كاریگەری ترس بەسەر كەسێتی مرۆڤەوە
توێژەرى كۆمەڵایەتى:
 حەمەى ئەحمەد ڕەسوڵ
 

 
بەشی یەكەم و دووه‌م

ترس ، بەپێی پێناسەیەكی سادە ئەتوانین بەو حاڵەتەوە روونیو بەو هەڵچوونە ناوزەدەی بكەین كە لەهەستو سۆزی مرۆڤەوە پەیدا ئەبێتو كۆدەمارەكانی جەستە ومێشك بەكاردانەوەكەی هەڵئەستن ، سووڕی خوێنو هەستیاری بینینیو بیستنو هەروەها بیركردنەوە تێك ئەداتو گرژییەك لەگەدەی مرۆڤدا دروست ئەكات !.

ڕەنگدانەوەی حاڵەتی ترسو تۆقینی لەگەورەوە بۆ بچووك جیاوازی هەیە ... لە كۆمەڵێكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی دیكەش گۆڕانكاری بەسەردا دێت ... بارودۆخی ژینگەو دەوروبەر ، كەلتوورو ئاستی رۆشنبیریو كاریگەری دابو نەریتو نۆرمی كۆمەڵایەتی هەر كۆمەڵگایەك پێوەرن بۆ خوڵقاندنو چاندنی تۆوی ترس لە مرۆڤو تاكەكانی ئەو شوێنو جێگەیەدا كە گوزەرانو ژیانی تیادا بە ئەنجام ئەدرێت ... !

زۆر لە زانایانی دەرونناسیو پزیشكان پێیان وایە كە بوونی ترس لە بیركردنەوەو ڕەفتاری مرۆڤی ئاساییدا بەڵام بە ڕێژەیەكی دیاریكراو وماقووڵ زۆر سروشتیەو بگرە زۆر پێویستە ، ئەگەر ترس نەبوایە ، ئێمە زۆر ئاسایی بوو بەلامانەوە ، لەنهۆمی دەیەمو بیستەمی ئەپارتمانێكی بەرزەوە خۆمان فڕێ ئەدایە خوارەوە ، یان ئەگەر ترس نەبوایەو مێشك بیركردنەوەمان ئەو فەرمانەی دەرنەكردایە ، رەنگ بوو ڕۆژی هەزاران كەس خۆی بخستایەتە بەر سەیارەی گەورەو پاسو شەمەندەفەرەوە یان خۆیان فڕێدایەتە ناو دەریاو ڕووباری زۆر قووڵو بێ بنەوە .!!
كەواتە ئاساییەو سروشتیە ترس لەدڵو دەروونماندا هەبێت ، بەڵام نەگاتە ڕێژەی نائاساییو لەڕادەبەدەر كە مرۆڤێكی ترسنۆكو دەستەپاچەمان لێ دروست بكات .
سەبارەت بەسەرهەڵدانو پەیدابوونی ترس لە مرۆڤداو دەستپێكردنی بەقۆناغی مناڵیدا ، زۆر لە دەرونناسانو زانایان تیوریو رێبازی جیاواز جیاوازیان هێناوەتە ئاراوەو بوچوونی جودا وكۆك وناكۆك خەمڵیووە .

هەندێك لە تیورییەكان ئاماژە بۆ ئەوە ئەكەن كە مناڵ هەر بەغەریزە ترسی لەگەڵدایەو وەها لەدایك ئەبێت ، هەندێكی دیكەش سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ترس لە مناڵی كۆرپەدا ئەگەرێتەوە بۆ دەنگی بەرزو بۆ كەوتنو بەربووونەوەی مناڵی كۆرپە لە شوێنی بەرزەوە ، یاخود تاریكیو تەنیایی هۆكاری دیكەنو حاڵەتی ترس لە لای مناڵ ئەخوڵقێنن ...!
هەندێك لە مناڵان هیچ كاتێك لە مانای ترس تێناگەن بەڵام زۆربەیان وبەدرێژایی تەمەنیان لەگەڵ كۆمەڵێك لە ئەزموونی ناخۆشی ترسناكدا ، ڕووبەڕووی ترس بوونەتەوە ، بۆ نموونە لەكەسانی غەریبو نەناس یاخود لە تاریكی ، لە ئاژەڵانی وەكو سەگ وپشیلە ئەترسن ( كە لە ڕاستیدا باوان هەر لە منالێیەوە لەسەگو پشیلەیان ئەترسێننو بۆنەكردنی كارێك پەنا بۆ ئەو درۆیە ئەبەن كە گوایە پشیلە یان سەگ دێنو ئەتانخۆن ، ئیدی مناڵ هەر لە منالێیەوە هۆگری ئەو حاڵەتە ئەبێت كە دژ بە ئاژەڵو گیانلەبەر بێتو ئەمەشو كەلتوورێكی خراپەو ترسو ڕق لە مرۆڤ وكەسایەتییەكەیدا مووتووربە ئەكات ... ! هەروەها ترساندنی مناڵ بەدەرزیو بەپزیشك وبەخەستەخانە ، ترس لەباو گەردەلوول ، ترس لە دزو لەشەوەو لەسواربوونی ئۆتۆمبێلو چەندەها حاڵەتی دیكە لەقوناغێكی تایبەت بەژیاندا توندتر ئەبنو وەكو ئەڵێن ، دەنگی بەرز مناڵی تەمەن دووساڵانە ئەترسێنێتو ئەگاتە ئەوپەڕی تۆقاندن .
مناڵ لەسەرەتاكانی تەمەنیدا لەشتی نوێو وشتی گەورەی وەكو ئاژەڵو ئۆتۆمبێلو شەمەندەفەر ، لەدەنگی وەكو گسكی كارەباییو لەدەنگی بەرزی ڕادیۆو تەلەفزیۆن ئەترسێت ...
هەرچەندە سەردەمی ژیان بۆ مناڵان پڕە لە شادی وبەختەوەری بەڵام سەردەمێكیش لە ژیانی مناڵی ترس بوونی خۆی هەیەو كە تیایدا زانیارییەكانیان دەربارەی شوێنو كات لەم دونیا گەورەیەدا زیاتر ئەبێت ، لەم خوولەی تەمەنەدا یەكێك لە گەورەترین ترسەكان لە مناڵدا ئەوەیە كە نەوەكو دایك وباوكی بەجێی بێلًن ..
لەزیادبوونی ئەزموونەكانی مناڵ دەربارەى شوێنو جێگەی ژیانی هەندێكو ڕێژەیەك لە ترسی لەناو ئەچێت ، بەڵام جۆرێكی دیكەی ترس / جێگای ترسەكانی پێشوو ئەگرێتەوە هەندێ مناڵی تەمەن (3تا4) ساڵانە ، لەوانەیە بەتایبەت لەدەنگە بەرزەكان ولەتاریكی بترسن ، بەڵام مناڵی تەمەن (5) ساڵان كە ئەزموونیان زیاترە ، ئەوان دەربارەی شەمەندەفەر ، فڕۆكە ، سەیارە ، ئاژەڵو گیانلەبەران ، زانیارییەكان دەست كەوتووە ، ڕەنگە زیاتر لەوە بترسن كە نەوەكو دایكو باوك بەتەنیا بەجێیان بهێڵن ، ئەوان زیاتر هۆگری باوانیانن وەكو لە شتوومەكی دەوروبەر ...
بەپێی بۆچوونی دكتۆر گاربەر كە پسپۆری بواری مناڵانە زۆربەی مناڵانی تەمەن (6) ساڵان ، كە ئەو بەتەمەنی سەرهەڵدانی ترسەكان ناوەزدەی ئەكات ، لەدەنگی بەرزو لەگیانەوەری گەورە ئەترسن ... بێگومان ڕەنگە ئەو بۆچوونە لەڕۆژاوا ڕاست بێت ، بەڵام لە كۆمەڵگای كوردیدا لەبچووكەوە بۆ گەورە لە ئاژەڵ وتاریكیو لە تەنیاییو بگرە لە شوێنی بەرزو لە ئاو وتەنانەت لە قالۆنجەو مشكو جرجیش بترسن ..

كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاستی ڕۆشنبیریو ئازایەتی پەروەردەكارو باوانەوە هەیە ئەگەر دایكێك ترسنۆك بێتو لەمشك زیڕەی كردبێت ، بێگومان مناڵەكانیشی هەر بەو چەشنە پەروەردەو گۆش ئەكات !

ئەزموونی تاكە كەسو دابو نەریتو كەلتووری كۆمەڵایەتی ژینگەو دەوروبەر پێوەرو هۆكارە بۆ دروستكردنیو چاندنی تۆوی ترس لەدڵو دەروونی مناڵدا .. بیركردنەوەو ئاستی فێربوونو ئەقڵییەتو ڕەفتاری دایكو باوك ، كە لەقسەو كردەوەدا ڕەنگ ئەداتەوە باشترینو گرنگترین كاریگەرن لە پەروەردەكردنی مناڵی ئازایان مناڵی ترسنۆكدا .....!
زۆربەى زۆرى مناڵانى تەمەن( 6) ساڵانە ، كەتەمەنى سەرهەڵدانى ترسە دور نیەو رەنگە دووبارە وەكو مناڵى یەك ساڵ لەدەنگى بەرز بترسنەوە ، ترس لە نامۆو لەتاریكىو لەتووڕەبوونو قیژاندنو لە بە تەنیایى نووستن لەڕیزى یەكەمى ترسەكاندایە . زۆربەى مناڵان لەئاگریان لەبەرزایى یان لە گیانلەبەرى گەورە ئەترسن ، هەندێكیان ئازانو بەغیرەتن بەرامبەر بە ئازارى جەستەیان ، بەڵام لە ڕووشانو برینو خوێن دەترسن .
لەتەمەنى حەوت ساڵییەوە بەرەو ژوورو بەتایبەت لاى ڕەگەزى مىَ (لە كۆمەڵگەى كوردیدا) تەفسیركردنو لێكدانەوەى هەندێك دیمەنو جووڵە بۆ ترس زۆر ئاساییەو گەلێك ڕوودەداتو دووبارەو چەند بارە ئەبێتەوە ، بۆ نموونە سێبەرەكانو جەوڵەى دارودرەخت بە شێوەى دێوو درنجو دەعباو یاخود بەبوونەوەرى ترسناك لە ماڵەوە وەكو خیۆو جنۆ كە تەفسیر ئەكرێت ، بۆیە زۆرێك لەمناڵان ( بگرە لاوەكانیش ) بۆ چوونە حەوشەو تەوالێت یان حەمام لەشەوانەدا زۆر ئەترسنو پێویستە گەورەیەك یاوەرىو پاسەوانى بكات بۆ ئەوەى ترسەكەى بڕەوێتەوە .
لەتەمەنى (7) ساڵى بەدواوە زۆربەى مناڵ لەوە ئەترسن كەلاى باوان خۆشەویست نەبن ، درەنگ بگەنە قوتابخانە یان دایك هەرگیز نەگەرێتەوە لاىو لێى ون ببێت . بەڵام لەتەمەن (8-9) ساڵیدا بەشێوەیەكى گشتى ڕێژەى ترس لەمناڵدا كەمتر ئەبێتەوەو لە شێوازێكى دیكەدا خۆى ئەبینێتەوە ، لەوە ئەترسن كەسانى تر گاڵتەى پێبكەن ، یان كەسانىَ لەو بەهێزتر شەڕى لەگەڵدا بكەنو لێى بدەن ، واتە : كەسایەتییەكەى لاواز بێت ... لەدواى (10) ساڵى مناڵ متمانەى زیاتر بە خۆى ئەبێتو هەندىَ جۆرى ترسى لەلا كەمتر ئەبێتەوە ، بەڵام ترسەكان كۆتاییان نایەت بەگەورەبوونى تەمەن ... مناڵ یان گەورە هەریەكەیان بەجیا ترس تایبەتو جوودا بەخۆیان هەیە .... مناڵى سەردەمێك لەمناڵى سەردەمێكى دیكە جیاوازرترە ... بۆ نموونە مناڵى ئەم سەردەمە لەفیلمى ترسناك كە پێكدادانى ئۆتۆمبێل سەرخۆشو لەبەرزایىو لەدز ئەترسێت ، بەڵام لێكۆڵینەوەى ڕۆژاوا ئەوەى سەلماندووە كە وەچەى پێشوو (كەدایكو باوكى ئێستان) لەبەرزایىو لەدزى شەوانە ترساون .
بەڵام لاى خۆمان زۆربەى مناڵانى زوو لەقوتابخانە ئەترسان ، هەروەها لە كۆمەڵە شەقاوەیەك ئەترسان كەسەر سیلەى كۆڵانو شەقامیان ئەگرنو لەمناڵانیان ئەداو چەقۆو بۆكس خەنجەریان بەكار ئەهێنا .!

هەروەها ترسمان هەبوو بەناو كۆمەڵێك پیاودا قسەبكەین چونكە دوایى دەم كوت ئەكراینو بیرازێك لە لێدانمان ئەچەشت .!

بەشێوەیەكى گشتى چۆنیەتى پەروەردە كردنى مناڵ لەناو خێزاندا ڕەنگو هێڵ ئەڕێژێتو لەبونیاتنانى كەسایەتى مرۆڤدا گەورەترین ڕۆڵى خۆى ئەگێڕێت ، خێزان ئەتوانێت لەم بارەیەوە تۆوى ترس لەناخو دەروونى مناڵدا بچێنێتو مرۆڤى ترسنۆكى لىَ دەستەبەر بكات ، هەر ئەو خێزانەش ئەتوانێت (بەتایبەت دایكان.. ئاستى ڕۆشنبیرىو ئەقڵو پتەوى بارى دەروونىو كەسایەتى دایكان) مناڵ لەسەر بنچینەیەكى توندو پتەو گۆش بكەنو مرۆڤێكى ئازاو نەبەردى لىَ دروست بكەن ...!

ترس ، كاریگەرى نێگەتیڤو سەلبىو خراپ بەسەر كەسایەتى مرۆڤەوە جێدێڵێت كە لەڕەفتارو بیركردنەوەو ئیشوكاریدا رەنگ ئەداتەوە ، ئەو كەسەى لەمناڵیدا ترساوە كەسایەتییەكى لەرزۆكو لاواز پەشێۆو پەرشو بڵاوى ئەبێت ، هەمیشە هەست بەكەمىو بەكەسایەتى لاوازو بێهێزى خۆى ئەكات ، دڵە ڕاوكەو خەمۆكىو نیگەرانىو پەرێشانى لەخەسڵەتە گرنگەكانى ئەم كەسایەتییەیە ، ترس ، كارو كاردانەوەیە ، كارلێكەرى كیمیایى لەنێو جەستەو ئەندامەكانى لەشدا ڕوو ئەدات ، مێشك دەماغى مرۆڤ فەرمانێكى پێچەوانە دەرئەكات ، سووڕى خوێن گۆڕانى بەسەردا دێت ترپەى دڵ زیاد ئەكات ، ئارەقەو ئارەقكردنەوە سەراپاى جەستەى مرۆڤ داگیرئەكات ، ئەژنۆ ئەلەرزێت ، هەستیارى بینین ئەشێوێت ، كەئەوانەش بەهۆى دەردانى ئەنزایمێكەوەیەو ئەگەر ئەم حاڵەتانەى ترسو خروپەو تۆقین دووبارەو چەند بارە ببینەوە ، دوور نییە تووشى نەخۆشى شەكرەى نەكات دڵە خورپەو ڕاوكە (الخفقان) یەكێكى ترە لەو نەخۆشییانەو لەبیركردنەوەو لەڕەوشتى ئەو كەسەدا رەنگ ئەداتەوە ئەوكەسەى ترس زاڵبووە بەسەریدا كەمتر جووڵەو ئیشى پێئەكرێت داهێنان لە مێشكیدا ئەسڕدرێتەوە وردە وردە پەراوێز ئەبێتو خۆى خۆى گۆشەگیر ئەكات ...
گەورەبوونو تەشەنەكردنى ترس لەگەڵ گەورەبوونو چوونە تەمەنەوەیە كەسێتى مرۆڤى ترسنۆك زەمینەى خۆشتر كە دووچارى نەخۆشییە دەروونییەكان ببێتەوە هەربۆ وێنە ترس لەئاژەڵو گیانەوەرى وەكو پشیلەو سەگو مشك (كە لە كۆمەڵگەى كوردیدا زۆربەى بەربڵاو فراوانە ) كاردانەوەى نێگەتیڤو خراپى ئەبێت لە دروستكردنى ترسو ڕقو تۆڵە كردنەوەدا لە ئاژەڵان بەگشتىو ئەمەش زۆر خراپەو لەڕەوشتدا رەنگ ئەداتەوە .!

بەشی دووەم

هەروەها ترس لەتاریكىو لەتەنیا نووستنو لەبەرزایىو لەئاگرو ئاو ... هتد زۆر خراپنو كەسایەتى لاوازو شكست دیًنێتە بەرهەم ، نەبوونى ئیرادەو ویستو متمانە بەخۆ بوون سەرهەڵئەدەن كەئەبێتە نەخۆشىو زۆر ڕووخێنەر ئەبنو كەسایەتى مرۆڤ لە سروشتیەوە ئەگۆڕن بۆ نا سروشت ، مرۆڤى ئازادو ئازا كۆیلەو بێدەرەتانو ترسنۆكو لەرزۆك لێدەكات ، هێدى هێدى ترس گەمارۆى هەموو ئەندامەكانى لەشو جەستە ئەدات ئەقڵو رۆحو دەروونو هەستو بیركردنەوەو ڕەفتارى مرۆڤ ئەشێوێنێت ، ئاسوودەیى بەختەوەرى لىَ زەوت ئەكات نیگەرانىو دڵە ڕاوكىَو پەرێشانى جێگەى ئەگرنەوە ڕێژەى متمانەو باوەڕ بەخۆو بەدەوروبەر كەمتر ئەكاتەوە گومانو دوودڵىو ترس لەهەموو شتىَ زیاد ئەكات ، هیچ هێزو توانایەكى نامیێنێت بۆ ئەوەى بەڕاشكاوىو بەبىَ دوودڵى بڕیار بدات ، تواناى بەرەنگار بوونەوەو بەرگرى لەخۆكردنى تیا نامێنێت ، لەهەموو هەڕەشەو دەسەڵاتێك ئەترسێتو مل بۆ هەموو شتێك كە چ ئەكات ، هەرگیز ناتوانێت تێبكۆشێتو كۆشت بكات دەستەو یەخەى قەدەرو ڕۆژگار ئەبێتو هیچ كام لەوانەش بەزەیى بەحاڵى ئەمدا نایەتەوە ،چونكە ناتوانێت ئازادانەو ئازایانە بڕیار بداتو بەوپەڕى ئیرادە بەرزییەوە ژیانێكى شایستە بۆ خۆى بنیات بنێت !

هەروەها ترس ڕۆڵى هەیە لە خەفەكردنو چەپاندنى حەزو ئارەزووەكان ، لەئەنجامى ترسدا هەموو ئاشكراو نهێنییەك خەفە ئەكرێتو ئەشاردرێتەوە ، هەمیشە ئەو كەسانەى دەترسن هەمیشە هەست بەتاوانێك دەكەن خۆیان بەتاوانبار وپىَ خراپ دێتە پێش چاو ، ئیدى ناتوانن هیچ گرفتو كێشەیەك چارەسەر بكەنو خۆیان پىَ كەمەو هەست بەكەمى ئەكەن ، هەست بە بەرپرسیارێتىو شیكاركردنو چارەسەركردنى ئاریشەو گرفتەكان زۆر گرنگن لەژیاندا ... بەپێچەوانەوە ئەو كەسانەى كە ئەترسن زۆر زەلیلو داماون ، هەمیشە فەرمانو داخوازى كەسانى دەسەڵاتدارو بەهێز قبوڵ ئەكەنو مەسینە دانەرى كەسانى بەرپرسو دەوڵەمەندن ...
ئەوەى لەم باسەدا زۆر گرنگەو شایانى قووڵبوونەوەو گرنگى پێدانە ، شێوازەكانى بەرگریكردنو بەربەست دانانە بەرامبەر بەهێزو زەبرى ترس لەدڵو دەروونى مرۆڤدا ... چارەسەركردنى حاڵەتەكانى ترسو كەسانى ترسنۆك زۆر گرنگەو لەبەشى داهاتوودا بەتێروتەسەلى لەمناڵو گەورەدا ئەخەینە ژێر باسو لێكۆڵینەوە ....!
شایەنى وتنە, لە بەشەكانى دیكەى ئەم وتارەدا, باسمان لە حاڵەتەكانى ترس و ترساندنى مرۆڤ كرد بە گشتى لە قۆناغەكانى مناڵى و گەورەییدا, هەروەها بەپێى تەمەن و كاریگەرییە سەلبى ونەگەتیڤەكانى ترس كرد بەسەر كەسایەتى مرۆڤەوە و رەفتار و بیركردنەوەى مرۆڤى ترساو یان تۆقیو لە كۆمەڵگەدا, كە چەند هۆكارى خراپ و بەد بەجێدێڵێت و پێویستە هەوڵبدەین كاریگەرییەكانى ترس كەم و كەمتر بكەینەوە و چارەسەرو بنبڕكردنى ئەم حاڵەتە بدۆزینەوە... لەبەر ئەوە هەوڵدەدەین بە كورتى رێگەچارە یاخود رێنوومایى گشتى و گرنگ بۆ بەرگیركردن و پتەوترنەبوونى ترس لە دڵ و دەروونى مرۆڤدابخەینە بەرچاو:
پێش هەموو شتێك لە قۆناغى منداڵیدا, دایكان و باوكان پێویستە ئاگادارى ئەوەبن كە بە هیچ شێوەیەك نابێت بوونى ترس بە هەموو شێوە و جۆرەكانییەوە پشتگوىَ بخەین, كە ئیدى منداڵ ناتوانێت بە ئاسانى و بە سروشتى هاتوچۆبكات و تواناى راپەڕاندنى كارەكانى خۆى كەمتر دەبێتەوە, پێویستە لەسەر باوان كە هاریكارى و دەستتێوەردانى هاوكارییان هەبێت, بۆ وێنە زۆربەى زۆرى مناڵان لە تاریكى دەترسن, بە تایبەت مناڵ لە تەمەنەكانى (3-6) ساڵى, كەواتە بۆ ئەوەى منداڵ بە ئاسوودەیى بخەوێت و كەمخەویى كاریگەرى نەبێت بۆ سەر لەشساغى و بیركردنەوەیەوە, پێویستە كاردانەوەى باوانیشی بەرامبەر بە مەترسییەكانى (ترس) رادەبەدەر نەبێت و ئاسایى بێت, ئامۆژگارى وەكو (ئاگاتان لە خۆتان بێت!) زۆر پێویستە و مناڵ ئەتوانێت بەوهاوكاریى و پشتگیرییە, بەرگرى بەرامبەر بە ترس و شتى نامۆ پەیدا بكات....
پێویستە زۆر بە هێمنى و دوور لە تووڕەیى و گاڵتەپێكردن و رەخنە و توانجى نەگونجاو كە مناڵەكە تەریق بێتەوە و پێی بشكێت, ئامۆژگاریى و رێنوومایى مناڵ بكرێت بۆ ئەوەى نیگەرانیەكەى بڕەوێتەوە, هەوڵبدرێت ترسەكەى بیربچێتەوە, نەوەك بۆ ماوەیەكى كورت بشاردرێتەوە, بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بە تووڕەییەوە ترسەكەى لە لا كەمبكەینەوە, لە ناخ و دەروونى مناڵەكەدا زیاتر ئەبێت و وردە وردە رەگ دائەكوتێ...!
لەگەڵ رێنوومایى هێمن و پشتگیرى ئاسایى (نەك لە باوەشگرتنى و ماچكردنى) مناڵەكە پێویستە رەفتارى نەترسانە و عەمەلی و پراكتیكى لەگەڵ مناڵەكەدا بچنە سەرچاوەى ترسەكە و پشكنین ئەنجامبدەن, باشترە لە قسە و درێژدادڕى.
پێویستە مناڵ هانبدرێت بچێتە تاریكى و لەگەڵ ئاژەڵاندا یاریبكات, نەوەكو بترسێنرێت لێیان..! كەواتەدەستنیشانكردن و دیاریكردنى هۆكارەكان و سەرچاوەكانى ترس زۆر پێویستە بۆ ئەوەى هەوڵ بدرێت بەشتە نادیار و نامۆكان ئاشناتر ببێت...
بەڵام پێویستە سەرچاوەى ترسەكان بەپێى جۆریان كە هەندێكیان سوودبەشخن و هەندێكى تریان زیانبەخشن, لە مناڵ جیابكرێنەوە رێنوومایى كردنى بە دووركەوتنەوە لە زیانبەخشەكان و پێویستە و گرنگە.. كەواتە دوورخستنەوەى مناڵ لە ئاگر و ئاوى قووڵ و مار و مشك و پشیلە كارێكى باشە, بەڵام زۆر شتى تر هەن پێویستە هۆگرى و ئاشنایەتى لەگەڵدا پەیدا بكات....!
هەوڵ بدرێت رەفتارى دایك و باوكێكى ترساو یان راچڵەكیو لە شتێكى نامۆ لەبەردەم مناڵدا ئەنجام نەدرێت, چونكە باوان نموونەن بۆ مناڵان و لاسایكردنەوەى گەورە شتێكى زۆر شیاوە, بەرگرى لەو مناڵە ترساوە بكرێت و پشتگیرى بكرێت پێویستە, هەروەها حەساسیەت لە نێوان مناڵى ترسا و خوشك و براكانیدا نەهێڵدرێت و بەریەككەوتن و هەستى نامۆ و سڵ لە یەكتر كردنەوەى نێوانیان زۆر خراپە و پێویستە چارەسەر بكرێت... دروستكردنى پەیوەندییەكى گەرم و هاوڕێیانە لەگەڵ مناڵێكدا كە ترساوە زۆر گرنكە, تەنانەت ئەگەر رێژەى ترسەكە بەرزە و كاریگەرى كردووەتە خەو بزڕكان و خەوزڕاندن و كەمخۆرى و بیكردنەوەى مناڵەكە, پێویستە پیشانى نۆژدارى دەروونناس و پسپۆڕ بدرێت, هەوڵبدرێت زانیارى مناڵ زیاد بكرێت سەبارەت بە ئاگر و تاریكى و ئاژەڵان, بۆ ئەوەى بیركردنەوەى خراپ و كاردانەوەى خەیاڵى خراپ و ناخۆش لە مێشكیدا سەبارەت بەو شتانە دروست نەكات... چونكە خەیاڵى مناڵ زۆر تیژ و كاریگەرە, زۆر فراوان و بێسنوورە... لەگەڵ پێدانى زانیارى و رێنووماییدا, چیرۆكى ئازایەتى كەسانى چاونەترس و نەبەردى بۆ بگێڕینەوە, دڵنیای بكەن كە تاریكى و هەندێك ئاژەڵ مەترسییان نییە, بەو مەبەستەى مناڵ بەسەر ترسدا زاڵببێت و بەهێزترببێت, هەندێك مەشق و هاتوچۆى پراكتیكى پێبكەن و لە نێو تاریكیدا بۆ چەند خوولەكێك جێیان بهێڵن (بۆ نموونە).... هەروەها لە ئاكامى كردنى ئەو كارەدا پاداشتى مەعنەوییان بدەنىَ, وەكو بردنیان بۆ دەرەوە وبۆ باخچە و بۆ سینەما...هتد!
هەوڵبدەن بە یارمەتى(پسپۆڕ و پزیشك) مناڵتان حەز لە ئارامیى و لە هەمانكاتدا بە هێزى و ئازایەتى بكات... فێرى ئەوە بكرێت كە متمانەى بە قسەو رەفتارى باوانى هەبێت (بەمەرجێك دایك و باوك ترسنۆك و تووڕە و هەڵەشە نەبن!) بۆ ئەوەى مناڵیش پشت بە خۆی و بە ئیرادە و ویستى خۆى ببەستێت... فێرى هێمنى و ئارامیى و هەناسەدانى قووڵ و درێژ بكەن... لەگەڵ تاریكى و دەنگى بەرز و شوێنى بەرزدا رایبێنن, ئامۆژگارى بدەنىَ و خراپە و باشەكانى ترسى بۆ شیبكەنەوە, چونكە باشترە (بۆ نموونە) لە شوێنى بەرزەوە بترسێت كە خۆى هەڵنەداتە خوارەوە, یان خۆى فڕىَ نەداتە نێو رووبار و دەریاوە كە هێشتا مەلە فێرنەبووبێت... ئەو ترسە زۆر ئیجابى و پێویستە, ئەگینا ئەگەر فێرى ئەو ترسە نەكراینایە... هەموو رۆژێك بە سەدان خەڵكى خۆیان لە چیا و هەڵدێر و ئاپارتمانەوە فڕىَ ئەدایە سەر زەوى یان نێو ئاوەوە...!
زۆر گرنگە توند و تیژ نەبن لەگەڵ ئەوانەدا كە ترسیان هەیە, پەیوەندییەكى هاوڕێیانەى متمانەپێكراو دروست بكەن, بتوانن درۆیان لەگەڵدا نەكەن و راستیەكان بڵێن, هیچ شتێك بە شاراوەیى مەهێڵنەوە, وەڵامى راستى بۆ پرسیارەكان بدەنەوە... گفت و پەیمانى درۆ بە هیچ كەسێك مەدەن بۆ ئەوەى دڵیان نەشكێت و لێیان نەڕەنجێنن, دەربارەى ژیان و مردن, هەموو شتێك باس بكەن, بەڵام بە پێى تەمەنى گونجاو, بە مەبەستى ئەوەى گریان لە بیر مناڵەكانتان بەرنەوە, یان بیانخەوێنێت مەیانترسێنن, پێویست ناكات مناڵ بترسێنرێت, شایەنى باسكردنە و ئەوەى كە دیارە و زۆر دووبارە ئەبێتەوە, ئەوەیە كە مناڵان بە دەرزى و دكتۆر و خەستەخانە ئەترسێنرێت... كە ئەمەش كار و رەفتارێكى زۆرخراپە, چونكە زۆرێك لە ئێمە لە دەرزى و لە چوونمان بۆ كلینیك (عیادە)ى پزیشكان و نەشتەرگەریى ئەترسین, كەم نیین ئەو كەسانەى كە گەورەشن و لە دەرزى لێدان ئەترسن, كەواتە بۆ چارەسەركردنى نەخۆشییەكان, ئەو جۆرە كەسانە ناوێرن و ئەترسن بچن بۆ لاى دكتۆر یان بۆ جێگەى دەرزى لێدان و دیارە ئەم كارەش ماك و پاشماوەى خراپ جێدێڵێت لە جەستە و لەسەر ئەندامەكانى لەشى مرۆڤ بە گشتى...!
كەواتە هەندێك ئاخاوتن و كردەوە و مامەڵە هەن لە باوانەوە بە هەڵە ئەگوێزرێنەوە بۆ نەوەى نوىَ و وەكو پەیام و مەشخەڵێك نەوە دواى نەوە كۆپى ئەكاتەوە و تۆخترى ئەكاتەوە.. كە لە راستیدا زۆر هەڵەن و بە چەواشەیى مناڵ و نەوەى نوىَ فێر ئەكرێت و گۆش ئەبێت لەگەڵ هەندێك حاڵەتدا (لەوانەش ترس) كە چارەسەركردنى و بەرگریكردن لێیان ئەستەم و دژوار ئەبێت, بە تایبەت لەم كۆمەڵگە دواكەوتووە بێسەرووبەرەى ئێمەدا كە دواهەمین شتێك گرنگى پێبدرێت مرۆڤە و دواهەمین ویستگەش دەروون و هەست و بیكردنەوەى مرۆڤى كوردە....بۆیە ترس و كاریگەرییەكانى بەسەر كەسایەتى مرۆڤەوە دژوار و كوشندە دەبێت, چونكە پەروەردە و گۆشكردنى مناڵ, رێنوومایى و ئامۆژگارى بەخشین چەواشە و نادەربەستە, نەزان و جاهیل رۆژ دواى رۆژ لە زیادبووندان...

لێرە (مەخابن و ئەفسووس) گرنگى بە مرۆڤ و بە كەسایەتى مرۆڤ نادرێت, مامەڵەى توند و قسەى رەق و باسكردنى دڕەندە ودەعبا, زەمینەى زۆر بۆ خۆشكراوە... رابواردن بە كەسانى شێت و دێوانە, بە ناشیرین و بێهێز, بە ترسنۆك و ترساو, بە هەژار و هەتیو, بە رەگەزى مێینەو بە پیر و كەنەفت پیشە و رەفتارێكن و بەربڵاون, رۆژانە ئەم هەڵسوكەوت و كردەوانە جمەیان دێت و بێسرەوتن...!
رۆڵى كۆمەڵناس و دەروونناس, توێژەكان, پزیشكەكان, بەرپرسەكان, بەڕێوەبەر و پیاوانى ئایینى, پسپۆڕەكانى بوارى ئەكادیمى و دكتۆراكانى زانكۆ, ئەفسووس كە رۆڵى زۆربەیان كز و لاوازە, قسە و ئامۆژكارى و وتار و كتێبەكانیان رژد و بێ مروەتن... زۆركەمن ئەوانەى دڵسۆزن و خەمخۆرن, تەنانەت بە دەربڕینى وشەیەكیش رەزیل و رژدن, بۆیە كاریگەرى ترس و دڵەڕاوكىَ و خەمۆكى و راڕایى و وەسواسى و رق و كینە و بێ متمانەیى و درۆ و نامۆیى و بێ ویژدانى و دوورەبەكیى و ...هتد لەسەر كەسایەتى و بیركردنەوەى مرۆڤ زۆر سەخت و قورسن, بگرە لەسەر خێزان و كۆمەڵگەى كوردى هاوچەرخیش دژوار و دژوارترن..!



تێبینى : سوود لە گەلێك سەرچاوە وەرگیراوە ..


 

           

 

26/06/2008

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca