گۆڕانی نۆڕمه‌کانی کۆمه‌ڵگا، کات و پلانی ده‌یان ساڵه‌ی ده‌وێ، به‌ڵام ڕۆڵی به ناو ڕۆشنبیران و حکومه‌ت ئه‌گه‌ر پاراستنی مافی ئینسانێکی 17 ساله‌ نه‌بێ، ئه‌دی ده‌بێ چی‌بێ؟ ده‌شزانین که گرفتی نێوان ئاینه‌کان و عه‌‌‌شیره‌کان، گرفتێکی ده‌سه‌ڵاتی کوردیشه، به‌ڵام ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، پارستنی یاسا‌ و دابینکردنی مافی ئینسانه‌کانه، سه‌ره‌ڕای هه‌ر جۆره بیرو ئایینێک و ئه‌وه‌ش ده‌بێ له‌سه‌ره‌وه‌ی یاسای خێڵ و عه‌شیره‌کان‌ بێ.
به‌داخه‌وه نابێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێ که زۆر پیاوی ناو دام و ده‌زگای سیاسه‌تی کوردی و ناو حیزبه‌کان خۆیان هه‌وڵ که‌سانن که ڕۆژانه پێ له مافه‌کانی ژنان ده‌نێن. که‌م نین ئه‌و پیاوانه‌ی که له ناو خۆدی حیزبه‌کان چه‌ند ژنیان هه‌یه و ژن بۆ ئه‌وان له ته‌نیا که‌ره‌سته‌یه‌کی سکسی زیاتر نییه.

به‌رێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان!
گه‌رچی له هه‌رێمی کوردستان دا له دایک نه‌بووم، به‌ڵام وه‌ک بیلبیله‌ی چاوی خۆم هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستانم خۆشویستووه. گرفتێک له شاری موسڵ وه‌ک گرفتێکی‌تر له مه‌هاباد بۆ من گرینگه‌ و هه‌رگیز ئه‌و ناحه‌قیانه‌ی که ده‌رحه‌وق به ژنی کورد ده‌کرێ وه‌ک ئینسانێکی کورد قه‌بۆڵ ناکه‌م و پێموایه که حکومه‌تی کوردستان ئه‌گه‌ر بۆ دوو گرفتی "کێشه‌‌‌ی ژنان" و "دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی" به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی کار نه‌کا، سه‌ری خودی کوردی تێدا ده‌چێ.
من به حه‌ق پێموایه ناسیونالیزمی کورد له هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان له سه‌ر شانی ژنی کورد هه‌ڵگیراوه‌ (به هه‌ر ئاینێک که په‌یڕه‌وی لێده‌که‌ن به ئه‌یزیدی، ئیسلام، مه‌سیحی و زه‌رده‌شتی ...) و ژنی کورد له هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان ته‌نیا یاریده‌ده‌ری شۆڕشی کورد نه‌بووه، به‌ڵکو ‌به‌ردی بناخه‌ی ئه‌و خه‌‌باته‌ بووه بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافی کورد، هه‌ر بۆیه ده‌بێ هه‌موو ژنانی کورد به هه‌ر ئایینێک که هه‌یانه مافیان له کوردستان بپارێزدرێت.
ناخوازم هه‌موو خه‌تاکان بخه‌مه سه‌ر حکومه‌ت چونکه کۆبوونه‌وه‌ی ده‌یان ئینسانی بێ هه‌ستی نه‌زان و که‌له‌پووک که به به‌رد و شه‌ق له‌ سه‌ری کچێکی 17ساڵه‌‌ ده‌ده‌ن دیارده‌یه‌کی کولتوریه که‌ ده‌بێ ده‌یان ساڵ کاری بناخه‌یی و سیستیماتیکی بۆ بکه‌رێت تا بنه‌بڕ بێ، به‌ڵام ڕۆڵی ده‌سه‌ڵات و بڕیاره‌کانی ده‌توانێ خاڵێ وه‌رسووڕان و یارمه‌تیده‌ر بێ بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و کولتوره.


له‌وه زیاتر کاتی به‌ڕێزتان ناگرم و پێموایه هیچ باسێکی تێئوریکیش له‌و ساته‌دا به‌ده‌ردناخوا، که مه‌ڕگێکی له‌م چه‌شنه هه‌موو تێئورێک ده‌خاته‌ ژێر ڕکێف و ئینسان ده‌حه‌به‌سێ. ته‌نیا وه‌ک نووسه‌رێکی کوردێک و لایه‌نگرێکی مافی ژنان له وڵاتی غه‌ریب‌ڕا، له جه‌نابت وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان داوی هه‌ڵوێست ده‌که‌م. هه‌روه‌ها داوای پرسینه‌وه‌ی له ئاسایشی موسڵ و سزادانی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌م که ئه‌و جنایه‌ته‌یان خۆڵقاندووه گه‌رچی ده‌زانم کاتێکی ئه‌سته‌مه و زۆر ده‌ستی نه‌دیار ده‌خوازێ کوردستان بشێوێنێ و هێزه‌کانی تێرۆریستیش په‌ره‌ به‌م کردارانه‌ ده‌ده‌ن. بڕیاری هۆشمه‌ندانه‌ی به‌ڕێزت و پشتیوانی ئێوه له مافه‌کانی ژنان ده‌توانێ پێشی کاره‌ساتی‌تر بگری.
له ئاخردا به‌ دوعای جوانه‌مه‌ره‌‌گ ده‌ڵێم ئارام بخه‌وه کچم، به‌ڵکو شه‌هیدبوونی تۆی ئازیز، گیانی هه‌زاران کچی‌تر نه‌جات بدا. خه‌وی خێرت بێ کچم.
هه‌روه‌ها داوا له هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی ئینساندۆست، پاڕڵمانی کوردستان و ته‌واوی دام و ده‌زگای کوردی و ڕۆشنبیران ده‌که‌م که پشتی ئه‌و نامه‌یه‌ بگرن بۆ دانانی یاسایه‌ک که پێشی کرداری ناشایستی له‌و چه‌شنه له ژێر ناوی ئایین و دین و عه‌شیره بگیردرێت.

وێڕای سپاس و ڕ
ێزم
شه‌هلا ده‌باغی، ستۆکۆڵم 24 ئاپریل 2007
Shahld2004@yahoo.se

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca