وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئاگاتان لێیه‌؟

                                                                   ئیبراهیم ئیسماعیل عه‌باس

 

     ئه‌گه‌ر به‌تێکڕای ئه‌و بێ سه‌روبه‌رییه‌ی ئه‌م ساڵی خوێندن له‌سایه‌ی ( یه‌ک ئیداری )یه‌وه‌، بنواڕین و بێین شڕۆڤه‌ی که‌م و کوڕی ده‌سته‌به‌ر نه‌بوونی پێداویستییه‌کانی خوێندن بۆ قوتابی و خراپی سیسته‌می دابه‌ش کردنی مامۆستایان و کۆمه‌ڵێک پرسی تر بکه‌ین، دووچاری سه‌رسوڕمانێکی مه‌زن ده‌بین و وه‌لێ به‌داخه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ئاکامێکی ئه‌و تۆشمان ده‌ستگیر نه‌بێت. وا باشتره‌ ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ ده‌رفه‌تێکی تر لێ گه‌ڕێن و له‌بری ئه‌مه‌ به‌خێرایی چاوێک به‌که‌م و کوڕییه‌کانی خوێندنگا تایبه‌تییه‌کان بگێڕین، ئه‌و خوێندنگایانه‌ی باری گیرفانی خودانی قوتابیانی هێنده‌ گران کردووه‌، خه‌ریکه‌ ماڵه‌ باوانی قوتابیان چیتر خوێندنی کۆرپه‌کانیان له‌توانادا نه‌مێنێ! و هه‌روه‌ک دیاریشه‌ ساڵ بۆ ساڵ بار گرانییه‌که‌ زیاترو خێراتر په‌ره‌ ده‌ستێنێ.    

    ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت گۆڕانکاری و پێشڤه‌چوون له‌خوێندنگا تایبه‌تییه‌کان ته‌نها به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌ گشتییه‌کان هه‌نگاوی به‌ره‌و پێشی ناوه‌، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ تاکه‌ هۆکاره‌که‌ی بۆ ئه‌و بارگرانییه‌ی باخه‌ڵی ماڵه‌باوانی قوتابیان بگه‌ڕێته‌وه‌، نه‌ک قه‌ستی په‌روه‌رده‌و فێرکردن. وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا هێشتا جێگای ئافه‌رینه‌، چونکه‌ دواجار ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکه‌ له‌ڕێڕۆیشتن و ڕاهاتن له‌گه‌ڵ جه‌نجاڵی دونیای تازه‌و ئه‌و کۆرپانه‌ی به‌هۆی چاو کراوه‌ی دایک و باوک و خانه‌واده‌کانیان شانسیان له‌خوێندی خوێندنگایه‌کی ئاوا ده‌بێت، هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌به‌ره‌که‌تی ته‌کنۆلۆژیاو پێویستی زمانه‌ زیندووه‌کان بێ به‌ش نابن. وه‌لێ دیسانه‌وه‌ ده‌ڵێم: جێگای داخه‌ تا ئه‌زموونی مامۆستاو خوێندگا تایبه‌تییه‌کان که‌ڵه‌که‌ ده‌بن، ئه‌و ئه‌زموونانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و پۆشته‌یی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ماددی ده‌کارده‌خرێن و له‌م نێوه‌نده‌شدا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ که‌مترین ئه‌رکی خۆی به‌جێ دێنێ و که‌مترین ڕۆڵی لێپرسراویه‌تی ده‌گێڕێ، دواجار زه‌رمه‌ندی یه‌که‌م و دوایی له‌و سه‌وداو مامه‌ڵه‌ی مامۆستاو خوێندگا تایبه‌تییه‌کان و بێ ده‌نگی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، ته‌نها خانه‌واده‌ ده‌ست ته‌نگه‌کانی قوتابییه‌کانن.

    بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاوڕوونی بێت بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌و بکارین خاڵ له‌سه‌ر پیته‌کان دانێین، ناچارین ناوی دوو خوێندنگای تایبه‌ت له‌هه‌ولێری پایته‌خت بێنین، ئه‌وانیش خوێندنگای ( لیزای تایبه‌ت و باڵای تایبه‌ت )ن.  ئه‌و دوو قوتابخانه‌ تایبه‌تیانه‌ له‌ساڵی خوێندنی (2005)دا ته‌نها بڕی (200$) دۆلاریان له‌بری خوێندن بۆ هه‌ر ساڵێکی خوێندنی قوتابییه‌ک وه‌رده‌گرت. به‌ڵام زۆر جێگای سه‌رسووڕمانی بوو ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ ساڵی (2006) بۆ (500،000)هه‌زار دیناری عێڕاقی چاپی تازه‌ به‌رز کرایه‌وه‌!. جێگیر بوونی ئه‌و جیاوازییه‌ زۆره‌و خه‌مساردی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هێنده‌ی تر هه‌نگاوی هه‌ڵکشانی لێوه‌رگرتنی پاره‌ی له‌بری خوێندن له‌قوتابیان خێرا کرد، به‌جۆرێک بۆ ئه‌م ساڵی خوێندنی (2007) یه‌کڕاست ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ زۆر زیاتر له‌به‌رامبه‌ری خۆی به‌رز کرایه‌وه‌و بڕه‌که‌ بوو به‌(1،050،000) ملێونێک و په‌نجا هه‌زار دینار. ئه‌و هه‌ڵکشان و جیاوازییه‌ زۆره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر بوارێکی تری ژیانی ئێمه‌ ڕاست و گونجاوبێت، بۆ خوێندنگاو بواری په‌روه‌رده‌ گونجاو نییه‌!؟و کارێکه‌ ته‌نها ئێستغلالییه‌و ده‌چێته‌ خانه‌ی دادۆشینی گیرفانی خودانی قوتابیانه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ تاکه‌ هۆکارێک له‌م نێوه‌نده‌ دوای بێ ده‌نگی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، ئه‌و ڕاهاتنه‌ بێت که‌ماده‌م قوتابی هێدی هێدی له‌خوێندن له‌و قوتابخانه‌ تایبه‌تیانه‌ ڕادێت و ماڵه‌باوانیان حه‌ز به‌ فیربوون و پێشڤه‌چوونی ڕۆڵه‌کانیان ده‌که‌ن، ئیتر له‌م نێوه‌نده‌دا بواره‌ په‌روه‌رده‌که‌ له‌بیر ده‌کرێت و وه‌کو هه‌ر دادۆشینێکی تری بازار، مامۆستاو خوێندگا تایبه‌تییه‌کان گره‌وو پراکتیکی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خۆیان به‌خێرایی ده‌که‌ن.

     ئه‌گه‌ر پێشکه‌وتووی تاڕاده‌یه‌کی سیسته‌می خوێندن و ده‌سته‌به‌ری نیعمه‌ته‌کانی زانستی کۆمپیوته‌ر، تاکه‌ هانده‌ری ناردنی جگه‌رگۆشه‌کانمان بۆ قوتابخانه‌ تایبه‌تییه‌کان بێت، ئه‌وا بێ ویژدانییه‌ ئه‌وه‌ یه‌کسانی بارگرانی ژیانی خه‌ڵکی بکرێت له‌کاتێکدا که‌م و کوڕییه‌کانی خوێندگا تایبه‌تییه‌کان هێنده‌ زۆرن ڕه‌نگه‌ به‌فریای ڕیزگرتن و بژاردنیان نه‌که‌وین. جیا له‌وه‌ به‌ئاسته‌نگ بۆ لێک ده‌درێته‌وه‌ سه‌راڕای نه‌بوونی یاریگاو بینای شیاوو هۆکاره‌کانی گواستنه‌وه‌ی قوتابیان و چه‌ندان که‌م و کوڕی تر، چ حیکمه‌ت له‌پله‌به‌ندی و هه‌ڵکشانی خێرای لێ سه‌ندنی پاره‌ی زیاده‌ له‌قوتابیان هه‌یه‌‌؟

    ئه‌و ساته‌ی ژیانی قوتابی له‌خه‌ته‌رێکی ڕاسته‌قینه‌دایه‌ به‌هۆی ‌به‌رته‌نگی و ناڕه‌حه‌تی و نه‌بوونی هۆیه‌کانی گواستنه‌وه‌، به‌وه‌ی هه‌ر (15-16) قوتابی له‌ ته‌کسییه‌کدا به‌و گه‌رمایی هاوینه‌ی هه‌ولێر وه‌کو شوتی و گندۆره‌ له‌سه‌ر یه‌ک بارده‌کرێن و وه‌زاره‌تی بێ خه‌می په‌روه‌رده‌، ده‌نگێکی ناڕه‌زایی لێوه‌ نایێ، له‌کاتێک له‌ساتی بچوکترین ڕووداوی هاتووچۆ گیانی ئه‌و جگه‌رگۆشانه‌ ده‌که‌وێته‌ خه‌ته‌ریاته‌وه‌، هه‌روه‌ک ده‌زانرێت بچوکتری ده‌رکی قوتابی له‌بێ خه‌مێکی ئاوا له‌دوا ڕۆژدا نه‌وه‌یه‌کی بێ باکمان پێشکه‌ش ده‌کات، که‌ئه‌مه‌ش درووست پێچه‌وانه‌ی ئاداب و فه‌رهه‌نگی په‌روه‌رده‌یه‌.

     کاره‌ساته‌ ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک بین، بێن به‌ره‌که‌تی ته‌کنۆلۆژیاو فێربوونی زمانه‌ زیندووه‌ جیهانییه‌کان به‌خوێندن له‌خوێندنگا تایبه‌تییه‌کان به‌مه‌به‌ستی ڕووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵکی و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردن به‌کاربێنین و ئه‌و خوێندنگایه‌ش هه‌ر هیچ نه‌بێت ده‌سته‌به‌ری پاسێکی گواستنه‌وه‌ی پێ نه‌کرێت و له‌جیاتی ئه‌مه‌ کاری پاس به‌ته‌کسی بسپێرێت!. لێره‌وه‌ ڕوومان له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه‌و ده‌پرسین لێیان: ئایا ئاگاتان له‌و دۆخه‌ی خوێندنگا تایبه‌تییه‌کانی پایته‌خت هه‌یه‌؟ ئه‌و خوێندنگایانه‌ی زۆر دوور نین؟ هه‌ر چه‌ند کیلۆمه‌ترێک دوور له‌بیناوه‌ ڕازاوه‌که‌ی وه‌زاره‌ته‌که‌تانه‌.

                                                                                                17/05/2007