تۆ له کوێێ ئه‌ی سه‌رۆکی من ؟....سه‌رۆکی هه‌رێم
دڵسۆز حه‌مه‌
 

 

له دوای ئه‌نفالی چوارهه‌مه‌وه ،کوشتن وبێنرخکردنی هه‌موبه‌هاکانی ئه‌خلاق ومرۆڤایه‌تی له‌ تاوانی کوشتنی دوعادا به‌وشێوه‌یه‌ی که ڕویدا ،ئه‌نفالی پێنجه‌مه‌و له‌وده‌ڤه‌ره ڕوده‌دات که تۆ به‌رپرس وتۆ سه‌رۆک وتۆ پارێزگارمانی ،خۆ هیچ نه‌بێت ئه‌وانه‌ی له قوڵایی سه‌حراکانی عه‌رعه‌ر وبیابانه چۆڵه‌کاندا تیرۆرکران دور له‌چاوی خه‌ڵک وبه‌ده‌ستی عه‌ره‌بی دوژمن وشۆڤینی گوڵله‌باران کران ،هیچ نه‌بێت جله‌کانیان له‌به‌ردا بو ،به‌ڵام کوشتنی ئه‌و کچه بێتاوانه ،ئه‌وڕۆحه زه‌لیلکراوو بێده‌سه‌ڵات وته‌نهایه له‌سه‌ر شه‌قام وله ناوباوه‌شی وه‌حشیگه‌ر وبێئامانی کۆمه‌ڵگاکه‌ی وبه‌به‌رچاوی پیاوانی ده‌سه‌ڵاتی کورد وبه‌به‌رد وبلۆک وشه‌ق وپێلاقه وچه‌پۆکی به‌ڕبه‌ڕیانه گیانیان لێسه‌نده‌وه ،به‌جۆرێک ره‌زیل وبێحورمه‌تیان به‌ومرۆڤه‌کرد که‌ئیدی له‌وه ی زیاتر بێحورمه‌تی پێکردن چییه ؟ته‌نانه‌ت مردن وکوشتنه‌که‌شی بێشکۆترین مردن وئازاراویترین دیمه‌نێک بوله‌تیرۆر وبێبه‌زه‌یی ودڵڕه‌قی و وه‌حشیگه‌ری که‌توشی شۆک بوم ،ویژدانم خوێنی لێدێ ،ناتوانم ژیر ببمه‌وه ،تۆ بڵێی ئێمه سه‌ربه‌ڕه‌گه‌زێکی هێنده دڵڕه‌ق وبێئه‌خلاق وبه‌ڕبه‌ڕی بین ،نه‌ڵیی ئه‌نفاله‌کان به‌ژماره‌زۆر وبه‌ڵام ئه‌م تاوانه ته‌نها ڕۆحێک بو ،ئه‌وه هه‌رگیز وانیه کوشتن وبه‌ردبارانکردنی دوعا وشه‌هیدکردنی به‌وجۆره به‌ردبارانکردن وکوشتنی هه‌موژنێکه وپه‌یامێکی ترسناکه وگروپێک به‌ده‌سته‌جه‌معی ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌کات وهیچ له‌مپه‌رو ڕێگریه‌کیش له‌به‌رده‌م خۆیدا نابینێ ،ده‌نا به‌و چاوقاییمی جورئه‌ته‌وه نه‌یده‌توانی نمایشی ئه‌و کوشتنه‌جه‌رگبڕه بکات به‌و توندوتیژی وبێئابڕوییه ،هێزه‌کانی پۆلیس وزێڕه‌ڤانی وئاساییش وسوپاو ته‌نانه‌ت چه‌کدارێکی به‌ئه‌خلاق ق شه‌هامه‌ت نه‌بو له‌وده‌ڤه‌ره ئه‌و ڕۆحه دیل وزه‌لیلکراوه له‌ده‌ست ئه‌و وه‌شیگه‌ر وبه‌ڕبه‌ڕانه ده‌ربێنێت ووه‌کویاسا وحکومه‌ت هه‌ڵس وکه‌وت بکات ،گره‌نتی چیه سه‌رۆکی ئازیز که ئه‌وه چآره‌نوسی من وکچه‌که‌م وده‌یان ژنی تر نابێت له‌ژێر هه‌ربیانویه‌کدا ، گره‌نتی چیه که ژیان وکه‌رامه‌تمان پارێزراوه له‌ووڵاتێکدا تۆ پارێزه‌ر وتۆ به‌رپرس وتۆسه‌رۆکی یه‌که‌ممانی ؟له ڕێکخراوه‌کانی ژنان ناپرسم چونکه ڕێکخراوی ژنانمان نیه

له‌کوردستاندا که‌ له‌پێناوی ئازادی ویه‌کسانی ودیموکراسیدا تێبکۆشێ ونه‌هێشتنی مه‌ینه‌تی وئازاره‌کانی ژنانی کردبێته ئامانجی تێکۆشانی خۆی ،کادر وژنانی وه‌ها هه‌ن بۆ ئه‌وه تێبکۆشن ،به‌ڵام ڕێکخراوو پشت وپه‌نا نیه ،ده‌نا چۆن ڕادده‌ی تیرۆر وبێنرخکردنی ژنان ئاوه‌ها ئاشکرا نمایش ده‌کرێ ،که مرۆڤ ده‌خاته گومانه‌وه له ئینسانبون وئابڕومه‌ندی خۆی ،که‌مرۆڤ له ئاماده‌گی بیرێکی وه‌ها دڕنده‌و وێرانه‌کار له‌هه‌مو ئه‌گه‌ره‌کانی ئاشتی وئاساییش له‌ووڵاتی مندا ده‌که‌وێته گومانه‌وه ،ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌و ئاساییش وهێمنییه‌ی له‌کوردستاندا ئاماده‌یه ،ئاساییش وئه‌منیه‌تی ده‌سه‌ڵات وهه‌مانکات ده‌سه‌ڵاتی پیاوانه ،ژیانی ژنان پارێزراو نیه سه‌رۆکی خۆشه‌ویت ،ئه‌و هه‌مو کوشتن وسوتان وله‌ناوبردنه‌ی ڕوژانه له‌ژیانی ژنانی کوردستاندا ڕوده‌دات مانای نه‌بونی یاساو ئه‌منیه‌ته بۆژیانی ژنان له‌وووڵاته‌ی که تۆ لێپرسراوو به‌رپرسی یه‌که‌ممانی ،ڕاپۆرتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان هه‌واڵی کوشتنی چل ژنی بڵاوکردۆته‌وه که به‌بیانوی ناموسپه‌رستی که‌ته‌نها له‌ماوه‌ی ئه‌م چوار مانگه‌دا کوژراون ،له‌سه‌ره‌تای کانونی دوه‌مه‌وه تائه‌م مانگه ،ئه‌وه ته‌نها ئه‌وانه‌شن که پێزانراوه‌و ئاماره‌کانیان تۆمارکراون ،ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ش حسابکرێن که شوێنه‌ون کراون دڵنیام ئاماره‌که ده‌بێته دوئه‌وه‌نده ،که‌کوشتنی عه‌له‌نی وبێئابڕوانه‌ی دوعا ئیدی لوتکه‌ی ئه‌و ئاستی تیرۆر ونائه‌منیه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی نیشاندا که ژنانی ووڵاته‌که‌ی تۆ سه‌رۆکمانی تیایدا ده‌ژین ،چۆن ده‌توانین دیفاع له‌قوربانیانی ئه‌نفال وڕه‌شه‌کوژی وزینده‌به‌چاڵکردنی هاوخوێنه‌کورده‌کانمان بکه‌ین وسه‌رنج وڕای دونیا بۆ خۆمان ڕاکێشین له‌کاتێکدا خۆمان به‌رهه‌می هه‌مان غه‌در وهه‌مان توندوتیژی وهه‌مان به‌ڕبه‌ڕیه‌ت به‌رهه‌مده‌هێنینه‌وه ،ئه‌وه

چه‌ند خه‌ته‌رێکی کوشنده‌چه‌ند وێنه‌یه‌کی ناشرینه بۆبه‌رده‌می ڕای جیهانی دیموکرات ومرۆڤدۆست ویه‌کسانیخواز ئه‌و ڕایه‌ی ئێمه‌ی کورد له هه‌موکه‌س زیاتر پێویستمان پێیه‌تی له‌ناو جه‌نگه‌ڵی ئه‌و دوژمنه زۆرانه‌ی که چوارده‌وریان داوین وچاویان به هه‌بونیشمان هه‌ڵنایه‌ت ،ئێمه هه‌میشه شانازیمان به کراوه‌بون وجیاوازبون وئاماده‌گی گۆڕان ومێشککراوه‌یی خۆمان کردوه ،که‌چی ئه‌مانه هه‌موی ئه‌فسانه بون له‌ساته‌وه‌ختێکدا دیمان چۆن هه‌وه‌کو دوژمنه‌کانمان چۆن مۆدێلی سه‌ربڕین وبینرخکردنی مرۆڤیان داهێنا وئاوا ئێمه‌ش کچێکی بێتاوان به هه‌مان تێزی به‌ردباران وئابڕوبردنی سه‌ده‌کانی پێش ناوه‌ڕاست ژنانی ساحیره وبه‌دکاره‌کانیان پێ به‌ردباران ده‌کرد ،کچێک له‌ڕه‌عیه‌ته‌کانی تۆ وژێر ده‌سه‌ڵات وحیمایه‌تی پۆلیس وئاسایشت تۆ هه‌تا مرد به‌ئازارو سوکایه‌تی پێکردنه‌وه گیانیان لێسه‌نده‌وه ،که به‌دیتنی ئه‌و نمایشی مه‌رگ ودڵڕه‌قیه مانایه‌کی نه‌هێشته‌وه بۆ مرۆڤ بون وئازادی وئاسایش وئه‌فسانه‌ی خێزان وڕه‌حمه‌ت وخۆشه‌ویستی هه‌موی له‌وده‌ڤه‌ره‌ی تۆدا هه‌ڵوه‌شانده‌وه ،هه‌مو ژنێک ده‌بێت له‌چاره‌نوسی خۆی وه‌کو مرۆڤێک ئیدی دڵنیا نه‌بێت ،دوای ئه‌و تاوانه ئاشکراوئابڕوبه‌رانه‌یه بێده‌نگی ده‌سه‌ڵات ولێنه‌پێچینه‌وه له‌ومێگه‌له بکوژوجانه‌وه‌رانه مانی وایه‌

که ئێمه‌ی ژنان له‌ده‌ڤه‌رێکدا ده‌ژین ئابڕومان پارێزراو نیه ،گره‌نتیت چییه که‌ئه‌و ئه‌نفال وزینده‌به‌چاڵکردنه دوباره نه‌بێته‌وه ،ئێمه هه‌مومان له‌شۆک وبارێکی ده‌رونی زۆرخراپدا ده‌ژین ،مه‌به‌ستم هه‌موژن وپیاوێکی ته‌ندروست ومرۆڤدۆست ونیشتمانپه‌روه‌ودڵسۆزی ئه‌و ووڵاته‌یه ،چۆن گره‌نتیمان ده‌که‌یت که که‌سێکی دی ومێژوه‌که‌مان جارێکی دی ناکه‌وێته‌وه به‌رده‌ستی ئه‌نفالچیه ناوخۆییه‌کان ئه‌ی سه‌رۆکی خۆشه‌ویست ؟‌

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca