دڵۆپه‌ی ناوه‌ختی دره‌نگه‌شه‌وێ

   فازیل شه‌وڕۆ

 

 

دڵۆپه‌ی یه‌که‌م

ئاگر-باران

له‌وه‌ته‌ی هه‌ین ،

هه‌ر بارانه‌و داده‌بارێ

هه‌ر ئاگره‌و

به‌ره‌و ئاسمانا هه‌ڵده‌چێ،

سه‌یره‌ ...،

ده‌ڵێی (  خه‌م و دڵ)ی منن،

ده‌قیقه‌ێک...،

نه‌ ئاگر سارده‌بێته‌وه‌ ،

نه‌ بارانیش هه‌ڵده‌قرچێ !

  

دڵۆپه‌ی دووه‌م

غیره‌

 ئای له‌و عه‌قڵه‌  ...!

شه‌و ،

چارشێوێکی تاریک تاریک

به‌ده‌وری شه‌وگار ده‌گێڕێ،

تا که‌ خۆت ڕووتده‌که‌یته‌وه ،

هه‌ر بۆ ئه‌و بیت ،

  که‌س نه‌تبینێ .

 

دڵۆپه‌ی سێیه‌م

شه‌فاعه‌ت

 دایه‌ ...،

داو‌اکاری به‌هه‌شتییان

(کن فیکون ) خڕ دێنه‌دی،

جه‌رگه‌که‌ی خۆت

له‌ مه‌نزیله‌ی زه‌مهه‌ریری ئاگردایه‌ !

کچێ نه‌که‌ی

له‌بیری که‌ی .

  

دڵۆپه‌ی چواره‌م

به‌رائه‌تێکی گوناهبار

تۆ ،

په‌ڵه‌ به‌رائه‌تێکی ڕه‌ش !

من ،

ئاسمانێ گو‌ناهی بێ ڕه‌نگ !

گوێت له‌م تریشقوهۆڕه‌یه ...،

ئێستا ،

دایده‌کاته‌ ماچ و ئاگر،

ئاگر ، به‌سه‌ر باڵای تۆدا

ماچ ، به‌سه‌ر من

ئاگره‌ماچیش

به‌سه‌ر روحی نۆبه‌ره‌ێک ،

که‌ گوناهباره‌و بێ گو‌ناه .

دڵۆپه‌ی پێنجه‌م

شه‌رتکردن

 

مردن هه‌ر مردنه‌ .

لێره‌ ،

به‌ فیشه‌ک وسه‌ربڕین وخۆسووتاندن .

له‌وێ ،

به‌ ئیدز و به‌ تۆسامی و خۆخنکاندن .

شه‌رته‌وده‌یکه‌م:

  کێ ده‌توانێ

ناوێ بێنێته‌وه‌ تاکه‌

-له‌م شه‌ش ملیاره‌ی که‌ هه‌یه‌ -

( به‌خه‌می من )لار بێته‌وه‌ !

 

دڵۆپه‌ی شه‌شه‌م

تیر و قوودره‌ت

 دایکم ده‌یگوو:

 " کاتێ یه‌کێ ،

له‌ گوناحاندا ڕه‌ش ده‌بێ ،

وه‌ک ( قاسماغا ) !

زه‌بر و تیری

قوودره‌تیش کاری تێناکا  ".

نازانم بۆ

قوورده‌ت ( دوعا )ی واڕه‌ش نه‌کرد

تیری به‌رد کاری تێنه‌کا !؟

 

دڵۆپه‌ی حه‌وته‌م

فه‌توا

 

ماموستا... !

هه‌نگوینی سه‌ر

نان و قه‌یماغه‌که‌ی ده‌ستت

خۆ حه‌رامه‌ !

زاده‌یی

ماچ ومژی هه‌نگ وگوڵه.

بۆ... ،

له‌که‌یه‌وه‌ ، له‌م هه‌واره‌ ،

شه‌کره‌ماچی ژن حه‌ڵاڵه  !؟‌‌

 

دڵۆپه‌ی هه‌شته‌م

خه‌می قڵپ

 

ئای له‌م خه‌مه‌ ...!

تۆ  ،

 خه‌می منته ،‌

منیش هی تۆ .

نه‌من

هی خۆمم پێهه‌ڵده‌گیرێ ،

نه‌تۆش هی که‌س.

من سووم له‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌ ،

وا ده‌زانن :

خه‌مه‌کانمان پوولی قڵپن ،

که‌س قه‌د بۆشمان  ناگۆڕنه‌وه !

وای له‌م خه‌مه‌ .

 دڵۆپه‌ی نۆیه‌م

کرێچی

 زۆرله‌مێژه ،

چوار ژووره‌که‌ی که‌ڵاوه‌کۆنه‌که‌ی دڵم

داوه‌ به‌کرێ ،

له‌سه‌ر کۆشک : کورد وسته‌م

له‌ خواره‌وه‌ : دایکم و خه‌م ،

هه‌رچه‌ند ده‌که‌م

وێرانه‌که‌م

بۆ چۆل ناکه‌ن ،

به‌م دڵه‌وه‌ ،

ڕه‌شماڵ نشینی غه‌ریبیم ،

ئه‌رێ  ....،

که‌س شک نابه‌ن

حوجره - دڵێ بدا به‌کرێ ؟

دڵۆپه‌ی ده‌یه‌م

ته‌مه‌نێکی سه‌قه‌ت

 

له‌ ئاوێنه‌ی چاوه‌کانتا ،

هه‌ر کوڕه‌ بیست به‌هارییه‌که‌م !

له‌ باوه‌شی دایکیشمدا ،

پیره‌مێردێکی کۆرپه‌ڵه‌م !

له‌ نێوان کانی چاوانت و

ده‌ربه‌ندی باوه‌شی دایکم ،

ڕۆماننووسێ

خێوه‌تی خۆی لێهه‌ڵداوه‌

به‌سه‌رهاتی ئاگره‌شه‌وی

کوێستانانم ڕه‌شنووس ده‌کا ،

تۆ فانۆس و

من کوانوو

که‌زیه‌ سپییه‌که‌ی دایکیشم

شایه‌تحاڵی مردوو -وزیندوو .

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca