سێپتێمبه‌ری 2006
به‌تامه
زرۆيه‌کی گه‌رمه‌وه گه‌يشتمه ده‌روازه‌ی شار . که‌ديم شارم
زۆر گۆڕابوو. وه‌ک جاران پڕشنگ دار‌و ئاسوده‌يی پێوه نه‌مابوو.
چاوه‌کانی کزه‌ڵه ومه‌لوول خۆيان ده‌نواند .دار چناره‌کانی
ده‌روازه‌ی شاريش وه‌ک جاران بزێو له‌نجه‌ولاريان نه‌ده‌کرد.
ئه‌سرينی خۆڵاوی ڕه‌نگی سه‌وزو شه‌ونمی شه‌وانه‌ی ووشک و
هه‌ڵقرچاو کردبوو.. شۆڕه‌بێکانی گۆێی حه‌وزه بچوکه‌که‌ی نێو
حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌ی دايه‌و بابه گه‌وره‌م که ئێوارانی هاوين
له ژێريا ياری و ديلانه‌مان ده‌کرد شوێنه‌واريان نه‌مابوو
.له‌جێگه‌ی دار بێيه‌کان کۆشک و ته‌لار به‌رزکرابوونه‌وه،
قوڕقوڕاگه‌ی شاريان گرتبوو. سيمايی شاره‌که‌يان به‌ته‌واوی
جه‌نجاڵ کردبوو به‌شێوه‌يه‌ک چاوچاوی نه‌ده‌بينی.هه‌رچه‌نده
من له‌و ساته‌دا له ئامێزێيابووم وهه‌ستی به‌بوونم نه‌ده‌کرد
بگره نه‌شی ده‌ناسيمه‌وه، ماچم ده‌کرد و نه‌يده‌بينيم.
گه‌يشتمه سه‌رسووچی کۆڵانه‌که‌مان هه‌ر که له‌دووره‌وه
چاووم ئاشنا بوو به ماڵه‌که‌مان مووچڕکه‌يه‌کی دابڕان و ئاشنا
بوونه‌وه به ڕوحمدا هات. ده‌رگای حه‌وشه‌که‌مانم کردوه له
باخچه‌که‌ماندا گشتمان به‌يه‌که‌وه کارمان ده‌کرد، باوکم
چيمه‌نی ده‌بڕی، دايکم سه‌يری خڕی هه‌ناره‌کانی ده‌کرد
جارجاريش چۆله‌که زيته‌ڵه‌کانی له هه‌ناره شه‌قبووه‌کان
دوور ده‌خسته‌وه ،کۆشی برا بچووکه‌که‌م پڕبوو له هه‌رمێ
سه‌وز باوه‌کان ، من و خوشکه‌که‌شم گيا براوه کانمان کۆ
ده‌کردوه بۆنی گيا ورديله‌یکان مه‌ستی کردبووين تريقه‌مان
ده‌هات . براکه‌ی ديکه‌شم ئاوی گوڵه‌وه‌نه‌وشه‌يی و
سوروزه‌رده‌کانی ئه‌دا ئه‌و زۆر به‌خته‌وه‌ر بوو به ئاسوده‌گی
گشتمان له نێو ئه‌وباخه پڕ ژيانه‌داین، دايکم داوای له
باوکم ده‌کرد په‌نجه خانمه‌کانی بۆ بئاڵێنێ له
په‌رژينه‌که‌وه بۆڵه‌ترێ سپيه‌کان به‌باڵای په‌رژينه‌که‌دا
شۆڕ ببونه‌وه و ده‌بريسکانه‌وه.پێده‌چوو خۆيان بۆ ئاوێزان و
گه‌مه‌ی په‌نجه‌خانمه‌کان ئاماده‌کردبێ. به‌ره‌و هيوانه‌که
که‌ووتمه هه‌نگاونان هێشتا جانتای سه‌فه‌ره‌که‌م به
کۆڵه‌وه‌بووبۆنی به‌رچايی به‌يانيانی دايکم ده‌هات . وه‌ک
جاران شه‌ش پياڵه له سه‌ر مێزه‌شين باوه‌که ڕيزکرابوون،
ئه‌و مێزه‌ی که نه‌نکم به ئێمه‌ی به‌خشيبوو دايکم هه‌ميشه
چيرۆکی ئه‌م مێزه‌ی بۆ ده‌گێڕاينه‌وه و ده‌يگوت( به‌ر
له‌وه‌ی مامه‌کانتان شه‌هيد بکرێن جه‌لاده‌کان له‌دوايی
پشکنينی ماڵه‌که‌مان له‌سه‌ر ئه‌م مێزه ده‌ستيان به نان
خواردن کرد ، پێش چوونه‌ده‌ره‌وه‌يان مامه‌کانتانيان
ده‌ستڕێژکرد) بۆمن ئه‌م مێزه چيرۆکێکی مه‌رگه‌ساتی له
خۆگرتبوو. به‌ڵام زۆريشم خۆش ده‌ويست له لاپه‌ڕه‌ی مێژووێکی
ده‌کرد به‌سه‌رهاتیئ ميلله‌تێکی له سه‌ر تۆمار بووبێ . گوێم
له ڕاديۆکه‌ی باوکم بوو وه‌ک هه‌موو به‌يانيه‌ک به‌ده‌م ڕيش
تاشينه‌وه و پێش چوونه ناو پۆلی وانه گووتنه‌وه گوێ رادێری
تازه‌ترين هه‌واڵ بوو تا به‌قووتابيه‌کانی ڕابگه‌يه‌نێ .
له‌ولاشه‌وه دايکم خه‌ريکی هۆنينه‌وه‌ی پرچی خوشکه‌که‌م بوو
قردێله سپيه له ئوتودراوه‌کانم دايه ده‌ستی تا بيکاته
گوڵێ و له پرچه‌کانی نێ. هه‌رئه‌وه‌نده‌م زانی ده‌نگێ وه‌ک
هه‌وره‌گرمه و بوومه‌له‌رزه به‌رز بۆوه و له‌به‌ر
هێزوته‌وژمی ئه‌و ده‌نگه هه‌رچی شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌کان هه‌يه
داڕمانه‌خوار. برا دووساڵانه‌که‌م قيژاندی گووتی(حه‌مامه)
سه‌يره ئه‌مه يه‌که‌م ووشه‌يه له‌ده‌می ئه‌م مناڵه بچووکه
پێش دايه و بابه زمانی پێپژا بۆ ئه‌و ، ئه‌م ووشه‌يه مانای
مانه‌وه‌و ژيان و دڵنيای بوو .ئيتر گشتيان به‌ره‌و
حه‌مامه‌که ڕايان کرد له‌وێ خۆيان حه‌شاردا ته‌نيا من نه‌بێ
ڕام کرد بۆ سه‌ربانی ماڵه‌که‌مان . ته‌لاره‌کان ڕووخابوون
جه‌نجاڵی شار نه‌مابوو شار کپ خامۆش ببوو، له که‌لاوه‌يه‌کی
جێهلدراوی ده‌کرد سه‌رم بڵند کرد بۆ ئاسمان پارچه‌يه‌ک
ئاوێنه‌بوو بێده‌نگی باڵی به‌سه‌ر شاردا کێشابوو له شارێکی
وێران ده‌چوو. باڵنده‌کانيش باڵه‌فڕکه‌يان بوو سه‌رلێشێواوانه
بۆ ڕۆشنايی کڵاو ڕۆژنه‌يه‌ک ده‌گه‌ڕان تالێوه‌ی ده‌رباز ببن و
به‌ئازادی له شه‌قه‌ی باڵ بده‌ن.. دامێنی کراسه‌که‌م
بۆگرته‌وه تاوه‌کو ڕووخساری شاره‌که‌م کۆبکه‌مه‌وه.
هه‌وڵم ئه‌دا که ئه‌م پارچه شيشۆقانه بخه‌مه جانتايی
سه‌فه‌ره‌که‌مه‌وه. له جێگايه‌کی تردا له‌سه‌ر نه‌خشه‌يه‌کی
که‌دا له دوورگه‌يه‌کی نه‌ناسراودا جێگيری که‌م و سنووره‌کانی
بلکێنم به‌يه‌که‌وه و ناسنامه‌ی خۆيم بداتێ ، له‌وێش ماره‌یی
خۆمی لێ ببڕم. مناڵانی کۆچ و ڕه‌وی بۆبگه‌ڕێنمه‌وه .
ئاگرێکی دی نه‌ورۆز بکه‌مه‌وه دڵی بيبانی بۆ شه‌ق بکه‌م و گشت
ئێسک وپروسکی کۆرپه له بارچووه‌کان بده‌مه‌وه .
هه‌ژده‌پاکيزه‌م بۆ ده‌دۆزيه‌وه له گوڵی ئه‌رخه‌وان جلی
بوکێنیم بۆ ده‌دورين له‌ژێر شۆڕه‌بيه‌کدا پرچه‌کانيانم لکان
ده‌کردو ده‌م هۆنيه‌وه ، به‌کانيه‌ک خه‌نه به‌ندانم ده‌کردن
و ڕه‌وانه‌ی لای ئاشقه‌کانيانم ده‌کردنه‌وه هه‌نسکی ته‌ماوی
گوند‌و شارۆچکه‌کانم ده‌کرده سيه‌کانی خۆمه‌وه .. ده‌مناڵاندو
هاوارم ده‌کرد به‌ده‌م گريانه‌وه باسی هيواو حه‌سره‌ته‌کانم
ده‌کرد به‌ده‌م ئه‌م ناڵه‌و هاواره‌وه به‌ئاگا هاتمه‌وه ديتم
هه‌مان ژووره و هه‌مان بۆنی ته‌نهايی دووريه به‌ڵام شه‌وێکی
ديکه‌يه له شه‌وانی ته‌مه‌نی غوربه‌تم به‌ده‌م حه‌سره‌تی
سه‌فه‌رێ بۆلای تۆ سه‌رم ناوه‌ته‌وه.
|