قاوه‌گره‌وه

   فرمێسک مسته‌فا‌

fermesk_mustafa@yahoo.de

ته‌نیایی تووله‌ ڕێگایه‌ک بوو ته‌نها خۆم ڕێبواری بووم ،به‌سه‌ر پشکۆی به‌دبه‌ختی خۆمدا هه‌نگاوم ده‌نا، ده‌گه‌ڕام به‌دووی چاره‌نوسێکی هه‌ڵاتوو و یاخیدا، ده‌گه‌ڕام بۆ ڕۆژگارێک ئاکارم بکاته‌ بوکێک وئارایشتی بکا،بمکاته‌ په‌رده‌ بۆپه‌لکه‌زێڕینه‌ی پاش بارانێکی گه‌رم .... نه‌ء... چاوه‌ڕوان بووم به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌یه‌ک سیمای پیربوونی ڕۆژگاره‌کانی خۆم تێدا ده‌ژمارد به‌قووڵی تێم ده‌ڕوانی وه‌ک نیگارکێشێک نه‌خشه‌ی وون بوونم ده‌کێشا .

ئاوێنه‌ی تۆمارکراوی سات به‌ساتی ژیانم له‌سه‌ر دیواری غه‌مباری منا له‌نێوان په‌نجه‌کانی ته‌مه‌نمه‌وه‌ که‌وته‌خوارێ،سینه‌ی دیوارحه‌سره‌تی ڕۆحی من و هه‌ڵقرچاندنی ڕۆژگاره‌کانی پێ هه‌ڵنه‌ده‌گیرا ، وه‌ڕس ببوو له‌نه‌هامه‌تیه‌کان ،بێزاربوو له‌ چاوه‌ڕوانیه‌کان ، له‌قه‌یره‌بوونم ...

ئه‌و.... ده‌گه‌ڕابۆڕوخسارێک پڕله‌خوناوی شیرین وه‌ک به‌هار سه‌وزوسور بێت به‌لامدا تێپه‌ڕده‌بوو نه‌یده‌بینیم ، ناچارگه‌ڕامه‌وه‌ بۆلای هاوڕێی ڕازونیازم له‌بێهوده‌یداپارچه‌کانیم لێکنابه‌یه‌که‌وه‌ ، چیرۆکه‌کانم ناڕێک ده‌بوون ،ڕابردووم ده‌بوه‌ئێستاکه‌و گه‌نجیشم ده‌بوه‌پیریم. نه‌م ده‌توانی ڕسته‌ی به‌سه‌رهاتی ژیانم ڕێکخه‌مه‌وه‌ منی سه‌رلێشێواو له‌گه‌ڵ ئه‌م چاره‌نووسه‌مدا به‌شه‌ڕهاتووم یه‌خه‌ی یه‌کتر به‌رناده‌ین ...

به‌خۆمم ده‌گووت بێ ته‌ماشاکردنی ئه‌م ئاکاره‌ ماندووه‌م هه‌ڵناکه‌م !ته‌نها ئه‌ویشه‌ به‌‌دڵنیایی و بێ ترس دڵی خۆمی بۆده‌که‌مه‌وه، گوێم لێده‌گرێت و دڵنه‌وایم ئه‌داته‌وه‌...جارێکی دیکه‌ش له‌گه‌ڵ ته‌موومژی خه‌یاڵمدا وێڵ بوومه‌وه‌ ،له‌نێوتوله‌ڕێکانی ئاوێنه شکاوه‌که‌مدا ڕێم ده‌کردوو ده‌گه‌ڕام ئه‌م جاره‌یان به‌دووی زانایه‌کدا ووشه‌وچیرۆک و ته‌مه‌نم ڕێک بخاته‌وه‌. به‌دیواری به‌دبه‌ختیدا ئاوێنه‌یه‌کی ترم بۆ هه‌ڵنه‌واسێته‌وه‌!!!!له‌نێو درزوپارچه ‌ووردوخاشکراوه‌کانه‌وه‌ ،تۆبه‌ره‌وپیرم هاتی وه‌ک مۆمێک پرشنگدارو نورانی له‌نێوپه‌نجه‌کانی ده‌ستته‌وه‌ گزنگی خۆر ئاوی چاوانمی ده‌بردهاتیت وفنجانێک له‌ڕه‌نگی حوزن و ته‌م له‌گیرفانێکی قووڵته‌وه‌ هاته‌ده‌رێ ، له‌دامێنتا دانیشتم وچاوه‌کانیشم وه‌ک دوو به‌ردیله‌ی بچوک هه‌ڵدایه‌ گۆمی فنجانه‌که‌وبه‌هیوای ئه‌وه‌ی پێش تۆچاره‌نوسم بخوێنمه‌وه‌ من هیچم نه‌دی !!! به‌ڵام تۆمنت له‌وگۆمه‌ته‌ڵخه‌دا به‌دی ده‌کرد پێت وتم * ئه‌ی کیژی خۆرکه‌زیه‌کانت چه‌شنی ڕۆژگارت هؤنراونه‌ته‌وه‌ به‌باڵای ئه‌م فنجانه‌داوه‌ک ڕووبارێک له‌چاوه‌ڕوانی هاتوونه‌ته‌خوارێ، غه‌میشت هه‌ردوو سینه‌تن له‌سه‌ر سنگت هه‌ڵت گرتوون وده‌یانبه‌یته‌‌گۆڕیشه‌وه‌...پیاوێک له‌نێوان که‌زیه‌کانته‌وه‌ دیاره‌ به‌ره‌ولات دێ، ئه‌ودیوو باران ده‌بڕێ تابتکاته بوکێ بۆپه‌لکه‌زێڕینه‌یه‌ک وتارای سورت له‌سه‌ر نێ ،به‌ڵام لافاوی جه‌نگاکان نایه‌ڵن پێت بگا ..

ئه‌وجه‌نگانه‌ی قه‌یرانیان بۆ ژیان داده‌ناو قه‌یره‌یی ئێوه‌شیان له‌ژوورسه‌رتانه‌وه‌ هه‌ڵواسی ،ئه‌و جه‌نگانه‌ی خه‌ونه‌کانیان نه‌زۆک کرد ئه‌و ئاره‌زوه‌ شینه‌ش له‌دوای ژانێکی گه‌وره‌ له‌بارت ده‌چێت،قوماتی ده‌که‌ی وده‌یده‌یته‌ ده‌ست پیاوێک به‌جبه‌و عه‌مامه‌یه‌ک بۆلات دێ ده‌ستنوێژی به‌توهمه‌تێ شتۆته‌وه‌ ،ده‌ی پێچێت له‌ عه‌باکه‌ی و ده‌ینێژێت ..

به‌رله‌ناشتنی بچرپێنه‌ به‌گوێیدا * نه‌که‌ی تاوانبارم بکه‌ی ده‌خیلتم بڵێی ئه‌و خه‌ونه‌ حه‌رام بوو وه‌خۆم له‌بارم برد !!!!‌‌‌نه‌ء .... ئه‌مه‌ ته‌رمی ئاره‌زوویه‌که‌ باوکی جه‌نگ و دایکیشی ئاشتیه‌کی ڕه‌نگ سپی بوو ... له‌مه‌ڕگڵکۆکه‌ی بنووسه ئه‌مه‌ ئارامگه‌ی کچێنی قه‌یره‌یه‌ک بووله‌خاکێکدا ده‌نێژرێت ئازادی تێیداشه‌رم بوو. بۆ ئێوه‌ نیشتمان فرۆشتن و جه‌نگ شه‌ره‌فتان بوو... بۆئێمه‌یش شه‌ره‌ف ته‌نها په‌ڕۆیه‌کی سوورباو بوو !!!!‌

                                                                            ئه‌یلولی 2004

تێبینی*

ئه‌م چرۆکه‌ له‌ڕۆژنامه‌ی په‌یامی کورد له‌ ئالمانیا بلاو کراوه‌ته‌وه‌......

 
           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca