له‌وانه‌یه تێرۆر یه‌کێک له‌و چه‌مکانه‌بێ که له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا
له هه‌موو چه‌مکه‌کان زیاتر یاری پێ بکرێ و وه‌کو لاستیکێکی
سست هه‌رکه‌س چۆن بیه‌وێ بۆلای خۆیدا ڕایبکێشێ.
ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌یه‌کی زانستیه‌وه، تێرۆرێزم بریتی بێ له‌و
که‌س و لایه‌نانه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی به ئامانجه سیاسی، ئایینی و
ئابوریه‌کانیان بگه‌ن، که‌سانی بێ‌تاوان و شوێنی گشتی و هه‌رێمیه‌کان
ده‌که‌نه ئامانج و گوشاریان بۆ دێنن. ئه‌مڕۆ له ڕوانگه‌یه‌کی
سیاسیه‌وه مانا‌و واتای دیکه‌ی پێ به‌خشراوه که زۆرجاران له‌گه‌ڵ
پێوانه زانستیه‌کاندا نایێته‌وه.
تێرۆر- وشه‌یه‌کی فه‌ره‌نسیه، به‌واتای "له‌ڕه‌گه‌وه هه‌ڵکشان"
دێت. جاران که‌سانی ئه‌کادێمی و سیاسی زیاتر به‌و که‌سانه‌یان
ده‌گوت تێرۆریست که به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ئامانجه
سیاسیه‌کانیان، چاوی خه‌ڵک،کۆمه‌ڵگه و که‌سانێکیان ده‌ترساند
که لایه‌نگری له‌و گروپانه ناکه‌ن و توندوتیژیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته
به‌کارده‌هێنا.
به‌شێکی زۆریش له فه‌یله‌سوف، ئه‌کادێمیست و زانایانی ڕۆژئاوا
و سه‌ربه لیبراله‌کان توندوتیژی به سه‌رچاوه‌ی تێرۆر ده‌زانن.
به‌ڵام ئه‌کادێمیستانی سه‌ربه قوتابخانه‌ی مارکسیزم به‌رده‌وام
توندوتیژیان وه‌ک پێویستیه‌ک لێکداوه‌ته‌وه نه‌ک تێرۆر هه‌روه‌کو
مارکس ده‌ڵێت "توندوتیژی مامانی مێژووه".
ئه‌و چه‌مکه بۆ یه‌که‌مین جار له سه‌روبه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانی
شۆڕشی فه‌ره‌نسا له ساڵی 1793-1794 به‌کار هاتوه به ناوی "وه‌رزی
تێرۆر" یان کاتی تێرۆر.reign of terror-regime de le terreur
له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا تێرۆر و تێرۆریزم بۆته بابه‌تێکی
گرینگ له سه‌رئاستی جیهاندا، به‌تایبه‌تی وڵاتانی زلهێز له
سه‌رجه‌م کۆڕوکۆبونه‌وه‌کانیاندا، تێرۆر ده‌که‌نه ڕۆژه‌ڤ و له‌و
چوارچێوه‌یه‌دا یاداشتی لێکتێگه‌یشتن و ڕێککه‌وتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن
ئه‌وه‌ش له‌ژێر ناوی "تیکۆشان دژ به تێرۆریزم". به‌ڵام ئه‌وه‌ی
جێگای سه‌رنج بێ، زۆربه‌ی زۆری ئه‌و ڕێککه‌وتن، لێکتێگه‌یشتن و
هاوپه‌یمانیه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیانه نه‌ک به‌ته‌نیا دژ
به تێرۆر، به‌ڵکو زۆربه‌ی جار دژ به تێکۆشانی نه‌ته‌وه،
ئایین و گه‌لانی چه‌وساوه به‌کاردێن و ئه‌و وڵاتانه‌ی کێشه‌ی
ئێتنیکی– نه‌ته‌وه‌یی...هتد هه‌یه به‌قازانجی خۆیان وه‌ریده‌سوڕێنن.
تا ئێستا به‌شیوه‌یه‌کی به‌رچاوو گشتگیر نه‌مانبینی وڵاتانی به‌ناودژ
به تێرۆر، هه‌ڵوێسته‌یه‌ک دژ به تێرۆری ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌سه‌رده‌سته‌کان
نیشان بده‌ن. بۆ نمونه ئه‌گه‌ر ڕێکخراو، گروپ، تیم، حیزب و که‌ناڵه
چه‌کداریه‌کانیان میتۆدی توندوتیژی و ترساندنی خه‌ڵکانی سڤیل
به‌کاردێنن و ته‌قینه‌وه له شوێنی گشتیه‌کاندا ئه‌نجام ده‌ده‌ن،
ئه‌وا ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن کێشه، هیچ درێغیان نه‌کردوه له
سوتاندنی گونده‌کان، ڕه‌شکوژی - ڕه‌شگیری و قه‌ده‌غه‌کردنی
زمان کولتور و هه‌وڵی تواندنه‌وه‌یان. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان
تێرۆری حیزب و ئۆپۆزیسیۆن بێ، بۆ چی ده‌بێ ئه‌وه‌ی دوه‌میان
تێرۆری ده‌وله‌تی نه‌بێ؟. وڵاتانی زلهێز و به‌تایبه‌تی ڕۆژئاوا
ئه‌گه‌ر چی هه‌ندێک جار هه‌ندێک ده‌وڵه‌تیان له‌و بواره‌یه‌وه
تاوانباریش کردبێ ئه‌وه، له کاتێکدا بوه که به‌رژه‌وه‌ندی
ئابوری و سیاسی ئه‌و وڵاته دژ به‌و زلهێزانه بوه بۆیه ئه‌توانین
بڵێین به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابوریه‌کی به‌رچاو له ژێر ئه‌و
چاوپۆشینه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه نه‌وه‌ک یاسا و دادوه‌ریه‌کی
گشتی و یه‌کسان.
له لایه‌کی دیکه‌وه، چۆن چه‌مکی تێرۆرێزم چه‌ندین وڵاتی
ڕۆژئاوای له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیکه‌ی جیهاندا که کێشه‌ی سیاسی،
ئێتنیکی و ئایینیان هه‌یه کۆکردۆته‌وه و به‌ره‌ی دژ به
تێرۆریان سازداوه، له هه‌مان کاتدا ئه‌و چه‌مکه ئه‌گه‌ر
لاوازیش بێ چه‌ندین وڵات و حیزب و ڕێکخراویش، که له لایه‌ن
وڵاتانی ڕۆژئاوادا به تێرۆریست تاوانبار ده‌کرێن له ده‌وری
یه‌کدا کۆکردۆته‌وه.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی پێویسته به په‌له راوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بکرێ
ئه‌وه‌یه، زۆر جاران کاتێ وڵاتێک یان حیزب و گروپێک ده‌خرێته
لیستی تێرۆره‌وه، چالاکیه‌کانی له‌به‌رچاودا ناگیرێ و ناوترێ
ئه‌و ڕێکخراوه که‌ی له کوێ چالاکی تێرۆریستی کردوه؟ هه‌ندێک
جاریش کاتێک ڕێکخراوێک ده‌خرێته لیستی تێرۆره‌وه، به‌ناو
خاوه‌ن دۆزه‌که ئه‌ڵێ فلانه ڕێکخراو 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر
فلانه چالاکی تێرۆریستی ئه‌نجام داوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش جێگای
گومانه که بۆچی دوای ده‌ساڵ ئه‌و ڕێکخراوه خرایه ناو لیستی
تێرۆر بۆ له گه‌رماو گه‌رمی نه‌کرا؟.
کورد و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تێرۆر
هه‌روه‌کو له سه‌ره‌وه‌دا باسمان کرد، ناڕه‌واییه‌کی هه‌ره
گه‌وره له جیهانی ئه‌مڕۆماندا، ئه‌وه‌یه ئه‌و نه‌ته‌وه،
گروپ و میلله‌تانه‌ی له پێناوی ماف و ئازادی خۆیاندا تێده‌کۆشن
و ماوه‌یان پێ نادرێت له ناو سیسته‌م و که‌شوهه‌وایه‌کی
دیمۆکراتیانه‌دا گوزاره له خۆیان بکه‌ن و ناچار ماون له
پێناوی پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانیان په‌نا بۆ چه‌ک به‌رن به
تێرۆر ده‌ناسرێن. واته نه‌ته‌وه و حکومه‌ته سه‌رده‌سته‌کان
که ڕوبه‌ڕوی ئه‌و کێشانه ده‌بنه‌وه جگه له‌وه‌ی له پێناوی
دامرکاندنه‌وه‌ی شۆڕش و راپه‌رین و داخوازی ڕه‌وای ئه‌و گه‌ل و
لایه‌نانه په‌نا بۆ چه‌ک، ترساندن و توقاندن، شه‌ڕی تایبه‌ت و
شه‌ڕی ده‌رونی و ڕاگه‌یاندنی له هه‌مان کاتدا کارتی تێرۆر که‌به‌هێزترین
کارته له ده‌ستیاندا به‌کاردێنن. بۆیه سه‌رجه‌م پارت و
ڕێکخراوانه‌ی که دژ به ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ر یان به‌رانبه‌ر
کورد خه‌بات و تێکۆشانی چه‌کداریان کردوه به تێرۆر ناسراون.
بۆ نمونه پارتی کرێکارانی کوردستان له لایه‌ن تورکیا به
تێرۆر، حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له لایه‌ن ئێران به
زد ئینقیلاب یان مونافیق، سه‌رجه‌م حیزبه‌کانی باشوری
کوردستانیش له لایه‌ن ڕژێمی به‌عسی ڕوخاو به موخه‌ریب.
تاوانبار ده‌کران. ئه‌و حیزبانه‌ی که شه‌ڕی چه‌کداریشیان نه‌کردوه
زۆربه‌ی جاران به ناوی دیکه بۆ نمونه "پارتی سۆسیالیستی
کوردستان- تورکیا" له لایه‌ن تورکیاوه به "جیاوازیخواز"
تاوانبار ده‌کرێ که له ڕوی یاساییه‌وه هه‌مان ئه‌و تاوانه‌یه
که به‌ڕای تورکیا تێرۆریستێک ده‌یکات.
به‌ڵام ئه‌و رێخراوانه‌ی به‌شه‌کانی کوردستان که له سه‌ره‌وه
باسمان کردن هه‌ر هه‌موویان وه‌ک یه‌ک نه‌بونه‌ته ئامانجی به‌ره‌ی
به‌ناو دژ به تێرۆریزمی جیهانی، یان وڵاتانی به‌شدار له به‌ره‌ی
"تێکۆشانی دژ به تێرۆریزم". به‌ته‌نیا دوو رێکخراو نه‌بن ئه‌ویش
پارتی کرێکارانی کوردستان "پ‌ک‌ک" و جنود الاسلامه. که هه‌م له
لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌ت و حکومه‌ته‌ی که ڕاسته‌وخۆ کێشه‌یان له‌گه‌ڵی
هه‌یه، هه‌م له لایه‌ن وڵاتانی به‌شدار له به‌ره‌ی "تێکۆشانی
دژ به تێرۆریزم" تاوانبار کراون. ئه‌وه‌ش هۆکاری تایبه‌ت به
خۆی هه‌یه. یه‌که‌میان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێکخراوی جنود الاسلام
ڕاسته‌وخۆ به باڵی ئه‌لقاعیده له کوردستانی عێراقدا
تاوانبار ده‌کرێ و ئێستاکه‌ش به‌رده‌وام هه‌وڵی ته‌قینه‌وه‌و
نائارامی ئه‌دات. ئه‌وه‌ی دووه‌مینیشیان که پارتی کرێکارانی
کوردستانه بۆ په‌یوه‌ندی تورکیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا ده‌گه‌ڕێته‌وه،
ئه‌گه‌رچی ئایدیۆلۆژیای ئه‌و پارته و هه‌ڵوێسته ڕادیکاڵه‌کانیشی
زه‌مینه‌ی بۆ ئه‌وه خۆشکردوه.
ڕوانگه‌ی تورکیا بۆ تێرۆر و
گۆڕانکاریه‌کان
ده‌وڵه‌تی تورکیا که خاوه‌نی سیسته‌مێکی ئاڵۆزی نیمچه
سیکۆلار و سه‌ربازیه و ئه‌زمونێکی زۆری له حوکمکردن و
خۆزاڵکردن به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی غه‌یره تورکی هه‌یه،
له ماوه‌ی 25 ساڵی ڕابردودا توانیویه‌تی یارییه‌کی باش به‌کارتی
تێرۆر بکات و له هه‌ندێک بواریشدا سه‌رکه‌وتو بوه. لایه‌نی
سه‌ربازی که ڕۆڵێکی ئێجگار زۆری له حوکمکردن و به‌ڕێوه‌بردنی
ده‌وڵه‌ت هه‌یه و خۆی به پارێزه‌ری سیسته‌م ده‌زانێ، هه‌م
بۆته هۆی دروستبونی توندوتیژی و هه‌م توانیویه‌تی له ڕێگای
تورندوتیژیه‌وه درێژه به هه‌بوونی خۆی بدات.
به‌ڵام له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا واته له دوای هاتنه سه‌ر
ده‌سته‌ڵاتی پارتی داد‌و گه‌شانه‌وه، هه‌ست به گۆڕانکاریه‌ک
ده‌کرێ له‌و بواره‌وه.
ئه‌گه‌ر چی من به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی زۆری ئه‌و که‌سانه‌ی
ئومێدیان به پارتی دادوگه‌شانه‌وه هه‌یه و باس له پڕۆژه‌کانی
ئه‌و پارته ده‌که‌ن به شێوه‌یه‌کی ئه‌رێنی پێموانیه
جیاوازیه‌کی گه‌وهه‌ری له نێوان باڵی ئیسلامی و باڵی
سیکۆلار-سه‌ربازی تورکیادا هه‌بێ. ئه‌و جیاوازیه‌ی که له چه‌ند
ساڵی دواییدا پارتی دادوگه‌شه‌پێدان سازی کردوه، مه‌به‌سته‌که‌ی
چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد نیه، به‌ڵکو مه‌به‌سته‌که‌ی ئاکه‌په
بێهێزکردن و که‌مکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی سوپایه له‌ناو ده‌وڵه‌تدا که
خۆی له په‌نای هه‌بونی شه‌ڕو کێشه شاردۆته‌وه و هانی نه‌ته‌وه‌په‌رستی
ده‌دات. هه‌ردولا کۆکن له‌سه‌ر داننه‌نان به کێشه‌ی سیاسی
کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز له تورکیا. هه‌ردولا کۆکن له‌سه‌ر
تواندنه‌وه‌ی گه‌لی کورد "ئه‌نتیگراسیۆن" هه‌ردوولا به گوتار‌و
به‌کردار دژایه‌تی خۆیان دژ به گوایه "تێرۆر" نیشان ده‌ده‌ن.
هه‌ردولا باس له یه‌ک نه‌ته‌وه‌و یه‌ک ئاڵا و یه‌ک میلله‌ت ده‌که‌ن،
واته ئه‌گه‌ر ئاکه‌په پرۆژه‌یه‌کیشی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کورد
هه‌بێ؟ ئه‌و پرۆژه‌یه پریتیه له‌وه‌ی که کورد خۆی له ژێر
ناسنامه‌ی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی تورک و ئاڵای تورکیا بتوێنێته‌وه،
که‌چی ئه‌و ڕژێمانه‌ی دیکه که کێشه‌ی نه‌ته‌وه جیاوازیه‌کانیان
چاره‌سه‌رکردوه به‌رده‌وام دوای داننان به کێشه‌که له کاتی
چاره‌سه‌ریشدا دانیان به سه‌ربه‌خۆیی زمان، کولتور، مێژو و
جیاوازی ئاڵا و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا
ناوه. بالێره‌دا باس له ناوه‌ڕۆکی پرۆژه‌کانی هه‌ردوو لایه‌ن
بکه‌ین به کورتی.
ڕژێمی سه‌ربازی تورکیا که جگه له سه‌رباز پشت ئه‌ستوره به
ده‌ستور، دادوه‌ری گشتی و چه‌ند حیزبێکی نه‌ژادپه‌رست، به‌رده‌وام
باوه‌ڕی به‌وه هه‌بووه ده‌بێ ئه‌و کێشه‌یه له ڕێگای سه‌ربازییه‌وه
چاره‌سه‌ر بکرێت، هه‌روه‌کو سه‌رفه‌رماندارانی سوپای تورکیا چه‌ندین
جار دوباره‌یان کردۆته‌وه "ئه‌گه‌ر پێویست بکات ئه‌وان ئه‌توانن
په‌لاماری مۆزه‌نبیقیش بده‌ن بۆ له‌ناوبردنی تێرۆر". ئه‌و لایه‌نه
به‌رده‌وام کار له‌سه‌ر به‌تورککردنێکی قه‌به‌ی کورد ده‌کات و
هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ک وه‌ک زمان، کولتور و ئازادی بیروڕا، به مه‌ترسی
ده‌زانێ له‌سه‌ر سیسته‌می سیکۆلاری تورکیا و پره‌نسیپه‌کانی و
پێی وایه ئه‌و جۆره پرۆژانه ڕێگا له‌به‌رده‌م پارچه‌پارچه‌کردنی
تورکیا خۆشده‌که‌ن.
هه‌رچی باڵی ئیسلامیه، پێی وایه ده‌بێ له ناوچه‌که‌دا کار
بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندی ئابووری، دۆزینه‌وه‌ی کار، خه‌ریککردنی خه‌ڵک
به شتی دیکه و تواندنه‌وه‌ی کورد له چوارچێوه‌ی ئیسلامدا
بکرێ، بۆ ئه‌وه پییان وایه جگه له لایه‌نی سه‌ربازی ده‌بێ
له لایه‌نی سایکۆلۆژیه‌وه کار له‌سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه
بکرێ که به‌رده‌وام خۆی به ئۆپۆزیسیۆنی کۆمار ده‌بینێ. لێره‌دا
ئاکه‌په مه‌به‌ستی نیه کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ربکات، به‌ڵکو مه‌به‌ستیه‌تی
به به‌ردێک دوو چۆله‌که بکوژێ، له لایه‌ک به‌شێوه‌یه‌کی
جیاواز به‌رده‌وام بێ له‌سه‌ر نکۆڵی کردن و لاوازکردنی
تێکۆشانی کوردان له ئاستی تورکیا و هه‌رێمدا، له لایه‌کی
دیکه‌وه ده‌یهه‌وێ له ژێر ناوی ئه‌و پرۆژانه‌دا ڕۆڵی سه‌رباز
له سیاسه‌تدا که‌مبکاته‌وه‌و وانیشان بدات که ئه‌وان له
سوپا باشتر ده‌توانن تێرۆر و کورد له‌ناو ببه‌ن. به‌لام
بێگومان ئه‌گه‌ر کوردان خۆیان به قسه‌و پرۆژه‌کانی ئاکه‌په
فریونه‌ده‌ن، ئه‌وا ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌وان به به‌راورد له‌گه‌ڵ
لایه‌نی سه‌ربازی پۆزه‌تیڤه و کوردان ده‌توانن سودی لێ ببینن،
به‌ڵام لێره‌دا کۆسپه‌کان به‌ته‌نیا یه‌ک لایه‌نه نین، به‌ڵکو
دوو لایه‌نه‌ن، چونکه هه‌ر لایه‌نێکی چه‌کدار یان سه‌ربازی به‌گومانه‌وه
ته‌ماشای ڕاوه‌ستاندنی شه‌ڕ ده‌کات و ئه‌وان ده‌زانن لایه‌نێکی
سه‌ربازی یان چه‌کداری به‌ته‌نیا له که‌شو هه‌وایه‌کی شه‌ڕانیدا
ده‌توانێ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی بپارێزێ، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نانه
به‌ردوام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن گوایه ئه‌وان مه‌به‌ستیان
به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نه‌ته‌وه یان وڵاته.
ئه‌وه‌ی ئێستا له تورکیادا گۆراوه ئه‌وه‌یه که شه‌ڕه‌که
لایه‌نی سڤیلی به‌خۆیه‌وه بینیوه که پێشتر له‌لایه‌ن سه‌رانی
ده‌وڵه‌ته‌وه به گومان سه‌یری ده‌کرا، واته ئه‌مجاره جگه
له‌وه‌ی ملیاران دۆلار بۆ چه‌کو ته‌قه‌مه‌نی ته‌رخان ده‌کرێ،
به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ش پاره بۆ پرۆژه‌ی "گاپ"، ته‌لفۆزیۆنی
کوردی سنوردار "کورد-ته‌ره‌ته"... هتد ته‌رخان ده‌کرێ. له‌مه‌ودوا
تێکۆشانی تورکیا که له ژێر ناوی دژ به تێرۆر" ئه‌نجامی ده‌دات
له جیاتی لایه‌نی عاتیفی و سۆزه‌کی و دروشمی قه‌به‌و گه‌وره،
زیاتر لایه‌نی سیاسی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ، ئه‌گه‌ر جاروبار شه‌ڕیش
پێویست بکات بۆ ئه‌وان گرنگ نیه به‌ڵکو ئه‌وه‌ی گرنگه له‌و
هه‌وڵو شیوازه تازه‌یه‌ی تورکیادا ئه‌وه‌یه که ده‌یانهه‌وێ
به چه‌ند فۆرمێکی سڤیل ئه‌نجام بگرن و له‌چوارچێوه‌ی خۆیان و
به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان مۆرکێکی به‌ناو دێموکراسی و مافی
کورد له مه‌سه‌له‌که بده‌ن. بۆیه تورکیای ئێستا له سایه‌ی
ئاکه‌په‌دا به‌پێویست نازانێ بڵێ کورد نیه، تورکیای ئێستا به‌پێویست
نازانێ سه‌رۆک کۆماری عێراق و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق
به سه‌رۆک عه‌شیره‌ت بشوبهێنێ و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا
وه‌ک حه‌رام و بڤه لێکبداته‌وه، تورکیای ئێستا هه‌وڵ ده‌دا
به چه‌ند خوله‌کێک له په‌خشی ته‌لفزیۆنی به زمانی کوردی ئه‌وروپا
چه‌واشه بکات و له ڕێگای یارمه‌تی و په‌یوه‌ندی ئابوری له‌گه‌ڵ
عێراقدا هه‌وڵی ڕێگرتن له دروستبونی کیانێکی کوردی به‌هێز له
باشوری کوردستان و ئاسته‌نگکردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر
هه‌رێم ده‌دات. ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ئاکه‌په له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا
له %100 پشتگیری لێ ده‌کرێ، له ناوخۆی تورکیاشدا ئه‌وان
توانیویانه سه‌رنجی زۆربه‌ی زۆری ڕوناکبیرانی ده‌وڵه‌تپه‌رست
و نه‌ته‌وه‌په‌رستی تورک بۆ سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه رابکێشن و سه‌ربازانیش
بێ ده‌نگ بکه‌ن، به‌ڵام لایه‌نی سه‌ربازیش ئه‌مجاره له ڕێگای
دادگاوه گوشار بۆ ئاکه‌په دێنێت و جارێک سه‌رانی ئه‌و پارته
به بیانوی لادان له هێڵی که‌مالیزم و سیکۆلاریزم ده‌داته
دادگا، جارێکی دیکه هه‌ر له ڕێگای دادگای گشتیه‌وه بڕیاری
په‌رله‌مان بۆ ئازادکردنی "حیجاب" له شوێنه تایبه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تدا
ڕه‌دده‌کاته‌وه.
ئه‌گه‌رچی هه‌ست ده‌که‌م له‌و چه‌ند دێره‌ی دواییدا له ناوه‌ڕۆکه
باسه‌که تۆزێک لامداوه، به‌لام به گرنگم زانی له‌و بواره‌دا
په‌یوه‌ندیه‌ک دروست بکه‌م.
ئێستا بۆمان ئاشکرا ده‌بێ که له ئاستی تورکیادا ئه‌و شێوازه
عاتیفی و هه‌ستیارییه‌ی که پارته نه‌ژادپه‌رسته‌کان و سوپا
چه‌ندین ساڵه کاری پێ ده‌که‌ن و ده‌نگی پێ دێنن باوی نه‌ماوه،
له جیاتی ئه‌وه پرۆژه‌ی دیکه پێشکێش ده‌که‌ن. ڕه‌نگبێ نمونه‌ی
له‌شکرکێشی سوپای تورکیا له دواییدا واته له مانگی فێبرواری
ئه‌مساڵدا بۆ سه‌ر باشوری کوردستان زۆر یارمه‌تیمان بدات له‌و
بواره‌یه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له مه‌سه‌له‌که تێبگه‌ین. لایه‌نی
سه‌ربازی تورکیا ئه‌و هلایه‌نی سه‌ربازی تورکیا ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه
سه‌ربازیه نیشانی‌دا، که ئیتر تورکیا ناتوانیێ به‌و سیاسه‌ته
هیچ بکات و به‌ڵکو زیانی بۆ تورکیا ده‌بێ، چونکه ئه‌وان پێشتر
ئه‌یانگوت تێرۆریستان له‌کوێ بن ئێمه هێرش بۆ ئه‌و شوێنه
دێنین و ده‌یسوتێنین، کاتێک زستانی ئه‌مساڵ هێرشیان هێنایه سه‌ر
خاکی باشوری کوردستان، ئه‌گه‌ری ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی
باشوری کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه زۆربوو، ئه‌گه‌ر ئه‌وه
کرابا تورکیا دوو جاران تاوانبار ده‌کرا جارێک وه‌ک داگیرکه‌ر،
جارێک وه‌ک ڕژێمێک له جگه له چاره‌سه‌ری سه‌ربازی هیچی دیکه
نازانێ و تورکیا نه‌یده‌توانی له ماوه‌ی ده‌یان ساڵدا هیچ
جۆره په‌یوه‌ندیه‌ک له‌گه‌ڵ عێراقدا بکات، بۆیه ئه‌وه بوه
هۆی تێکشکانی پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ری سه‌ربازی، ئه‌وه بۆ کوردیش
وایه، ئه‌گه‌ر کوردایه‌تی پێش‌و بریتی بوو له دروشمی بریقه‌دار،
هه‌ڕه‌شه و یاری کردن به هه‌سی تاکه‌کانی نه‌ته‌وه و
پیرۆزکردنی سه‌رۆک و حیزب، ئه‌وا ئه‌وڕۆکه هیچ قازانجێک به
کورد و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که ناگه‌یه‌نێت و هیچ که‌سیش
ئاماده نیه پێشوازی لێ بکات هه‌رچه‌نده کێشه‌که لایه‌نی ڕه‌وای
خۆی هه‌بێ. بۆیه له‌سه‌ر کورد پێویسته به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر
ئاستی باکوری کوردستان و تورکیادا، کۆتایی به‌و پاسیفبونه
بێنێ و چیدیکه خۆی به سیاسه‌تی کلاسیکی خه‌ریک نه‌کات.
وادیاره نابێ بێویژدانی بکه‌ین و هه‌موو شتێک ئینکار بکه‌ین
هه‌وڵ بۆ ئه‌وه دراوه که گوڕانکاری له‌و بواره‌دا بکرێ، به‌ڵام
له‌کاتی هه‌وڵداندا به‌رژه‌وه‌ندی حیزب، پیرۆزکردنی سه‌رکرده
له‌به‌رچاوگیراوه، ده‌بێ ئه‌وه بزانین چۆن له شه‌ڕی دوێنێدا
پێویستمان به قوربانی و خوێنداین بوو، ئه‌وڕۆکه‌ش که شه‌ڕی
پرۆژه‌ی باش‌و پێشکه‌وتوه، حیزب و سه‌رکرده ده‌بێ کراوه‌بێ بۆ
قوربانیدان و ئه‌وه وه‌ک پاکتاوکردن و گه‌له‌کۆمه لێکنه‌درێته‌وه،
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر سیاسه‌تی
خۆپاراستنی ئایدیۆلۆگیانه و خۆبچوککردنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ
دواوه ئه‌و ده‌رفه‌ته له ده‌ست ده‌دات، چونکه وه‌کو گوتمان
چ لایه‌نێک پڕۆژه‌ی زیاتر و باشتری هه‌بێ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ر ده‌بێ،
ئه‌وڕۆکه‌ش به‌داخه‌وه ده‌بینین حکومه‌تی تورکیا که له لایه‌نی
کێشه‌ی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌وه ناڕه‌وایه، به‌کارکردن
له‌سه‌ر چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی ئابووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی
توانیویه‌تی ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییه‌ی جاران کورد هه‌بوو لێی
بسێنێته‌وه.
له ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین تێرۆریزم بریتی نیه له سیاسه‌تی
لایه‌نێک دژ به لایه‌نێکی دیکه، به‌ڵکو تێرۆر ره‌فتاره، ئه‌و
که‌سه‌ی ڕه‌فتاری تێرۆریستی ده‌کات تێرۆریسته، نه‌ک ئه‌و
ڕێکخراوانه‌ی له پێناوی مافه‌کانیاندا تێده‌کۆشن.
|