لە یەكێك لەبەرنامەكانى dr.phil)) كە لە دواى بەرنامەى oprah))
من بەگرینگترین و باشترین بەرنامەى دادەنێم تەوەرێكى تایبەتیان
ئامادەكردبوو بۆ باسی دیاردەى خۆكوشتن ,لەهەمان كاتدا چەند
كەسێك ئامادەگیان هەبوو كە هەوڵى خۆكوشتنیان دابوو هەركەسەو بە
شێوەیەك باسیان لەو مۆتەكەیە دەكرد كە هاندەریان بووە و
پەشیمان بونەوەی خۆیان باس دەكرد وچەند دوكتۆرێكى تایبەت بەو
بوارە زێتر باسەكەیان دەوڵەمەند كردبوو,هەرچەند ئیشى من ئەوە
نییە باسى سەركەوتنى ئەو بەرنامەیە بكەم ,وەلىَ دەمەوێت ئاماژە
بەو بەرنامە جوانانەى لەرێگاى ئەو هەوڵانەى كە لە مێدیا
جیهانییەكانەوە دەدرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەو رێگرتن
لەبڵاوبوونەوەى ئەو دیاردەیە , من ناوى لێ دەنێم دیاردە ,چونكە
بە پێى ئەو ئامارانەى باس دەكرێت و ئاماژەیەكى ترسناكمان لە
خۆكوشتن بۆ باس دەكەن كە لە جیهاندا سالانَە زێتر لە میلیوێنێك
كەس خۆیان دەكوژن و زێتریش لەو ژمارەیە هەوڵى خۆكوشتن دەدەن.
هەرچەندە لەم مانگەدا خۆكوشتن لەهەموو شارەكانى كوردستاندا روو
لە زۆر بوون بوو,كەچى نەماندى یەك تی ڤیەك تەوەرێكى تایبەت بەو
باسە بكەن ,یان زۆرینەى رۆژنامەكان دیوێكى ناشرینى خۆكوشتن
نیشان دەدەن ,ئەوەندەى خوازیارن چۆنیەتى و وێنەى خۆكوژەكە
نیشان بدەن نیو هێندە ترسی ئەوەیان نییە كە بڵاوكردنەوەى وێنەى
ئەو خۆكوژە تا چەند كاریگەرى نێگەتیڤانەى لەمەڕ ئەوانى دى
دەبێت.كاتێك رۆژنامەیەك هەواڵى خۆكوشتنى كەسێك بڵاودەكاتەوە
باشتر وایە ئەگەر هیچ نەبێت ئەو هەواڵە بەو ستاییلە نمایش
نەكات و بیڕازێنێتەوە ,یان هەر هیچ نەبێت دەتوانێت بۆچوون و
وتەى چەند دوكتۆر و كەسانى پسپۆر لە بوارى دەروونى لەهەمان
هەواڵ یان رێپۆرتاژدا بڵاو بكاتەوە ,چى دى هاوسەنگیەك هەبێت
لەوەى كە تەنیا دیوە ناشرینەكەى خۆكوشتن باس بكرێت و بیدەنگى
لەئاست وەها پرسێك نەچێتە فەرامۆشییەوە.
(ئایا ئێمە ئەو هەموو دوكتۆرە بەناو دەروونیەمان هەیە كاریان
چییە ؟ بەدەر لەوەش ئەى ئەو هەموو توێژەرە كۆمەڵایەتییە و مەلا
ورۆژنامە و تى ڤى حیزبی و ئەهلى و ....هتد كاریان چیە لەمەڕ
چەمكى خۆكوشتن.
وە نەبێت دیاردەى خۆكوشتن لەنێو هەرزەكاران و گەنجاندا بوووەتە
دیاردە , بەهەمان ئەندازەش دەبینین ئەوانەى كە لەتەمەنیشدان
چەندین جار هەوڵى خۆكوشتنیان داوە لەم ماوەیەدا چەند كەسێكى
بەتەمەننیش خۆیان كوشتووە ,
نكۆڵى لەوە ناكرێت هەر لەسەرەتاى درووست بوونى مرۆڤایەتییەوە
پرۆسەى خۆكوشتن هەبووە و هەر دەشمێنێت ,بەڵام ئەشێ هۆشدارى و
بەئاگا هاتنەوەو هەماهەنگى ئەو كەسانەى كە نەخۆشیەكى دەروونیان
هەیە یان رووداوێكى شكستخواردووى ژیان پاڵنەرى ئەوە بووە هەوڵى
خۆكوشتن بدەن ,پەیوەندى خۆكوشتن ئەوەندەى پەیوەندى بەتاك (ئیندیڤیژوالّ)
ەوە هەیە ئەوەندە پرۆسەیەكى كۆمەڵى نییە ,یان بەمانایەكى دى
بوونى بریارێكى بەپەلەى وەك خۆكوشتن هێند تاك پراكتیزەى دەكات
چەندین كەس ناتوانن لەهەمان بریاردا بەشدار بن (هەرچەندە چەند
سالێك لەمەوبەر لەئەورۆپا چەندین عاشقى شكستخواردوو بریاریان
دا بوو لەرێگاى ئینتەرنێتەوە خۆیان بكوژن لە رۆژى ڤالانتاین
خۆشبەختانە بەهۆى كەسێكیانەوە توانرا ئەو پرۆسە كۆمەڵییە
هەڵبوەشیندرێتەوە )
ئەوەندەى مێدیا دەتوانێت مرۆڤەكان لە پرۆسەى خۆكوشتن
دووربكاتەوە هیچ شتێكى دى ناتوانێت چونكە هەنووكە مرڤ زۆرترینى
ساتى لەتەك تەكنۆلۆژیادا دەژێت بۆیە كاریگەرى مێدیا دەتوانێت
ئاراستەى تاك بگۆرێت ,هەروەك چۆن لەسەدەكانى رابوردوودا بوونى
ئەدەب بە تایبەت (رۆمان ) كاردانەوەى پۆزەتیڤ و نێگەتیڤى
هەبووە لەسەر خوێنەرى ئەو تێكستانە بە تایبەت نووسەرە
نەهیلیزمەكان وەك (نیچە ,هەمنگواى ,شۆپنهاوەر, ڤیرجینا وۆلڤ ,مایكۆڤسكى,بۆدلێر,كافكا
,هیدایەت ...سەدانى دى ) كە تاكیان لە دۆخێكى ترسناكدا رادەگرت
و بە پێچەوانە و چەندانى دى ریزیان بۆ مرۆڤایەتى گەڕاندەوەو
هەوڵى جوانكردنى ژیانیان داوە.
ناكرێت ئەوە لەیاد بكەین كەوا مرۆڤ ئازادە لەوەى چ دەكا و چ
ناكات؟بەكام رێگاى ژیاندا دەگوزەرێت ؟ چۆن دەژێت چۆن مەرگ
هەڵدەبژێرێت؟
ژیانیش هەروەك چۆن لەهەناوى خۆیدا بەختەوەرى وخۆشگوزەرانى
هەڵگرتووە بەهەمان ئەندازەش شكست و پووچگەرایى وتێكشكان
وئازاردانى مرۆڤایەتى هەڵگرتووە ,هەرچەندە پرۆسەى خۆكوشتن
هەرگیزاو هەرگیز نابێتە چارەسەر بۆ گەڕانەوە و بەدەستهێناى
بەختەوەرى ,گرینگى و بەردەوامى ژیان لەوەدایە مرۆڤەكان خودى
خۆیان بتوانن لەبەردەم نەهامەتییەكانى ژیان بجەنگن و كۆڵنەدەن
لە و شكستانەى دەبێتە هۆى وەڕس بوون لەژیان نەوەك بە پرۆسەى
خۆكوشتن پشت لە ژیان بكەن.
omerjelal@yahoo.com
ـــــــــــــــــ
لەرۆژنامەى (هاوڵاتى) ژمارە (433) ى 22/6/2008
بڵاوبووەتەوە
|