روونكردنه‌وه‌یه‌ك
نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د
 

 

رۆژی 8/5 له لاپه‌ڕه 1 و 4 ی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ‌دا هه‌واڵێك‌و راپۆرته هه‌واڵێكمان سه‌باره‌ت به كۆنفرانسی ئه‌نفال بڵاوكرده‌وه كه‌چی رۆژی 15/5 قادر نادر له وتارێكیدا له ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌‌كان( كه ره‌نگه تا ئه‌م روونكردنه‌یه‌م بڵاوده‌بێته‌وه له ده‌یان شوێنی‌تریش وتاره‌كه‌ی بڵاوبكاته‌وه) وتارێكی چه‌واشه‌كارانه‌ی بڵاوكردۆته‌وه كه گوایه له‌و راپۆرته هه‌واڵه‌دا كه سه‌باره‌ت به كۆنفرانسی ناوبراو له رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ بڵاوم كردۆته‌وه،رووداوه‌كه‌م به وردی نه‌گواستۆته‌وه.

سه‌ره‌تا نووسیویه‌تی من به ناوی چاك قسه ناكه‌م، به‌ڵام له بیری چووه ناونیشانی وتاره‌كه‌ی ئه‌مه‌یه (چه‌ند دێڕێك بۆ ئه‌وانه‌ی مافمان ده‌خۆن) نازانم له دانانی راناوی لكاوی (مان) مه‌به‌ستی قادر نادره یاخود رێكخراوی چاك.

من نووسیومه پارتی سه‌نته‌ر پشتیوانی له پڕۆژه‌كه‌ی پارتی چه‌پ نه‌كرد، نازانم نوێنه‌ری پارتی سه‌نته‌ر له كوێ‌ی وتاره‌كه‌یدا پشتیوانی له پڕۆژه‌كه‌ی  پارتی چه‌پ كرد؟ ئه‌گه‌ر له نووسراوێكی ره‌سمیشدا پارتی ناوبراو بۆ چاك-ی ناردووه‌و ئه‌نفالیان به جینۆساید ناساندووه خۆزگه له كۆنفرانسه‌كه نووسراوه‌كه‌ بڵاو ده‌كرایه‌وه،له‌و حاڵه‌ته‌دا ئێمه ده‌بووایه ئاماژه‌ی پێبده‌ین.

قادر جه‌مه‌دانی‌و ئاڵای كوردستانی لێ تێكچووه،من وتوومه ئاڵای كوردستان له هۆڵه‌كه نه‌بوو، كه‌چی ئه‌و  ده‌ڵێت ئێمه جه‌مه‌دانی‌و هه‌وریمان دانابوو ،بۆ نه‌وه‌ستانی ده‌قیقه‌یه‌كیش بۆ شه‌هیدان پاساوی مۆسیقاكه‌ی هونه‌رمه‌ند خالید ره‌شیدی هێناوه‌ته‌وه،له راپۆرته هه‌واڵی ناوبراودا ئاماژه به بوونی فۆتۆگراف‌و فیلمه‌كه‌و مۆسیقاكه‌ی هونه‌رمه‌ندی ناوبراو دراوه،به‌ڵام نازانم بۆ ده‌قیقه‌یه‌ك بۆ شه‌هیدان نه‌وه‌ستان!

قادر له وتاره‌كه‌یدا درێژه به چه‌واشه‌كارییه‌كانی ده‌دات‌و ده‌ڵێت نوێنه‌ری ی،ن،ك ئاماده نه‌بوو كه‌چی چاک له‌و راپۆرته هه‌واڵه‌ی كه ‌له رۆژانی رابردوو سه‌باره‌ت به كۆنفرانسه‌كه بڵاویكردۆته‌وه ناوی یه‌كێتیی هێناوه كه ئاماده بووه،له هه‌مووی به‌ڵگه‌دارتر بورهان حه‌بیب له‌وێ قسه‌ی كرد با رێكخراوی چاك له پارتی چه‌پ بپرسێت ئه‌رێ ناوبراویان به چ سیفه‌تێك ده‌عوه‌ت كردبوو.

له سیمیناری ناوبراودا ی.ن.ك له هه‌موو حزبه‌كانی‌تر زیاتر له ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی خۆیدا گرنگی به كاروباره‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌دا، ده‌توانرێت بۆ ئه‌مه سه‌یری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ‌و ماڵپه‌ڕی ره‌سمی ده‌زگای ناوه‌ندی راگه‌یاندن‌و كوردسات بكرێت.

هه‌واڵ‌و راپۆرته هه‌واڵ راسته هه‌ردووكیان رووداو ده‌گێڕنه‌وه به‌ڵام جیاوازی له نێوانیاندا هه‌یه،بواری راپۆرته هه‌واڵ بۆ ده‌ربڕینی تێبینی‌و سه‌رنج فراوانترو گونجاوتره،من له كۆتایی راپۆرته هه‌واڵه‌كه سه‌رنجه‌كانی نه‌بوونی ئاڵای كوردستان‌و ئاماده‌نه‌بوونی نوێنه‌ری حزبی ده‌سه‌ڵاتدار(مۆدێرات) و به پێوه نه‌وه‌ستانه‌كه‌م نووسیوه،له ئاماده‌بووان ده‌پرسم ئه‌رێ ئه‌و قسانه‌ی من راستن یاخود هه‌ڵه‌ن؟

نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د

نوێنه‌ری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ

له وڵاتی سوید

15/5/2007

 

 ‌

   

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca