ئاخر وا نییه‌، ئه‌مه‌یش نموونه‌

   عه‌باس شوان

 

 

كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی (ی ن ك) له‌ خزمه‌ت كێدان؟

ناونیشانی بابه‌تێکی PUKmedia یه‌، له‌ڕۆژی 2007.5.17‌  بڵاوبۆته‌وه‌. کورته‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌ڵامه‌ بۆ به‌ڕێزێک به‌ناوی ئارام قزله‌رییه‌وه‌، که‌ له‌هه‌مان شوێندا بڵاوبۆته‌وه‌. وه‌ک له‌وه‌ڵامه‌که‌دا دیاره‌ نووسه‌ر دووخاڵی وروژاندووه‌، یه‌که‌میان سه‌ردانی سه‌رکۆوه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌ریم بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، که‌ ئه‌مه‌یان جێی باسی من نییه‌.

خاڵی دووه‌م، مه‌سه‌له‌ی فه‌رامۆشکردنی دۆسیه‌ و ئه‌رشیفی به‌وێنه‌ و ژیاننامه‌ی شه‌هیدانه‌.  نووسه‌ری PUKmedia به‌رگری له‌وه‌ ده‌کات، که‌ که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی  PUK نه‌ک که‌مکارییان له‌و بواره‌دا نه‌کردووه‌ به‌ڵکووبه‌ده‌وڵه‌مه‌ندترینی ناوزه‌د ده‌کات. ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بڵی PUK حیزبی شه‌هیدانه‌. ڕێنمایی ئارام قزله‌ری ده‌کات  به‌ئه‌رشیفی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێی ئۆرگانی ناوه‌ندیدا بچێته‌وه!هاتنه‌ سه‌رهێڵی من وه‌ک برای شه‌هیدێک له‌م خاڵه‌دایه‌، ساڵی پار 2006 له‌یادی شه‌هید بوونیدا ڕێکه‌وتی 29 له‌سه‌ر 30 . 4 1979 چه‌ند سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێکم وه‌ک بیره‌وه‌ری تێهه‌ڵکێش به‌چه‌ند وێنه‌، نووسیوه‌وه‌، به‌ناونیشانی عه‌لی چه‌له‌بی زیندوو ده‌بێته‌وه‌. دوو ڕۆژ به‌ر له‌یاده‌که‌ حه‌زم کرد له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ بڵاو بێته‌وه‌. دوای ناردنی ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌ توونی بابا و ئاوی ئاموون چوو!
ئه‌مساڵیش هه‌مان بابه‌ت، ویستم له‌یادی شه‌هیدبوونیدا له‌ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ بڵاو بێته‌وه‌. له‌ترسی ئه‌و فه‌رامۆشکردنه‌ وام به‌باش زانی به‌ڕێگای مه‌ڵبه‌ندی دره‌وه‌ی PUK بێت. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ ڕۆژی2007.4.11 به‌ته‌له‌فوون له‌گه‌ڵ به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ند قسه‌م کرد، داوام لێکرد ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌ی له‌سه‌ر جوانه‌مه‌رگه‌ی برام نووسیمه‌، له‌ڕۆژی شه‌هیدبوونیدا له‌ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێدا به‌ڵکوو هه‌وڵبدات بڵاوی بکاته‌وه‌. له‌وه‌ڵامدا وتی: ده‌ ڕۆژ به‌ر له‌و کاته‌ بۆم بنێره‌، نه‌ک له‌ڕۆژنامه‌ به‌ڵکوو له‌ماڵپه‌ڕی pukonline یشدا بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه‌.
 

هه‌روه‌ها وتی:  بۆ دڵنه‌وایی کاتێک زه‌نگت لێدایه‌وه‌، ده‌توانی قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن به‌ڕێز سه‌رداردا بکه‌یت، به‌ر له‌ناردنی بۆ بڵاوکردنه‌وه‌، چاره‌ی که‌موکوڕییه‌کانی بکرێت.

دڵم خۆش بوو، له‌کاتی دیاریکراودا بابه‌ته‌که‌م نارد. پاش چه‌ند ڕۆژ به‌ر له‌یاده‌که‌ بۆ ته‌ئکید کردن زه‌نگم بۆ مه‌ڵبه‌ند لێدایه‌وه‌، که‌سێک وه‌ڵامیدایه‌وه‌، که‌ به‌رپرس له‌ده‌ره‌وه‌ی هۆڵندایه‌ و هه‌واڵی به‌ڕێز سه‌ردار عه‌بدولکه‌ریم پرسی، له‌وێ نه‌بوو، به‌هه‌رحاڵ مه‌سه‌له‌که‌م تێگه‌یاند که‌ ئه‌و نووسینه‌ی بڕیار بوو به‌مایل ناردوومه‌، ته‌نها ویستم بزانم که‌موکوڕی تێدا نییه‌ و گه‌یشتووه‌. به‌ڵێنی گه‌یاندنی قسه‌کانی پێدام.
 

من بۆ خۆم بێ هیچ شتێک وه‌ک که‌سێکی بواری نووسین ڕۆژانه‌ سه‌ردانی ڕۆژنامه‌کانی کوردستان ده‌که‌م، به‌تایبه‌تی ڕۆژی 29 و30  ته‌نانه‌ت ڕۆژی یه‌کی مانگی ئایاریشم  ڕوانی، نه‌ک ئه‌وه‌ به‌ڵکوو pukonline یش بڵاوینه‌کرده‌وه‌! ئه‌وه‌یش چووه‌ ڕیزی فه‌رامۆشییه‌کانی تره‌وه‌...

ئه‌مه‌ به‌رگری نییه‌ له‌به‌ڕێز ئارام قزله‌ری، به‌ڵام ئه‌م حیکایه‌ته‌یش ته‌ئکید له‌ڕاستی و دروستی په‌یڤه‌کانی ده‌کاته‌وه‌...
-----------

تکایه‌ بڕوانه‌ به‌سته‌ری بابه‌ته‌که‌‌:

http://www.pukmedia.com/kurdinews/17-5-2007/news42.html


2007.5.18 Finland

 

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca