ساڵانە ملیۆنان منداڵ و ژن و پیاو لە جیهاندا دەبنە قوربانى بازرگانیكردن بە مرۆڤ
ئامادەكردن و وەرگێڕانى راپۆرت: محەمەدى مشیر

 لە هەشتەمین راپۆرتى ساڵانەى خۆیدا لەبارەى دیاردەى بازرگانیكردن بە مرۆڤ كە لە 7/6/2008 دا بڵاوكراوەتەوە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكا لەروانگەى پابەندبوون بە رێككەوتننامە و پرۆتۆكۆڵە نێودەوڵەتییەكانى تایبەت بەم كێشەیە وڵاتانى جیهانى دابەشى سەر 3 دەستە كردووە،ئەو ڵاتانەش كە بەهیچ شێوەیەك پابەندى ئەو رێككەوتن و پڕۆتۆكۆڵانە نین و بە تەواوى پێشێلیان دەكەن لە چوارچێوەى دەستەى سێیەم پۆلێن كراون و دەشىَ لە لایەن ئەمریكاوە سزابدرێن. لەدەسپێكى راپۆرتەكەدا هاتووە كە:" ئامانجى ئەم راپۆرتە لەوەدایە كە بە پێى یاسا پێویستە لە سەر وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكا ساڵانە راپۆرتێك پێشكەش بە گۆنگرێسى ئەمریكا بكات لەبارەى هەوڵى حكومەتە بیانییەكان لە پێناو نەهێشتن و قەڵاچۆكردنى توندترین شێوەكانى بازرگانیكردن بە مرۆڤ، ئەم راپۆرتەش هەشتەمین راپۆرتى ساڵانەیە لەمبارەیەوە و ئامانجیەتى ئاستى هۆسیارى جیهانى بەرزبكاتەوە و تیشكیش بخاتە سەر پەرەسەندنى هەوڵەكانى كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە پێناو قەڵاچۆكردنى بازرگانیكردن بە مرۆڤ و هاندانى حكومەتە بیانییەكان لە گرتنەبەرى رێوشوێنى كارا بۆ رووبەڕووبوونەوەى هەموو شێوەكانى بازرگانیكردن بە مرۆڤ".

فۆڕمێكى مۆدێرنى كۆیلایەتى

ساڵانە ملیۆنان ژن و پیاو و منداڵ لە سەرتاسەرى جیهاندا بەهۆى بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە ژیانیان وێران دەبىَ. ئەم فۆڕمە تازەیەى كۆیلایەتى ویژدانى مرۆڤایەتى دەهەژێنىَ و بەرپرسیاریەتى زلدەوڵەتانیش قورستردەكات.دیاردەى بازرگانیكردن بە مرۆڤ هەڕەشەیەكى هەمەلایەنەو خەڵكان لەماف و ئازادییە مرۆییەكانیان بێبەشدەكاو مەترسى زیاتریش بۆ تەندروستى جیهانى دروستدەكاو ژینگەیەكى ترسناكیش بۆ گەشەكردنى تاوانى رێكخراو بەرهەمدێنىَ.بازرگانیكردن بە مرۆڤ ئاسەوارێكى وێرانكار بەسەر قوربانیان جێدەهێڵىَ كە زۆرجاران دووچارى ئەشكەنجەى جەستەیى و ئازارى سۆزەكى و لاقە و هەڕەشەى بەردەوام دەبنەوە و خۆیان و ئەندامانى خێزانەكانیان دەخاتە مەترسییەوە.ئەم دیاردەیە تەندروستى و ئاسایش و ساغڵەمى لە سەرجەم ئەو وڵاتانەدا دەخاتە مەترسى كە دیاردەكە تێیاندا تەشەنەى كردووە.

راپۆتەكە باسى لە 170 دەوڵەت كردووە كەتا ئێستا دیاردەى بازرگانیكردن بە مرۆڤ تێیاندا بڵاوبۆتەوە و ئاماژە بە هەوڵى ئەو دەوڵەتانەش دەكات كە بكەرەكان ئاشكرا دەكەن و تاوانباران دادگایى دەكەن وقوربانیانیش دەپارێزن و دەیانەوىَ هەموو ئاسەوارەكانى ئەم تاوانە نەهێڵن. بە پێى یاساى (پاراستنى قوربانیانى بازرگانیكردن بەمرۆڤ) ى ئەمریكا كە لە ساڵى 2000 هەمواركراوە ئەو دەوڵەتانەى سەركەوتوونین لە كەمكردنەوەو پێشگرتن لەم دیاردەیە دەخرێنە دەستەى سێیەمى پۆلێنكارییەكە، بەم شێوەیەش لە یارمەتییە بیانییەكانى ئەمریكا بێبەشدەكرێن و تەنها لەلایەنە مرۆییەكانەوە هاوكارى دەكرێن.

پوختى هەندىَ زانیارى و داتاى نێو راپوَرتەكە

شایانى باسە هەشتەمین راپۆرتى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكا لە گەلىَ لایەندا داتاو زانیارییەكانى لە گەڵ راپۆرتەكەى پارساڵ هاوبەشە و گۆڕانكارییەكى ئەوتۆى بەخۆوە نەبینیوە، لەوانەش:
1- بەپێى مەزەندەى رێكخراوى كارى نێودەوڵەتى (ILO) كە سەر بە رێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكانە، نزیكەى 12.3 ملیوَن كەس لە هەلومەرجى زوَرەملێیانە یان سوخرەكاریدا كاردەكەن یا بەكویلەكراوى سێكسین یاخود منداڵن و بەزوَركاریان پێدەكەن، بەڵام بە گوێرەى هەندىَ سەرچاوەى دیكە مەزەندەدەكرىَ ئەم ژمارەیە لە 4 تا 27 ملیوَن مروَڤ بگرێتەوە.
2- بەپێى لێكوڵینەوەیەك كە لەژێرچاودێرى حكومەتى ئەمریكادا ئەنجامدراوە و لە ساڵى 2006 كوَتایى هاتووە، ئاماژە بەوەدەكات كە هەر ساڵێك نزیكەى 800.000 كەس لە رێگەى سنوورەكانەوە بازرگانیان پێدەكرێت، جگە لەوانەى لە نێو سنوورى وڵاتەكانیان بازرگانیان پێدەكرێت و 80% ئەو قوربانیانەى لە دەرەوەى وڵاتن ژن و كچن و نزیكەى 50% یشیان ناكامن.زوَرینەى قوربانییەكان ئەو ئافرەتانەن كە بازرگانى سێكسیان پێدەكرێت.
3- بەسەربازكردنى منداڵ یەكىَ لەو دیاردە هەرە دەگمەن و دڵڕەقانەیە لە بوارى بازرگانیكردن بە مروَڤ دا كە راپوَرتەكە ئاماژەى بوَ كردووە و دەڵىَ:بەشێوەیەكى ناڕەوا و بەزوَر یا تەزویر یان زوَرەملێیانە منداڵان ناچاردەكرێن بە سەربازى و وەكو كوێلەى سێكس رەفتاریان لەگەڵدا دەكرێت بە تایبەتیش لەو ناوچانەى ململانێى چەكداریان تێدا هەیە. ئەو جوَرە رەفتارە ناڕەوایانە لە لایەن هێزەكانى حكومەت یا رێكخراوى نیمچەحكومى یان لە لایەن گرووپە چەكدارەكانەوە پێِڕەودەكرێن. بە پێى مەزەندەى یونیسیف ئێستاكە پتر لە 300.000 منداڵ لە ژێرەوەى 18 ساڵیدا، لە 30 ململانێى چەكدارى لە جیهاندا بەكاردەهێنرێن، لە كاتێكدا زوَربەیان تەمەنیان لە نێوان 15تا 18 ساڵیدایە و هەندێكیشیان تەمەنیان لە نێوان 7تا8 ساڵیدایە.هەندىَ لەو منداڵانە دەڕفێنرێن تاوەكو وەك جەنگاوەر بەكاریان بهێنن، هەندێكى دیكەشیان بەشێوەیەكى ناشەرعى ناچاردەكرێن تا وەكو بارهەڵگر یا چێشت لێنەر یا خزمەتكار یا پەیامنێر یا سیخوڕ كاربكەن.

هەندىَ داتاى راپۆرتەكەى 2007

1- ساڵانە پتر لە 2 ملیوَن منداڵ لە سەرتاسەرى جیهاندا لە بازرگانى سێكسى بازرگانیدا بەكاردەهێنرێن سەربارى ئەوەى كە سەرجەم بەڵگەنامە و پرتوَكوَلە نێودەوڵەتییەكان بەكارهێنانى منداڵ بوَ بازرگانیكردنى سێكسى بە تاوان دادەنێن.
2- لێكوَڵینەوەكان بەدیارى دەخەن كە توندوتیژى و بەدرەفتارى دوو كوَڵەگەى بازرگانی لەشفروَشین. بە پێى یەكێك لەو لێكوَڵینەوانەى لە ساڵى 2006 دا بوَ ژنان ئەنجامدراوە بەدیاردەكەوێت كە ئەو ژنانەى بەمەبەستى لەشفروَشى بازرگانیان پێكراوەو رەوانەى یەكێتى ئەوروپادا كراون رێژەى 95% یان قوربانیانى توندوتیژى و ناچارى سێكسى زوَرەملێیانەكراون و پتر لە 60% یشیان باسیان لە هیلاكى و ئاسەوارى نارەحەتى دەروونى و كێشەكانى دەزگاى هەرسكردن و پشت ئێشەو نەخوَشى ژنانەیان كردووە.یەكىَ لەو لێكوَڵینەوانەى لە ساڵى 2001دا ئەنجامدراوە بەدیاریخستووە كە رێژەى 86% ى ئەو ژنانەى لە نێو وڵاتەكانى خوَیان بازرگانى سێكسیان پێكراوە و رێژەى 85% لەوانەى لە رێگەى سنوورە نێودەوڵەتییەكانەوە بازرگانیان پێكراوە دووچارى بارگرژى هاتوون.

3- نزیكەى 42 ملیوَن كەس لە سەرتاسەرى جیهاندا هەڵگرى ڤایروَسى ئایدزن و بازرگانیكردن بە مروَڤ روَڵێكى كاریگەرى هەیە لە بڵاوكردنەوەى ئەو ڤایروَسەدا. راپوَرتى ساڵى 2005 ى نەتەوەیەكگرتووەكان لە بارەى ئایدز دەڵىَ:" پەتاى ئایدز لە ئاسیادا لەوێوە سەرچاوە دەگرىَ و تەشەنەدەكات كە ماددەى سڕكەر لە رێگەى سرنج بەكاردەهێنرێت و سێكسى بازرگانیش لەوێدا بەربڵاوە". كەواتە لەشفروَشى و بازرگانیكردن بە سێكس دوو هوَكارى بەشدارن لە بڵاوبوونەوەى پەتاى ئایدز.لە سەر ئاستى جیهانیشدا ئەو ژنانەى لەشفروَشى دەكەن یان ئەوانەى لە پێناوى سێكسدا بازرگانیان پێكراوە رێژەیەكى زوَریان دووچارى تووشبوون بە ڤایروسى ئایدز دەبنەوە. بوَنموونە رێژەى تووشبوون بە ئایدز لە نێو ئەو ژنانەى لە شفروَشى دەكەن لە (نیپال) دەگاتە 20%، لە باشوورى ئەفریقیا رێژەیان دەگاتە 70.4%، سەربارى ئەمەش بەپێى كوَنگرەى جیهانى بەرهەڵستكار بە سێكسى بازرگانى لە نێو منداڵاندا ئاشكرابووە كە لە باشوورى خوَرهەڵاتى ئاسیادا رێژەى نێوان 50 تاكو 90% ئەو منداڵانەى لە ماڵەكانى لەشفروَشى دەربازكراون تووشى ڤایروَسى ئایدز هاتوون.

عێراق لە نێو راپۆرتەكەدا

عێراق بۆ ماوەى شەش ساڵى بەدواى یەكدا لە قۆناغى گواستنەوەى سیاسیدا ماوەتەوە لەبەر ئەوە لەم راپۆرتەدا پلەى بۆ دانەنراوە. حكومەتى ئەمریكا لەو باوەڕەدایە كە دەكرێت هەوڵەكانى حكومەتى عێراق بۆ دژایەتیكردنى قاچاغچێتى و بازرگانى كردن بە مرۆڤ لە عێراقدا لە راپۆرتى ساڵى داهاتوودا هەڵبسەنگێنرێن.

عێراق وڵاتێكە دیاردەى بازرگانیكردن بە ژن و پیاوى تێدایە كە بە مەبەستى بازرگانى سێكسى و كارپێكردنى زۆرەملىَ بەكاریان دێنن. مناڵانى عێراق لە ناوەوە و لە دەرەوەى وڵات قاچاغچێتیان پێوە دەكرێت بۆ بازرگانى سێكسى، لەوانەیە باندە تاوانكارەكان كوڕى گەنجیشیان كردبێتە ئامانج و دووریش نییە ستافی هەتیوخانە ئەهلییەكان قاچاغچێتیان بە كچى گەنجەوە كردبێت بە مەبەستى سۆزانیكردنى زۆرەملىَ. ژنانى عێراق قاچاغچێتیان پێوە دەكرێت لە ناو عێراق و بۆ بازرگانى سێكسیش بە قاچاغ براون بۆ سوریا و ئوردن و كوێت و قەتەر و ئیمارات و توركیا و ئێران. عێراق مەنزڵگەیەكە بۆ ئەو ژن و پیاوانەى كە لە جۆرجیا و هند و پاكستان و ئەندەنوسیا و نیپاڵ و فلیپین و سریلانكاوە قاچاغچێتیان پێوەكراوە و وەك كرێكارى بیناسازى و پاككەرەوە و ئیشى دى بەكارهێنراون.

یاساكانى عێراق هەموو فۆرمەكانى قاچاغچێتى كردن بە مرۆڤەوە قەدەغە ناكەن بەڵام ماددەى 339 ى یاساى سزاكان (قانونى عقوبات) قاچاغچێتى بە منداڵەوە بە مەبەستى ئیستغلالكردن بۆ بازرگانى سێكسى بە تاوان دادەنێ و سزاى 10 ساڵ زیندانى بۆ داناوە، ئەمەش هاوشێوەی ئەو سزایانە نیە كە دانراون بۆ تاوانەكانى دیكەى وەك لاقە كردن. بۆیە گرنگە بۆ حكومەتى عێراق ریفۆرم لە تەشریعەكانیدا بكات كە هەموو فۆڕمەكانى قاچاغچێتى كردن بە مرۆڤەوە بە تاوان دانێت و ستافەكانی چەسپاندنى یاسا و قەزا رابهێنىَ و رێوشوێنى پێویست بگرێتە بەر بۆ كۆنترۆڵكردنى ئەم دیاردەیە.

لە ماوەى نوسینى ئەم راپۆرتەدا، حكومەتى عێراق هیچ رێوشوێنێكى نەگرتۆتە بەر بۆ رێگرتن لە قاچاغچێتى كردن بە مرۆڤەوە سەربارى هەبوونى راپۆرت دەربارەى پەرەسەندنى كێشەى قاچاغچێتى لە نێو ژنان و هاوڵاتى بیانی لە ناو وڵاتدا كە بە مەبەستى ئیشكردن هێنراون. حكومەت هیچ هەڵمەتێكى لە دژى قاچاغچێتى ئەنجام نەداوە و چاودێرى هەوڵەكانى كۆچكردنى لە وڵاتەوە بۆ دەرەوە و لە دەرەوە بۆ وڵاتى نەكردووە . عێراق پرۆتۆكۆڵى UNى تایبەت بە (قاچاغچێتى بە مرۆڤ) ى ساڵى 2000 ى ئیمزا نەكردووە.

هوَكارەكانى بازرگانیكردن بە مروَڤ

بە بەراووردكردنى هەردوو راپۆرتى پار و ئەمساڵەكەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكا هوَكارەكانى ئەم دیاردەیە زوَرن لەوانەش: هەژارى، گەڕان بەدواى ئاستێكى بەرزترى بژێوى لە وڵاتانى دیكە ، كەمى دەرفەتەكانى كار و دامەزراندن، گەندەڵى گشتى و تایبەت، تاوانى رێكخراو، توندوتیژى لە دژى ژنان و منداڵاندا، نائارامى سیاسى و ململانێى چەكدارى، دابڕانى منداڵ لە قوتابخانە.یەكىَ لەو هوَكارە رەمەكیانەى بازرگانیكردن بەمروَڤ لە نێوان سنوورە نێودەوڵەتییەكان بە جیهانى بوونى بازاڕەكان و هێزەكانى كارە.


 

           

 

26/06/2008

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca