سه‌مفۆنی مه‌رگ
(بۆ "دوعا"ی جوانه‌مه‌رگ)
س. چ. ‌هێرش

له‌ نیشتمانی من
ــ له‌ کوردستانی من ــ
له‌ جیاتی ماچ و ئامێز،
چه‌مۆڵه‌ و بێز،
په‌رێز په‌رێز
له‌ جیاتی بزه‌ و پێکه‌نین،
ڕق و قین
دێراو دێراو
له‌ جیاتی ئۆخژن و خۆشی،
ژان و په‌رۆشی
ژارک ژارک
له‌ جیاتی عیشق و  ئه‌وین،
نزا و نفرین
هه‌رێم هه‌رێم
شین ده‌بێته‌وه‌‌!

له‌ نیشتمانی من
به‌ گۆچانی قورماوی
چاوی په‌ری ئازادی ده‌ردێنن،
له‌ کوردستانی من
به‌ تیخه‌‌ڵه‌ی ژه‌نگاوی
سه‌ری په‌پووله‌ی شادی ده‌په‌ڕێنن!

ئاخ، وڵاته‌که‌م
کوردستانه‌که‌م
ــ بووکی ڕازاوه‌ی ڕۆژهه‌ڵات،
تۆ وانه‌بووی،
بۆ وات لێهات...
پێم بڵێ ده‌ی
ــ بۆ کام مه‌به‌ست ــ
هه‌ر به‌و تاته‌ به‌رده‌ی
که‌ گراوان
له‌ ڕێباز و ده‌راوان
ــ وێرای هه‌زاران ئاوات ــ
نوێژی عیشقیان له‌ سه‌ر داده‌به‌ست
چۆنت دڵ هات
کۆرپه‌ڵه‌ی ئه‌وین بکه‌ی سه‌نگه‌سار و
منیش هه‌تا هه‌تایه‌ شه‌رمه‌زار...؟!

له‌ نیشتمانی من
جاران،
به‌هاران
هه‌ر که‌ هه‌ور ده‌یگرماند
کارگ هه‌ڵده‌تۆقین
پۆل پۆل له‌ نێو که‌مایه
که‌چی ئێستا
له‌ جیاتی خوناوه‌ی باران
باوی به‌رد و بلۆک و بۆمبایه،
له‌ کوردستانی من
له‌ هه‌وارگه‌ و جێژوانان
له‌ جیاتی شایی و ڕه‌شبه‌ڵه‌ک،
ــ به‌زم و زه‌ماوه‌ندی یاران ــ
"سه‌مفۆنی مه‌رگ"
وه‌ک ڕێوی له‌پێناو سیرمه‌کۆن
په‌یتا په‌یتا
خه‌ریکی مه‌مڵه‌مه‌مۆ و سه‌مایه‌!

نیشتمانه‌که‌م!
ــ کوردستانه‌که‌م ــ
ئیستا من‌ چی بکه‌م،
به‌ کام وشه‌
وشه‌ی کام مرۆ،
مرۆی کام وڵات
وڵاتی کام جیهان
جیهانی کام کاکێشان
کاکێشانی کامه‌ گه‌ردوون
چیرۆکی کاره‌ساتی "دوعا"
ــ ئه‌و کیژۆڵه‌ جوانچاکه‌ ــ
له‌ سه‌ر تاقی ئاسمان
ئاسۆ ئاسۆ
بنووسمه‌وه و
مێژووی دڵداری
پێ بژیێنمه‌وه‌؟‌‌!
به‌ کام خه‌یاڵ
خیاڵی کام شاعیر
شاعیری کام شێواز
شێوازی کام ڕێباز
ڕێبازی کام خودا
خودای کام هه‌بوون
خوێنی به‌ ناهه‌ق ڕژاوی
ئه‌و ئه‌وینداره دڵپاکه‌‌‌
چه‌پک چه‌پک
بهۆنمه‌وه و
به‌رۆکی په‌لکه‌زێڕینه‌ی
پێ بڕازێنمه‌وه‌؟!

به کام خیاڵ
به‌ کام وشه‌
ئه‌ی کوردستان
ئه‌و په‌ڵه‌یه‌
له‌ سه‌ر ڕوخساری مرۆڤایه‌تی بسڕمه‌وه‌؟

2007-05-08

 

           

 

05/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca