وه‌ڵام به‌ نووسینێکی به‌رێز سه‌لام عه‌بدوڵڵا

  

 


لە 10-9 -2007 لە دەنگەکان وتارێکمان بۆ بەڕێز سەلام عەبدوڵا بڵاو کردەوە لە ژێر ناوی (سایتی دەنگەکان ڕیکلام بۆ فەیلەسوفی فاشیست دەکات) . ئەو وتارەی بەڕێزیان دوا بە دوای بڵاوکردنەوەی وتارێک هاتووە بە ناوی (گفتوگۆ لە گەڵ مارتن هایدگەر) لە وەرگێڕانی بەڕێز (شێروان خدر)ە.

کاک سەلام لە ناوەڕۆکی نوسینەکەیدا پاش فێنکردنەوەی دەنگەکان و نوسەران و ڕۆشنبیرانی کورد بە (تف) ، داوا لە ئێمەش دەکات کە بەڵێننامەیەکی بۆ پڕ بکەینەوە کە چیتر بابەت و نوسینەکانی (نیشتە و هایدگەرو نازانم کێی تریشی بەدوادا دێ ) بڵاو نەکەینەوە. بۆ؟ لەبەرئەوەی فاشیستن ، نازیستن ، کۆنەپەرستن ...هتد چۆن؟ ئەوە کاک سەلام دەیزانێ!.
بە کاک سەلام دەڵێم: دەیان ساڵًە لە دونیای ئێمە، بە دەوڵەت و حیزب و چاپخانەو سەرنوسەری ڕۆژنامەکانەوە لیستی ڕەش دروست دەکەن ، بۆ هەموو ئەوانەی هاوبیریان نین یان بە دڵی ئەوان نانوسن و کار ناکەن. ئەگەر بەڕێزتان هایدگەرو نیتشەو هابرماس و دەیانی تر دەناسن و دەزانن زەرەر مەندن یان باشن بۆ بەشەرییەت، ئەوا ئێمە نایان ناسین و پێمان خۆشە بیانناسین، بەڵام تەنها لە ڕێگای قسەکانی بەڕێزتانەوە نا. با بۆ خۆمان ڕاستەۆخۆ لە ڕێی وەرگێڕانەکانەوە ڕاست و چەپی خۆمان لەو نوسینانە جیابکەینەوە. ئەو دیدەش کە پێی وایە کۆمەڵگە وەک ڕانەمەڕ وایەو دەبێ ئەم چاکەو خراپەکانی بۆ دەست نیشان بکات، ئەوە ئەو دیدە دیدێکی سەقەتەو دەبێ فڕێ بدرێتە ناو زبڵدانەوە.

نیگەرانی خۆت لەوە دەربڕیوە کە وێنەکەی (هایدگەر) مان بە واتای تۆ لە سەر سینگی دەنگەکان داناوە.
ئاخر بەڕێز تۆش هەمان وەتەری سیاسەت دەژەنی کاتێک دەڵًێ : ئیهمالی کە، ئیبرازی مەکە، ناوی مەهێنە.... ئەم شێوەیە لە بیرکردنەوەو سیاسەت کە هەمیشە لە بەرژەوەندیە تەسکەکانی حیزب و دەسەڵاتەوە سەیری دونیا دەکات و ناتوانێت بەٍشەرەکان بە رەنگ و حەزو بیری جیاوازەوە ببینێ ، بیرکردنەوەیەکە لە کۆتایدا دکتاتۆرێک بەیەکێک لە رەنگەکانەوە دێنێتە دەرەوە.
لە کۆتایشدا وەک دەنگەکان بە کاک سەلام و خوێنەران دەڵێین ئێمە بەڵێننامە بۆ هیچ لایەن و کەس وتەرەفێک پڕ ناکەینەوە بۆ بڵاوکردنەوە یان بڵاونەکردنەوەی هیچ بابەتێک لەسەر بنەمای جیاوازی دیدو بۆچوون. وە ئێمە لەگەڵ ناوەڕۆکی بابەت بەرخورد دەکەین . فاشیزم بە هەموو ڕەنگەکانیەوە لە (دەنگەکان ) جێگەی نەبۆتەوەو جێگەشی نابێتەوە. ئەوە میتۆدی کارکردنی دەنگەکانەو بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەو میتۆدە.وەوەک هەمیشەش مینبەرێک دەبین بۆ گۆرینەوەی بیرورای جیاواز لە دەرەوەی بەکارهێنانی زمانی توندوتیژیدا .

گۆران عەبدوڵڵا
بەرپرسی ماڵپەری دەنگەکان
 

           

 

12/09/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca