مالکی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی ئێراق له‌ تورکیه‌ حکومه‌تی کوردستانی کرده‌ تێروریست

   هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

 

 

 حیزبه‌ عه‌ربیه‌کان به‌ زۆری تێکده‌ر و تێرورسیتن و نمونه‌ی ئه‌وانه‌ش حیزبوڵای لۆبنان، قائیده‌ و حه‌ماسی فه‌له‌ستینیه‌ که‌چی یه‌ک عه‌ره‌ب به‌ تێرۆریستیان نازانێ و پارێزگاریشیان لێ ئه‌که‌ن، مالکی بۆ خۆی وه‌ک عه‌ره‌ب هه‌رگیز ئاماده‌ نیه‌ حه‌ماس یان حیزبوڵا به‌ تێروریست بناسی نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێی وابێ تێروریست نین به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ عه‌ره‌بن و تێروریستێکی عه‌ره‌ب له‌ لای مالکی و هه‌موو عه‌ره‌به‌کانی دیکه‌ له‌ دیموکراترین هاوپه‌یمانی کورد به‌ قه‌در و قیمه‌ت تره‌.

 مالکی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی عێراقی هه‌ڵۆه‌شاوه‌ ناتۆانی کونتروڵی دوو گه‌ڕه‌کی به‌غدای پایته‌خت بکا و له‌ 80%  عێراقا که‌س خه‌تی ناخۆێنێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر کورد و ئیمریکا نه‌بێ له‌ ماوه‌ی بیست وچوار کاتژمێرا به‌ داره‌که‌ی سه‌دام حسێنیدا ئه‌که‌ن که‌چی ڕوو له‌ تورکیه‌ ئه‌کا  وپه‌یمانی له‌ ناوبردنی کورد ئه‌به‌ستێ و جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخۆازی کورد له‌ باکوری کوردستان به‌ تێروریست ئه‌ناسێ.

 داخدارتر له‌وه‌ هه‌ڵۆێستی دوو وه‌زیری کورده‌ که‌ له‌گه‌ڵیدا بوون و به‌ پاناوه‌ شه‌رمیان له‌ خۆیان نه‌کرد و ئه‌و په‌یمانه‌ شومه‌یان په‌سه‌ند کرد، ئه‌وه‌ی مالکی کردی  شتێکی چاوه‌ڕوان نه‌کروا نیه!‌ سه‌دان ساڵه‌ عه‌ره‌ب به‌ ناوی جیاواز و له‌ کات و سه‌رده‌می جیاوازا کورد ئه‌کوژن، ئه‌گه‌ر  سه‌دام حسه‌ین سه‌دان هه‌زار کوردی ئه‌نفال کرد ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو، جیاوازی له‌وه‌دایه‌ مالکی له‌و بێده‌سه‌ڵاتییه‌یدا نه‌ک کوردی باشور به‌ڵکو هه‌وڵی قڕکردنی کورده‌کانی باکور ئه‌دا.

 مالکی پ ک ک ی به‌ تێروریست نه‌ناساند به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتی باکوری کوردستانی به‌ تێروریست ناساند، ئه‌وه‌ نیه‌ سه‌رۆکح هه‌ریم ڕیزدار بارزانی و به‌رپرسه‌کانی دیکه‌ی باشور به‌رده‌وام ئه‌یانوت پ ک ک تێروریست نیه‌ و کێشه‌یه‌کی سیاسی هه‌یه‌.

 که‌وابوو مالکی وه‌ک هاوپه‌یمانی کاک مه‌سعود و کورد له‌ باشوری کوردستان که‌سێکی دروزن و خه‌یانه‌تکاره‌ و هاوکات که‌ له‌ هێز و توانی ئێمه‌ که‌ڵک وه‌رده‌گرێ بۆ ده‌سه‌ڵاتی خۆی بڕوای پێمان نیه‌ و فاشیسته‌کانی تورکیه‌ی له‌ هاوپه‌یمانه‌ پاک و دڵفراوانه‌ کورده‌کان پێ باشتره‌.

 پ ک ک حیزبێکی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی و خاوه‌ن ته‌شکیلات و هێزی تایبه‌تی خۆیه‌تی و به‌ مالکی له‌به‌ین ناچێ وه‌ک چۆن ده‌یان ساڵه‌ هه‌موو هێزی ناتۆ نه‌یتۆانیوه‌ له‌نیوی به‌رێ به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆچی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌و تاوانه‌یه‌یان ده‌رحه‌ق به‌ خۆیان و نه‌ته‌وه‌که‌یان قه‌بوڵ کرد؟

 کورد له‌به‌رده‌م گه‌مه‌یه‌کی تازه‌ دایه‌ و ئه‌گه‌ر ئاوا بڕوا په‌یمانی جه‌زایر و لۆزان دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌مریکاش به‌ یه‌ک ڕۆژ ئه‌تۆانێ هه‌موو کورد بکاته‌ قوربانی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی و به‌ ئاشکراش نیشانی داوه‌ که‌ تورکی فاشیستی له‌ کوردی دیموکرات پێ باشتره‌ و که‌م و زۆر په‌یمانی نوسراوی له‌گه‌ڵماندا نیه‌ و ئه‌وه‌ش وا ده‌کا که‌ ئیمریکا له‌باری ئێخلاقی زیاتر هیچ پابه‌ندیه‌کی به‌ کورده‌وه‌ نه‌بێ و ئێخلاقیش له‌ سیاسه‌ت دا حیسابی بۆ ناکرێ.

 هاوکات که‌ مالکی پ ک ک به‌ تێروریست ئه‌ناسێنێ و سه‌فه‌ری ئێران ئه‌کا هێزه‌کانی سپاسی پاسدارانی ئێرانی په‌لاماری سنووری ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی کوردستان له‌ باشور ئه‌ده‌ن و هه‌وڵی نائارامکردنی ده‌سه‌ڵاتی کورد ئه‌ده‌ن  ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ هێزه‌کانی پ ژاک و پ ک ک نێزیک به‌ ده‌ ساڵه‌ له‌و ناوچانه‌ن و هیچ کاتێک په‌لاماری ئێرانیان نه‌داوه‌.

 پیلانه‌که‌ به‌ربڵاوه‌ و ئه‌یانه‌وێ کورد بخه‌نه‌ ته‌نگانه‌وه‌ و له‌ که‌رکوک پاشه‌کشه‌ی پێبکه‌ن و هاوکات  ده‌ستی تورکیه‌ و ئێران  واڵا بکه‌ن بۆ کوشتن و سه‌رکوتی کوردان و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ هێزی کورد له‌ باشور به‌ربه‌ست و له‌ قاڵب ده‌ن.

 شیعه‌ ئێرانی هه‌یه‌، تورکمه‌ن تورکیه‌ی هه‌یه‌ و سونه‌ سعودی پشتیوانی لێئه‌کا ته‌نیا کورده‌ که‌ که‌سی نیه‌ و ته‌نیا خۆی هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر له‌ هێزی خۆی که‌ڵک وه‌رنه‌گرێ ئه‌وا به‌ ئاسانی شکه‌ست دێنێ، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ قه‌ندیلمان نه‌بێ و ئه‌گه‌ر کوردی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان سه‌رکوت کران ئه‌وا حکومه‌تی باشور به‌رگه‌ی بیست وچوار کاتژمێر ناگرێ.

 مالکی دوستی کورد نیه‌ و مانه‌وه‌ی کورد له‌ حکومه‌تی عێراقدا بێجگه‌ له‌ کات کوشتن بۆ به‌ هێزکردنی ده‌سه‌ڵاتێکی کورد کوژ له‌ عێراقی به‌ زۆر ڕاگیراوا  قازنجی دیکه‌ی بۆمان نیه‌ و هه‌تا زووه‌ با ئه‌و حکومه‌ته‌ بڕۆخێ و کورد ڕێگای خۆی بگرێته‌ به‌ر، کۆمه‌ڵگای ناونه‌ته‌وه‌ی و ئیمریکا ئاوڕ له‌ کورد ناده‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر خۆمان فه‌رز نه‌که‌ین و به‌ ئاشکرا پاڵپشتی له‌ یه‌کتر نه‌که‌ین.

 

 

 ‏22‏/08‏/2007

 

           

 

23/08/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca