شه واره‌ی شه‌وانه‌ی سه‌فه‌ر
بیره‌وه‌ری

  کاظم قادر

Kazmkader72@yahoo.com

 

مناڵیم له‌ نێو هه‌ژاریدا باڵای کردو..

باڵام.. چین چین ده‌شکایه‌وه‌

مناڵیم..له‌ نێو ڕه‌نجا زمانی گرت و ..

زمانم..به‌ سرودی بۆ یه‌کسانی پژا..

خۆشم ده‌وێن..سفره‌ ساردو..

پڕ خۆشه‌ویستیه‌کانی به‌شمه‌ینه‌تان..

ده‌تانگوشم..ده‌ست و په‌نجه‌ ماندووه‌کانی نێو ڕه‌نج و کار..

 

به‌شی هه‌شته‌م   و کۆتایی

 

دوایی هه‌ستام و چووم بۆ ئه‌و شوێنه‌ی کۆچبه‌رانی لێکۆده‌بووه‌وه‌،به‌رده‌م که‌نیسه‌یه‌ک بوو،له‌وێ هه‌میشه‌ خواردن و جلوبه‌رگیان به‌ سه‌ر کۆچبه‌راندا ده‌به‌خشیه‌وه‌.هه‌ندێک له‌ خه‌ڵکی شاره‌که‌ به‌ سه‌یاره‌ی خۆیان خواردن وچاو قاوه‌یان ده‌هێناو ده‌یاندا به‌ کۆچبه‌ران.

کۆمه‌ڵێکیتر هه‌بوون هه‌میشه‌ خواردنیان به‌ کۆچبه‌ران ده‌دا،من نه‌مده‌زانی ئه‌وانه‌ سه‌ر به‌ که‌نیسه‌کان بوون یان ڕێکخراوی مرۆیی بوون.کۆچبه‌ران له‌ هه‌ر کوێ بوایه‌ن،ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ خواردنیان بۆ ده‌بردن و هه‌میشه‌ به‌ ده‌وریانه‌وه‌ بوون.ئه‌وان وه‌کو سێبه‌ری کۆچبه‌ران وابوون،مرۆڤی زۆر باش و دڵسۆزو به‌ ته‌نگه‌وه ‌هاتووی زۆر  تیا بوو.له‌ به‌ر ئه‌و سه‌رماو تۆفانه‌ ڕۆژ  تا  ئێواره ‌له‌ نێو کۆچبه‌رانا بوون و وه‌کو ئه‌وان سه‌رمایان ده‌بوون و ده‌ڕچان.ژنێکی به‌ ته‌مه‌نی تێدا بوو،کۆچبه‌ران پێیان ده‌گوت دایکی کوردان..ئه‌و هه‌ر وه‌کو دایکێک وابوو..!

کۆچبه‌ران شه‌وانه‌ له‌ زۆر شوێندا ده‌خه‌وتن،له‌ په‌ناو په‌سێوو سیپه‌کانی نێو شاره‌وه‌،تاکو ده‌گه‌یشته‌ ده‌ره‌وه‌ی شارو ئه‌و خانووه‌ کۆن و خه‌رابانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شار.ئه‌و ڕۆژه‌ تاکو ئێواره‌ له‌ سه‌رمانداو له‌ ترسی پۆلیسدا هه‌ر ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری جاده‌و نێو شارمان ده‌کرد.پۆلیس ئه‌گه‌ر بۆی بلوایه‌ ده‌یگرتین و له‌ شار دووری ده‌خستینه‌وه‌.به‌ نێو شاردا نیمچه‌ ڕوبارێک هه‌بوو،هه‌موو که‌ناره‌کانی دارو قه‌ڕه‌م و بژوێناوی بوو،ئێمه‌ وه‌کو سۆنه‌و مراوی به‌ که‌ناری ئه‌و ڕوباره‌وه‌ بووین و ئاگرمان ده‌کرده‌وه‌،به‌ڵام سۆنه‌و مراوییه‌کی ڕووت و بێپه‌ڕوباڵ.

ئێواره‌ براده‌رێک گوتی که‌لاوه‌یه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار هه‌یه‌،شه‌وانه‌ کۆچبه‌رێکی زۆری تێدا ده‌خه‌وێت،گوتی ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌که‌یت ده‌ڕۆین سه‌رێکی ئه‌وێ ده‌ده‌ین به‌ڵکو جێگه‌مان بێته‌وه‌.منیش که‌ هیچ شوێنێکم نه‌ بوو گوتم باشه‌.شه‌و ڕۆیشتین،چل ده‌قه‌ له‌ شاره‌وه‌ دوور بوو،له‌ چۆڵایی و ده‌شتاییه‌کدا بوو.که‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌وێ سه‌یرم کرد له‌ چه‌ندین لاوه‌ کۆچبه‌ران ئاگری گه‌وره‌یان کردۆته‌وه‌و ده‌وره‌یان داوه‌و خۆیان گه‌رم ده‌که‌نه‌ه‌.که‌ له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری ئاگره‌که‌ت ده‌کرد تابلۆیه‌کی پڕ فانتازیت ده‌بینی، تابلۆیه‌کی گه‌وره‌ی ئاگرین له‌ شه‌وداو تارمایی مرۆڤگه‌لێک سه‌رمایانه‌و خۆیان گه‌رم ده‌که‌نه‌وه‌.

ئێمه‌ چووین بۆ لای خانووه‌که‌،خانوویه‌کی درێژی بیست مه‌تی ده‌بوو، ئه‌گه‌رچی سه‌قفه‌که‌ی کۆنکریت بوو،به‌ڵام به‌ هۆی کۆن بوونیه‌وه‌ له‌ زۆی شوێنه‌وه‌ دڵۆپه‌ی کردبوو.ناوه‌وه‌ی شێدار بوو،هه‌روه‌ها هیچ ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌یه‌کی پێوه‌ نه‌بوو.له‌ ناوه‌وه‌ وه‌کو زبڵئاوا واببوو،پڕ بوو له‌ ده‌به‌ی کۆن و شکاوی کۆلاو بیره‌و خواردن و کارتۆن و کیسه‌ خه‌وو به‌تانی و جانتاو سه‌دان شتیتر،هه‌موو شتێکی تێدا بوو،ده‌تگوت زریان کۆی کردۆته‌وه‌.ئێمه‌ش شوێنێکمان به‌ له‌قه‌و نووکه‌ شه‌ق"خاوێن" کرده‌وه‌و کیسه‌ خه‌وه‌کانمان تێدا ڕاخست.هه‌رچۆنێک بێت خه‌وی زبڵئاوا له‌ خه‌وی به‌ر سه‌رماو تۆفان باشتره‌..!

کۆمه‌ڵه‌که‌ سعات نۆو ده‌ی هه‌موو شه‌وێک خواردنیان بۆ ئه‌وێش ده‌هێنا، خواردنه‌کان  بریتی بوون له‌ نان و په‌نیرو  هێلکه‌ی کوڵاوو  شیرو  هه‌ندێک‌ شتیتر.دوای ئه‌وه‌ی منیش هه‌ندێک خواردنم وه‌رگرت،گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌که‌ی زبڵئاوا.هیلاکو سه‌رما بردوو بووم،بۆ قوومێک خه‌و تێیدا سه‌رمام نه‌بێت کوێراییم داهاتبوو،زنجیری کیسه‌ خه‌وه‌که‌م کرده‌وه‌و خۆم تێخزاند،هێدی هێدی گه‌رم ده‌بوومه‌وه‌،شوێنه‌که‌م به‌ لاوه‌ گرنگ بوو،ئه‌وه‌ی سه‌رمابرده‌ نه‌بێت،ڕێزی خه‌وی گه‌رمی نێو زبڵخانه‌ نازانێت! ئه‌گه‌رچی هه‌موومان ترسی پۆلیسمان هه‌بوو،به‌یانان زوو بێنه‌ سه‌رمان و بمانگرن،له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من سعات ده‌ی به‌یانی له‌ خه‌و هه‌ستام.

له‌ خه‌و هه‌ستام هاتم سه‌رێکی ده‌ره‌وه‌م کرد،هه‌موو شوێنێک سپی ده‌کرده‌وه‌ وه‌کو به‌فر باریبێت وابوو،دارو به‌ردو زه‌وی و ئاسمان به‌ستبووی. بایه‌کی تووندو تیژی ده‌هات و کزه‌ی له‌ جه‌سته‌ هه‌ڵده‌ستاند.ئه‌و شوێنه‌ ده‌شتایی بوو،جۆگه‌ی ئاوو چاڵاوی گه‌وره‌ گه‌وره‌ی تێدا بوو به‌ستبووی.به‌ ده‌یان سۆنه‌و مراویم ده‌بینی ببوون به‌ شه‌خته‌و به‌ سه‌ر ئاوه‌که‌وه‌ ڕه‌ق ببوونه‌وه‌.

هه‌روه‌ها زۆر ڕاوچیشم ده‌بینی که‌ به‌ ساچمه‌-تاپڕ ڕاویان ده‌کردو ته‌قه‌یان ده‌کرد.منیش له‌ دووره‌وه‌ سه‌یرم ده‌کردن و به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاگام له‌ خۆم بێ و بیری لێبکه‌مه‌وه‌،ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ڕۆژانی دوورو ڕاوکردنه‌کان..!

من نازانم بۆ؟ هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ خولیای ڕاوکردن  بووم و تاکو ئێستاش ئه‌و خولیایه‌م له‌ گه‌ڵدا هات.تاکو ته‌مه‌نی پانزه‌ ساڵی له‌ ئاوایی ژیام و منداڵێکی پێپه‌تی بووم.منداڵیم پڕ بوو له‌ ژان و بێ به‌ریبوون،هیچ شتێکم نییه‌ وه‌کو مناڵێک تێیدا ژیابێتم.له‌ ساڵێکدا من چه‌ند مانگ بێ پێڵاو ده‌بووم و پاره‌ نه‌بوو جوتێک پێڵاوی لاستیکم بۆ بکڕن.هه‌میشه‌ دار لاستیکم پێبوو، ڕاوی پاساری و کڵاوکوڕه‌و دارو به‌ردم ده‌کرد،له‌ بیرمه‌ زۆر باشیش ئامانجم ده‌پێکا.سعاتێک دوور له‌ ئاواییه‌وه‌ ته‌پکه‌م بۆ سوێسکه‌ ده‌نایه‌وه‌، ڕۆژی دووجار به‌یانی و ئێواره‌ به‌ سواری که‌ر ده‌ڕۆیشتم سه‌یرم ده‌کرد،هه‌ر له‌ دووره‌وه‌ ته‌پکه‌یه‌کم ببینایه‌ ته‌پییه‌،له‌ که‌ره‌که‌ خۆم هه‌ڵده‌دایه‌ خواره‌وه‌و به‌ ڕاکردن ده‌چووم بۆ لای،له‌ پێشدا درزێکی بچووکم له‌ بانه‌ ته‌په‌که‌ ده‌کردو چاوم پێوه‌ ده‌نا،تاکو بزانم چی تێدایه‌.ئه‌گه‌ر سوێسکی تیا بوایه‌ ده‌رم ده‌هێناو یه‌کسه‌ر شاباڵه‌کانیم ده‌کرد،ده‌مگوت نه‌کا فرته‌ فرت بکاو له‌ ده‌ستم به‌ر بێت.شه‌وانی زستانیش کاتێک کوڕانی گه‌وره‌ی ئاوایی بۆ ڕاوه ‌ شه‌واره‌ ده‌چوون ، من خه‌ریک  بوو شێت ده‌بووم ، چوونکه‌ باوکم نه‌یده‌هێشت من له‌ گه‌ڵیان بچم.زۆر لێی ده‌پاڕاماوه‌و توخوا باوه‌گیانم ده‌کرد،به‌ڵام بێ سوود ده‌بوو.به‌ دایکمم ده‌گوت ئه‌و پێی بڵێت به‌ڵام هه‌ر قایل نه‌ده‌بوو..ئیتر منیش له‌ دڵته‌نگی و حه‌سره‌تدا گه‌رووم خه‌ریک بوو ده‌دڕا..!

هه‌ندێجاریش به‌ بێ پرسی باوکم ده‌ڕۆیشتم،ئه‌گه‌رچی لێدانیش له‌ پێشمه‌وه‌ بوو...

شه‌وێکی زستان له‌ گه‌ڵ پێنج شه‌ش منداڵی هاوته‌مه‌نی خۆمدا کۆ بووینه‌وه‌و گوتمان ئه‌مشه‌و بۆ ڕاوه‌ شه‌واره‌ی سوێسکه‌ ده‌چین.بۆ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر که‌سێکی گه‌وره‌مان له‌ گه‌ڵدا نه‌بوایه‌ سه‌خت بوو،چوونکه‌ شه‌واره‌مان ده‌کردو نه‌ک سوێسکه‌مان نه‌ده‌گرت،به‌ڵکو خۆشمان شه‌واره‌مان ده‌کردو نه‌ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌.هه‌موو گه‌وره‌یه‌کیش بۆ ڕاوه‌ شه‌واره‌ هاوڕێیه‌تی مناڵانی نه‌ده‌کرد،پیاوێک هه‌بوو ئه‌و هاوڕێیه‌تی مناڵانیشی ده‌کرد!گوتمان ده‌چین به‌و ده‌ڵێین به‌ڵکو له‌ گه‌ڵماندا هات.چووین بۆ لای و پێمان گوت،گوتی باشه‌ من له‌ گه‌ڵتان دێم،هه‌موومان خۆشحاڵ بووین.

ڕۆیشتین و هه‌ر که‌سه‌و لایتی خۆی پێیه‌،ماوه‌یه‌کی زۆر گه‌ڕاین به‌ ڕێککه‌وت هه‌شت سوێسکمان له‌ شوێنێکدا دۆزییه‌وه‌،سوێسکه‌کان هه‌موو له‌ پاڵ یه‌کدا خه‌وتبوون.هه‌موومان له سه‌ری کۆ بووینه‌وه‌و تیشکی لایته‌کانمان ئاراسته‌ی چاویان کردبوو.به‌ چپه‌ چپ قسه‌مان ده‌کرد که‌ ئایا کێ ده‌ست به‌ گرتنیان بکات؟چوونکه‌ ده‌بێت ته‌نها یه‌ک که‌س بۆیان بچێ و ده‌ست به‌ گرتنیان بکات.به‌ڵام ئێمه‌ که‌سمان قایل نه‌ده‌بووین ئه‌ویتر بچێت!هه‌ر که‌سه‌و ده‌یویست خۆی ده‌ست به‌ گرتن بکاو ئه‌ویتری قه‌بوڵ نه‌بوو. هه‌ر ڕاوچییه‌کیش چی گه‌وره‌و چی بچووک،ئه‌گه‌ر سوێسکی بگرتایه‌ ئه‌وا له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ باس ده‌کراو به‌ ئازاو ڕاوچی ده‌ناسرا،بۆیه‌ ئێمه‌ش هه‌ر که‌سه‌و ده‌یویست ئه‌و ناوبانگ و شکۆدارییه‌ بۆ خۆی بێت! دواجار هیچ که‌س به‌ویتر قایل نه‌بوو،له‌ به‌ر ئه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌ دواوه‌و له‌ سوێسکه‌کان دوور که‌وتینه‌وه‌ تاکو قه‌راری له‌ سه‌ر بده‌ین کێ ده‌ست به‌ گرتنیان بکات! ئه‌نجام هه‌ر که‌س قایل نه‌بوو"یارییه‌کی مناڵانه‌ی خۆش بوو".له‌ به‌ر ئه‌وه‌ سه‌رۆک بڕیارێکیتری ده‌رکردو گوتی:کاکه‌ هه‌موومان هجوومیان بۆ ده‌که‌ین..! ئێمه‌ش گوتمان زۆر باشه‌..ئه‌وه‌مان به‌ دڵمان بوو..! دووباره‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ لای سوێسکه‌کان و به‌رامبه‌ریان ڕاوه‌ستاین،هه‌موومان سازو ئاماده‌ی هێرش بردنین!یه‌ک و دوو سێ و هه‌ر که‌سه‌و له‌ ئاستی خۆیه‌وه‌ وه‌کو هه‌ڵۆی کوێر خۆی به‌ نێو سوێسکه‌کاندا کرد،له‌ یه‌ک چرکه‌دا هه‌موومان چنگمان له‌ زه‌وی و پووش و په‌ڵاشه‌که‌ گیر بوو،به‌ بێ ئه‌وه‌ی په‌نجه‌ی یه‌کێکمان به‌ر په‌ڕی سوێسکێک به‌که‌وێت هه‌موویان فڕین! دوایی که‌ گه‌وره‌ بووین له‌ نێو خۆماندا باسمان ده‌کرد،هه‌موومان قاقا  پێده‌که‌نین.

 

مناڵیم له‌ نێو هه‌ژاریدا باڵای کردو..

باڵام.. چین چین ده‌شکایه‌وه‌

مناڵیم..له‌ نێو ڕه‌نجا زمانی گرت و ..

زمانم..به‌ سرودی بۆ یه‌کسانی پژا..

خۆشم ده‌وێن..سفره‌ ساردو..

پڕ خۆشه‌ویستیه‌کانی به‌شمه‌ینه‌تان..

ده‌تانگوشم..ده‌ست و په‌نجه‌ ماندووه‌کانی نێو ڕه‌نج و کار..

هه‌ژاریم..وه‌ک مناڵێکی برسی خۆش ده‌وێ

وه‌ک چۆن گه‌ر به‌ قیمه‌تی گیانم بووه‌

نانی گه‌رم..بۆ نێو ده‌ست و په‌نجه‌ ووردیله‌کانی بێنمه‌وه‌

خۆشم ده‌وێ..وه‌ک ئه‌و ژنه‌ی خۆشم ده‌وێ..

وه‌ک ئه‌و.. ژنه‌ی.. خۆشم ویست و

نه‌مهێشت..ده‌می پیاوه‌تی بیله‌وتێنێت..!

نه‌مهێشت..

هه‌ناسه‌ی پیسی پیاوه‌تی بیژاکێنێ و

چنگ و دانی پیاوه‌تی لاقه‌ی بکا..!

شه‌وانی دواتر ده‌هاتمه‌وه‌ له‌و خه‌رابه‌یه‌دا ده‌خه‌وتم.ئه‌و ڕۆژانه‌ هیچ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ نه‌بوو هه‌وڵی ده‌رچوون بده‌ین،له‌ لایه‌که‌وه‌ سه‌رما سڕی کردبووین،له‌ لایه‌کیتریشه‌وه‌ پۆلیس کۆنترۆڵی نێو به‌نده‌ره‌که‌ی کردبوو نه‌یانده‌هێشت کۆچبه‌ران نزیکی که‌شتیه‌کان بکه‌ونه‌وه‌.به‌ هۆی داخستنی کامپه‌که‌وه‌ پۆلیس هه‌میشه‌ به‌ دوای کۆچبه‌رانه‌وه‌ بوون و ده‌یانگرتن و دووریان ده‌خستنه‌وه‌.پۆلیس پێشتر چووبونه‌ به‌رده‌م ئه‌و خه‌رابه‌یه‌و هه‌ر کۆچبه‌رێک له‌وێدا بووه‌  گرتبوویانن ، ئه‌وه‌شی  ڕایکردبوو  گه‌له‌  سه‌گیان تێبه‌ردابوون و به گه‌له‌‌ سه‌گ گرتبوویاننه‌وه‌.هه‌روه‌ها وه‌کو کۆچبه‌ران ده‌یانگێڕایه‌وه،جارێک پۆلیس به‌یانیه‌کی زوو ده‌چنه‌ سه‌ر ئه‌و که‌لاوه‌یه‌ و بانگی کۆچبه‌ران ده‌که‌ن بێنه‌ ده‌ره‌وه‌،به‌ڵام ئه‌وان نه‌هاتبوونه‌ ده‌ره‌وه‌،بۆیه‌ غازی فرمێسک ڕێژیان پیاکردبوون و ناچاریان کردبوون بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.دوایی هه‌موویانیان گرتبوو دووریانیان خستبوونه‌وه‌.

شه‌وێک سعات نۆ له‌ نێو شاره‌وه‌ بۆ خه‌رابه‌که‌ ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌،له‌ ڕێگا چه‌ند که‌سیتر به‌ دوامانه‌وه‌ بوون،هاتن گه‌یشتنه‌ ئێمه‌و گوتیان هه‌ر ئێستا چه‌ند پۆلیسمان بینی و پێیان گوتین بچن بۆ کامپه‌که‌ هه‌مووتان وه‌رده‌گرن! ئه‌مه‌ هه‌واڵێکی خه‌یاڵی و جێی باوه‌ڕ نه‌بوو . ئه‌گه‌ر بڕیاری حکومه‌ت و  کامپه‌که‌ بوایه‌،ده‌بوا له‌ ڕۆژداو به‌ شێوه‌یه‌کیتر پێیان گوتباین،بۆیه‌ نه‌مانده‌توانی وا به ‌ئاسانی باوه‌ڕ بکه‌ین.به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بوا وه‌کو گورگ بوایه‌ین و به‌ هه‌موو خشه‌یه‌که‌وه‌ بچین! گورگ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ناترسێت له‌ خشه‌ هه‌ڵنایه‌ت،به‌ڵکو ده‌چێته‌ خشه‌وه‌،ده‌بوا ئێمه‌ش له‌مه‌دا گورگ ئاسا بوایه‌ین،ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌ش بوو له‌ دواییدا وه‌کو ڕێویمان لێهاتبا به‌ ده‌م سه‌گه‌وه‌! له‌وانه‌ بوو پۆلیس بۆ ڕابواردن ئه‌و قسه‌یه‌ی کردبێت"پۆلیسه‌و هه‌موو شتێکی لێده‌وه‌شێته‌وه‌"،به‌ڵام به‌ لای منه‌وه‌و-له‌وانه‌یه‌ به‌ لای کۆچبه‌رانیتریشه‌وه‌،ئه‌و هه‌واڵه‌ گرنگی خۆی هه‌بوو.گرنگیه‌که‌شی له‌وه‌دا بوو به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌مانتوانی کۆچبه‌ران کۆ بکه‌ینه‌وه‌و هه‌ڵیانخڕێنین و وه‌کو خۆپیشاندانێک به‌رده‌م کامپه‌که‌ بگرین و فشاریان بۆ بێنین به‌ڵکو وه‌رمان بگرن.چوونکه‌ دوو هه‌فته‌ پێشتر له‌ وه‌ها ناڕه‌زایه‌تیه‌کدا په‌نجا که‌سیان وه‌رگرتبوو.ئیتر به‌و مه‌به‌سته‌وه‌ هه‌ر که‌سێکمان ده‌بینی و ئه‌ویش هه‌رکه‌سێکیتری ده‌بینی،هه‌واڵه‌که‌مان ڕاده‌گه‌یاندو ده‌مانگوت هه‌ر ئێستاو به‌م شه‌وه‌ ده‌چینه‌ به‌رده‌م کامپه‌که‌و مان ده‌گرین.دوای ماوه‌یه‌کی که‌م ئه‌وانه‌ی له‌و ده‌وروبه‌ره‌ بوون ئاگه‌دار بوونه‌وه‌و کۆبوونه‌وه‌.هه‌ر چه‌ند که‌س و له‌ کون و قوژبنێکه‌وه‌ ده‌هاتن.کامپه‌که‌ دوور له‌ شارو له‌ ده‌شتاییه‌کدا بوو،له‌ نێو شاره‌وه‌ به‌ پێ سعاتێک زیاتر ده‌بوو.

به‌و شه‌وه‌ به‌ نێو ئه‌و پووش و په‌ڵاش و قوڕو لیتاوه‌دا وه‌کو ڕه‌وه‌ به‌راز دوای یه‌کتر که‌وتبووین و ڕێمان ده‌کرد.سعات ده‌و نیوی شه‌و گه‌یشتینه‌ به‌رده‌م کامپه‌که‌.هه‌موومان ده‌ترساین ئاخۆ پۆلیس چی ڕه‌فتارێکمان له‌ گه‌ڵ ده‌که‌ن؟! زۆر که‌س ترسان و له‌ نیوه‌ی ڕێگا گه‌ڕانه‌وه‌،تاکو گه‌یشتینه‌ به‌رده‌م کامپه‌که‌ له‌ کۆی نزیکه‌ی هه‌شتا که‌س سی و سێ که‌سمان لێمایه‌وه‌.

پۆلیسه‌کان که‌ ئێمه‌یان بینی یه‌کسه‌ر ده‌رگای کامپه‌که‌یان داخست و هاتنه‌ به‌رده‌ممان،گوتیان بۆچی هاتوون بۆ ئێره‌؟ئێمه‌ش مه‌سه‌له‌که‌مان بۆ گێڕانه‌وه‌،چه‌ند که‌س هه‌بوون که‌مێک زمانی فه‌ڕه‌نسی و ئنگلیزیان ده‌زانی. پۆلیس گوتیان ئاگامان له‌ شتی وانییه‌.دوایی گوتیان جارێ لێره‌دا دانیشن.

هه‌موومان له‌ سه‌ر ئه‌و زه‌ویه‌ سارده‌و له‌ پاڵ یه‌کدا دانیشتین،پۆلیس ته‌له‌فۆنیان کردو له‌ گه‌ڵ شوێنێکیتر قسه‌یان کرد.ئێمه‌ دانیشتبوووین و ژانی سه‌رماو ئه‌و هه‌موو دڵڕه‌قییه‌مان ده‌چه‌شت که‌ گه‌مارۆی دابووین، ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دوو شتی ناحه‌زو ڕه‌زا تاڵا قه‌رارمان گرتبوو،ئه‌ویش سه‌رماو پۆلیس بوون،دوو دیارده‌ هه‌ردووکیان ئێمه‌یان وێران ده‌کرد.

دوای نیو سعات گوتیان شتی وانییه‌و ده‌بێت بڕۆن! به‌ڵام ئێمه‌ گوتمان ناڕۆین! بڕیارمان دابوو به‌ ئاسانی ئه‌وێ به‌ جێنه‌‌هێڵین.هه‌موومان دانیشتبووین و قۆڵمان کردبوو به‌ یه‌کدا.پۆلیس وه‌کو په‌یکه‌ری بێ گیان به‌ دیارمانه‌وه ‌ڕاوه‌ستابوون و چاوه‌ڕێی ڕۆیشتنی ئێمه‌و شتیتریان ده‌کرد!

ئێمه‌ وه‌کو کۆمه‌ڵه‌ په‌یکه‌رێکی شکاوو داڕۆخاو به‌ سه‌ر یه‌کدا که‌وتبووین، به‌ڵام له‌ پاچه‌ ووردوخاشبووه‌کانی ئه‌و په‌یکه‌رانه‌،تۆپه‌ڵه‌ په‌یکه‌رێکی شێواوو پڕ هاوارمان لێخوڵقابوو! تۆپه‌ڵه‌ په‌یکه‌رێکی ڕاکشاوو وێران له‌ ساردترین شه‌وه‌کانی شه‌واره‌دا،خه‌ریک بوو به‌ به‌رد ده‌بوو،بێجگه‌ی دڵی پۆلیس و یاساو ڕێسا گه‌وج و کوێره‌کان،دڵی هه‌موو مرۆڤێکی به‌ ویژدانی پڕ ئێشوو نه‌فره‌ت ده‌کرد.

دوایی کۆمه‌ڵه‌که‌ش هاتن بۆ لامان،ژنێکیش به‌ سه‌یاره‌ی خۆی هاتبوو،پێم وابوو ڕۆژنامه‌نووس و شتی له‌و بابه‌ته‌ بوو! کامێراکه‌ی ده‌رهێنابوو ڕه‌سمی ده‌گرت.سه‌رما ته‌واو بێحاڵی کردبووین،کزه‌ی ساردی بایه‌که‌ له‌ کزه‌ی هه‌ر برین و‌ ئازارێک به‌ ژانترو بڕنده‌تر بوو،له‌ سه‌رماندا هێنده‌ له‌ نێو یه‌کدا دانیشتبووین..ببووین به‌ تۆپه‌ڵه‌ مرۆڤ! تابلۆیه‌ک له‌ شه‌وداو مرۆڤه‌کان له‌ سه‌رمانا تێیدا ده‌بن به‌ یه‌ک...

تاکو سعات دوانزه‌ی شه‌و له‌ به‌ر ئه‌و سه‌رمایه‌و له‌ سه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ ساردو زوقمبه‌نده‌دا دانیشتبووین و درێژه‌مان به‌ سه‌ر سه‌ختی و چاو قاییمی ده‌دا. پۆلیس به‌ دیارمانه‌وه‌ وه‌ستابوون و چاوه‌ڕێ بوون،وه‌ک به‌ دیار پلانێکه‌وه‌ چاوه‌رێ بن و لا کاتی خۆیدا ئه‌نجامی بده‌ن! چه‌ند که‌سیتر به‌رگه‌ی سه‌رماکه‌یان نه‌گرت و گه‌ڕانه‌وه‌.یه‌کێک له‌ ئامانج و پلانی پۆلیسه‌کان ئه‌وه‌ بوو به‌ دیارمانه‌وه‌ ڕاوه‌ستن،تاکو خۆمان هیلاک و وه‌ڕه‌س بین و بڕۆین. به‌ڵام تۆپه‌ڵه‌ په‌که‌ری پڕ ژان و شه‌خته‌به‌ند بۆ کوێ و بۆچی بڕوات! ئه‌و جۆره‌ ڕاکشان و سه‌رسه‌ختی و به‌رجه‌سته‌ بوونه‌ی ئێمه‌ ،له‌ به‌رامبه‌ر پۆلیس و سه‌ختی سه‌رماو ڕچاندندا پۆلیسی ترساوو نیگه‌ران و بێحه‌وسه‌ڵه‌ کرد.بۆیه‌ دواجار ده‌ستیان بۆ پیلانه‌ ژه‌هراویه‌که‌یان برد.. دواجار ژه‌هریان پیا کردین..!

به‌ سه‌ر جاده‌که‌وه‌ دانیشتبووین و ڕاکشابووین،له‌و باوه‌ڕه‌شدام که‌سانێک خه‌وتبووبێتن،ئاگامان لێبوو دوو سه‌یاره‌ی پۆلیسیتر هاتن و له‌ نزیکماندا وه‌ستان،به‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌س ئاگای له‌ پیلانی ژه‌هراوییان بێت،غازی فرمێسک ڕێژیان پیاکردین.ده‌م و چاوو ڕۆخسارمان ده‌سووتایه‌وه‌و فرمێسک به‌ چاوماندا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌،هه‌موومان هه‌ستاین و به‌ کۆخه‌ کۆخ له‌و شوێنه‌ دوور که‌وتینه‌وه‌.پۆلس شاڵاویان هێنا بمانگرن،به‌ڵام ئێمه‌ ڕامانکردو خۆمان به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌دا،هه‌ر له‌و شوێنه‌دا دووان له‌ کۆچبه‌ران بوورانه‌وه‌، پۆلیسه‌کان هه‌ڵیان گرتن و خستیانیانه‌ نێو سه‌یاره‌وه‌و یه‌کسه‌ر بردیانیان. کۆمه‌ڵه‌که‌ش له‌ نێوماندا بوون و ئه‌وانیش وه‌کو ئێمه‌ غازه‌که‌یان به‌رکه‌وت، ئه‌وان ده‌ستماڵیان پێداین و گوتیان ته‌ڕی بکه‌ن و بیخه‌نه‌ سه‌ر ده‌م و چاوتان.یه‌کێک له‌ کۆمه‌ڵه‌که‌ که‌ کورێکی گه‌نجی فه‌ڕه‌نسی بوو،به‌و دیمه‌ن و کاره‌ سه‌رکوتگه‌رو ژه‌هربارین کردنه‌ی پۆلیسه‌کان،زۆر تووڕه‌و نیگه‌ران بوو، ڕووبه‌ڕوی پۆلیسه‌کان ببووه‌وه‌و به‌ توڕه‌یی و نه‌فره‌ته‌وه‌ قسه‌ی پێده‌گوتن، وه‌ک مرۆڤێکی یاخی و دژی سته‌م زۆرداری،ده‌ستی ڕاده‌شاندو مه‌حکوم و شه‌رمه‌زاری ده‌کردن.مرۆڤی مه‌زن ئه‌ونه‌ن دژی سته‌م به‌ ده‌نگ دێن و هاوار ده‌که‌ن و مل که‌چ ناکه‌ن.

له‌و شه‌وه‌ ساردو تۆفه‌دا تۆپه‌ڵه‌ په‌یکه‌ری پڕ هاواروژانیان تێک و پێکداو وێرانیان کرد.ئه‌وان خۆیان که‌ وێرانه‌یه‌ک بوون له‌ ڕۆح و پارچه‌کانی جه‌سته‌،پۆلیس..! هه‌لا هه‌لاتری ده‌کردن..!

شه‌واره‌ی شه‌وه‌کانی کۆچ..لێوان لێوه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌ شه‌واره‌و په‌رته‌وازه‌و ته‌ره‌بوونێک.شاڵاوی گورگانه‌ی پۆلیس و ڕاکردن و به‌ یه‌کدا هاتن و هاواره‌کانی ئێمه‌..له‌و شه‌وه‌دا،له‌ به‌ یه‌کدا هاتن و په‌رته‌وازه‌بوون و هاوارکردنی ئه‌و پۆله‌ پاساری و قه‌تێ و مه‌لانه‌ ده‌چوون،کاتێک هه‌ڵۆو شه‌هێنه‌کان، له‌ به‌رزایی و قووڵاییه‌کانی ئاسمانه‌وه‌،ناگاهانه‌و غافڵگیرانه‌ ده‌قریشکێنن و خۆیان به‌ نێویاندا ده‌که‌ن.ئه‌وان-هه‌ڵۆو شه‌هێنه‌کان به‌ خێراییه‌کی کوشنده‌وه‌ خۆیان به‌ نێچیره‌کانیاندا ده‌ده‌ن و چنگی به‌ هێزو نینۆکی تیژیان به‌ نێو گۆشتا ڕۆده‌که‌ن،هه‌ڵۆ له‌ قووڵاییه‌کانی ئاسمانه‌وه‌  نێچیرله‌ سه‌ر زه‌مین به‌ دی ده‌کاو که‌مجار نێچیر له‌ ژێر چنگی ڕزگاری ده‌بێت.قه‌تێکان کاتێک هه‌ست به‌ مه‌ترسی ده‌که‌ن و هه‌ڵۆکان به‌ ئاسمان و نزیکی خۆیان ده‌بینن،له‌ ترساندا ده‌فڕن و به‌ یه‌کدا دێن و ته‌نووره‌ ده‌که‌ن، له‌ سه‌د مه‌تری به‌رزایی ئاسمانه‌وه‌ تاکو ده‌گاته‌ چه‌ند مه‌تری ئاستی زه‌وییه‌که‌،بازنه‌یه‌کی پێچاوپێچی وه‌ک ئسپرینگ دروست ده‌که‌ن و لوول ده‌خۆن و به‌ یه‌کدا دێن،وه‌ک چۆن گوریسێکت به‌ ده‌سته‌وه‌ بێ و ڕایوه‌شێنیت،وه‌ها بازنه‌یه‌کی ئاسۆیی دروست ده‌که‌ن...

ئێمه‌ش به‌و جۆره‌ به‌ یه‌کدا ده‌هاتین و هاوارمان ده‌کرد..! له‌و شه‌وه‌دا که‌ هیچ که‌س گوێی لێنه‌ده‌گرتین..هاوارمان ده‌کردو ده‌مانگوت: که‌س ئێره‌ به‌ جێنه‌هێڵێت..که‌س ئێره‌ به‌ جێنه‌هێڵێت...ک ه‌ س،،ئێره‌..به‌.. جێ..نه‌..هێ..ڵێت...! هاوارمان به‌ شه‌ودا ده‌ڕۆیشت و با ده‌یبردو تۆفان به‌ شه‌خته‌ی ده‌کرد.شه‌وێک بوو هێنده‌ ساردو زوقمبه‌ند..ئه‌گه‌ر بێدادی نه‌بوایه‌ نه‌ده‌کرا لێگه‌ڕابای هیچ دڕنده‌یه‌کی کێویش،له‌و شه‌وه‌ سارده‌دا به‌ ده‌ره‌وه‌ بێ و ئاوا بێداد بکرایه‌.

دواجار..به‌ ناچاری و وه‌ک به‌ نێو برینی خۆماندا بڕۆین..وه‌ک مانووترین..خه‌واڵووترین..ڕچیوترین..شه‌واره‌کردووترین..کوێرترین بوونه‌وه‌ری ئه‌و شه‌وه‌ی وجود،سه‌ری ڕێگای بێ ڕێگای ماڵه‌که‌ی بێ ماڵیمان گرته‌به‌ر.دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتینه‌ جوگرافیای خه‌رابه‌کان..هه‌ر که‌سه‌و بۆ په‌ناو په‌سێوو هێلانه‌ی ساردی ده‌گه‌ڕا.من بۆ خه‌رابه‌که‌ ده‌چووم،ماڵێکی سارد..بێده‌رگاو بێپه‌نجه‌ره‌..بێ..چرا..! کیسه‌ خه‌وه‌که‌م کرده‌وه‌و خۆم تێخزان..هێنده‌ سڕو ڕچیوو وێران بووم،نه‌مده‌توانی بیر له‌ هیچ شتێک بکه‌مه‌وه‌..ده‌زانم زوو خه‌وتبووم..!

سبه‌ینێ سعات ده‌ له‌ خه‌و هه‌ستام،هه‌موو جه‌سته‌م ڕه‌ق و گرژ ببوو. هه‌روه‌ها گه‌روم ته‌واو گیرابوو ده‌نگم ده‌رنه‌ده‌هات ، سه‌رماو غازه‌که‌  ته‌واوکاری تێکردبووم.من ڕێک له‌ولایه‌وه‌ بووم که‌ غازه‌که‌یان لێوه‌ ڕشت و ڕاسته‌وخۆ به‌رم که‌وتبوو،تووشی هه‌ڵامه‌ت و چڵم و کۆخه‌یه‌کی تووندی کردبووم.

هه‌ستام و هه‌ندێک دارو چیلکه‌و جله‌ کۆن و ده‌به‌ی پلاستیکم کۆ کرده‌وه‌و ئاگرم تێبه‌ردا،که‌مێک شیرم هه‌بوو گه‌رمم کرده‌وه‌و له‌ گه‌ڵ هه‌ندێک شتیردا خواردم.چه‌ند جگه‌ره‌م هه‌بوو،ئه‌گه‌رچی گه‌روم وێران و وه‌ک زام بوو، به‌ڵام هه‌ر جگه‌ره‌م کێشا..من ڕۆژگارێک بوو گه‌روم خوێنی لێده‌هات.. هاوارم خوێنی لێده‌هات..پێکه‌نینم خوێنی لێده‌هات..!

کزه‌بایه‌کی ساردی ده‌هات،له‌ به‌ر ئاگره‌که‌ دانیشتبووم و ده‌مویست ئاگر له‌ خۆم به‌رده‌م تاکو گه‌رم دابێم! سروشت به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌وه‌ تێیدا بوو، سپییه‌کی کاڵی ده‌کرده‌وه‌،سه‌رماو له‌ گۆوه‌ چوون به‌ سیمای به‌ردیشه‌وه‌ دیار بوو.به‌ دیار ئاگره‌که‌وه‌ دانیشیم تاکو ته‌واو کوژایه‌وه‌.دوایی هه‌ستام و به‌ره‌و نێو شار به‌ ڕێکه‌وتم.که‌ گه‌یشتمه‌ نێو شار بینیم کورده‌کان چل په‌نجا که‌سێک له‌ شوێنێکدا کۆبوونه‌ته‌وه‌و کۆمه‌ڵه‌که‌شیان له‌ گه‌ڵدایه‌.منیش چووم بۆ لایان و پرسیارم سه‌باره‌ت به‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ لێکردن.گوتیان ده‌مانه‌وێت مان بگرین و داوای وه‌رگرتنمان له‌ کامپه‌که‌ ده‌که‌ین.منیش گوتم کارێکی باشه‌و منیش له‌ گه‌ڵتانم.

وورده‌ وورده‌ کۆچبه‌ران ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی کامپه‌که‌ بوون،ده‌هاتن و په‌یوه‌ست ده‌بوون به‌ مانگرتنه‌که‌وه‌. زیاتر له‌ سه‌دو په‌نجا که‌س ده‌بووین، ئیتر درێژه‌مان به‌ مانگرتنه‌که‌دا،کۆمه‌ڵه‌که‌ش له‌ گه‌ڵمان بوون.ئه‌وان وه‌کو سێبه‌ری ئێمه‌ وابوون،له‌ هه‌ر کوێ بووینایه‌ ئه‌وانیش له‌وێ ده‌بوون و وه‌کو ئێمه‌ هیلاکو سه‌رماو ڕچیو ده‌بوون.پۆلیس به‌و ناوه‌دا فرت و جرتیان بوو،چه‌ندین که‌ناڵی ڕاگه‌یاندنی جۆراوجۆر وه‌کو ته‌لفزیون و ڕۆژنامه‌و پرسیارو چاوپێکه‌وتنیان له‌ گه‌ڵدا ده‌کردین.کۆمه‌ڵکه‌و زۆر خه‌ڵکیتری فه‌ڕه‌نسی خواردن و جگه‌ره‌و به‌تانیان بۆ ده‌هێناین،خواردنه‌کانمان وه‌رنه‌ده‌گرت به‌ڵام جگه‌ره‌و به‌تانیه‌کانمان وه‌رده‌گرت.زۆر سارد بوو که‌ داده‌نیشتین به‌تانیه‌کانمان ده‌خسته‌ ژێرمان یان ده‌مانپێچایه‌ خۆمانه‌وه‌.

سعات گه‌یشتبووه‌ حه‌وتی ئێواره‌و ئێمه ‌له‌ مانگرتن به‌رده‌وامبووین و هاوارمان ده‌کرد:ده‌بێت کامپه‌که‌ وه‌رمان بگرێت..تاکوکامپه‌که‌ وه‌رماننه‌گرێت به‌رده‌وامده‌بین..ده‌بێت  UNبێت بۆ لامان..! ده‌بێت..ده‌بێت..!!

دوایی چه‌ند پۆلیس هاتن و گوتیان با نوێنه‌رتان له‌ گه‌ڵمان بێت ده‌یانبه‌ین بۆ لای به‌رپرسان و له‌وێ قسه‌ی خۆتان بکه‌ن.ئێمه‌ پێمان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ داگرت ده‌بێت ئه‌وان بێن بۆ ئێره‌و لێره‌ قسه‌مان بۆ بکه‌ن،به‌ڵام پۆلیس ئه‌وه‌ی ڕه‌تکرده‌وه‌.دوایی دوو که‌س له‌ کۆچبه‌ران وه‌کو نوێنه‌ر له‌ گه‌ڵ پۆلیسه‌کاندا ڕۆیشتن.دوای سعاتێک هاتنه‌وه‌و گوتیان پێیان گوتوین ده‌بێت لێره‌ له‌ فه‌ڕه‌نسا داوای مافی په‌نابه‌ری بکه‌ن،چوونکه‌ به‌ هیچ جۆرێک کامپه‌که‌ وه‌رتان ناگرێت.به‌ڵام ئێمه‌ هه‌مومان ئه‌و بڕیاره‌مان ڕه‌تکرده‌وه‌و گوتمان یان ده‌بێت له‌ کامپه‌که‌ وه‌رمان بگرن ،یان درێژه‌ به‌ مانگرتن ده‌ده‌ین.ئیتر درێژه‌مان به‌ مانگرتندا.

سه‌رما هه‌موومانی ڕچاندبوو،به‌و تۆفانه‌ چه‌ند که‌س له‌ کۆچبه‌ران خۆیان ڕووت ده‌کرده‌وه‌،به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م،من نه‌مده‌توانی خۆم ڕووت بکه‌مه‌وه‌ چوونکه‌ ده‌مزانی یه‌کسه‌ر ڕه‌ق ده‌بوومه‌وه‌و ده‌مردم.

چل په‌جا که‌سێک له‌ ژن و پیاوی فه‌ڕنسی به‌ درێژایی مانگرتنه‌که‌ له‌ گه‌ڵمان بوون و هه‌میشه‌ جگه‌ره‌یان به‌ سه‌رماندا دابه‌ش ده‌کردن،زۆر به‌ڕێزو میهره‌بان و به‌ په‌رۆش بوون بۆمان.یه‌کێک له‌وان پێی گوتین بۆچی لێره‌ ئاوا دانیشتوون؟ به‌ داخ و تووڕه‌بوونه‌وه‌ ده‌دواو ده‌یگوت:ده‌تانه‌وێت لێره‌دا ئاوا دانیشن و کامپه‌که‌ وه‌رتان بگرێت!"یه‌کێک قسه‌کانی ته‌رجومه‌ ده‌کرد"، ئه‌و ده‌یگوت وه‌رن من ده‌که‌ومه‌ پێشتان و ده‌چینه‌ به‌رده‌م کامپه‌که‌و ده‌رگاکه‌ی ده‌شکێنین و به‌ زۆر بڕۆنه‌ ژووره‌وه‌!"پێم وابێت هه‌ر کۆچبه‌رێک بچوایه‌ته‌ ژووره‌وه‌ بۆیان نه‌بوو ده‌ریبکه‌ن"،ئه‌و به‌ باوه‌ڕو ئیراده‌وه‌ ئه‌و قسانه‌ی ده‌کردو ده‌ستی ڕاده‌وه‌شاند،وه‌ک مرۆڤێک هه‌ست به‌و ده‌ردو سته‌مه‌ بکات ئێمه‌ ده‌مانچه‌شت.به‌ڵام کۆچبه‌ران نه‌یانده‌توانی ئه‌و باوه‌ڕه‌یان هه‌بێ و ئه‌و کاره‌ بکه‌ن،کۆچبه‌ران له‌ هه‌ر ڕووبه‌ڕو بوونه‌وه‌یه‌کدا له‌ گه‌ڵ پۆلیسا ترسی غاز ڕشتنیان هه‌بوو،چوونکه‌ پۆلیس ژه‌هریان ده‌ڕشت..!

تاکو سعات دوانزه‌ی شه‌و به‌رده‌وام بووین له‌ مانگرتن،هه‌ستمان به‌ جم و جوڵی نائاسایی پۆلیسه‌کان ده‌کرد..! ئێمه‌ هه‌مووان دانیشتبووین و قۆڵمان کردبوو به‌ قۆڵی یه‌کداو یه‌کترمان گرتبوو،ده‌مانویست به‌و جۆره‌ به‌رگری له‌ خۆمان بکه‌ین و نه‌هێڵین بمانگرن!!

کۆمه‌ڵه‌که‌و فه‌ڕه‌نسیه‌کانیش گوتیان به‌و جۆره‌ دانیشن و یه‌کتر بگرن. ئه‌وانیش هه‌ستیان به‌ نیازی خراپی پۆلیس کردبوو! ئه‌وان به‌ پێوه‌ به‌ ده‌وری ئێمه‌دا ده‌ستی یه‌کیان گرتبوو زنجیرێکی مرۆییان به‌ ده‌ورماندا دابوو! قه‌ڵغان و دیوارێکی مرۆیی چی مانایه‌کی جوان و مه‌زنی هه‌بوو.

جارێکیتر پارچه‌ شکاوه‌کان تۆپه‌ڵه‌ په‌یکه‌رێکیان به‌رجه‌سته‌ کردبوو،تۆپه‌ڵه‌ په‌یکه‌رێکی شێواوو وێران،له‌ به‌رامبه‌ر هێزی نامۆو ڕۆخێنه‌رداو په‌رژینێک له‌ ده‌ست و په‌نجه‌و جه‌سته‌ی مرۆڤ..!چی مه‌زن بوو ئه‌و زنجیره‌ مرۆییه‌.. هه‌موویان ده‌ستی یه‌کیان گرتبوو پشتیان کردبووه‌ پۆلیسه‌کان و ڕوویان به‌ لای ئێمه‌وه‌ بوو،پشت کردنه‌ پۆلیسه‌کان ڕه‌مزی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی زۆرداری و  سه‌ره‌ڕۆیی بوو!

ماوه‌یه‌ک کش و ماتی باڵی به‌ سه‌ر ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌دا کێشا..ده‌نگ.. له‌ هیچ که‌س و ..هیچ..شوێنێکه‌وه‌ نه‌ده‌هات..!! نه‌ له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌،نه‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌..! سه‌یرم له‌و بێده‌نگی و ماتی و خامۆشیه ده‌هات..پۆلیسه‌کان به‌ سه‌دان ده‌بوون و گه‌مارۆیان دابووین،پۆلیس وه‌ک حه‌په‌سابێتن و بیر له‌و نه‌شیاوه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ ئاماده‌ی کردنین..! وه‌ک بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ مرۆڤه‌کان چۆن به‌ده‌ستی یه‌کتر وێران ده‌کرێن..! من بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌و ده‌مگوت:تۆ بڵێی ئه‌م زنجیره‌..زنجیری ئه‌و ده‌ست و په‌نجه‌ ناسکانه‌،ئێمه‌ له‌ گرتن و شاڵاوی پۆلیس بپارێزێ و نه‌مانگرن..؟! پۆلیس هێنده‌ شه‌رم و شه‌رافه‌تمه‌ندی هه‌بێت،شه‌رم بیانگرێ و زنجیری ئه‌و ده‌ست و په‌نجه‌و جه‌سته‌ مرۆییه‌ نه‌پچڕێنن! چه‌ند بیرم ده‌کرده‌وه‌ باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد،دواجار ئه‌وان پۆلیس بوون و..هیچ جوانی و به‌هایه‌ک لایان بایه‌خی نه‌بوو! ئه‌وان قامچی بوون و ده‌ستێکیتر ڕایده‌وه‌شاندن..!

هه‌ر وابوو..پۆلیس له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ بۆمان هاتن و گه‌مارۆیان داین و ئه‌ڵقه‌ی گه‌مارۆکه‌یان ته‌سکتر کرده‌وه‌.هیچ که‌س تاکو ئه‌و چرکه‌یه‌ نه‌یزانی هێنده‌ پۆلیس له‌وده‌وروبه‌ره‌یه‌و به‌و جۆره‌ گه‌مارۆیان داوین! ده‌توانم بڵێم زیاتر له‌ پێنج سه‌د پۆلیس ده‌بوون،به‌ ده‌وری ئێمه‌دا دیوارێکی چه‌ند ڕیزی پۆلیسیان دروست کردبوو،بچووکترین ده‌رفه‌ت بۆ ڕاکردنیش نه‌مابووه‌وه‌.

پۆلیس له‌ چه‌ند شوێنه‌وه‌ به‌ کێشمه‌ کێش و به‌ زۆر زنجیره‌ مرۆییه‌که‌یان ده‌پچڕاندو له‌ ئێمه‌یان  دوور ده‌خستنه‌وه‌ . پۆلیس  له‌ گه‌ڵ  فه‌ڕه‌نسیه‌کاندا "زنجیره‌ مرۆییه‌که‌ی دژی سه‌ره‌ڕۆیی"تێکده‌ئاڵان و به‌رگریان ده‌کرد.به‌ڵام پۆلیس به‌ چه‌پۆک ده‌یانکێشا به‌ ده‌ستیانداو لێکیان ده‌کردن،ته‌قه‌لای ئه‌وان بۆ نه‌پچڕاندن و به‌رگری..دواجار بێئاکام مایه‌وه‌،پۆلیس زنجیره‌که‌یان پچڕاندو پارچه‌ پاڕچه‌یان کرد،ئیتر که‌وتینه‌ نێو گه‌مارۆی زنجیری پۆلیسه‌وه‌.به‌و جۆره‌ جوانترین زنجیریان له‌ت وپه‌ت کرد که‌ به‌ ده‌وری ئێمه‌دا درابوو،له‌ جێگه‌یدا ناشیرینترین زنجیری دیلێتیان به‌ ده‌وردا داین که‌ زنجیری پۆلیس و یاسا کوێره‌که‌یان بوو.

بازنه‌ی گه‌مارۆکه‌یان ته‌سکتر کرده‌وه‌و بۆمان هاتن،ئێمه‌ هه‌موومان هه‌ستابووینه‌ سه‌رپێ و یه‌کترمان گرتبوو.له‌و کاته‌دا که‌ بۆمان هاتن،ئێمه‌ هه‌موومان به‌ یه‌ک ده‌نگ هاوارێکی سه‌یرمان ده‌کرد..هاها..ها..ها..! به‌ ڕاستی هاوارێکی سه‌یر بوو،ئایا ده‌مانویست به‌و هاواره‌ چی بکه‌ین..چیان پێبڵێین..؟! بۆچی هه‌موومان ئه‌و هاواره‌مان ده‌کردو یه‌ک که‌سێکیش نه‌بوو ئه‌و هاواره‌ نه‌کات! ئه‌و هاواره‌ دیسان پۆلیسی ووشکو حه‌په‌ساو کرد، دیسان ماوه‌یه‌ک بێده‌نگی و خامۆشی باڵی کێشا..پۆلیس ڕه‌ق ڕاوه‌ستابوون و سه‌یریان ده‌کرد،ده‌یانویست تێبگه‌ن ئه‌و هاواره‌ چی بوو،ئه‌و هاواره‌ له‌ کوێوه‌ هات! ئێمه‌ کاتێک له‌ زمان و ئاخاوتن له‌گه‌‌ڵ پۆیس نائومێد بووین..

کاتێک ئیتر زمان نه‌یده‌توانی کارێکمان بۆ بکات،هاوارمان ده‌کرد!

پۆلیس دیسان شاڵاویان هێنایه‌وه‌.  هه‌ر چوار پێنج پۆلیس و له‌ چه‌ند لاوه‌ ده‌هاتن و چنگیان له‌ چه‌ند که‌س گیر ده‌کردو ده‌یانبردن.پۆلیس گورگانه‌ شاڵاویان ده‌هێناو گورگانه‌ ڕه‌فتاریان ده‌کرد.ئێمه‌ هه‌موومان هه‌ستابووینه‌ سه‌رپێ و توند یه‌کمان گرتبوو ته‌نووره‌مان ده‌کرد.وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ بوونه‌وه‌رێک له‌نێو گه‌مارۆی گورگدابێت،به‌یه‌کدا ده‌هاتین.شه‌واره‌ی شه‌وه‌کانی کۆچ پڕه‌ له‌ په‌رته‌وازه‌بوون،ئه‌مجاره‌یان له‌ مه‌ڕو بزن ده‌چووین له‌ نێو گه‌له‌ گورگی هارو برسیدا،گه‌له‌ گورگ موسیبه‌تێکی گه‌وره‌یه‌،گه‌له‌ گورگ به‌ مل شکاندن و سک هه‌ڵدڕینی چه‌ند ئاژه‌ڵێک سروشتی دڕندانه‌ی دانامرکێته‌وه‌.ئه‌و به‌ ئاره‌زوی گورگانه‌ی خۆی،مل ده‌شکێنێ و گه‌رو هه‌ڵده‌دڕێ و وێران ده‌کات، ئه‌وه‌ش ڕه‌وشتی گورگانه‌یه‌.هاواره‌کان له‌ هاوارو قریوه‌ قریوی قازو قورینگان ده‌چوون،کاتێک به‌ ئاسمانه‌وه‌ شه‌واره‌یان کردبێ و ڕێگایان وێڵ کردبێت،یان کاتێک داڵاشه‌کان له‌ نێو خۆیاندا ده‌بینن و ئاسمان پڕ  له‌ قریوه‌و هاوار ده‌که‌ن...

زستان بوو له‌ گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیتردا بۆ ڕاو ڕۆیشتبووین،له‌ دووره‌وه‌ پۆلێک قازمان به‌ ئاسمانه‌وه‌ بینی،قریوه‌یان ده‌هات و به‌ یه‌کدا ده‌هاتن و به‌ ئاراسته‌ی ئێمه‌دا ده‌هاتن.سه‌یرمان کرد دوو داڵاشیان له‌ نێودایه‌و جار له‌ دوای جار خۆیان به‌ قازه‌کادا ده‌داو شپرزه‌یانیان کردبوون.که‌ گه‌یشتنه‌ نزیکی ئێمه‌ یه‌کێک له‌ داڵاشه‌کان چووه‌ سه‌ر پشتی یه‌کێک له‌ قازه‌کان و به‌ره‌و زه‌وی شۆڕ بوونه‌وه‌،من زانیم ئیتر کاری ئه‌و قازه‌ ته‌واو بووه‌، یه‌کسه‌ر به‌ ڕاکردن به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ ڕۆیشتم که‌ ئه‌وان لێی نیشتنه‌وه‌.که‌ گه‌یشتمه‌ لایان داڵاشه‌که‌ فڕی و قازه‌که‌ش له‌ زه‌وییه‌که‌دا که‌وتبوو گیانی تیا نه‌مابوو.منیش سه‌ره‌که‌یم لێکرده‌وه‌و هێنامه‌وه‌ بۆ لای هاوڕێکانم.هاوڕێکانم گوتیان کاتێک چوویته‌ سه‌ری قازه‌که‌ گیانی تیا مابوو؟گوتم نا..من ده‌مزانی مه‌به‌ستی ئه‌وان چییه‌! خه‌ڵکی پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر گیان له‌ به‌رێک سه‌ری نه‌بڕی و خوێنی لێنه‌یه‌ت،ئه‌وا حه‌رامه‌و نابێت بیخۆیت.ئه‌وانیش مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ بوو،هه‌ندێکیان سه‌یری ملی قازه‌که‌یان ده‌کرد تاکو دڵۆپێک خوێنی پێوه‌ ببینن و حه‌ڵاڵی بکه‌ن،به‌ڵام یه‌ک دڵۆپی پێوه‌ نه‌بوو.هه‌ندێکیان ده‌یانگوت نێچیر یه‌کسه‌ر بچیته‌ سه‌ری و ئه‌مدیوو ئه‌و دیوی نه‌که‌یت و سه‌ری ببڕیت،ئه‌وا حه‌ڵاڵه‌!"من ئه‌مدیوو ئه‌و دیویشم کرد"، من گوێم له‌و قسانه‌ نه‌ده‌گرت،نێجیری خۆمم هه‌ر ده‌خوارد.پاشان ئاگرمان کرده‌وه‌و گۆشته‌که‌مان برژاند،گۆشته‌که‌ چه‌ور بوو به‌ سه‌ر ئاگره‌که‌وه‌ چزه‌ی ده‌هات،گۆشت برژاو ده‌ستمان به‌ خواردن کرد،چه‌ند که‌س نه‌یانخوار،ده‌یانگوت وێع...

به‌و جۆره‌ گورگانه‌ تێمان به‌ربوون و هه‌ر جاره‌ چه‌ند که‌سیان لێده‌گرتین. چوار پاسی گه‌وره‌شیان ئاماده‌ کردبوو،ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌گیران ده‌یانیان بردنه‌ نێو پاسه‌کان و پۆلیس به‌ دیاریانه‌وه‌ ده‌وه‌ستان تاکو ڕانه‌که‌ن.چه‌ندین که‌ناڵی ته‌لفزێونیش له‌وێ بوون ته‌سویریان ده‌کرد.من تاکو کۆتایی که‌ ده‌ که‌سێک مابووه‌وه‌ خۆم نه‌دابووه‌ ده‌سته‌وه‌.دواجار چنگیان لێگیر کردم و کێشمه‌کێش ده‌ستی پێکرد.پۆلیس ڕایده‌کێشام و له‌ پشتیشه‌وه‌ گیرابووم و به‌ر نه‌ده‌درام.من ڕووم به‌ لای پۆلیسه‌کانه‌وه‌ بوو،له‌و کاته‌ی که‌ له‌ هه‌ردوو لاوه‌ گیرابووم و ڕاده‌کێشرام ،لام به‌ لای هاوڕێکانما کرده‌وه‌ که‌ تووند گرتبوویانم.بینیم یه‌کێک له‌وانه‌ی که‌ له‌ پشتمه‌وه‌ ڕاوه‌ستاوه‌و منی گرتووه‌،ژنێکی فه‌ڕه‌نسی بوو که‌ تاکو ئه‌و کاته‌ له‌ نێوماندا مابووه‌وه‌!

تووند منی گرتبوو به‌ری نه‌ده‌دام و..به‌ خوڕ فرمێسک به‌ چاوه‌کانیدا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌..! هه‌موو ده‌م و چاوو ڕۆخساری سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو شه‌ڵاڵی فرمێسک و گریان ببوو.من تاکو ئه‌و کاته‌ هیچ گریانێکی ئاوا به‌ په‌رۆش و بێ په‌روام نه‌بینیبوو! له‌وانه‌شه‌ خۆم هه‌رگێز ئاوا نه‌گریابێتم! ئه‌و گریانه‌ بۆ من چرکه‌ی ده‌ست پێکردن و ڕامان و ڕاچه‌ڵه‌کاندنی نوێ بوو! له‌و کاته‌دا به‌ هیچ جۆرێک ئه‌وه‌ له‌ خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی منا نه‌بوو،مرۆڤێک-ژنێک له‌ پشتی منه‌وه‌ ده‌گرێت..! ڕۆخساری ته‌ڕی ئه‌و منی هه‌ژان..ڕۆخساری ئه‌و ئیراده‌و ئارامیی به‌ ڕۆح و ده‌روونی پڕ زامی من ده‌به‌خشی شادی ده‌کردم. چه‌ند جوان و دڵته‌نگ و په‌رێشان و میهره‌بان ده‌گریا! وه‌ک به‌ سه‌ر ئاگری دۆزه‌خی خه‌مه‌کانی منا بگرێ و بڵێت:ناهێڵم بسووتێی! ژنێک به‌ سه‌ر پیاوێکدا ده‌گریاو پێکه‌نین و شادی بۆ ده‌گێڕایه‌وه‌..ژنێک.. له‌ شێوه‌ی ڕه‌‌هێڵه‌ی باراندا ده‌گریاو.. بیابانی ووشکی ڕۆحی پیاوێکی پاراو ده‌کردو ..به‌هاری بۆ ده‌گێڕایه‌وه‌..پیاوێک هه‌ستی به‌ وێران بوون ده‌کردو..ژنێک ئاوه‌دانی ده‌کرده‌وه‌..ژنێک..هه‌رگیز ڕۆخساری له‌ بیرم ناچێته‌وه‌..!!

شانۆگه‌رییه‌کی تاڵ وتراژیدی بوو،پڕ بوو له‌ کاره‌کته‌ری جۆراوجۆر..له‌ گورگه‌وه‌..تاکو چاوه‌ پڕ فرمێسکه‌ سوێرو  ڕۆخساره‌ شیرینه‌که‌ی ئه‌و مرۆڤه‌.نمایشه‌که‌ کۆتایی هات،هه‌موومانیان گرت و خستمانیانه‌ نێو پاسه‌وه‌و پۆلیس به‌ دیارمانه‌وه‌ وه‌ستابوون.خه‌ڵکه‌ فه‌ڕه‌نسیه‌کان تاکو ئه‌و کاته‌ له‌وێ بوون و له‌ خواره‌وه‌ وه‌ستابوون و سه‌یریان ده‌کردین.کاتێکیش به‌ ڕێکه‌وتین،ده‌ستیان به‌رز ده‌کرده‌وه‌و به‌ ده‌ست و  په‌نجه‌کانی خۆشه‌ویستیان..ماڵئاواییان لێده‌کردین..زۆربه‌یان ده‌گریان و ئاو به‌ چاویاندا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌..هه‌موویان ڕۆخساریان جوان بوون..جوان بوون،چوونکه‌ جوان ده‌گریان..!

له‌ نێو پاسه‌که‌دا پۆلیس پێیان گوتین،ده‌تانبه‌ین و ده‌تانخه‌ینه‌ کامپه‌وه‌و لێره‌ داوای مافی په‌نابه‌ری بکه‌ن.هه‌روه‌ها پۆلیسانه‌ش داوای لێبووردنیان لێکردین،که‌ به‌و جۆره‌ گیراوین! سعات یه‌کی شه‌و به‌ ڕێیان خستین سبه‌ی سعات دوانزه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌و شوێنه‌ که‌ ئێمه‌یان بۆ ده‌بردن.گوندێک بوو له‌ سه‌ر سنووری ئه‌ڵمانیاو سویسرا.هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ر پاسێک و بۆ شوێنێکیان بردن.پاسه‌که‌ی ئێمه‌ په‌نجا که‌سی تێدا بوو،بیست و پێنج که‌سیان له‌و گونده‌  دابه‌زاندو  ئه‌وانیتریشیان  بۆ  شوێنێکیتر  برد . له‌وێ هه‌ر  یه‌کێک ژوورێکیان پێداین و هه‌ندێک خواردن و هه‌روه‌ها هه‌ر که‌سه‌و بیست یۆرۆشیان پێداین،گوتیان ئه‌وه‌ بۆ هه‌فته‌یه‌کتان! هه‌موومان پڕخه‌م و بێ حه‌وسه‌ڵه‌ بووین و هه‌ستمان ده‌کرد زیندانی کراوین.من ته‌واو نه‌خۆش که‌وتبووم، تووشی هه‌ڵامه‌ت و گه‌روو ئێشه‌و ده‌نگ نووسانێکی خراپ هاتبووم.که‌سێک وه‌کو به‌رپرسی کامپه‌که‌ له‌وێ بوو،چوومه‌ لای و پێمگوت نه‌خۆشم به‌ڵکو بمبه‌ن بۆ لای دکتۆر؟که‌چی گوتی تاکو مه‌حکه‌مه‌ نه‌کرێن ناتوانن بچن بۆ لای دکتۆر!مه‌حکه‌مه‌شمان ده‌که‌وته‌ دوای سه‌ری ساڵی تازه‌وه‌،ئه‌گه‌ر له‌ بیرم مابێت،هێشتا سیانزه‌و چوارده‌ی مانگی دوانزه‌ بوو،واته‌ ده‌بوا من زیاتر له‌ پانزه‌ ڕۆژ چاوه‌ڕێم بکردایه‌،ئینجا بۆ دکتۆریان ده‌بردم.

له‌ نزیکمانا ده‌رمانخانه‌یه‌ک هه‌بوو،دوای ڕۆژێک له‌ گه‌ڵ یه‌کێک له‌و براده‌رانه‌،که‌ عه‌ره‌بێکی عێراقی بوو که‌مێک ئیگلیزی ده‌زانی،جووینه‌ ده‌رمانخانه‌که‌و گوتمان نه‌خۆشین و پاره‌شمان نییه‌! دوو که‌سی لێبوو، که‌مێک سه‌یری یه‌کیان کردو دوایی پارچه‌یه‌ک حه‌بیان پێدام.هه‌فته‌یه‌ک له‌وێ بووم هه‌ر ڕۆژه‌و چه‌ند که‌س له‌ کۆچبه‌ران ده‌ڕۆیشتن و نه‌ده‌گه‌ڕانه‌وه‌.کۆتایی هه‌فته‌که‌ هه‌شت که‌س ماینه‌وه‌.دواڕۆژی هه‌فته‌ هه‌ر یه‌که‌و چل یۆرۆیان پێداین و گوتیان ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌فته‌یه‌کتان.ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ سواری پاس بووین و چووینه‌ شارێک که‌ نزیکمان بوو،پێم وابێت ناوی"کۆڵمار" بوو.من بڕیارم دابوو بڕۆم بۆ سویسرا،ئه‌و براده‌رانه‌ش گوتیان ئێمه‌ دووباره‌ ده‌ڕۆین بۆ کاڵاس و هه‌وڵ ده‌ده‌ین بچین بۆ به‌ریتانیا.له‌ وێسگه‌ پرسیاری تکتی قیتاری شاری"بازڵ"م کرد،بازڵ شارێکی سویسرایه‌و له‌وێوه‌ نزیک بوو.تکت به‌ ده‌ یۆرۆ بوو،تکتم کڕی و سه‌رکه‌وتم. براده‌ره‌ عه‌ره‌به‌که‌ش له‌ سه‌ر شۆسته‌ی قیتاره‌که‌ ڕاوه‌ستابوو سه‌یری ده‌کردم،ده‌یویست بزانێت له‌ نێو وێسگه‌که‌دا ناگیرێم و ده‌رده‌چم؟

ئه‌و پێشتر گوتبووی مه‌سیحیم،کاتێک قیتاره‌که‌ به‌ ڕێکه‌وت،نیشانه‌ی خاچێکی به‌سه‌ر سینگی خۆیدا کێشاو ماڵئاوایی لێده‌کردم.منیش له‌ په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ به‌ په‌نجه‌کانم ماڵئاواییم لێده‌کردو بزه‌یه‌کی تاڵیش به‌ سه‌ر لێومه‌وه‌ بوو...

 


 

           

 

18/09/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca