هه‌ڕه‌شه‌ی پارتی له‌ڕۆژنامه‌ی (ئاسۆ)و

تارمایی‌ شه‌ڕی ناوخۆ ‌!‌

سه‌باره‌ت به‌لابردنی (ستران عه‌بدوڵڵا)له‌ سه‌رنووسه‌ری

 

   حه‌مه‌غه‌فور

 

 

"وه‌ڵامێکی کورت بۆ ڕۆژنامه‌ی (ئاسۆ)، له مه‌کته‌بی سیاسی‌ پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌، له‌ژماره‌ 500ی ڕۆژی 7/8/2007 به‌ناوی داود عه‌لی بابه‌تێکتان له‌ژێر ناونیشانی (کێ جێگای مه‌سعود بارزانی ده‌گریته‌وه‌، نێچیره‌ڤان یان مه‌سروور؟) بڵاکردۆته‌وه‌. ئێمه‌ ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ دڵنیاده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هیچ کێشه‌یه‌کی وه‌ها نه‌بووه‌و نییه‌و ناشبێت. له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وایه‌تیشمان نه‌بووایه‌ ئه‌وا وه‌ڵامێکی دیکه‌مان ده‌بوو".  به‌دوای ئه‌و وه‌ڵامه‌‌ توونده‌‌‌ی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان‌ که‌به‌ڕۆژنامه‌ی (ئاسۆ)ی دابۆوه‌و له‌سه‌ر‌ گۆشه‌ی لای سه‌ره‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی‌ یه‌که‌می ڕۆژنامه‌ی (خه‌بات)ی ڕۆژی 10/8/2007 درابوو، له‌به‌رامبه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ووتارێکی (داود عه‌لی) ناوێک له‌ ژماره‌ 500ی ڕۆژنامه‌ی ناوبراودا ڕۆژی 7ئاب2007 به‌ناوی "کێ جێگای مه‌سعود به‌رزانی ده‌گرێته‌وه‌، نێچیره‌وان یا مه‌سرور"، ده‌سبه‌جێ سه‌رنووسه‌ری ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ (ستران عه‌بدوڵڵا) به‌قودره‌تی قادرو دوور له‌ بێنه‌وبه‌رده‌ی پرۆسێسی یاساو دادوه‌ری‌و حورمه‌تی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌سه‌ر کاره‌که‌ی لادرا. تائێستا نه‌ چاره‌نووسی خاوه‌نی ووتاره‌که‌ دیاره‌ چیبه‌سه‌رهاتووه‌ نه‌ ئه‌وه‌ش مه‌علومه‌ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ ئاگراویه‌ی پارتی چ شکڵ‌و ئارایشێکی دیکه‌ ده‌به‌خشێته‌ ڕێکه‌وتنی ستراتیژی ئه‌م دواییانه‌ی نێوان یه‌کێتی‌و پارتی! به‌ڵام وه‌کو ڕۆژ ئه‌وه‌ ئاشکرایه‌‌ که‌ خاوه‌نی ده‌زگای (خه‌ندان بۆ په‌خش‌و وه‌شاندن)، واته‌ (به‌رهه‌م ساڵح) بۆچی به‌رقئاسا کاردانه‌وه‌یه‌کی به‌مچه‌شنه‌ نیشانده‌دات‌! بێگومان له‌پێناوی ئه‌هوه‌نکردنه‌وه‌ی پارتی‌دا ده‌بێ پیاوێکی زیره‌کی به‌سه‌لیقه‌ی په‌روه‌رده‌ی ووڵاتی ئه‌مریکای لانکی دیموکراسی‌ وه‌یه‌کێک له‌سه‌رکردایه‌تیه‌ دیاره‌کانی یه‌کێتی‌ نیشتمانی سووک‌و ئاسان خه‌رقێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و ئه‌خلاقی ئه‌نجامبدا. چونکه‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزب له‌سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه‌یه‌! سه‌روه‌ری یاساو پره‌نسیپ‌و مۆڕاڵی ڕۆژنامه‌گه‌ری بخاته‌ژێرپێوه‌و وه‌کو ئیمپراتۆرێک ده‌ستوور بدات به‌ده‌رکردنی سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌یه‌ک له‌سه‌ر کاره‌که‌ی. ئه‌م ڕووداوه‌و ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ هه‌ر عه‌ینی خۆی سووکایه‌تیکردنه‌ به‌ئینسان ئینجا به‌ کۆمه‌ڵگاو پره‌نسیپه‌کانی. ئه‌مه‌ چه‌ڕه‌دووکه‌ڵی ئه‌و نیزاع‌و ململانێ شاراوه‌یه‌ی نێوان پارتی‌و یه‌کێتییه‌ که‌لێفه‌ی به‌سه‌ردادراوه‌و هه‌ر جاره‌ی له‌ سوچێکه‌وه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌! شه‌ڕێک که‌له‌مێژووی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌دا بێوێنه‌بووه‌ له‌نموونه‌ی دڵڕه‌قی نوواندن‌و تاوانکاری‌و ئه‌تککردن‌و بێحورمه‌تیکردن به‌ئینسان. ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی ناوێ‌و تائێستاش دوای چه‌ندین ساڵ دیل‌و بێسه‌روشوێنه‌کان چاره‌سه‌رنه‌کراون! له‌هه‌مان کاتیشدا بێپایه‌یی ڕێکه‌وتنی ستراتیژی نێوان ئه‌م دوو حیزبه‌ هه‌میشه‌دژه‌ ئه‌خاته‌ڕوو. ئه‌مه‌‌ ئه‌و ته‌جروبه‌ سه‌رکه‌وتووه‌ی دیموکراسی ناسیونالیزمی کوردیه‌ که‌شازده‌ ساڵه‌ ته‌پڵی بۆ لێئه‌ده‌ن‌و خه‌ڵکیان پێی فریوداوه‌! بێگومان نیزاعی ژێربه‌ژێری هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی یه‌کێکه‌ له‌سه‌رچاوه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌ردو مه‌ینه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان‌و شکڵگرتنی گه‌نده‌ڵی‌و دزی‌و فزی‌و فه‌سادی ئیداری ئه‌م ووڵاته‌، که‌دوای شه‌ڕی ناوخۆیان به‌هۆی ئه‌سبابی سیاسی‌و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی حیزبیی گه‌وره‌تریانه‌وه‌ له‌قۆناغی متبووندا ڕاگیراوه‌‌! ئه‌مه‌ یه‌که‌م جار نییه‌ کڵپه‌ی ژێر ئه‌و ژیڵه‌مۆیه‌ی جه‌نگ‌و یه‌کتربڕینه‌وه‌ی ئه‌م حیزبانه‌ ئه‌چێ به‌سه‌روچاوی کۆمه‌ڵگاداو تاڵاوی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌کاته‌وه‌ به‌گه‌رووی ئینسانی ئه‌م ووڵاته‌دا. تارمایی شه‌ڕی به‌رده‌وامی نێوان یه‌کێتی‌و پارتی به‌ڵایه‌کی گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌رسه‌ری کۆمه‌ڵگای کوردستانه‌وه‌و پێموایه‌ جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ ده‌توانن به‌به‌رزکردنه‌وه‌ی خواستی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان خۆیان له‌مه‌ترسیی دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ ڕزگارکه‌ن‌و هه‌نگاوی به‌کرده‌وه‌ش ڕووه‌و ووڵاتێکی شه‌رعی‌و باوه‌ڕپێکراوی نێوده‌وڵه‌تی‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی حه‌قیقی یاسا بهاوێژن.

 

مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان که‌زۆر ‌زیاتر له‌ڕه‌قیبه‌کانیشی خۆی به‌خاوه‌ن‌و پێشڕه‌وی ئه‌م ته‌جروبه‌ دیموکراسییه‌ی ئێستایان داده‌نێن‌، چۆنه‌ وا ڕێگا به‌خۆیان ده‌ده‌ن به‌مشێوه‌ ئاشکراو ئاگراوییه‌‌و به‌ته‌هدید وه‌ڵام یا مامه‌ڵه‌ی نووسینی ووتارێک بکه‌ن!؟ ئه‌وه‌ی له‌م وه‌ڵامه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی پارتیدا ده‌بینرێ به‌هیچجۆرێک دیالۆگ نییه. زمانی هه‌ڕه‌شه‌و ته‌هدیده‌. پارتی ده‌یه‌وێ به‌تیرێک له‌دوو نیشانه‌بدات. هه‌م یه‌کێتی له‌جێی خۆی دابنێته‌وه‌و سنوور بۆ ئه‌و ڕۆژنامه‌و که‌ناڵانه‌یان دابنێت که‌بیروڕای وابڵاوبکاته‌وه له‌دژی پارتی‌و مه‌سعود به‌رزانی‌، له‌هه‌مان کاتیشدا ئینزاری یه‌کێتی‌و کۆمه‌ڵگاشه‌ بۆ هه‌رجۆره‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌ک له‌گۆڕینی سه‌رۆکی هه‌رێم! له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ ناڕاسته‌وخۆ ئاراسته‌ی خه‌ڵکی کوردستان‌و ئازادیخوازان‌و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی ده‌کرێت! ئه‌مه‌ ئیتر به‌سته‌ڵه‌کی سوڵته‌ی موتڵه‌قی کاریزمای قه‌ومییه‌! ته‌هدیدێک له‌وه‌ڵامی ووتارێکدا که‌بۆنی هه‌ڵایسانی دووباره‌ی جه‌نگی ناوخۆی لێده‌کرێ، ئیتر کوا بوار بۆ گفتوگۆو دیلۆگ ده‌مێنێته‌وه‌! ئیتر کێ باوه‌ڕ به‌نموونه‌یی ته‌جروبه‌ دیموکراسییه‌که‌تان ده‌کات! ئاخر که‌ئێوه‌ ته‌حه‌مول‌و چیکه‌ڵدانه‌ی ووتارێکتان نه‌بێ‌ ئاراسته‌تانبکرێ، چۆن ده‌توانن ڕۆژی چه‌ندین جار بانگه‌شه‌ بۆ به‌رقه‌راری دیموکراسی‌و ئازادی بکه‌ن له‌کوردستان؟ یا دیموکراسییه‌که‌ی ئێوه‌ له‌و نه‌وعه‌یه‌ که‌چۆن بتانه‌وێ‌و چه‌ن له‌به‌رژه‌وه‌ندیتان بێت کێش‌و پێوانه‌ی ده‌که‌ن! عه‌قڵی بزوێنه‌ری ئه‌م دیموکراسییه‌ به‌م زمانه‌ به‌رخوردبکات به‌کۆمه‌ڵ‌و ده‌وروبه‌ری، ده‌بێ قاعیده‌ هه‌ره‌مییه‌که‌ی چیبکات!؟ به‌رهه‌م ساڵح که‌ کاندیدی یه‌کێتییه‌ بۆ سه‌رۆکی حکومه‌ت دوای نێچیره‌وان به‌رزانی، خه‌رقی پره‌نسیپ‌و ئه‌خلاق‌و یاساو هه‌موو شتێک بکات، ده‌بێ حاڵی مافی مرۆڤ به‌کوێ بگات له‌سه‌رده‌می کابینه‌ی به‌ڕێزیاندا؟ ده‌بێ خه‌ڵکی سه‌د ڕه‌حمه‌ت بۆ سه‌رۆکی به‌رووتر بنێرن! به‌ڵام واقعییه‌تی ملدان به‌بزووتنه‌وه‌ی قه‌ومپه‌رستی پایه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌م ملهووڕییه‌ی ئه‌حزابی کوردییه‌.

 

جێگای خۆیه‌تی لێره‌دا ڕووبکه‌ینه‌ ته‌له‌فزیۆنی زاگرۆس‌و به‌رنامه‌ی (ڕه‌ش‌و سپی)و لێیانبپرسین، ئێوه‌ چۆن سه‌یری ئه‌م پرسه‌ ده‌که‌ن؟ پرسی ووتاره‌که‌ی (داود عه‌لی)و وه‌ڵامه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی‌و کاردانه‌وه‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵح؟! مه‌رحه‌باتان لێبێت به‌ڕێزان! ئیتر قسه‌یه‌کتان ماوه‌ ده‌رباره‌ی پرسی زمانی زبرو جنێوفرۆشی‌و ناوزڕاندن؟! سه‌روه‌ری یاسا له‌کوێ گیرساوه‌ته‌وه‌ لای به‌ڕێزتان دوای ئه‌م پرسه‌ نوێیه‌! ماسی گه‌وره‌ ماسی بچووک ده‌خوات! سه‌رۆکایه‌تی پارتیتان به‌زمانی ته‌هدید وه‌ڵام به‌بیروڕایه‌ک ده‌داته‌وه‌و ته‌نانه‌ت بۆنی هه‌ڵایسانی جه‌نگیشی لێدێت! ئه‌م پرسه‌ چۆن پینه‌ده‌که‌ن!؟ ده‌وێرن له‌مباره‌وه‌ به‌عه‌له‌نی له‌به‌رنامه‌که‌تانه‌وه‌ هه‌ر باسیشی بکه‌ن؟! کوره‌ به‌ئاشکرا نا به‌ نهێنی، ده‌توانن له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سی هاوکارتاندا ڕای خۆتان له‌وباره‌وه‌ بڵێن، به‌ڵام غه‌یری ته‌ئییدکردن‌و ئه‌شه‌دوبیللاکردن بۆی! من ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ئه‌قۆزمه‌وه‌و دووباره‌ داوا له‌ زاگرۆس تیڤی‌و به‌رنامه‌ی (ڕه‌ش‌و سپی) ده‌که‌م باشتره‌ بیپێچنه‌وه‌ پرسه‌که‌تان. چونکه‌ قه‌باعه‌تی خراپتر چاوه‌ڕوانده‌کرێ له‌بواری پرسی ته‌جروبه‌ دیموکراسییه‌که‌ی کوردستاندا. ئاوری ژێر ئه‌و لێفه‌یه‌ هه‌تا به‌ته‌واوی کپنه‌کرێته‌وه‌، ڕۆژێک هه‌ر کڵپه‌ده‌سێنێ. ئه‌م هه‌موو درزو که‌لێنه‌ی پرسی دیموکراسی عاجباتی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی به‌ئێوه‌ پڕناکرێته‌وه‌. عه‌یبێکی هه‌ره‌ بچکۆله‌ی ئه‌م دیموکراسییه‌تان ئه‌و تۆزه‌ گه‌نده‌ڵییه‌یه تێیکه‌وتووه‌‌. ده‌نا بیخه‌یته‌سه‌ر چاوی کوێر چاکده‌بێته‌وه‌!

14/8/2007

   

           

 

19/08/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca