یاسا سه‌روه‌ره‌ یان کاکه‌و مامه

که‌ریم موکریانی

kerimmukri@yahoo.com

 

دوای شه‌ڕوشۆڕێکی زۆر و په‌نا بردنه‌ به‌ر ڕێژیمه‌کانی ئێران، ئێڕاق، تورکیه‌و سوریه‌ سه‌رئه‌نجام کاکه‌و مامه‌ پێک هاتن و پاره‌و مڵک و ماڵه‌ بێ خاوه‌نه‌که‌ی کوردستانی ئێڕاقیان به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌شکرد!

هه‌ر وه‌ک بینیمان و شاهێد بووین دوای چه‌ند ساڵ دانیشتن و قسه‌وباس حکومه‌ته‌ بێناوکه‌که‌یان تێکه‌ڵکرده‌وه‌و هه‌رکه‌س به‌شی خۆی ده‌ستنیشانکردو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی خۆیانیان تێدا کرده‌ به‌ڕێوه‌به‌رو مه‌سئول.

ئه‌م حکومه‌ته‌ ناودارو بێ ناوکه‌ له‌ لای خه‌ڵک ئه‌وه‌نده‌ به‌رز کرابووه‌وه‌ که‌ خه‌ڵکانی خۆشباوه‌ڕ پێیان وابوو ئه‌مجاره‌یان ناوکیشی هه‌یه‌و له‌ منداڵی و ساوایه‌تی ده‌رچوه‌و ئیتر ده‌توانێت گاگۆڵکه‌ بکات.

به‌ قسه‌ی کاکه‌و مامه‌و کاکه‌کانی تر ده‌سه‌ڵاتی هه‌موو کوردستانی ئێڕاق له‌ ده‌ست  پارله‌مان و وه‌زیرو... ی ئه‌م حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ دان و هیچکام له‌ حیزبه‌کان ناتوانن و ده‌سه‌ڵاتی ده‌ست له‌ کاروه‌ردانیان له‌ کاری حکومی دا نیه‌، هه‌روه‌ها‌ یاساش سه‌روه‌ره‌و که‌س له‌ یاسا گه‌وره‌تر نیه‌و که‌س ناتوانێت یاساشکێنی بکات!

هیچ حیزب و ڕێکخراوێک بۆی نیه‌ زیندانی هه‌بێت و که‌س ناتوانێت که‌سێکیتر دادگایی بکات بێجگه‌ له‌ یاسا، واته‌ حکومه‌تی هه‌رێم و دادگاکانی.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر سه‌یرو سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ زیندانه‌کانی ئه‌وین و ئه‌بوغرێب ه (ئاکرێ و قه‌ڵاچوالان)که‌ تا ئێستاش نه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ بێ ناوکه‌و نه‌ هیچ که‌سێکی تر نازانێت چی له‌ ناویاندا ده‌گوزه‌رێت و ڕۆژانه‌ چه‌ند که‌س ده‌گیرێن و چه‌ندی تریش ئازارو ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌درێن و ده‌کوژرێن!!

دادگایی له‌ ناو ئه‌م زیندانانه‌دا دادگایه‌کی سه‌ربازیه‌و که‌س بۆی نیه‌ له‌ به‌ڵێ قوربان زیاتر هیچیتر بڵێت، هیچکه‌سێکیش ناتوانێت وه‌کیل بگرێت و هیچ که‌سێکیش ناتوانێت دیفاع له‌ زیندانیه‌کان بکات.

خوانه‌کرده‌ ئه‌گه‌ر که‌سێکیش ئازاد بوو بۆی نیه‌ باسی ئه‌م زیندانه‌ بکات و بڵێت ئه‌م شوێنه‌ ئاواو ئاوایه‌، ده‌نا جارێکیتر ده‌گیرێته‌وه‌و ده‌کوژرێت!!

مامه‌و کاکه‌ تونێتیان ته‌نیا به‌ گرتن و لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌ی خه‌ڵک له‌ زیندانه‌کانی حکومه‌ته‌ بێناوکه‌که‌دا ناشکێت،  بۆیه‌ مه‌جبورن زیندانی تایبه‌تی و نێزیک له‌ خۆیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی گوێیان له‌ هاوارو دادو فغانی زیندانیه‌کان بێت و ئاره‌زویان بشکێت.

به‌م هیوایه‌ که‌ نوسه‌ران، په‌یامنێران، ڕۆژنامه‌نوسان، ڕه‌خنه‌گران و ... ئاوڕێک له‌م به‌شه‌ شاراوه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کاکه‌ و مامه‌ بده‌نه‌وه‌و به‌ گوشار خستنه‌ سه‌ر ئه‌م ئه‌ژدهاکانه‌ی سه‌رده‌م گیانی ده‌یان و سه‌دان که‌سی بێتاوان له‌ مردن ڕزگار بکه‌ن.

 

11.5.2007

‌  

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca