من ھەر لە منداڵییەوە ئەو كاتەی ماڵمان لە كەركووك بوو،
دەمزانی كە قوماشی ئیسرائیلی بۆ دروستكردنی جلوبەرگی عەرەبی و
كوردی، ھەرەوەھا چەند جۆرە قاپووتێكی بارانی و گەلێك شتی دیكە
لە عێراق دەردەكەوت، ئەوەش لە توركیا و ئێرانەوە دەگەیشتنە
عێراق. ئەو كاتەی لە ئیسرائیل بووم ساڵی 1986، من لە چەند
شوێنێكی جیا جیا كارم دەكرد، ئەوسا بۆم دەركەوت كە ئەو
بازرگانییەی لە نێوان عێراق و ئیسرائیلدا ھەبوو، راستە. بەڵام
مخابن كە تاكو ئێستا راگەیاندنی كوردی رێگای بە من نەداوە كە
لەم بوارەدا وتارێك بڵاو بكەمەوە تاكو ئەو راستییە دەربخەم. لە
ساڵی 1986 تا 1988 لە رێگای ئوردنەوە گەلێك شتومەك بۆ وڵاتە
عەرەبی و ئیسلامییەكان دەنێردرا، وەك میوە، سەوزەوات، بەھارات،
ئامێری ناو چێشتخانە، كۆندۆم، قوماش و جلوبەرگ. وەك لە بیرمە
كاتی كە لای بازرگانێكی عەرەب كارم دەكرد، ئەو بازرگانە داوای
لە من كرد كە نووسینی (مێد ئین ئیسرائیل) لە جلوبەرگەكان بە
مەقەس ببڕم و لایبەم. منیش ئەو رۆژە دوای سێ كاتژمێر لە بڕینی
(مێد ئین ئیسرائیل) پەنجەكانم ھەمووی سڕ بوون. ئێدی ئەوە بوو
ھەر ئەو رۆژە بە خاوەنەكەیم گوت "داوای لێبوردن دەكەم ئیتر من
ئەو كارەم پێ ناكرێ." ئەوە بوو ھەر ھەمان رۆژ وازم لەو كارە
ھێنا. ھەروەھا جارێكیان لەگەڵ برادەرێكی عەرەب كە پێكەوە بووین
داوەتی ماڵەوەی كردبوو، لە رێگا وەستا و بە منی گوت وەرە با
سەردانی ئەو فابریكەیە بكەین كە ھی جلوبەرگ بوو. ئەو فابریكەیە
لقێك بوو لە یەكێك لە فابریكا مەزنەكانی ئیسرائیل بوو كە كاری
دروونی جلوبەرگ بۆ وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكان بوو. لەو
فابریكەیە نزیكەی 30 كەس كاری لێ دەكرد. منیش ویستم بۆ یادگاری
وێنەیەكیان بگرم، بەڵام خاوەنەكەی رێگای پێ نەدام و زۆریش لێم
تۆڕە بوو و گوتی "من وام زانی تۆ وەك میوانێك لەگەڵ ئەم
برادەرە ھاتی بۆ ئێرە، بەڵام بۆم دیار كەوت كە تۆ
رۆژنامەنووسی، مەبەستم (جاسووس) و ئەگەر ئەم برادەرە لەگەڵت
نەبوایە، ئەوە من ئەو كامیرەیەم بە سەر سەرتا پارچە پارچەم
دەكرد. چونكە ئێوەی رۆژنامەنووس ویژدانتان نییە و پارەی زۆر بە
كاری درۆ پەیدا دەكەن. دە فەرموو بڕۆ بۆ دەرەوە با ئێمەش كاری
خۆمان بكەین. و ئەگەر جارێكی تر نزیكی ئەم فابریكەیە
بكەویتەوە، ئەوە من دەزانم چیت لێ دەكەم." بە راستی من ھیچ
نیازێكی خراپم نەبوو، چوونەكەشم بۆ ئەو فابریكەیە بێ پیلان
بوو. كەچی ئەو بازرگانە ئەو ھەموو سووكایەتییەی بە من كرد.
دوایی بۆم دەركەوت كە ئەو بە رێگای نایاسایی لەم فابریكەیە
كاری دەكرد، واتە كاری رەش.
نموونەیەكی دی ئەویش (ئیبراھیمۆك لێڤی)یە، كە بە رەگەز كوردێكی
ناوچەی شێخانە. ناوبراو جارێكیان داوای لە من كرد كە سەردانیان
بكەم. منیش ئەوە بوو چووم بۆ لایان و بۆ ماوەی رۆژێك لایان
مامەوە، ئەوە بوو ئیبراھیمۆك بە منی گوت "ئەگەر كارێكی گرنگت
نییە، وەرە با بەیەكەوە بچین بۆ ئیلات، من بە شاحینە بەھارات
بار دەكەم و دەبەم و لەوەێوە بە گەمی رەوانەی دەرەوی ئیسرائیل
دەكرێت." منیش لەگەڵی چووم بۆ ئەو شوێنەی كە بەھاراتەكەی لێ
بوو. ئیبراھیمۆك داوای لە من كرد كە ئەو كاغەزانەی بە سەر
گوینیانە بوون كە لە سەریان نووسرابوو (مێد ئین ئیسرائیل) لێی
كەمەوە و فڕێی دەم. ھەروەھا وەك بەڵكە تاكو ئێستا ئەو
كاغەزانە، یان ئەو ماركانە لام ماون و پار لە ھەرێمی كوردستان
رادەستی كۆڤارێكی كوردیم كرد، بەڵام تاكو ئێستا لە راگەیاندنی
كوردیدا باسی لێ نەكراوە و بڵاو نەبۆتەوە. بۆیە من ئێستا ناچار
بووم كە لەگەڵ كارمەندێكی ئیسرائیلی بە تەلەفۆن قسە بكەم، تاكو
چەند زانیارییەكی راست و دروست لە سەر ئەم بازرگانییە لێی
وەربگرم. ئەو كارمەندە لە بەر كارەكەی لە دەست نەدات مەرجێكی
ھەبوو كە ناوی ئاشكرا نەكەم. ئایا لە دەوڵەتە عەرەبی و
ئیسلامییەكان چ دەوڵەتێك پەیوەندی بازرگانی راستەوخۆ، یان
ناراستەوخۆی لە گەڵ ئیسرائیل ھەیە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "لە
دەوڵەتە عەرەبییەكان ئوردن یەكەمە و میسر دووەمە، و لە
ئیسلامییەكانیش ئێران یەكەمە و توركیا دووەمە." دەربارەی (مێد
ئین ئیسرائیل)، ئایا ئێستا لە سەر شتەكان دەنووسرێ یان نا؟
ئەویش لە وەڵامدا ئاوھای گوت "لە ئوردن، میسر و توركیا (مێد
ئین ئیسرائیل) نووسراوە، بەڵام لە ئێران، سووریا و عێراق، نا.
چونكە بە بێ ماركە لەوێ دەفرۆشرێن. ئایا ئێوە (ئیسرائیل) ھیچ
شتێك لە ئێران دەكڕن؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "گوێزی ھەورامان،
فستەقی قەزوین، ئازەربایجان، ئیلام و لوڕستان و گەلێك شتی
دیكە." دەربارەی گوێزی ھەورامان ئێوە لە كێ دەكڕن؟ لە وڵامدا
گوتی "ئێمە لە بازرگانەكانی فارس، ئازەری و عەرەب دەكڕین،
بەڵام مافی ئەوەمان نییە كە پەیوەندی لەگەڵ بازرگانە كوردەكان
بكەین و شتیان لێ بكڕین." ئایا رژێمی ئێرانی ئیسلامی بەم
بازرگانییە دەزانێ، یان نا؟ لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ، رژێمی
ئێرانی باش ئاگای لێیە، چونكە ئەم كارە سپییە (یاسایی)یە."
باشە، رژێمی ئێرانی ئیسلامی دەڵێ ئیسرائیل شەیتان و كافرە،
كەچی لە ھەمان كاتیشدا شت لە ئیسرائیل دەكڕێ و بە ئیسرائیلیش
دەفرۆشێ، باشە ئەمەیان یانی چی؟ لە وەڵامدا گوتی "ئێران باش
دەزانێ كە ئیسرائیل شەیتان و كافر نییە، بە كورتی ئێران گاڵتە
بە عەقڵییەتی كورد و فەلەستینییەكان دەكا و بە كێشەكانیان
بازرگانی دەكا. من دەمەوێ بڵێم كە من وەك كارمەندێكی كوردی
ئیسرائیلم، حەز دەكەم لە لەگەڵ بازرگانێكی كوردی كوردستان قسە
بكەم و پەیوەندیم ھەبێ، كەچی تاكو ئێستا رژێمەكانی ئێرانی
توركی رێگایان نەداوە، ھەروەھا ئیسرائیل دەیەوێ لەگەڵ عێراق
راستەوخۆ بازرگانی بكا، مخابن كە تاكو ئێستا ھیچ وەڵامێكمان
وەرنەگرتۆتەوە، بەڵام لە رێگای ئوردنەوە گەلێك شت رەوانەی
عێراق دەكەین." منیش گوتم، ئەگەر عێراق رێگا بدا ئایا ئێوە چ
لە عێراق دەكڕن؟ لە وەڵامدا گوتی "خورمای بەسرا، تووتنی
شارەزوور، گوێزی ھەورامان، میوە و تووی بادینان، ماستی ھەولێر
و زاخۆ، گەزۆی سلێمانی، سماقی باڵەك، نەوت و ئاوی كوردستان و
گەلێك شتی دیكە." و لە كۆتاییدا لێم پرسی، ئێوە چ لە میسر
دەكڕن؟ گوتی "غاز و ھتد." ھەروەھا ئەو كاتەی كە دیدارەكە تەواو
بوو بە منی گوت "ئەگەر دەتەوێ، ئەوە دوو كیلۆی گوێزی ھەورامان
و فستەقی ئیلام بۆت رەوانە دەكەم." منیش سوپاسی ئەو برادەرەم
كرد و پاش ھەفتەیەك، ئەو پاكێتەم بە دەست گەیشت و ئەم وتارەشم
تەواو كرد و بۆ چاپی وتارێكی ئاوھا لە راگەیاندنی كوردیدا تاكو
ئێستا ئەوە 22 ساڵە ھەوڵ دەدەم كە بڵاو بكرێتەوە، بەڵام مخابن
تاكو ئێستا بۆ یەكجاریش بڵاو نەكراوەتەوە.
|