له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید مه‌رده‌
حه‌زده‌كه‌م له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌ په‌تا

   حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش

سوید

عومه‌راغای سورچی له‌ دیداری ڕۆژنامه‌ی میدیاى ژماره‌ 298ده‌ڵێت: عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید زۆر مه‌رد بوو و هی ئه‌وهنییه‌ ئیعدامی كه‌ن. ئه‌م قسه‌یه‌ی عومه‌راغای سورچی هێنده‌ سووك و هیچ و به‌تاڵ و بێبایه‌خه‌ ئه‌وه‌ ناهێنێت كه‌ له‌سه‌ری بڕۆین و كاتی خۆمانی پێبكوژین.

به‌لام ئه‌م قسه‌یه‌ ڕامده‌كێشێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌ك دوو قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌بكه‌م كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ چه‌ند نووسه‌رێكی به‌ڕێز له‌ په‌نای رۆحی لێبورده‌یی و كولتووری لێبورده‌یی و ئینسان دۆستی و... ئه‌م قه‌ڵه‌مانه‌ ئاوا قسه‌ده‌كه‌ن كه‌ كورد قوربانییه‌و نابێت ببێته‌ جه‌للاد. من نازانم ئه‌گه‌ر تاوانبارو جه‌للادێكی وه‌ك عه‌لی حه‌سه‌ن كیمیایی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ سێداره‌بدرێت و به‌ سزای خۆی بگات بۆ ده‌بێت كورد ببێته‌ جه‌للاد؟. هه‌موومان ده‌زانین دوای چه‌ند ساڵ هێشتا كارێك نه‌كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتوانی هه‌ڵه‌‌بجه‌ و كه‌س و كاری پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌كان هه‌ناسه‌یه‌ك ئاسووده‌بن و كه‌مێك ڕۆحی بریندارو پرئازاریان ئارامبێته‌وه‌ بۆ ده‌بێت له‌ وه‌یش بیبه‌شیان بكه‌ین، كه‌ ده‌زانین به‌ له‌ سێداره‌دانی عه‌لی كیمیایی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هیچ نه‌بێت هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و جه‌للاده‌ی شارێكی وێرانكردوو كۆڵانه‌كانی پڕكرد له‌ شه‌هیدو بریندارو ئه‌نفاله‌كانی سپارده‌   دۆزه‌خی بیابان،‌ ئێستا ئه‌و جه‌للاده‌ به‌ سزای خۆی ده‌گات و ئیتر ده‌نیشتووانی هه‌ڵه‌بجه‌و پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌كان ئه‌و هه‌ستی خۆبه‌كه‌م زانین و بێكه‌سییه‌یان له‌ لا نامێنێت و هه‌ست به‌ بوونی خۆیان ده‌كه‌ن و نیگاكانیان پڕنابێت له‌ ڕوانینی كه‌ساسانه‌. له‌ كۆتایدا ئه‌وه‌ ده‌ڵیم قسه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ شیوه‌ن بۆ له‌ سێداره‌ی عه‌لی كیمیایی ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌و قسه‌یه‌ی عومه‌راغای سوورچی وایه‌.كه‌ ده‌ڵێت: عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید زۆر مه‌رد بوو و هی ئه‌وه نییه‌ ئیعدامی كه‌ن. ‌

 
           

 

19/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca