دوعا گیان ده‌ڵێن:
(پێوانه‌ی ڕزگاری هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ڕاده‌ی ڕزگاری ژنانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌) 

                                                     

 عبدالرحمن محمد

 

به‌ راستی ته‌نها ئیستفاده‌یه‌ک که‌ گه‌لانی عێراق کردیان له‌ ڕوخانی ڕژێمی به‌عس ،به‌ کارهێنانی مۆبایل بوو،به‌ هۆی مۆبایله‌وه‌ توانراوه‌ هه‌ندێک له‌و پێشێلکاریانه‌ی که‌ دژی خه‌ڵکی عێراق ده‌کرێت وێنه‌ بگیڕیت و تاوانباره‌کان نه‌توانن نکۆڵی لێ بکه‌ن ،له‌ ده‌ست درێژی جنسی بۆ سه‌ر زیندانیه‌کانی ابوغریب تا کوشتنی دوعا .بۆیه‌ سیسته‌می عه‌شایه‌ری و کۆنه‌په‌رستی و ته‌کنۆلۆجیای تازه‌ دوو شتی دژ به‌ یه‌کن له‌ یه‌ک شوێندا جێگه‌یان نابێته‌وه‌.هه‌ر ئه‌مه‌ بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی   که‌ ڕژێمه‌ کۆنه‌په‌رست و دیکتاتۆریه‌کانی دنیا  ڕێگه‌ له‌ڕۆژنامه‌نوسان و بڵاو بونه‌وه‌ی سه‌ته‌لایت و مۆبایل و ئینته‌رنێت ده‌گرن،پێشتر هه‌زاره‌ها دوعا له‌ سه‌ر بڕیاری دیوه‌خانه‌کان و پیاوسالاره‌کان و کۆنه‌په‌رستان خه‌لتانی خوێن ده‌کران و زینده‌ به‌ چاڵ ده‌کران بێ ئه‌وه‌ی که‌سێک بزانێت،له‌ بیرم دێت که‌ منداڵ بوم ڕۆژانه‌ پریمسی حه‌مام به‌ ژناندا ده‌ته‌قییه‌وه‌ و ده‌سوتا ،که‌ له‌ کاتێکدا ژنان له‌ پیاوان   زیاتر شاره‌زای به‌کارهێنانی بوون ،یاخود ده‌یانگوت براکه‌ی فیشه‌کی له‌ ده‌ست ده‌رچووه‌ ،که‌ فامیم و تێگه‌یشتم ئه‌مه‌ ده‌ستکردی خێزانه‌کانیان بووه‌ له‌ سه‌ر ناموس په‌رستی.ده‌یان شێوه‌ی جۆراو جۆری تر له‌ کوشتنی ژنان. کوشتنی دوعا سیستمێکی چه‌ند ساڵه‌ی په‌یڕه‌وه‌کراوی خێڵه‌کی و مه‌زهه‌بی له‌ لایه‌ن ده‌سڵاتدارانی کوردستانه‌وه‌ خسته‌ڕوو،ماهیه‌تی راسته‌قینه‌ی ده‌ستوره‌کانتان و په‌رله‌مانه‌کانتان و ڕێکخراوه‌ زه‌ردو سه‌وزه‌کانتان که‌شف بوو ،ده‌یان ڕێکخراوی ژنان ولاوان و منداڵان  وکرێکارانتان هه‌یه‌ ،با ڕاپرسیه‌ک بکه‌ین بزانین له‌ به‌رژوه‌ندی تایبه‌تی حیزبه‌کانتان زیاتر چیتان کردووه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان،پرسیارێک لێره‌دا دێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ سه‌نته‌ری پارێزگاری له‌ ژنان له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتیه‌ووه‌ داخرا له‌ سلێمانی؟؟؟وه‌ڵامه‌که‌ی ده‌بێت ڕێکخراوه‌کانی ژنان و ئافره‌تانی یه‌کیتی و پارتی بیده‌نه‌ووه‌،(بۆ ئێوه‌ مۆڵه‌تی کارکردنتان هه‌یه‌ و ئه‌وان نیانه‌).                                                                                                               

ده‌یان دوعا له‌ لایه‌ن سه‌نته‌ری پارێزگاری له‌ ژنانه‌وه‌ داڵده‌ درابوون و له‌ مه‌رگ ڕزگار کرابوون ،چه‌نده‌ها سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و پیاوو ماقوڵ وه‌ک شێخ سمایلی ته‌لان هاتنه‌ قسه‌ بۆ داخستنی ئه‌م سه‌نته‌ره‌ ،که‌ ڕووی شارستانیه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردی بوو،هه‌نگاوێک بوو بۆ ئه‌وه‌ی دوعاکان ئیتر نه‌بنه‌ قوربانی فه‌رهه‌نگی پیاو سالاری و کۆنه‌په‌رستی مه‌زهه‌بی،به‌ڵام جونکه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ناوه‌ڕۆکدا به‌ ده‌ستی کۆمه‌ڵێک خاوه‌ن عه‌شیره‌ت و     شێخ و کۆنه‌په‌رسته‌وه‌یه‌ ،هه‌ر هه‌نگاویک به‌ره‌و مه‌ده‌نیه‌ت و ئازادی بنه‌مای ده‌سه‌ڵات وبه‌رژه‌واندیه‌کانیان له‌ق ده‌کات،چه‌ندێک نائاگای خه‌ڵک له‌ سه‌ره‌وه‌ بێت ده‌سه‌ڵاتی دوعا کوژه‌کان قه‌وی تر ده‌بێت،بۆیه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد چه‌ندێک به‌ دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆوه‌یه‌ ،ده‌بێت زیاتر به‌ دوایی دیاریکردنی شێوازی فکری و بیرکردنه‌وه‌ی  ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بێت   ،بزانێت تا چه‌ند خواست و ئاره‌زووه‌کانی و هیواکانی له‌و چوارچێوه‌یدا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه‌،دوعا وه‌ک هه‌ر منداڵێکی کورد ده‌یان جار چه‌پڵه‌ی بۆ سه‌رکردایه‌تی کورد لێداوه‌و فه‌خری پێوه‌ کردوه‌ و ئاڵاکه‌ی هه‌ڵگرتووه‌،به‌لام ئه‌وه‌ بوو پاداشتی ده‌سه‌ڵاتی      کوردی که‌ ته‌سلیمی مه‌رگی بکه‌نه‌وه‌،دوعا گیان ئه‌و دنیایه‌ی که‌ ئێستا من تیایدا ده‌ژیم    باوکان و دایکان چێژ ده‌بینن له‌ عه‌شق و خؤشه‌ویستی منداڵه‌کانیان ،ده‌وڵه‌ت هه‌موو      ئه‌منیه‌تێکی بۆ کوڕان و کچانی عاشق دابین کردووه‌،له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵیه‌وه‌ جێگه‌ی نیشته‌جێبوونیان بۆ دابین ده‌کات،مانگانه‌ بیمه‌یان هه‌یه‌ (راتب)،ماچ کردن سونبولی خۆشه‌ویستیه‌ که‌ تۆ له‌ سه‌ری به‌رده‌ باران کرای،کچان بۆیان هه‌یه‌ تا شه‌وی دره‌نگ له‌ کۆڕو ئاهه‌نگه‌کاندا سه‌ما بکه‌ن و گۆرانی بڵێن ،دوعا گیان لێره‌ که‌س گه‌وره‌ی که‌س نیه که‌س ئایین و مه‌زهه‌بی دیار نیه‌ ،دیوه‌خان ده‌ستوری ووڵات دیاری ناکات‌ ،مزگه‌وت و کڵێساکان بۆیان نیه‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕن،ڕیشی درێژ نیشانه‌ی عه‌قڵ و مه‌عریفه‌ت نیه‌،که‌س پێڵاو بۆ که‌س دانانات ،که‌س ده‌رگا بۆ که‌س ناکاته‌وه‌،لێره‌ پێشبڕکێی ته‌مه‌ن درێژی هه‌یه‌ نه‌ک بلۆک باران و به‌رد باران ،لێره‌ دابین کردنی   حه‌زه‌کان هه‌یه‌ نه‌ک سه‌ربڕینی هیواو ئاواته‌کان .    

دوعا ده‌بێت سه‌ره‌تای ڕێنیسانسێک بێت له‌ کۆمه‌ڵگای کوردیدا ،ئه‌گه‌ر دوعا بکه‌ینه‌ پێوانه‌ بۆ ڕزگاری کۆمه‌ڵگای کوردی ئه‌وا ،هه‌موو قه‌ڵه‌مه‌کان و  سیاسه‌ته‌کان و ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کوردی خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه،هه‌موو ڕابردووی سڕیه‌وه‌ هیچ شتێکی جوان مانای نه‌ما ،ده‌بێت سه‌ر له‌نوێ خه‌ڵکی ئازادی‌خوازو مه‌ده‌نی مێژوو بنوسنه‌ووه‌،خۆهه‌ڵکێشان به‌ رابردوویه‌کی شکست خواردوه‌وه‌ به‌رئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌و وه‌حشیه‌ته‌یه‌ که‌ دژی دوعا ئه‌نجام درا،پێناسه‌ی شۆڕشێک که‌ بۆ ئینسانی کورد جێگه‌ی فه‌خر بێت تا ئێستا غایبه‌،ئینسانی کورد فیداکاریه‌کی زۆری داوه‌ به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ تا ئێستا هیچ خاڵێک که‌ له‌ به‌رژوه‌ندی خۆیدایه‌ بیسه‌پێنێت به‌ سه‌ر سه‌رکرده‌کانیدا یاخود ره‌وتی ئه‌و خه‌باته‌ دیاری بکات،بۆیه‌ هه‌موو کاتێک چاره‌نوسی ئینسانی کورد به‌ره‌و ئاسۆیه‌کی نادیار ده‌برێت وبیرو هۆشی خه‌ڵکی بردوه‌ به‌ره‌و لای کۆمه‌ڵێک موقه‌ده‌ساتی بێ ماناو هیچ و پوچ،سه‌رکرده‌ موقه‌ده‌س نیه‌ ،نیشتمان موقه‌ده‌س نیه‌ ،زمان موقه‌ده‌س نیه‌ ،ئایین و مه‌زهه‌ب موقه‌ده‌س نیین ،ته‌نها ئینسان موقه‌ده‌سه‌،  ،سه‌رکرده‌ پی‌رۆزه‌کان ده‌بێت په‌یکه‌ره‌کانیان بشکێنرێت‌  ،هه‌موو ته‌وه‌زه‌ل و کارنه‌که‌ران  ده‌بێت کار بکه‌ن ،دوعا بۆ خۆی ده‌ژیا نه‌ک بۆ ئه‌میرو سه‌رکرده‌کان،به‌های ڕۆسنبیری و زانستی ئێمه‌ چیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانین دیفاع له‌ دوعاکان بکه‌ین،بۆیه‌ ده‌بێت کار بکه‌ین بۆ دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌ده‌نی و عه‌لمانی نه‌ک بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی قه‌ومی عه‌شایه‌ری کۆنه‌په‌رست                                     

         rahman_awarekan@hotmail.com

2/5/2007