له‌ هه‌ولێری تاسه‌باره‌وه‌، چه‌ند وشه‌یه‌ک بۆ ته‌قینه‌وه‌که‌ی ئه‌مڕۆ!
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی
 

 

 هه‌موو مرۆڤێک خاوه‌نی ڕادارێکه‌ له‌ ناخی خۆیدا، ئه‌و ڕاداره‌ش هه‌ستی شه‌شه‌میه‌تی و که‌ خه‌ته‌رێکی لێ نزیک ده‌بێته‌وه‌ ئه‌و هه‌سته‌ی ئاماژه‌یه‌کی پێ ده‌دات و ئه‌ویش هه‌وڵ ده‌دات خۆی له‌و خه‌ته‌ره‌ بپارێزێت. ناسینی ئه‌م هه‌سته‌ په‌یوه‌ندی به‌ خۆناسینه‌وه‌ هه‌یه‌ و مه‌خابن  ده‌شێ یه‌ک له‌ هه‌زاری مرۆڤی ئێمه‌ ئه‌م هه‌سته‌ی خۆیان به‌کار نه‌هێنابێ و فه‌رامۆشیان کردبێ . هه‌ستی شه‌شه‌م ئه‌گه‌ر فه‌رامۆشت کرد، فه‌رامۆشت ده‌کات، ئه‌گه‌ر فه‌رامۆشیشی کردی ئیدی زه‌نگت بۆ لێنادات و ڕووداو ڕووده‌دا و گیرۆده‌ی ئه‌نجامی ئازارده‌رت ده‌کات. بۆیه‌ گرنگه‌ مرۆڤ هه‌سته‌کانی خۆی بناسێت، به‌ تایبه‌ت ئه‌و هه‌سته‌ی که‌ ده‌بێته‌ قه‌ڵغانی.

 وڵاتیش ڕێک وه‌کو مرۆڤه‌، خاوه‌نی ڕادارێکه‌ له‌ناوخۆیدا، ئه‌و ڕاداره‌ش ده‌زگاکانی ئاسایش و هێزه‌کانی ناوخۆن. هیچ خه‌ته‌رێک به‌ بێ ئاماژه‌ و له‌ناکاو ڕوونادات، چه‌ندان بروسکه‌ی هه‌ستپێکراو له‌پێش خه‌ته‌ره‌که‌وه‌ هێماکانی دیاری ده‌که‌ن، بۆیه‌ خوێندنه‌وه‌ی ئاماژه‌کان زۆر گرنگن بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ خه‌ته‌ره‌کان. 

 مرۆڤ هه‌ندێ جار که‌ ده‌گاته‌ پله‌ و پایه‌یه‌کی به‌رز له‌ خۆی بایی ده‌بێ، وڵاتیش هه‌ر وه‌ک مرۆڤ وایه‌. ماوه‌یه‌کی باش بوو کوردستان له‌ ئارامی و ئاسایشێکی باشدا ده‌ژیا، زۆربه‌مان لافمان به‌م ئارامی و ئاسایشه‌ لێده‌دا، پێده‌چێ دڵنیایی له‌خۆبایی کردبین و له‌بیرمان چوو بێت ئێمه‌ نه‌ک هه‌ر چوارده‌ورمان دوژمنه‌، به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌تا له‌ناو ماڵی خۆمان مار به‌خێو ده‌که‌ین.

 ده‌ ڕۆژێک پێش ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌، ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ڕێپێوانێکی مه‌ده‌نی و هێمنیان به‌ره‌و په‌رله‌مان سازکرد بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی خۆیان به‌رامبه‌ر کوشتنی (دوعا). کاتژمێر یانزه‌ی به‌یانی که‌ ئافره‌تان و پیاوانی سه‌ر به‌ ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ جێگه‌ی مه‌به‌ست کۆبوونه‌وه‌، هێنده‌ی نه‌برد له‌ کۆڵانێکه‌وه‌ و به‌تاو زیاتر له‌ سه‌د که‌س که‌ زۆربه‌یان حیجابی سه‌رتاپایان پۆشیبوو، چه‌ند دانه‌یه‌کیشیان ده‌موچاویان دیار بوو بۆیه‌ ده‌تزانی ئه‌وانه‌یان ژنن، به‌ ئاڵایه‌ک و دروشمی زۆر ئاگرینه‌وه‌ هاتن و تێکه‌ڵ به‌ ڕێپێوانه‌که‌ بوون و هوتافیان ده‌کێشا وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ غه‌زووی په‌رله‌مان و حکومه‌ت هاتبن.

 هه‌ر که‌سێ ئه‌م دیمه‌نه‌ی دی، ده‌یتوانی هه‌ست بکات له‌ هه‌ولێردا سوپایه‌ک مار بۆ پێوه‌دانی حکومه‌تی کوردستان خۆیان مات داوه‌ و، ئه‌و هوتافانه‌ش فیشکه‌فیشکی ئه‌و ماره‌ ژه‌هردارانه‌ن. ده‌بوو ڕاداری وڵات له‌و فیشکه‌ فیشکه‌ تێ بگات که‌ هێمای پێوه‌دان بوون، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ڕێگه‌ له‌ژه‌هری ئه‌و ماره‌ی ئه‌مڕۆ بگرێت که‌ له‌ به‌ لۆرییه‌کی پڕ له‌ تی ئێن تی و تێزابه‌وه‌ خۆی ته‌قانده‌وه‌. ڕه‌نگیشه‌ ڕاداری وڵات ئه‌و زه‌نگه‌ی بیستبێت، به‌ڵام لێکدانه‌وه‌ی بۆ زه‌نگه‌که‌ نه‌بووبێت، یان پێشبینیشی کردبێت به‌ڵام ماره‌کان مه‌ودایان نه‌دا و هه‌ر زوو په‌لاماره‌که‌یان ده‌ست پێکرد. به‌ هه‌ر حاڵ  هێشتاش بوار هه‌یه‌ له‌ زه‌نگی ئه‌م پێوه‌دانه‌ش تێبگه‌ین و پێشبینی خه‌ته‌ری گه‌وره‌تر بکه‌ین و له‌ میری ماران و شای ماران غافڵ نه‌بین، که‌ ژه‌هری زیاتریان پێیه‌ و ده‌شێ له‌ناو وڵات بن و به‌ ئاماژه‌یه‌کی وڵاتانی دراوسێ پێمانی بڕێژن.

 دراوسێکانمان چاویان به‌م چۆڕه‌ ئارامی و ئاسایشه‌ هه‌ڵنایه‌ت، چه‌ند سه‌خته‌ چوارده‌ورت دراوسێی به‌دکار بێت و ژه‌می ژه‌هرت به‌ دیاری بۆ بنێرن. هه‌موو ئه‌مانه‌ی ڕوویاندا زه‌نگن، بۆ هه‌موومان، نه‌ک ته‌نها بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و حکومه‌تی کوردستان.

له‌ کوردستاندا هه‌ندێ حیزبی دینی هه‌ن له‌ په‌رله‌مان و له‌ حکومه‌تی کوردستانیشدا به‌شیان هه‌یه‌ که‌چی هێشتا خۆیان ساخ نه‌کردۆته‌وه‌ و وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن قسه‌ ده‌که‌ن و ڕه‌فتار ده‌که‌ن. بۆ ده‌بێ حکومه‌ت داوایان لێ نه‌کات خۆیان ساخ بکه‌نه‌وه‌!

 هه‌ندێک حیزبی مه‌زهه‌بی هه‌ن بودجه‌ له‌ هه‌ردوو حیزبی باڵا ده‌ست و له‌ حکومه‌تیشه‌وه‌ وه‌رده‌گرن و له‌ ژێریشه‌وه‌ له‌ دژیان کار ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی هه‌ستی هه‌بێت له‌ وتار و پشتی وتاری هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌ی ئه‌م حیزبانه‌ تێده‌گات که‌ چۆن مه‌به‌ستیان بنکۆڵکردنی پێگه‌ی حکومه‌تی کوردستانه‌. زه‌نگه‌کان ده‌ڵێن: ئاگادار به‌ حکومه‌ت، مه‌خابنه‌ له‌سه‌ر سنگی خۆت مار به‌ خێو بکه‌یت.

 کوردستان هێزی ئاوه‌زی هه‌موو دڵسۆزێکی پێویسته‌، هه‌سته‌کانی هه‌موومانی پێویسته‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شاڵاوی په‌لاماره‌کان بیپارێزین. ئه‌و زه‌نگانه‌ی دراوسێکانمان بۆمان لێده‌ده‌ن، پێمان ده‌ڵێت کوردینه‌ ئێوه‌ جگه‌ له‌ خۆتان که‌ستان نییه‌، که‌واته‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتری میهره‌بان بن و به‌ خۆشه‌ویستی وڵات ئاوه‌دان بکه‌نه‌وه‌، تا خووداش گوێ له‌ بانگه‌واز و سرووده‌کانتان بگرێت، کاتێ هه‌موو به‌ ده‌نگێ ده‌ڵێن:

خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاوا که‌ی   چه‌ند دڵگیر و شیرینه‌   ده‌شتی جوان و ڕه‌نگینه‌           

ئاوی که‌وسه‌ره‌   خاکی گه‌وهه‌ره‌           پڕ له‌ گوڵ و نه‌سرینه‌!

...

9-5-2007

هه‌ولێر

 

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca