"حه‌ماس" و"حیزبوڵڵا" وا له‌ کوردستانی باکوور دروست ده‌بن!!
نزار جاف
  nezarjaff@gmail.com

 دۆستێکی خۆشه‌ویستم له‌ براده‌رانی کوردستانی باکوور، کاتێک پێکه‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌یه‌کی راگه‌یاندندا کارمان ده‌کرد، پێی وتم"له‌ هه‌موو ناوچه‌ و گونده‌کانی کوردستانی باکوور، کاتێک کاغه‌زێک یان کتێبێک ببینن که‌ به‌ پیتی عه‌ره‌بی نووسرابن، ئه‌وا راسته‌وخۆ وه‌ک شتێکی یه‌کجار پیرۆز ماچی ده‌که‌ن و ده‌یخه‌نه‌سه‌ر سه‌ریان و پاشان له‌ شوێنێکی باشدا دایده‌نێن".

ئه‌و براده‌ره‌، هه‌روه‌ها پێی وتم، ئه‌وه‌ی"عه‌زیز نه‌سین"له‌ شاکاری"گێله‌ پیاو"دا باسی ده‌کات له‌باره‌ی بایه‌خدان به‌"فه‌رید په‌تاته‌"کاتێک وا خۆی نیشان ده‌دات که‌ بییانییه‌که‌ و ده‌بێته‌ موسڵمان و، چۆن خه‌ڵکی ساده‌ و ساکار پێشوازی لێده‌که‌ن و بایه‌خێکی ئه‌وتۆی پێ ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ شتێکی ته‌نها بۆ پێکه‌نین نییه‌، به‌ڵکو راستییه‌که‌ تا ئێستا له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی باکووردا ره‌گ و ریشه‌ی داکوتاوه‌".

ئه‌م قسانه‌م هاته‌وه‌ یاد، کاتێک هه‌ندێک راپۆرته‌ هه‌واڵی جیاوازم ده‌رباره‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ته‌وژمی ئیسلامی سیاسیم له‌ناو خه‌ڵکی ره‌ش و روتی کوردستانی باکووردا، خوێنده‌وه.  ئه‌و راپۆرتانه‌، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ ته‌وژمی ئیسلامی سیاسی پتر ره‌گ و ریشه‌ له‌ناو شار و شارۆچکه‌ و گونده‌کانی باکووردا داده‌کوتێت. ئه‌وه‌ی که‌ جێگه‌ی تێڕامانه‌، ئه‌و نموونه‌یه‌ی که‌ کوردی باکوور به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆی ده‌ڕوانن و هه‌وڵی پیاده‌کردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌که‌ی له‌ کوردستانی باکووردا ده‌که‌نه‌وه‌ "بزافی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئیسلامییه‌(حه‌ماس)"ه‌ و، تا راده‌یه‌کی دیاریکراویش"حیزبوڵڵای لوبنان"یشه‌ و، چڕبوونه‌وه‌ و گه‌ڵاڵه‌بوونی ئه‌م ئاراسته‌یه‌ ته‌نها مه‌زه‌نده‌کردنێک یان ئه‌گه‌رێکی ساده‌ نییه‌، به‌ڵکو ده‌توانین بڵێین که‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی ئه‌وه‌نده‌ دوورنا ده‌بێته‌"دیفاکتۆ"یه‌ک و، ئه‌وسا قسه‌ و باس له‌سه‌ر تیرۆریستانی عه‌ره‌ب و ئه‌فغان و تورک و فارس لاده‌چێت و له‌به‌ر چه‌ندین هۆکاری سیاسی جیاوازه‌وه‌، ته‌نها له‌سه‌ر کورد چڕ ده‌بێته‌وه‌!

ئه‌م کاره‌ش ئه‌وه‌نده‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ که‌ خودی پارتی دادپه‌روه‌ری و گه‌شه‌پێدان ترسی لێ نیشتووه‌ و، زۆر به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ته‌ماشای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هزره‌ مه‌ترسیداره‌ له‌ناو لاوه‌کانی کورددا ده‌کات هه‌روه‌ک چۆن ئاگر له‌ناو پوشێکی وشکدا بڵاوده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا پتر له‌ نیشانه‌یه‌کی پرسیار و سه‌رسوڕمان له‌ مه‌سه‌له‌که‌دا ده‌خاته‌به‌رچاومان، چونکه‌، زۆر که‌س وایان ده‌زانی پارتی دادپه‌روه‌ری و گه‌شه‌پێدان رێکخراوێکی سه‌ر به‌ ئیسلامی سیاسی توندڕه‌وه‌، به‌ڵام، کاتێک باڵێکی سیاسی تر دێته‌ کایه‌وه‌ که‌ وامان لێده‌کات"خۆزگه‌ به‌ کفن دز"بکه‌ین، ئه‌وا کێشه‌که‌ ئاراسته‌یه‌کی نائاسایی گرتۆته‌خۆی و ده‌بێت زێتر له‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئاسایی لێ بکرێته‌وه‌.

شاری"باتمان"یه‌کێکه‌ له‌و شارانه‌ی کوردستانی باکوور که‌ ئه‌و جۆره‌"ئیسلام"ه‌ی تێدا گه‌شه‌ده‌کات، باتمان که‌ ژماره‌ی دانیشتووانی خۆی له‌ 400 هه‌زار که‌س ده‌دات، هه‌ژاری و ده‌ست کورتی و بێکاری رۆڵێکی یه‌کجار مه‌ترسیدار ده‌بینێت له‌ ئاراسته‌‌کردنی لاوانی کورددا به‌ره‌و ئه‌و بزافه‌ سیاسییه‌ توندڕه‌وانه‌ی که‌ پتر مرۆڤ هان ده‌ده‌ن بۆ پره‌نسیپه‌کانی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵ و، گرنگی نه‌دان به‌ ژیان و بیرکردنه‌وه‌ له‌ مه‌رگێک که‌ ده‌بێته‌ هۆی نیشته‌جێبوونی خاوه‌نه‌که‌ی له‌"فیردۆس"(به‌رزترین نهۆمی به‌هه‌شت به‌ بۆچوونی ئیسلام). هه‌رچه‌نده‌، نه‌ک ته‌نها باتمان به‌ڵکو زۆرینه‌ی شاره‌کانی کوردستانی باکوور ئه‌و"په‌تا"و"ده‌رده‌"پڕ له‌ نه‌هامه‌تی و نه‌گبه‌تییه‌ خه‌ریکه‌ که‌مه‌ که‌مه‌ دیانگرێته‌وه‌ و، ته‌نانه‌ت، زۆر ناوه‌ندی سیاسی به‌ دڵنیاییه‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ هه‌ژموونی هێزی سیاسی کاریگه‌ری وه‌ک"PKK" و، باڵه‌ سیاسییه‌کانی ناو ناوچه‌کانی کوردستانی باکوور که‌هه‌واداری ئه‌ون، خه‌ریکه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌وژمه‌دا نه‌ک جێگه‌ی پێ له‌ق ده‌کرێت به‌ڵکو ته‌نانه‌تیش به‌ره‌و گۆشه‌یه‌کی یه‌کجار ته‌سک ده‌برێت!

ئه‌مڕۆ، له‌ سایه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ ئابوورییه‌ ناله‌باره‌ی که‌ گه‌لی کورد له‌ باکووردا پێیدا گوزه‌رده‌کات، هه‌مان ئه‌و کارانه‌ی که‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌کان له‌ کوردستانی باشوور ده‌یانکرد به‌ دابینکردنی یارمه‌تی بۆ خه‌ڵکی که‌م ده‌رامه‌ت و ده‌ستکورت له‌ به‌رامبه‌ر"کۆتکردنیان"به‌ که‌له‌بچه‌ی ئاراسته‌ سیاسییه‌ ـ فکرییه‌که‌یانه‌وه‌، راپۆرته‌کان باسی چه‌ند باڵێکی سیاسی ئیسلامی ده‌که‌ن که‌ خه‌ریکی هه‌مان کارن، به‌ڵام، پرسیاری هه‌ره‌ گرنگ له‌وه‌دایه‌، کێن ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی پشتگیری ئه‌م باڵه‌ سیاسییه‌ گومانلێکراوانه‌ ده‌دات و، بۆچی له‌م ماوه‌ی دواییه‌دا په‌ره‌یان سه‌ندووه‌؟ ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدا دێت، که‌ قسه‌ و باس و ته‌نانه‌ت راپۆرتی هه‌واڵگریش هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ (دووباره‌)به‌هێزبوونه‌وه‌ی"حیزبوڵڵا"له‌ کوردستانی باکوور و، که‌مه‌ که‌مه‌ پره‌نسیپه‌ توندڕه‌وه‌کانی خه‌ریکه‌ باڵی شوومی به‌سه‌ر زۆر شوێندا داده‌پۆشێت.

ئه‌م کاره‌ مه‌ترسیداره‌ له‌ خۆیدا جۆره‌ بێده‌سه‌ڵاتی و که‌مته‌رخمییه‌کی باڵه‌ نه‌ته‌وه‌خوازه‌کانی کوردستانی باکوورن که‌ هه‌موو خه‌ریکی گه‌ڕانن به‌ دوای"ئیمتیازات" و تایبه‌تمه‌ندی و به‌ داخ و په‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه و‌، ئه‌وه‌ی له‌بیریان نییه‌ دانانی به‌رنامه‌ کارێکی پێچه‌وانه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاراسته‌ مه‌ترسیداره‌ بۆسه‌ر هزری نه‌ته‌وایه‌تی کورد له‌ سه‌رانسه‌ری کوردستانی گه‌وره‌دا. له‌ راستیشدا، کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌ باکوور پێویستییان به‌ لایه‌نێک هه‌یه‌ که‌ لێیانه‌وه‌ نزیک بێت و هه‌ست به‌ هه‌موو گیروگرفت و کێشه‌ و ده‌رد و ئازاره‌کانیان بکات، نه‌ک ئه‌وه‌ی له‌م وڵات و ئه‌و وڵات به‌یاننامه‌ و پڕۆژه‌ی سیاسی ره‌ونه‌قدار له‌ ده‌ره‌وه‌ و پوچه‌ڵ و بێهوده‌ له‌ناوه‌وه‌، ده‌رده‌که‌ن.  هه‌ندێک لایه‌نی کوردستانی باشووریش له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ چاوێکی به‌رپرسیارانه‌ ته‌ماشا ئه‌و هێزانه‌ بکه‌ن که‌"فڕیان به‌ جمهورییه‌ته‌وه‌ نییه‌" و، نه‌قیزه‌یه‌کی هوشیارییان لێبده‌ن، که‌چی له‌ بری ئه‌وه‌ بواریان بۆ ده‌ڕه‌خسێنن به‌ ناوی کوردایه‌تییه‌وه‌ بازرگانی بکه‌ن، من نازانم ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌تمه‌داره‌"کارتۆنییانه‌"چ جیاوازییه‌کیان له‌گه‌ڵ بازرگانانی جه‌نگدا هه‌یه‌؟ نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ش، به‌ڵکو ئه‌مانه‌ به‌رپرسیش ده‌بن له‌ به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورددا سه‌باره‌ت به‌ره‌و هه‌ڵدێر رۆیشتنی لاوانی کوردی باکوور، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌له‌ته‌رناتیفێکی گونجاویان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا هه‌بێت!

                                                                   

تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ رۆژنامه‌ی "کوردستان راپۆرت"دا بڵاوکراوته‌وه‌.

 

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca