کێن ئه‌وانه‌ی تاوانبارن له‌ کوشتنی دۆعادا
بژار
 

 
ته‌نیا ئه‌و مرۆڤه‌ دڕندانه‌ تاوانبار نین ، که‌ دۆعایان په‌لکێش کرد بۆ مه‌یدانی قه‌سابیی کردن . ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی کوردستان تاوانبار نییه‌ ، له‌ ئاوه‌ڵا کردنی ڕێگا بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ جه‌للاده‌ . ته‌نیا مه‌لاکان و بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌ گه‌شه‌ کردووه‌که‌یان ، تاوانبار نین به‌ کوشتنی مرۆڤێکی دڵ پڕ هیوا . ته‌نیا دابونه‌ریت تاوانبار نین به‌ تڵیشاندنی که‌لله‌ی سه‌ری ئافره‌تێکی حه‌ڤده‌ ساڵه‌ . ته‌نیا سه‌رمایه‌داری تاوانبار نییه‌ به‌ ڕشتنی خوێنی چه‌وساوه‌یه‌کی سه‌وداسه‌ر . ته‌نیا نه‌خشه‌وپلانی ئه‌مریکا له‌ عێراقدا تاوانبار نییه‌ به‌ بلۆک باران کردنی کیژێک که‌ خۆشه‌ویستی له‌ ناخه‌وه‌ دایده‌گرساند . تاوانباران ژماره‌یان زۆر له‌وانه‌ زیاترن . کۆمه‌ڵگا له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر چین و توێژ و ڕه‌گه‌زدا دابه‌ش نابێت ، به‌ڵکو له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی زه‌به‌لاحدا دابه‌ش ده‌بێت که‌ ئه‌وانه‌ش " به‌ره‌ " کانی تاکی تایبه‌ت و تاکی هه‌موانین . ململانێی ئه‌سڵیی کۆمه‌ڵگا له‌ نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دایه‌ . مێژووی مرۆڤایه‌تی ، مێژووی چه‌وساندنه‌وه‌ی به‌ره‌ی تاکی هه‌موانی بووه‌ له‌ لایه‌ن به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته‌وه‌ . به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت ، هه‌میشه‌ ، له‌ هه‌ر به‌رگێکدا بووبێت ، چه‌وسێنه‌ر بووه‌ . هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ چه‌وسێنه‌ر ناسراون له‌ کۆمه‌ڵگادا ، به‌شێکن له‌ به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت .
ڕیزه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت له‌ ناو کۆمه‌ڵگادا به‌رفراوانن . ڕیزه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت به‌ سه‌ر ئاسته‌ به‌رز و نزمه‌کاندا دابه‌ش بوون . هه‌ر هه‌موو حزبه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌مپه‌ڕی ڕاسته‌وه‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ ، به‌شێکی به‌رچاوی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تن . سه‌رله‌به‌ری هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی که‌ به‌سه‌ر ڕیزه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تدا دابه‌ش ده‌بن ، که‌موزۆر تاوانیان له‌ کوشتنی دۆعادا به‌ر ده‌که‌وێت . به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت ، له‌ بناغه‌دا به‌ره‌ی له‌یه‌ک هه‌ڵپێکانی هه‌رسێ سیستمه‌که‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤن (واته‌سیستمی عه‌قڵ سالاریی و نوێنه‌رایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتدارێتی) . بۆ وه‌لانانی مردنی هه‌موو ئه‌و " دۆعا " یانه‌ی که‌ به‌ڕێوه‌ن ، بۆ وه‌لانانی ئه‌م دیارده‌ قێَزه‌وونه‌ی که‌ ناوی نامووس په‌رستییه‌ ، بۆ وه‌لانانی ئه‌خلاق و گۆڕبه‌گۆڕ کردنی و داخستنی ئه‌م چه‌که‌ ژه‌نگاوییه‌ی که‌ دراوه‌ته‌ ده‌ست کۆنه‌په‌رستان ، ده‌بێت خه‌بات بۆ وه‌لانانی تاکی تایبه‌ت بکرێت . ده‌بێت سیستمی عه‌قڵسالاریی و نوێنه‌رایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ . ده‌بێت یه‌کسانی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا پیاده‌ بکرێت . ده‌بێت خێزان وه‌کو دواکه‌وتووترین و کۆنه‌په‌رستترین یه‌که‌ی ناو کۆمه‌ڵگا و بنه‌ڕه‌تترین سه‌رچاوه‌ی زینده‌گیی تاکی تایبه‌ت هه‌ڵبپێچرێت . گره‌وی ڕزگار بوونی مرۆڤایه‌تی ، ته‌نیاوته‌نیا ، له‌ نه‌مانی تاکی تایبه‌تدایه‌ .


 2007-05-01
 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca