که‌ دیمستۆرا ته‌پکه‌وداوی ده‌نایه‌وه‌، محه‌مه‌د ئێحسانی وه‌زیر له‌کوێ پاڵی ده‌دایه‌وه‌؟
موحسین جوامێر

 
پڕۆژه‌که‌ی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ستیڤان دیمستۆرای سوێدی، که‌ بۆ هه‌موارکردنی به‌شێکی کێشه‌ی شار و شارۆچکه‌کانی نێوان کوردستان و عیراق، پێشکه‌ش به‌ به‌غدا و کوردان کرا، ئه‌وه‌نده‌ زیره‌کانه‌ نووسراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێی حکوومه‌تی پێشوو نووسیویه‌تی، بگره‌ بۆمبای وای تێدا ته‌وقیت کراوه‌؛ بایی سه‌ده‌یه‌ک کێشه‌ و ململانیی نیوان کورد و غه‌یره‌کورد، ده‌کات. نه‌ک هه‌ر مافی کوردی تێدا خوراوه‌، به‌ڵکوو گاڵته‌ش به‌ ئه‌قڵی کورد کراوه‌، به‌جۆرێک قه‌رزاریشی ده‌کاته‌وه‌. له‌ملا ئاکرێی ده‌داته‌وه‌، که‌ لێی نه‌بردراوه‌، له‌ولاش قه‌راجی لێ ده‌سه‌نێته‌وه‌؛ که‌ هی خۆی بووه‌. له‌لایه‌ک نه‌ته‌وه‌ی وه‌ک شه‌به‌ک و ئێزیدییان له‌نێو کورداندا دروست ده‌کات، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ داوای هه‌قی عه‌ره‌بان د‌ه‌کا له‌ دهۆک. که‌ڕه‌تێک بڕیاره‌ کۆنه‌کانی عێراق ده‌کاته‌ به‌ڵگه‌ و په‌نای پێشنییاره‌کانی، که‌ڕه‌تێکیش ده‌ڵێ گومان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هه‌یه‌ به‌وه‌ی ته‌زویریان تێدا کراوه‌. جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو زانیارییه‌ی لێژنه‌که‌ی دیمستۆرا، ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی غه‌یره‌کورده‌وه‌ بووه‌، چ له‌ ئاستی خه‌ڵکی یان حکوومیدا.


ئه‌وه‌ی تۆزێک به‌وردی ڕاپۆرته‌که‌ بخوێنێته‌وه‌، چاك ده‌زانێ ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ی نووسیویه‌تی، لێزان و ئاگادار بووه‌ له‌ هه‌موو شتێکی ئه‌م وڵاته‌، بستبه‌بست شاره‌زای ڕه‌وشی کوردستانه‌ و ئاگای له‌ بگرده‌وبه‌رده‌ی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریشه‌، بگره‌ زێتر له‌ کورده‌که‌ش. هه‌ڵبه‌ت پاشکۆکانی بۆچوونه‌کان، که‌ حه‌تمه‌ن ئه‌وانیش به‌ڕێگه‌وه‌ن و کورد له‌بیری خۆی بردوونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش زۆر لوغمی که‌ له‌بن به‌ڕێنه‌؛ ده‌هێننه‌ سه‌ر به‌ڕێ، وه‌ک په‌ره‌دان به‌ دیالێکتی کوردان، وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌م بۆ چوونه‌ نێو هه‌ناوی کورد و په‌رێشانکردنی له‌ناخه‌وه‌دا‌.! ئه‌سڵه‌ن، ئه‌گه‌ر پشت به‌م پرۆسه‌یه‌ی دیمستۆرا ببه‌سترێت، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ عه‌هدی مه‌له‌کی، به‌ڵکوو خراتریش، به‌تایبه‌تی له‌ کارکردن له‌گه‌ڵ له‌هجاندا، وه‌ک له‌هجه‌ی شه‌به‌ک و فه‌یلی و ئه‌وانیدیکه‌، که‌ ئه‌مه‌یش درێژه‌دانه‌ به‌و کاره‌ساته‌ زمانه‌وانییه‌ی ـ له‌ بادینانه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد ـ و خه‌ریکه‌ هه‌ره‌س به‌ کورد ـ وه‌ک یه‌کمیلله‌ت ـ ده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر زوو چاره‌سه‌ر نه‌کرێت.


له‌بیرمانه‌ که‌ تورکمانه‌ تورکیاخوازه‌کان و عێراقییه‌ به‌عسخوازه‌کان، ده‌میان هه‌ڵێنابوو و ده‌یانوت بلا ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بێت کێشه‌ی که‌رکووک چاره‌سه‌ر بکات، ئاقڵانی کورد ده‌یانوت کوره‌ نه‌یکه‌ن، به‌رهه‌ڵست بن، چونکه‌ ئه‌و ڕێکخراوه‌ بووکه‌شووشه‌ی ده‌ست وڵاته‌ زلهێزه‌کانه‌، چی بۆ فه‌له‌ستینییه‌کان کرد؛ ئه‌وه‌نده‌ش بۆ کوردان ده‌کات.! هێنده‌ی پێنه‌چوو، خه‌ریک بوو کاتی دیاریکراوی مادده‌ی 140 به‌سه‌ر ده‌چوو و کورد هه‌ڕوگیفی ده‌کرد و ده‌ستی به‌ ده‌بێ و نابێ کرد، خاڵه‌ دیمستۆرا به‌خۆ و به‌ زانیاریی زۆریه‌وه‌ له‌باره‌ی نه‌فسییه‌تی کوردی زوو خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ره‌وه‌، هاته‌ مه‌یدانێ و مژده‌ی یارمه‌تیی ته‌کنیکیی به‌ کوردان دا و به په‌رله‌مان و‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کوردان د. محه‌مه‌د ئێحسانی ڕاگه‌یاند که‌ حه‌وجه‌ نییه‌ کوردان دڵ له‌دڵ بده‌ن، چ له‌ هه‌ولێر و چ له‌ له‌نده‌ن، چونکه‌ هه‌مووی عه‌داله‌ته‌، چ به‌ ته‌ن بێ یاخود به‌ مه‌ن.

له‌ سه‌ینوبه‌ینی بڕیاردان بوو له‌سه‌ر هاتنی دیمستۆرادا، کاتێ که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنی هه‌ڤپه‌یڤینی له‌گه‌ڵ هێژا محه‌مه‌د ئێحساندا ساز کرد، زۆر به‌وردی زه‌ینی خۆم دابووه‌ به‌ڕێزی، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ڕاکێشام ـ وه‌ک ته‌کنیکه‌که‌ی دیمستۆرا ـ ته‌کنیکی قسه‌کردنی وی بوو، که‌ له‌گه‌ڵ ده‌سپێکردنی هه‌ر وه‌ڵامێکدا ده‌یفه‌رموو ( به‌حه‌قیقه‌ت ) یان ( به‌حه‌ققه‌ت )، هه‌ڵبه‌ت هه‌نووکه‌ ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ت و حه‌ققه‌ته‌ی وی به‌وه‌ی هه‌موو شت ته‌واوه‌ و ڕه‌وشه‌که‌ نه‌قڵیشاوه‌، ته‌نیا بۆ کڵاوله‌سه‌رنان بوون، دایشی نا، ده‌وجا با خه‌ڵکی له‌ گوپی خۆیان بده‌ن و بێژن نا.! ئه‌گه‌نا کوا به‌ری ئه‌و خه‌باته‌ی ئه‌و و ده‌سته‌وبه‌سته‌که‌ی وی ئیددیعایان ده‌کرد و دنیایان ده‌کرده‌ شامی شه‌ریفی دیفاع له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی وڵات.. ئه‌و وه‌خته‌ی دیمستۆرا ته‌نانه‌ت ڕاوێژی به‌ گزیری دوژمنانی کورد ده‌کرد بۆ به‌خشین و دابه‌شکردنی زێد و واری کوردان، که‌چی ئاوڕی له‌ وه‌زیری کوردان نه‌ده‌دایه‌وه، جه‌نابی محه‌مه‌د ئێحسان له‌کوێ پاڵی ده‌دایه‌وه‌‌؟!



2008/06/19


mohsinjwamir@hotmail.com

 

           

 

23/06/2008

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca