بێ ده‌نگی به‌رامبه‌ر سه‌رانی به‌عسی کوردی
له ناو ڕیزه‌کانی(پێدینک)دا تاوانێکی نه‌ته‌وه‌ییه..

ئاسۆ بیاره‌یی
/12-9-2007 سوێد
  

 


 

زۆر که‌س ده‌‌ڵێت: که‌س نیه مام جه‌لال و قسه‌کانی نه‌ناسێت، که‌س نیه نه‌زانێت که چه‌ن فێلبازه وچه‌ن په‌یمانشکێنه..تاوێک مارکسیه‌وه تاوێک مار ڕه‌فتار ژه‌هر ده‌هاوێت، تاوێکیش کۆتری ئاشتی باخه‌ڵه‌کانی بۆ داگیرکه‌ران کردووه به هێلانه،،تاوێکش به‌ عسیێکی عه‌ره‌بی..و هاشمێکی فاشست په‌نا ده‌دات..

 

زۆر که‌س ده‌‌ڵێت: پارتی وایه، مه‌سعود و بنه‌ماڵه‌ی به‌ڵایه، ،سه‌رۆکی و جاش و بن جاش و گه‌نده‌ڵی چه‌پ و ڕاست، لای پارته‌که‌ی ئه‌و کۆیه..هه‌مووشی بێده‌نگه. چه‌نده جار له پاش مله له ده‌می ئه‌ندام و لایه‌نگری ئه‌و حزبه بیستومه، که نه پارتی حزبه و نه‌مه‌سعود سه‌رۆکه، به‌لام پاره‌دارن. که‌واته ته‌نها مه‌سعود بارزانی تاوانبار نیه له هێنانی پاسدار و میتی تورک بۆ باشووری کوردستان، له بوونی سه‌ده‌ها به‌عسی کورد به‌ ئه‌ندام و شه‌هیدی پارتی و له گه‌نده‌ڵی، به‌ڵکو تاوانه‌که هی هه‌مووانه که بێ ده‌نگ و هه‌ڵوێستی به‌ڵی گه‌وره‌یه هه‌ڵگرتووه. 

 

داگیرکه‌رانی کوردستان و دوژمنانی کورد هه‌میشه به تێما و به‌رنامه کاریان کردووه، پێش ئه‌وه‌ی هه‌رکارێک بکه‌ن، ئامانجی ئه‌و کاره‌یان باش هه‌ڵسانگاندووه. سه‌رانی کورد، به‌پێچه‌وانه‌وه، جه‌ماوه‌ری کوردیان به ئومیدی قه‌زا و قه‌ده‌ر په‌روه‌‌رده ‌کردووه، له‌باری ده‌رونییه‌وه هه‌موو داهێنانێکیان له تاکی کورد زه‌وت کردووه بۆ قازانجی مانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه مشه‌خۆره‌کانیان. له باشوور که ده‌سه‌ڵاتی پێدینکی(پدک+ینک) تیا ڕه‌هایه، ئه‌و دوو هێزه، به‌بێ ڕیزگرتن له پێرۆزی و سه‌ره‌وه‌ری گه‌لی کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌، له به‌رده‌م ئه‌و داگیرکه‌رانه‌دا سه‌ره‌وه‌ری پێشێل ده‌که‌ن. تۆ بزانه، ئێوه بزانن ئه‌ی ئه‌وه‌ کاره‌سات نیه دوای چل ساڵ ئه‌نفال و سووتاندنی کوردستان، سه‌رانی بێگانه‌په‌رستی ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه، پێدینک، به‌ سه‌ده‌ها ئه‌نفالچی په‌نا ده‌ده‌ن، به‌وه‌ش تێرنابن، ڕێکخستنه‌وه و په‌نادانی به‌عسیه‌فاشسته‌کان ده‌گرنه ئه‌ستۆ؟

جه‌لال تاڵه‌بانی، که ته‌نها چه‌ند ساڵێکی ماوه له کۆڵ ینک و بزوتنه‌وه‌ی کورد بێته‌وه، دوای چل ساڵ به به‌رگری کردنی له فاشستێکی وه‌کو سولتان هاشم، سه‌لماندی که چ به‌عسیه کوردێکی به ئه‌مه‌که بۆ ئومه‌ی عه‌ره‌بی، ڕاستێکی حه‌شا هه‌ڵنه‌گره که ده‌بێت لای ئه‌ندام و لایه‌نگرانی ینک ڕیسوا بکرێت، چونکه پێرۆزی ینک و شه‌هیدانی ئه‌و هێزه‌ی شکاند و ئه‌تکی کردن، بێده‌نگی بوونیشیان ده‌یان خاته هه‌مان خانه‌ی به‌عسپه‌روه‌ری و خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه. هه‌مان دۆخ بۆ مه‌سعود بارزانی که سه‌رۆکی پارتییه. ئه‌گه‌ر ئه‌ندام و خێزانی شه‌هیده‌کانی ئه‌و پارتییه، بێده‌نگ بن له خیانه‌تی ئه‌و حزبه، له ئاش به‌تاڵه‌کانی، ئه‌وانیش تاوانبار ده‌بن، ده‌بنه به‌شێک له دوژمنانی کورد. کاتێک گه‌لی ئه‌ڵمان بێده‌نگ بوو له ئاست کوشتنی جوه‌کانی ئه‌و ووڵاته و جیهان، ئه‌و گه‌له‌ش که‌وته خانه‌ تاوانه‌وه. هه‌مان چاره‌نووس چاوه‌ڕێی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتیه‌کانی کوردستان ده‌کات. ده‌بوو هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه که پاسدار، میتی تورک و به‌عسی بوون، که‌ له لایه‌ن سه‌رانی کورده‌وه، بوو به‌ باو، بێده‌نگی نه‌بێته هه‌ڵوێستی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئه‌و پارتییانه، هه‌ره‌وه‌ها هێزه‌کانی تری کوردی.  لێ کاتێک عه‌ره‌بی عێراق به چه‌پ و راسته‌وه، به ئیسلامی شیوعیه‌وه، له ئاکاره‌کانی سه‌ددام بێ ده‌نگ بوون، سیسته‌مێکی دیکتاتۆر و فاشستی وه‌کو به‌عسی لێ له دایک بوو.

 

ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش، ئه‌ندام و لایه‌نگر و هێزه‌کانی تر، له چه‌سپه‌ی پێکهاته‌ی پێدینک بێ ده‌نگ بن، ڕازی بن به کرده‌وه تاکڕه‌وه‌کانیان، له فرۆشتنی نیشتمانی کورد، له گه‌نده‌ڵی، له به‌عسی بوون، له ته‌عریبکردن، به تۆرانی کردن و به‌فارس کردن، هه‌موویان تاوانبارن و له به‌رده‌م مێژوودا سزا ده‌درێن.

           

 

12/09/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca