گاڵته‌ی زمان – به‌ بێ شه‌رح

 
 ئه‌یوب ڕه‌حمانی

rahmayub@yahoo.de
 

 

 06.05.2007 

کێشه‌ی زمانی کوردی به‌س وشه‌ نیه‌، به‌ڵکو خۆ له‌ وڵام دزینه‌وه‌شه‌‌‌!

بله‌: ئه‌رێ خوله‌، فیلێک چۆن ده‌خرێته‌‌ ناو یه‌خچاڵێک؟

خوله‌: جا تخوا ئه‌مه‌ پرسیاره‌؟ تۆ له‌م جیهانه‌ پان و به‌رینه‌ پرسیارێک له‌مه‌ ماقوڵترت ده‌ست نه‌که‌وت له‌ منی پرسی؟ فیل به‌و گه‌وره‌ی و عه‌زه‌مه‌ته‌؟ جارێ با لێت پرسم بزانم ئه‌رێ بێزه‌حمه‌ت یه‌خچاڵ چییه‌؟

بله‌: یه‌خچاڵ یه‌خچاڵه‌، چۆن تۆ نازانی یه‌خچاڵ چییه‌؟

خوله‌: ئه‌ی من کوردم، چۆن بزانم یه‌خچاڵ به‌ چی ده‌کوترێت.‌

بله‌: یه‌خچاڵ ئه‌و سندوقه‌یه‌ که‌ شت و مه‌کی خوارده‌مه‌نی تێده‌خه‌ن و له‌ به‌رقی ده‌ده‌ن و هه‌ڵی ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ناوه‌که‌ی سارد بێت و خوارده‌مه‌نی تێده‌خه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که‌ خراپ نه‌بێت.

خوله‌: ئه‌ی تۆ پێم نالێی به‌رق چییه‌؟ هه‌ڵبه‌ت ئه‌ویش هه‌ر خوارده‌مه‌نییه‌ و ده‌یخه‌نه‌ ناو یه‌خچاڵ با خراپ نه‌بێت!

بله‌: نا براکه‌م، به‌رق هێز و وزه‌یه‌ که‌ نابیندرێت و یه‌خچاله‌که‌ی پێ ده‌که‌وێته‌ کار و له‌ ڕێگای ئێلێکتڕۆ میغناتیس و به‌ دروست کردنی مه‌یدانێکی میغناتیسی و خوڵاندنه‌وه‌ و هه‌ڵسوڕاندنی ئاڕمیچه‌رێک له‌ ناو ئه‌م مه‌یدانه‌ میغناتیسیه‌ له‌ ناو دو قوتبی باکور و باشور یاخۆ مه‌نفی و موسبه‌تدا دروست ده‌بێت و دوای تێپه‌ڕین له‌ خازن و له‌ ڕێگای ته‌لێکی مسییه‌وه‌ و دوای تێپه‌ڕاندنی ترانسفۆڕماتۆڕه‌ وڵتاژ به‌رزه‌کان و دواتر تڕانسفۆڕماتۆڕه‌ چکۆله‌تره‌کانه‌وه‌ و دوای بڕینی ڕێگاێکی زۆر ده‌گه‌ێندرێته‌ ناو ماڵان و له‌وێ ماتۆڕی یه‌خچاڵه‌که‌ی پێ هه‌ڵ ده‌که‌ن و ده‌یخه‌نه‌ کار.

خوله‌: ئه‌ی خازن‌ و ئارمیچه‌ر چین؟

بله‌: خازن وزه‌که‌ له‌ خۆیدا ده‌هێڵێته‌وه‌ و ئارمیچه‌ریش شتێکه‌ که‌ ته‌لی لاکداری تێپێچراوه‌ و له‌ ناو مه‌یدانه‌ میغناتیسیه‌که‌دا به‌ ئاو یا هه‌وا (با) یا خۆ به‌ ماتۆڕێک هه‌ڵی ده‌سوڕێنن و وزه‌ یا به‌رق دروست ده‌کات!

خوله‌: ئێ باشه‌ تێگه‌یشتم به‌ڵام‌ نابێ بلێین یه‌خچاڵ چونکو ئه‌م ناوه‌ بێگانه‌یه‌ و هی ئێمه‌ نییه‌، ده‌بێ ناوێکی تری کوردی له‌ سه‌ر دانێین!

بله‌: ده‌ی که‌واته‌ مه‌ڵا بێنه‌ و ناوی بنێ، تۆ بی ناوی ده‌نێی چی؟

خوله‌: من بم ناوی ده‌نێم سه‌هۆڵچال.

بله‌: ئاخر خۆ تۆ هه‌ر ناوه‌ فارسیه‌که‌یت وه‌رگێڕاوه‌ته‌ کوردی!

خوله‌: ده‌ی تۆ ناوی بنێ.

بله‌: من ناوی ده‌نێم ‌ به‌فره‌چاڵ! به‌ڵام به‌فره‌ چاڵ له‌ زمانی کوردی به‌و چاڵانه‌ش‌ ده‌ڵێن که‌ به‌ شێوه‌ی سروشتی له‌ کوێستانه‌کان به‌فرییان تیا ده‌مێنێته‌وه‌ و تا نزیک هاووینیش هه‌ر ده‌توانرێ له‌وێ به‌فر بێنیت.

خوله‌: ده‌ی باشه‌ ناوی ده‌نێین سه‌هۆڵساز.

بله‌: ئه‌ویش هه‌ر نابێت، ناوی ده‌نێین سه‌هۆڵگر.

خوله‌: باشه‌ که‌وابێ منیش به‌ ناوی سه‌هۆڵگر ڕازیم و پێم وابێت پڕ به‌ پێستییه‌تی‌‌.

بله‌: ئێ با پرسیاره‌که‌ت دوباره‌ لێبکه‌م، فیلێک چۆن ده‌خرێته‌ ناو سه‌هۆڵگرێک؟

خوله‌: له‌ت و په‌تی ده‌که‌ن و تا هه‌رچه‌ندێک سه‌هۆڵگره‌که‌ جێگا بگرێت تێیده‌خنن و دواجار باقییه‌که‌ی ده‌خه‌نه‌ سه‌هۆڵگرێکی تره‌وه‌!

بله‌: جا ئه‌مه‌ که‌ی وڵامی پرسیاره‌که‌ی من بو!  پرسیاره‌که‌ی من ده‌پرسێت: فیلێک چۆن ده‌خه‌نه‌ ناو سه‌هۆڵگرێکه‌وه‌؟ نه‌ک گۆشتی فیله‌که!

خوله‌: سه‌هۆڵگرێکی زۆر گه‌وره‌ دێنین و فیله‌که‌ ڕاده‌کێشنه‌ ناوی و چه‌ند که‌سێکیش پاڵ به‌ فیله‌که‌وه‌‌ ده‌نێن تا جێگای ببێته‌وه‌!

بله‌: نا کاکه‌ من پرسیاری چکۆله‌یی و گه‌وره‌ییم نه‌کردووه، ڕێک وڵامی پرسیاره‌که‌م ده‌وێت!

خوله‌: ئه‌م پرسیاره‌ زۆر نا ماقوڵه‌، ئاخر چ عه‌قڵێکی سه‌لیم دێت و فیل ده‌خاته‌ ناو سه‌هۆڵگر و ئه‌سڵه‌ن پێم ناڵێیت ئه‌م فیله‌مان له‌ کوێ بو تا بیخه‌ینه‌ ناو سه‌هۆڵگرێک؟

بله‌: تۆ حه‌قت چییه‌، به‌س به‌ دوا وڵامی پرسیاره‌که‌وه‌ به‌ و هێندێک بیری لێ بکه‌وه‌ و پێم بڵێ تۆ فیلێک چۆن ده‌خه‌یه‌ ناو سه‌هۆڵگرێک؟

خوله‌: من عه‌لاقه‌م نیه‌ به‌م کاره‌ و هه‌رگیز فیل ناخه‌مه‌ ناو سه‌هۆڵگر، بۆ پێت وایه‌ من بێکارم؟ ئه‌گه‌ر ڕاز ده‌که‌ی و من به‌ بێ عه‌قڵ نازانیت، خۆت فیلێک چۆن ده‌خه‌یه‌ ناو سه‌هۆڵگرێک؟

بله‌: زۆر ئاسان، ده‌رگای سه‌هۆڵگره‌که‌ ده‌که‌مه‌وه‌ و فیله‌که‌ی تێ ده‌خه‌م و ده‌رگاکه‌ی داده‌خه‌مه‌وه‌!

خوله‌: ها ها ها ها جا خۆ منیش ئه‌وه‌ ده‌زانم و پێت وایه‌ سه‌هۆڵگرمان له‌ ماڵه‌وه‌ نیه‌ و قه‌تمان نه‌دیوه‌؟ هه‌مو ڕۆژێک زیاتر له‌ 100 جار ده‌یکه‌مه‌وه‌ و شتومه‌کی تێده‌خه‌م و ده‌ریدێنمه‌وه‌ و دایده‌خه‌مه‌وه‌!

بله‌: ئه‌ی بۆ وڵامی پرسیاره‌که‌ت نه‌زانی؟

خوله‌: ئاخر من به‌ ته‌واوی نه‌مزانی که‌ تۆ مه‌به‌ستت چییه‌ و پێم وا بو گاڵته‌م پێ ده‌که‌ی!‌ ‌

بله‌: باشه‌ ئێستا که‌ ده‌زانی گاڵته‌ت پێ ناکه‌م پێم بڵێ بزانم زه‌ڕافه‌ێک چۆن ده‌‌خه‌نه‌ ناو سه‌هۆڵگرێکه‌وه‌؟

خوله‌: هاهاهاها دوباره‌ به‌زمه‌که‌یه‌، ده‌رگای سه‌هۆڵگره‌که‌ ده‌که‌مه‌وه‌ و زه‌ڕافه‌که‌ی تێده‌خه‌م و دایده‌خه‌مه‌وه‌!

بله‌: نا وا نابێت!

خوله‌: ئه‌ی چۆن ده‌بێت، هه‌ر خۆشت ئێستا فیله‌که‌ت هه‌ر به‌و جۆره‌ نه‌خسته‌ ناو سه‌هۆڵگره‌که‌؟

بله‌: ئاخر جاری پێشو سه‌هۆڵگره‌که‌ خاڵی بو، ئێستا فیلێکی تێدایه‌!

خوله‌: ده‌ی با فیلێکیشی تیا بێت، زه‌ڕافه‌ێکیشی تێده‌خه‌ین! خۆ یه‌کتر ناخۆن!

بله‌: تۆ تا تاوێک له‌ مه‌و به‌ر سه‌هۆڵگره‌که‌ت پێ چکۆله‌ بو، فیلێکیشت تیا جێگا نه‌ده‌کرده‌وه‌، ئێستا زه‌ڕافه‌شی تێ ده‌خه‌ی؟

خوله‌: ئه‌ی تۆ بی چی ده‌که‌ی؟

بله‌: من بم ده‌رگای سه‌هۆڵگره‌که‌ ده‌که‌مه‌وه‌ و فیله‌که‌ ده‌ردێنم و زه‌ڕافه‌که‌ی تێده‌خه‌م و ده‌رگاکه‌ داده‌خه‌مه‌وه‌!

خوله‌: هاهاهاها وه‌ڵڵا تۆ زیره‌کی، وڵامی پرسیاره‌کان وا ده‌ده‌یه‌وه‌ که‌ خۆت پێت خۆشن. ده‌ی با وا بێت که‌ تۆ ده‌ڵێی، به‌ڵام نه‌ فیل و زه‌ڕافه‌ ده‌خرێنه‌ ناو سه‌هۆڵگر و نه‌ سه‌هۆڵگریش هێنده‌ گه‌وره‌یه‌ و هیچ پێویستیش ناکا که‌ ئێمه‌ ئه‌م کارانه‌ بکه‌ین، به‌س خۆ خه‌ریک کردن و خۆ خڵافاندنه‌!

بله‌: ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ێڵێی وایه، به‌ڵام مه‌به‌ست له‌م 2 پرسیارانه‌ تاقی کردنه‌وه‌ی بیر و هۆشت بون و ده‌مه‌ویست بزانم چه‌نده‌ له‌ سه‌ر هۆشی!

خوله‌: لازم ناکا به‌و شێوه‌ تاقیم بکه‌یه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر زانیبام مه‌به‌ستت چییه‌، هه‌ر خێرا وڵامم ده‌دایه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌ته‌وێت بزانی ڕازده‌که‌م یا نا پرسیاری ترم لێ بپرسه‌!

بله‌: ئێ باشه‌ که‌واته‌ با ئه‌م پرسیاره‌ت لێ پرسم بزانم وڵامه‌که‌ی ده‌زانیت: وه‌زعی ئابوری حکومه‌تی جه‌نگه‌ڵ به‌ دوا ئاگر تێبه‌ربونی لاێکی گه‌وره‌ له‌ جه‌نگه‌ڵ ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ خراپتر ده‌بێت و وه‌زیری کابینه‌ی سوڵتان، پێشنیاری ڕاو و بۆچونی حکومه‌تی جه‌نگه‌ڵ له‌ گه‌ڵ هه‌مو گیانله‌به‌رانی جه‌نگه‌ڵ ده‌کات و سوڵتان ڕازی ده‌کات به‌ کۆبونه‌وه‌ێکی گشتی له‌ گه‌ڵ هه‌مو گیانله‌به‌رانی ژێر فه‌رمانبه‌رداری خۆی و دوای ڕه‌زایه‌تی سوڵتان و دیاری کردنی کات و شوێنی کۆبونه‌وه‌که‌،  شێر، سوڵتانی جه‌نگه‌ڵ ده‌ستور ده‌دات که‌ ده‌بێ کۆبونه‌وه‌ی گشتی بگرین و هه‌مو گیانله‌به‌رێکی جه‌نگه‌ڵ به‌ بێ ئه‌مڵاو لا به‌شداری بکات، هه‌ر که‌س حازر نه‌بێت ده‌ستور ده‌ده‌م بخورێت. رۆژی کۆبونه‌وه‌که‌ هه‌مو که‌س له‌ ترسی ئه‌وه‌ی که‌ نه‌خورێت، دێت بۆ کۆبونه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ زه‌ڕافه‌، ئه‌بێ زه‌ڕافه‌ بۆ نه‌هاتبێت‌؟ ناترسێت که‌ ده‌ستوری خواردنی ڕابگه‌ێندرێت و بیخون؟

خوله‌: به‌ خوا جوانه‌، حکومه‌تێکی ته‌واو و که‌ماڵت بۆ حه‌یوان دروست کردووه‌ و کردوتن به‌ گیانله‌به‌رانی خاوه‌ن بیر و هۆش و عه‌قڵت داونێ و ده‌وڵه‌تیان هه‌یه‌ و پادشا و وه‌زیر و کابینه‌ و ئه‌مانه‌ هیچیان ڕاست نین و وڵامیشییان نیه‌ به‌ بڕوای من!

بله‌: خوله‌ گیان تۆ نه‌ت ده‌کوت، وامده‌زانی گاڵته‌م پێ ده‌که‌ی و بۆیه‌ وڵامی پرسیاره‌کانی سه‌ره‌وه‌ت نه‌دامه‌وه‌ و به‌ڵام دوای وڵامی من، ده‌تکوت ئه‌و وڵامانه‌ منیش ده‌مزانی! ئێ ئێستا وڵامی پرسیاره‌که‌م به‌ره‌وه‌ و خۆتی لێ هه‌ڵه‌ مه‌که‌، دیاره‌ نازانیت وڵامی چییه‌!

خوله‌: بله‌ گیان وادیاره‌ تۆ منت پێ گێژه‌، ئاخر خۆ له‌ جه‌نگه‌ڵ هیچ لێ پرسینه‌وه‌ێک نیه‌ و زه‌ڕافه‌ش به‌ ئیشتییای خۆی بۆ هه‌ر جێگاێک پێی خۆش بێت ده‌چێت و به‌ شوێن خواردن و له‌وه‌ڕه‌وه‌ ده‌ڕوا و له‌وانه‌شه‌ له‌و ڵاوه‌تر توشی حه‌یوانێکی دڕه‌نده‌ی گۆشتخۆر وه‌ک شێر یا پڵنگ یا خۆ به‌برێک بوبێت. له‌وانه‌شه‌ چوبێت ئاو بخواته‌وه‌ و که‌وتبێته‌ ناو چه‌مه‌که‌ و ئاو بردبێتی یا له‌ وانه‌یه‌ خنکابێت، یاخۆ ویستبێتی ئاو بخواته‌وه‌ و تیمساحێک ملی گرتبێت و له‌ گه‌ڵ خۆی بردبێتیه‌ ناو چۆمه‌که‌ و خنکاندبێتی و خواردبێتی یا له‌وانه‌شه‌ مار پێوه‌ی دابێت و کوشتبێتی و دواجار ته‌یر و مار و مێرو خواردبێتیان و له‌وانه‌شه‌ نه‌یزانیبێت که‌ کۆبونه‌وه‌یه‌ و پێی نه‌وترابێت و ئاگادار نه‌کرابێته‌وه‌ و له‌وانه‌یه‌ نه‌خۆش بێت و له‌ سه‌ره‌ مردندا بێت و ڕه‌نگه‌ ئه‌سڵه‌ن بۆیشی گرینگ نه‌بێت، که‌ سوڵتان بیخوات یا نه‌ی خوات!

بله‌: وه‌ڵلا برا زیره‌کی ده‌وری هه‌مو جه‌نگه‌ڵت داوه‌ و هه‌مو بن هه‌ژگێک گه‌ڕایت، به‌ڵام وڵامی پرسیاره‌که‌ت نه‌زانی، کاکه‌ وه‌ره‌ سه‌ر عه‌رزی واقیع و بزانه‌ من چیم ڵێ پرسیویت و تۆ چی ده‌له‌یت.

خوله‌: ئه‌وه‌ی من مێشکم بۆی چوبو ئه‌وانه‌ بون که‌ پێتم وت، پێم وا نییه‌ که‌ خۆت وڵامێک زیاتر له‌وانه‌ی من شک به‌ریت، چونکو هیج وڵامێک له‌مانه‌ی من زیاتر بۆ پرسیاره‌که‌ت نیه‌، ئه‌گه‌ر نا فه‌رمو بیڵێ!

بله‌: چۆن وڵام نیه‌، هه‌ر ئێستا چه‌ند ده‌قیقه‌ پێشتر زه‌ڕافه‌که‌مان نه‌خسته‌ ناو سه‌هۆڵگره‌که‌؟ ئێ ئه‌و فه‌قیره‌ هێشتا هه‌ر له‌وێ ماوه‌ و له‌وانه‌شه‌ تا ئێستا ڕه‌ق‌ هه‌ڵگه‌رابێت، خۆ هێشتا ده‌رمان نه‌هێناوه‌ته‌وه‌!

خوله‌: هاهاهاها وادیاره‌ کردوته‌ به‌ زنجیره‌ و سریاڵ، جا من چوزانم تۆ مه‌به‌ستت هه‌ر ئه‌و زه‌ڕافه‌ به‌سزمانه‌یه‌ که‌ خستته‌ ناو سه‌هۆڵگره‌که‌؟ له‌وانه‌یه‌ ئێستا سه‌هۆڵیشی به‌ستبێت و فه‌قیره‌ ڕه‌ق بوبێته‌وه‌. جا ئیتر به‌ که‌ڵکی خواردنیش نایت و سوڵتان ڕه‌نگه‌ بیبه‌خشێت و به‌ خواردنی نه‌دات!

بله‌: جا ئه‌وه‌ کوا کێشه‌ی من و تۆیه‌ که‌ سوڵتان چ حوکمێکی به‌سه‌ردا ئه‌دات ئه‌وه‌ کێشه‌ی ناوخۆییه‌ و عه‌لاقه‌ی به‌ من و تۆوه‌ نییه‌ و ئه‌وه‌ خۆیان به‌ پێی یاسای نێوخۆیی مه‌حکه‌مه‌ی ده‌که‌ن و له‌وانه‌شه‌ هۆی سوتانی جه‌نگه‌ڵ و خراپتر بونی باری ئابوری جه‌نگه‌ڵیش به‌ سه‌ر ئه‌ودا بنێن!

خوله‌: بابه‌ به‌سه‌ر ئه‌و فه‌قیره‌یا بۆ ده‌بێ بنێن، خۆ ئێمه‌ خۆمان شایه‌دین که‌ خستمانه‌ نێو سه‌هۆڵگره‌که‌، و ده‌بێت به‌ سوڵتان ڕابگه‌ێنین و ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیشمان پێ ناکه‌ن، له‌ خۆی پرسن، بزانن له‌ کوێ بووه‌ و بزانن ئه‌سله‌ن بۆنی دوکه‌ڵی لێ دێت یا سه‌هۆڵ!

بله‌: کاکه‌ خوله‌ تۆ ورده‌ ورده‌ خۆشت هاتیه‌ ناو داستانه‌که‌ و بویه‌ شاهیدی زه‌ڕافه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ سوڵتان ده‌ستوری خواردنی نه‌دات، ئه‌ی ناترسی سوڵتان بڵێت خۆ زه‌ڕافه‌ هیچ له‌ ئاگر کردنه‌وه‌ نازانێت و ئه‌مه‌ کاری مرۆڤه‌ و مرۆڤه‌کان پێشتریش زۆر جار جه‌نگه‌ڵیان لێ سوتاندوین و دار و دره‌خت و سه‌وزه‌ڵانیه‌کانی ده‌به‌ن و هه‌مو ڕۆژێک لاێکی سروشت و جوانی و جه‌نگه‌ڵمان لێ نابود ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ی خراپه‌یه‌ به‌ سه‌ر سروشت و ئاژه‌ڵدا ده‌یهێنن و مرۆڤه‌کان هه‌مو ڕۆژێک ده‌مانچه‌وسێننه‌وه‌؟

خوله‌: وه‌ڵلا خۆ ڕاز ده‌که‌یت، ئه‌رێ پێم ناڵێت، ئێمه‌ کارمان چیه‌ به‌ سه‌ریانه‌وه‌ و با ڵێیانگه‌رێن خۆیان ژیانی ئاسایی به‌رنه‌ سه‌ره‌وه‌ و مانه‌وه‌یان بۆ سروشت و جوانیش به‌ که‌ڵکه‌ و جیهان به‌ بێ سروشت و سروشتیش به‌ بێ ئاژه‌ڵ هیچ جوانیێکی تیا به‌دی ناکرێت؟    ‌       

بله‌: باشه‌ من به‌س مه‌ته‌ڵم له‌ تۆ پرسی، ئیتر کارمان به‌سه‌ر حکومه‌تی جه‌نگه‌له‌وه‌ چیه‌ و هه‌موی خه‌تای تۆیه‌ پیاو توشی هه‌زار ڕێگای لابه‌لا و خوار‌ و کوێره‌ ڕێگا ده‌که‌ی و وڵامی پرسیاره‌که‌شت هه‌ر نه‌زانی!

خوله‌: ئێستا زانیم کێشه‌که‌ چییه‌، ده‌ی ئه‌م جاره مه‌ته‌ڵم لێ پرسه‌ با ڕێک و پێک وڵامت به‌مه‌وه‌!‌   

 

بله‌: که‌واته‌ زۆر چاکه و جوان گوێم بۆ بگره‌،  ڕۆژێک ‌هێندێک مرۆڤی وه‌رزشکار له‌مه‌ڕ کێوپێوان ده‌چن بۆ کوێستان و له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ شاره‌زاێکیان له‌گه‌ڵدایه‌، رێگا ون ده‌که‌ن و کاتێک به‌ خۆیان ده‌زانن، ئه‌وا له‌ ناو جه‌نگه‌ڵ سه‌ریان هه‌ڵ هێناوه‌. له‌ کتوپڕ چه‌مێکی گه‌وره‌ دێته‌ سه‌ر رێیان و شاره‌زاکه‌ ده‌ڵی ئه‌گه‌ر له‌م چه‌مه‌ وه‌په‌ڕین ئه‌وا رزگارمان ده‌بێت و ده‌گه‌ینه‌ گوندێکی گه‌وره‌ و له‌وێوه‌ ڕێگای کوێستان ده‌گرینه‌ به‌ر، به‌ڵام کێشه‌ێک هه‌یه‌ و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م چه‌مه‌ چه‌ن دانه‌ تیمساحی گه‌وره‌ی تێدایه و ڕه‌نگه‌ یه‌ک دوانێکمان بخۆن و ئه‌مه‌ش باش نیه‌ و باشتره‌ وه‌گه‌ڕێن و واز له‌ کێوپێوانی ئه‌مجاره‌مان بێنین‌! وه‌رزشکاره‌کان که‌ زۆر ڵاو و له‌ خۆ بایی بون و پێشیان عه‌یب بو‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بڕیار ده‌ده‌ن له‌ چه‌مه‌که‌ به‌ن و به‌ ترس و له‌رز و به‌ وشیاریێکی ته‌واوه‌وه‌ له‌ ڕوباره‌که‌‌‌ ده‌ده‌ن و به‌ ته‌واوی وشیاری ناو ئاوه‌که‌ن و به‌ ته‌ماشن که‌ ئه‌گه‌ر هاتو توشی تیمساحه‌کان بون، به‌رگری له‌ خۆیان بکه‌ن و یه‌کتریش بپارێزن، دوای ماوه‌ێکی کورت هه‌مویان به‌ سڵامه‌ت ده‌گه‌نه‌ ئه‌وبه‌ر ئاوه‌که‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌ تیمساح بیانخۆن یا خۆ هێڕشیان بکه‌نه‌ سه‌ر! چۆنه‌ که هیچکام له‌‌م وه‌رزشکارانه‌ نابنه‌ خۆراکی تیمساح و به‌ بی موشکیله‌ ده‌په‌ڕنه‌وه‌؟

خوله‌: وه‌ڵا ئه‌و ڵاوانه‌ به‌ غیره‌ت بون، ڕه‌نگه‌ چه‌ک و چۆڵی باشیان پێ بوبێت وا نه‌ترسانه‌ چونه‌ ناو ئاوه‌که‌ و هه‌ر که‌سی تر بویایه‌ ده‌گه‌ڕاوه‌، کاکه‌ ئیتر له‌ گه‌ڵ تیمساح، ئه‌ویش له‌ ناو ئاودا، واته‌ شوێنی فه‌رمانڕه‌وایی خۆی، گاڵته‌ی پی ناکرێت، نا وه‌ڵلا جێگای گاڵته‌ پێکردن نه‌بو، نه‌ده‌بو چوبانایه‌ ناو ئه‌و چۆمه‌، خراپیان کرد، گاڵته‌یان به‌ ژیانی خۆیان کردووه‌، باشه‌ ئه‌م جاره‌ شکور رزگارییان بووه‌ و ئیتر نابێت دوپاتی که‌نه‌وه‌!

بله‌: مامه‌ خوله‌ گیان دوباره‌ ئێمه‌ت برده‌وه‌ بۆ شوێنێکی تر کاکه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ر مه‌ته‌ڵه‌ و له‌ واقیع دوره‌ و به‌س ده‌مه‌وێت بزانم تۆ وڵامه‌که‌ی ده‌زانیت؟

خوله‌: وڵامه‌که‌ی دیاره‌، یا تیمساحه‌کان نوستون و ئیسڕاحه‌ت ده‌که‌ن، یا چونه‌ خوارتر یا سه‌روتر و له‌و شوێنه‌ نه‌ماون، یا خۆ تازه‌ شتێکیان خواردووه‌ و برسییان نیه‌ و یا ....

بله‌: ئه‌م جاره‌ش هه‌ر سه‌ری گرت و تیره‌که‌ت به‌ خه‌تا رۆی، تیمساحه‌کان چون بۆ کۆبونه‌وه‌که‌ی جه‌نگه‌ڵ و ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.......!

 

خوله‌: هاهاهاهاها، ته‌مسیله‌، ئاخر ئاژه‌ڵ و کۆبونه‌وه‌ی ئابوری!

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca