برێڤ

بۆ ( ش ) ی هونه‌رمه‌ند

 نووسینی : شێرزاد هه‌ینی

 

 له‌ هه‌ولێر هونه‌رمه‌ندێكی به‌تواناو خۆشه‌ویستی كۆمییدی ناسراوی ئه‌و شاره‌م بینی، زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ باسی رۆژانه‌و به‌رنامه‌ی هونه‌ریم لێ پرسی، ئه‌و له‌ وه‌ڵامدا وتی:

 من رِاستی ده‌ڵێم، هیچ پێچ و په‌ناو سوورِانه‌وه‌و درۆو مرۆی تێدا نی یه‌، له‌م رۆژانه‌ ئیشم زۆره‌، به‌رده‌وام كاری هونه‌ری ده‌كه‌م، باش ..!! خراپ ..! رِاست .! خوار یان كه‌مئه‌ندام، گرنگ نی یه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كرێچی نیم، چاوم له‌ ده‌ستی براو براده‌رو خزمی خۆم و ژنه‌كه‌م، چاوم له‌ ده‌ست حزب و سه‌ندیكاو مه‌ندیكا نی یه‌، من وه‌ك كاشیچی و سیپچی و له‌بخچی و قۆنته‌راچی به‌ مه‌تر ئیش ده‌كه‌م، رۆژانه‌ چه‌ند مه‌ترێك ته‌واو ده‌كه‌م و ئێواره‌كه‌ی زه‌رعه‌و پێوانه‌ی خۆم ده‌كه‌م، خۆشم زه‌رعچیم، بڕوام به‌ پێوانه‌ی كه‌سی تر نی یه‌، پاره‌ی رۆژانه‌كه‌م رۆژ به‌ رۆژ وه‌رده‌گرم، بڕوام به‌ به‌رێوه‌به‌ری به‌رهه‌م و به‌رێوه‌به‌ری پاره‌و به‌رێوه‌یه‌ری ده‌زگا نی یه‌.

 من هونه‌رمه‌ندی ئه‌و رۆژه‌م، وه‌ك بۆرچی و ته‌نكه‌چی و تعدیلچی و په‌نچه‌رچی نیم، كه‌ ئیشه‌ ته‌واو بێت پاره‌ وه‌رگرم، من رۆژ به‌ رۆژ له‌ناو قوورگی شێر پاره‌ی رۆژانه‌ی خۆم و ماڵ مناڵه‌كه‌م وه‌رده‌گرم، من هونه‌رمه‌ندم به‌ مه‌تر ئیش ده‌كه‌م، نان زه‌حمه‌ت بووه‌، ئیشی سه‌ركه‌توو و بنكه‌وتوو نی یه‌، ئیش و به‌رهه‌م ئه‌وه‌یه‌ ده‌ست بۆ كه‌س پان نه‌كه‌یته‌وه‌و ماستاو نه‌كه‌یت و په‌ت په‌تێن نه‌كه‌یت، حزب حزبێ نه‌كه‌یت. ئیش ئه‌وه‌یه‌ هونه‌ر به‌راستی و به‌ خزمه‌ت وه‌رگریت، هونه‌رمه‌ند به‌هره‌ی هه‌یه‌ په‌یامی پیرۆزی پێیه‌، بۆیه‌ نابێ برسی و لات و شه‌كه‌ت و كرێچی بێت.

هونه‌رمه‌ند شوێنی ده‌بێ له‌سه‌ر سه‌ران بێت، له‌به‌ر چاوان بێت، خۆشه‌ویست و پایه‌دار بێت، له‌ ئه‌ندام و مه‌ندامیش گه‌وره‌ترو به‌ به‌رهه‌متره‌. من به‌ مه‌تر ئیش ده‌كه‌م، به‌ پاره‌ی خۆم ده‌خۆمه‌وه‌، به‌ پاره‌ی خۆم و به‌ نۆره‌ی خۆم به‌نزین وه‌رده‌گرم، به‌ ئازادی خۆم ده‌ق و مه‌ق هه‌ڵده‌بژێرم، كێ ده‌رهێنه‌ره‌، سه‌ر به‌كام لیسته‌، له‌كام به‌ره‌یه‌ ئه‌وه‌ ناخوات، من به‌ مه‌تر ئیش ده‌كه‌م، مه‌تر ده‌خوات. !

كار زۆره‌، ئه‌و وتی:

 هه‌موو كه‌س راوه‌ستێت هونه‌رو كۆمیدیا ناوه‌ستێت، به‌رده‌وام كارده‌كه‌ین، تا ئه‌و شاره‌و ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ پێبكه‌نێت، تا گه‌وره‌و گچكه‌ هونه‌رمه‌ندیان هه‌ر خۆش بووێت، ئیش ده‌كه‌ین تا پیرۆزی هونه‌ر جێگه‌ی نه‌خۆشی تر بگرێته‌وه‌، هونه‌ر بچێته‌ ماڵه‌كان و بچێته‌ دانیشتنه‌كان و روو له‌ هه‌موو شوێنێك بكات، تا هه‌موو كه‌س به‌ خۆشی كۆبكه‌ینه‌وه‌.