ئاتاجێك له گه‌روومدا

   ڕێباز مه‌حمود    هۆڵه‌‌ندا

rebazmahmud@hotmail.com

عیشق و نیازم بۆ تۆ وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌ك ، كاتێك جوانه
كه هه‌ر ساته‌ و تۆ له شه‌وێك و
له كه‌نار ده‌ریایه‌ك و
له خه‌یاڵێكدا
به‌دی بكات و
ئه‌وسا بدره‌وشێته‌وه !
ئاتاجێك له گه‌روومدایه بۆ تۆ
ڕۆحی ناسكی هاوارێكه ،
بانگ كردنێكی به‌رز و گه‌رمه
له شوێنه ساردو قوڵه‌كانی هه‌ناسه‌وه ..
وه‌ك ئه‌وه‌ی په‌ڕه‌یه‌ك له بێده‌نگیم ده‌ست با بكه‌وێ و
حه‌رفه‌كانی ناوی بڕژێنێ به‌سه‌ر قژتا
تۆ له ئاوێنه‌كه‌تا ئه‌وه‌ت بۆ ده‌ر ده‌كه‌وێ
كه‌ تاریكیم شه‌رمنترین مه‌خلوقه
خۆر نه‌هاتبێته دیده‌نی .
كه‌سه‌كه‌م ، قسه چی له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ هه‌ڵده‌گیرێ
كاتێك له برینێكه‌وه مل ده‌نێین به‌ره‌و ساڕێژبونه‌وه
چی بۆ هه‌ڵده‌گیرێ ، چی ؟
وابزانم له په‌نهانی بپرسین باشترێكه  !
له دیدی ماندوێتیمانه‌وه
هه‌موو ده‌نگێك میزاجی ژیان تێك ئه‌دات
خۆ ئه‌گه‌ر وا دیاریشه ،
مۆسیقا به‌سه‌ر من و تۆشا پروشه ئه‌كات
به‌ڵام كه‌سه‌كه‌م دواجار له ڕاستیدا
ئه‌وه بێده‌نگیمانه زیاتر گه‌شه‌ ئه‌كات .
ڕاسته گۆرانی ژیر كردنه‌وه‌ی بێده‌نگیه ،
وه‌ختێك له‌تاو گرمه‌ی ڕوخانی دیواری متمانه
به بۆردومانی قسه
چاوانی پڕ ده‌بن له‌ ته‌رمی ئاو !
به‌ڵام ئاخر خۆ له ته‌نگانه‌كانماندا
هه‌ر وشه‌یه‌ك كه به وشه‌یه‌كی تره‌وه ئه‌به‌سترێته‌وه
دیاره ته‌نها ده‌ست و مه‌چه‌كی سۆز
ئازاری پێ ده‌گات ...
من ئومێدێكم بڕی ، ده‌روێشانه زیكرم تیایدا ده‌كرد
شۆڕشگێڕانه به‌رگه كون كون بوه‌كه‌ی مرۆڤ بوونم پینه ده‌كرده‌وه ..
به توانستی كرێكارێكه‌وه كه‌وتبومه نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی
ئه‌و هه‌موو لادێ و شارۆچه خاپوربوانه‌ی دڵ ..
به‌ڵام جیهانی ئه‌و ئومێده گه‌وره‌تر نه‌بوو له‌وه‌ی
نه‌بێت به ژێر پێی فه‌رامۆشیه‌وه .
بۆیه ئیتر من له نائومێدیه‌وه ده‌گه‌ڕێمه‌وه
ده‌گه‌ڕێـ‌مه‌وه چونكه ده‌فته‌ر باشتر نیه‌ له بێده‌‌نگی ،
بۆ تیا نوسینه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو جوانیه ..
قه‌ڵه‌م باشتر نیه له ویژدان
بۆ كوژاندندنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌مو ‌غه‌دره‌ی  كڵپه‌ی سه‌ندوه.
لێو باشتر نیه له مشتی ته‌مه‌ننا ،
بۆ خواردنه‌وه‌ی چۆڕ دوا چۆڕی زه‌رده‌خه‌نه‌ت  !
هه‌رگیز ڕووم نایه‌ت ژان بنوسمه‌وه
كه سوور ده‌زانم
ئازار له قسه كردن نایه‌ت ..
به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بزانی
 شوێنی چڵێ وه‌نه‌وشه‌ی داگیر كردبێت ..
كه سوور ده‌زانم
حه‌یف خوێندنه‌وه‌ی ئاو
قه‌ت وه‌ك به‌ردێك ڕه‌قمان ناكات
ئه‌و ساته‌ی ئه‌مانه‌وێ نیازێكی نه‌شمیلی تیا بخنكێنین !
قه‌ت گریانی دابڕ‌‌ان هه‌ڵناگیرێ بۆ چاو به چاو كه‌وتنه‌وه
جیا له‌وه‌ی ئه‌شێ له زۆر له به‌یه‌ك گه‌شتنه‌وه‌كانماندا
تێر تێر بگرین ..
قه‌ت فرمێسك به‌ وشك كراوه‌یی
له ناو به‌ینی دێڕه‌كانا جێی نابێته‌وه ، 
به نیازی دیداری چاو ..
قه‌ت خوێنێك كه ڕژا
هیچ چیرۆكێك ناتوانێت كۆی بكاته‌وه  .
شیعر مه‌یتی كه‌سی پێ هه‌ڵناگیرێ !
كه‌سه‌كه‌م به‌ دیار زه‌مانه‌وه ڕاناوه‌ستم
بۆ به‌ دیار زه‌مانه‌وه ڕاوه‌ستم ؟
له كاتێكا دایكم هه‌میشه
له ناو گوڵه‌كاندا ده‌پشكوێ و
له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌دیار وه‌رینیه‌وه ڕ‌اوه‌ستم
له باخێكه‌وه پێ ئه‌نێمه باخێكی تر ...
مناڵیم خۆی خزاندۆته ژێر ساباتی گه‌وره‌بونمه‌وه و
هه‌ر هێنده‌ی بۆی بلوێ
ده‌ست ده‌كاته یاری ،
له گه‌ڵ تارماییه جێماوه‌كانی خوادا .. !
من دره‌نگ گه‌ڕامه‌وه در‌ه‌نگ ،
به‌ڵام تۆش زوو له پشكنینی ئێره‌ی ژیان بویته‌وه زوو ..
به‌ڵام هیچمان ئاگامان لێ نه‌بوو
كه هه‌میشه به شێنه‌یی و 
 به ئه‌و په‌ڕی خوێن ساردیه‌وه یه‌كتری بزر ده‌كه‌ین
هێڵی ڕاست و چه‌پ به‌سه‌ر ڕۆژگاره ڕیزگرتوه‌كانی
ناو ڕۆژمێره‌كانا ده‌هێنین و
له قه‌راغ گۆماوی گله‌ییه‌كانی دڵدا
چاوه‌ڕوانی پێ و قه‌ده‌می هاتنێكین له ئاشنایی .
به ته‌مای ڕاچه‌نینی ڕۆحمان
به ته‌په‌ی پێی میوانێك له میهره‌بانی
ژماره‌ی پرخه زۆره‌كانی خه‌وخۆشیمان
به خوا ده‌سپێرین ..
كه‌سه‌كه‌م تازه دنیا
له چاوه گه‌وره‌كانتا نوقوم بوو
ئه‌وه‌ش كه ڕێگایه‌كی حه‌رام ده‌یه‌وێ ‌بتكاته هاوسه‌فه‌ری (با) یه‌ك ..
بۆیه دڵگیره ، چونكه به ووڵاتی وه‌هما ڕه‌ت ئه‌بێ !
ده‌نا ((حه‌قیقه‌ت)) ئه‌وه‌یه كه هه‌موو جارێك
له ده‌ستی خه‌ون ده‌كه‌وێته خوارێ و 
 له ناو مندا ده‌شكێ !
من ... كه له‌وه‌ته‌ی هه‌م دڵم مشتی گرتۆته‌وه‌ و
كه‌چی دڵۆپی بارانێكم بۆ ناگیرێته‌وه .
ئه‌گه‌ر چی تۆ ئه‌تزانی
مانه‌وه به دیار پرته‌ و بۆڵه‌ی چوارده‌وره‌وه ناتكاته چرا..
 ئه‌گه‌ر چی تۆ ئه‌تزانی شه‌و له چاره‌نووسی ئێمه نابێته‌وه ..
 ئه‌گه‌ر چی تۆ ئه‌تزانی ،
 ئێمه به ڕۆژی ڕوناكیش تاریك له یه‌كتری ده‌ڕوانین  ..
په‌مه‌یی یه‌كتر هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنین و
شیرین ژه‌هر بۆ كۆتره‌كانی یه‌كتر ڕۆ ده‌كه‌ین و
له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستیدا  .. به‌شی پێویست كه‌ره‌سته‌ی په‌لامار و
پڕ پیاوه‌تی غیره‌ت هه‌ڵده‌گرین !
ئه‌گه‌ر چی تۆ ئه‌تزانی
له پشتی هه‌ر بزه‌یه‌كی منه‌وه
ده‌شێ ته‌ورێك شاردرابێته‌وه ..
له دوای هه‌ر قاقایه‌كی به‌رزه‌وه ،
دڕنده‌یه‌ك له عه‌بوسیم ده‌ركه‌وێ و
به ناو چیمه‌نی ئێواره‌یه‌كی فێنكتا بێت و
بڵێ : ئاوی ئه‌و به‌لوعه‌یه بگره‌وه 
كه ژیان پڕ ده‌كات  ، له بۆنی ئاوڕشێن ..!
به‌ڵام تۆ ،
ئه‌وه‌شت ده‌زانی
من وه‌ك تۆ  له به‌خه‌به‌ربوونه‌وه‌ی شه‌یتانه‌كانمان ده‌ترسام ..
هه‌ر بۆیه‌ ژیان له سه‌فه‌ر بوونمان كرد به گژ مانه‌وه‌دا ،
مانه‌وه له‌گه‌ڵ ‌‌هه‌ر له‌حزه‌یه‌كمان هه‌ڵوه‌شانده‌وه ‌و
نیشتمانیش  ته‌نها مشتێ خۆڵی
به‌سه‌ردا دابه‌ش كردین و
ئیتر بووینه هاوسه‌فه‌ر !

 

 
           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca