بۆ دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق

  

 

 

به‌پێی دوا دانیشتنی دادگا، بڕیاردراوه‌ دادگا له‌ 10/06/2007 دا بڕیاری خۆی له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری تاوانباری تۆمه‌تباران له‌ تاوانی شالاوه‌کانی ئه‌نفال دا بخاته‌ڕوو، جۆری تاوانه‌کانیان دیاربکات و سزیان بۆ ببڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی داواکاری گشتی سه‌باره‌ت به‌ جۆری تاوانه‌کان بۆ تۆمه‌تباران داوای کرد که‌متره‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ کردوویانه‌. ئێمه‌ لێره‌دا گومانمان لادروست بووه‌ و پێمان وایه‌ ئه‌وانه‌ی به‌شداریان له‌تاوانی ئه‌نفالدا کردووه‌، ده‌بێ به‌ تاوانی به‌شدار له‌ تاوانی ژینۆساید تاوانبار بکرێن و له‌سه‌ر تاوانی ژینۆساید سزابدرێن. ئێمه‌ پێمان وایه‌ هه‌ر به‌ ته‌نها عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید له‌ تاوانی گه‌لکوژی تاوانبار نییه‌، به‌ڵکو‌ زۆرینه‌ی سه‌رکرده‌ به‌عسیه‌کان که‌ به‌شداریان له‌ تاوانه‌که‌دا به‌ جۆرێ له‌جۆره‌کان هه‌بووه‌ ده‌گرێته‌وه‌.

ئێمه‌ نازانین ئێوه‌ چ بڕیارێک ده‌رده‌که‌ن و چ جۆره‌ تاوانێک بۆ تاوانباران دیارده‌که‌ن و چ جۆره‌ سزایه‌کیان بۆ ده‌بڕینه‌وه‌. به‌ڵام به‌ پێویستی ده‌زانین به‌بیرتانی بهێنینه‌وه‌، به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له‌ دادگا تائێستا پێشکه‌شکراون، به‌پێی گوتنی سکاڵاکه‌ران و دیته‌ران، به‌پێی گوتنی تاوانبارن و ئه‌نجامی دانیشتنه‌کانی دادگا سه‌باره‌ت به‌ تاوانی ئه‌نفال به‌گشتی، به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ رێکه‌وتنامه‌ی ژنێڤ له‌مه‌ڕ تاوانی ژینۆسایددا هاتووه‌، ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجام دراوه‌ به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی به‌شێکی گه‌لی کورد بووه‌، بۆیه‌ تاوانێکه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی ژینۆساید. ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته‌ فه‌رامۆش نه‌کرێ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و تاوانه‌ له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی ده‌وله‌ت و حکومه‌تی ئێراق که‌ سیمبۆل و نوێنه‌ر و ده‌سه‌ڵاتداری ده‌وله‌تی ئێراق بوون ئه‌نجام دراوه‌. سه‌رکردایه‌تی حکومه‌ت و ده‌وله‌تی ئێراق له‌ هه‌وڵێکی به‌رنامه‌رێژکراودا، به‌ سوپا و دارایی ده‌وڵه‌ت، له‌ڕێگای‌ داموده‌زاگاکانی ده‌وڵه‌ت و به ‌بڕیاره‌کانی ده‌وڵه‌ت، وه‌کو ده‌وڵه‌ت به‌هه‌موو واتاکانیه‌وه‌ به‌ تاوانه‌که‌ هه‌ڵساوه‌.

به‌مپێیه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕوانین که‌وا دادگا سه‌یری تاوانه‌که‌ وه‌کو خۆی بکات و لاربوونه‌وه‌ نه‌نوێنێت، ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت ڕوویه‌کی باش به‌ گه‌لی قو‌ربانی کورد پێشان بدات. هیوادارین له‌ چوارچێوه‌ی بڕیاره‌کانی دادگا ئه‌و خاڵانه ڕه‌نگ بده‌نه‌وه‌:

 

  1. پێویسته‌ به‌ ڕوونی دان به‌وه‌دا بندرێت که‌ تاوانی ئه‌نفال تاوانی ژینۆسایده‌.

  2. پێویسته‌ ئه‌وه‌ ڕوونکرێته‌وه‌ که‌وا ده‌وڵه‌تی ئێراق به‌ بڕیاری حکومه‌ت و له‌ ژێر سه‌رکردایه‌تی سه‌دام حوسێن به‌م تاوانه‌ هه‌ڵساوه‌.

  3. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ تاوانه‌که‌دا به‌شداریان کردووه‌، ده‌بێ سزایان بۆ ببڕدرێته‌وه‌ و نابێ ببوردرێن.

  4. قوربانیه‌کان داوا ده‌که‌ن که‌وا سزای تاوانباران له‌ شوێنی تاوانه‌کانیان بدرێت، هیوادارین دادگا هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و داواکاریه‌ بنێت.

  5. پێویسته‌ دادگا ئاماژه‌ به‌وه‌ بکات که‌وا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ دادگادا وه‌کو تاوانبار ناویان هاتووه‌ ده‌درێنه‌ دادگا.

  6. پێویسته‌ دادگا ئاماژه‌ به‌وه‌ بکات که‌وا هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شداریان له‌ تاوانی ئه‌نفالدا کردووه‌ ده‌درێنه‌ دادگا.

 

ئه‌وه‌ی لێره‌دا هاتووه‌ چاوه‌ڕوانیه‌کانی ئێمه‌ و قوربانیانی تاوانی گه‌لکوژین، هیوادارین دادگا بێلایه‌نی خۆی له‌م ساته‌ هه‌ستیاره‌دا بسه‌ڵمێنێت و بێلایه‌نانه‌ وه‌کو خۆی له‌ تاوانه‌که‌ بڕوانێت.

 

ناوه‌ندی چاک

1/6/2007

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca