سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی لە سوید. لە هەوڵی گەرم و گوڕداین
 بۆ وەرگرتنی مافی مانەوەی هەموو ئەوانەی ڕوویان لە سوید كردووە
سازدانى: سەردار زەنگنە
 

 
 بەپیێ ئامار پەنابەرانی كورد زیاتر روو لە سوید دەكەن، مەسەلەی بە زۆرەملێ ناردنەوەی پەنابەرانی عێراقی لە سوید و رۆڵی رەوەندی كورد لەو وڵاتەدا،تەوەری ئەم جارەی دیمانە ی باسەڕەیە لەگەڵ ئوسمان بابان سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی لە سوید: * دەكرێ بزانین ژمارەی پەنابەرانی كورد لە سوید چەندە و چەندیان بە زۆرە ملێ ناردراونەتەوە? - ئەگەر بمانەوێت ئامارێكی تەواوی پەنابەرانی كورد لە سوید بكەین. دەبێت رۆژانە ئەم سەر ژمێرییە تازە بكەینەوە. چونكە رۆژانە پەناخوازی كورد هەم لە كوردستان و هەم لە وڵاتانی دیكەی ئەوروپاوە روو لەم وڵاتە دەكەن. بەپێی زانیارییەكیش كە لە ژێردەستی ئێمەدایە، (8) هەزار كورد لە سوید پەنابەرن. هەر چەندە لێرە لە سوید ناتوانین بڵێین پەنابەری كورد بە پێی یاساكانی بەڕێوەبەرایەتی كۆچ، دەبێت بڵێین پەنابەری عێراقی، چونكە تا ئێستا ئەوان وەك كورد لە كوردستان ئەژمار ناكەن، بۆ ئەوان باكووری عێراق، باشووری توركیا و رۆژاوای ئێران، سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەكەت سەبارەت بە دیبۆرت كردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران، ئێمە وەك فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی، تا ئێستا ئاگادارین كە پۆلیسی سوید رۆژانە پەنابەری كورد و عێراقی دەستگیر دەكەن و بە زۆرەملێ و بەبێ خواستی خۆیان لە گرتووخانەكانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی كۆچ دەست بەسەریان دەكەن، تا رۆژی ناردنەوەیان بۆ كوردستان و عێراق و تا ئێستاش چەندین پەنابەریان بە زۆرەملێ و لە ژێر گوشاردا ناردووەتەوە، ئەم شێوە مامەڵە نامرۆڤانەیە لە دوای ئەو گرێبەستەوە دێت كە لە نێوان دەسەڵاتدارانی هەردوو لاوە ئیمزا كراوە، مەبەستم حكوومەتی عێراق و حكوومەتی سویدە و بە بەشداریی حكوومەتی هەرێم. كە ئەمە لە مامەڵەیەكی بازرگانی دەچێت و پەیوەندیی بە ئارامی و ئاسایش و ژیانێكی باشترەوە نییە بۆ خەڵكانێك كە ساڵانێكە ئەو وڵاتەیان جێ هێشتووە. * بۆچی پەنابەرانی كورد زیاتر روو لە سوید دەكەن? - لە ڕاستیدا نەك تەنیا پەنابەرانی كورد، بە ڵكوو زۆرێك لە وانەی كە لە وڵاتێكی دیكەشەوە دێن، تەنیا وڵاتی سوید دەكەنە جێگای مەبەست. هەڵبەت ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لێرە یاسای ژیانی رۆژانە دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەك جیاوازە لە وڵاتانی دیكە. بەرلەوەی باڵی راست دەسەڵات بگرێتە دەست. ژیان تا ڕادەیەك ئاسانتر بوو. هەر بۆیە بۆ پەنابەران باشتر بوو. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هێنانی هاوسەر و منداڵ لە كوردستانەوە. تا ڕادەیەكی بەرچاو لە وڵاتانی دیكەی ئەوروپا باشترە. * وەرگرتنی مافی پەنابەریی لە سوید چۆنە و بۆ دەكرێت? - مەسەلەی داوای وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی تا ڕادەیەك پەیوەستە بە چەند شتێكەوە، یەكێك لەوانە هەبوونی ناسنامەی كەسێتی و سیاسەتی هەر پارتێكیش لە دەسەڵاتدا هۆكارێكی دیكەیە. بۆ نموونە باڵی چەپ هەمیشە باوەڕێكی باشترو بۆ چوونێكی گونجاو تریان هەمبەر بە هەبوونی پەنابەران هەیە، بەڵام بە باوەڕی باڵی ڕاست زۆر بیر لە پێویستی سوید دەكەنەوە لەگەڵ پەنابەردا نەك خواستی پە نا خوازان. خۆ ئەگەر باسی ئەوە بكەین كام میللەت زیاتر ئاسانكاریی بۆ دەكرێت. بەپێی یاسای پەنابەری جیاوازی لە نێوان میللەتاندا نییە، بەڵام من پێم وایە كەمێك ئاسانكاری بۆ پەنابەرانی باشووری ئەمریكا دەكرێت، چونكە ئەوان كەمتر كێشەی كولتوورییان هەیە، بەڵام ئەگەر تەماشای پەنابەرانی خۆر هەڵاتی ناوەڕاست یان وڵاتانی ئیسلامی بكەین. خۆ گونجاندن لەگەڵ كولتووری ئێرە بەشێوەیەكی داخراوە و نزیك بوونەوە كەمە. * رەوەندی كورد تا چەند لە كایە و بوارەكانی كومەڵگەی سویددا هەن? - بە باوەڕی من لەگەڵ هەبوونی ئەم ژمارە زۆرەی كورد لە سوید. پێگەی كورد لە ئاستكی باشدا نە چووەتە پێشەوە، هەر چەندە كە سانێكی بە توانا لە چەند بوارێك و لە پەرلەمان و چەند دەزگایەكی دیكەی دەوڵەتیدا هەن، بەڵام هێشتا جێگەی كورد لە كۆمەڵگەی سویددا بە پێی پێویست نییە و جێگەی دڵخوشیی من نییە. ئەگەر چی چەند ساڵێكی كەمە لێرە دەژیم، هەستم بە كەمتەر خەمی كورد كردووە. هەم لەناساندنی كێشەی كورد وەك میللەتێكی چەوساوە، هەم لە بەدەست هێنانی پێگەدا. * رەوەندی كورد لە سوید تا چەند توانیویەتی لۆبییەكی كوردی دروست بكات? - سەبارەت بەم پرسیارەت ئەگەر بڵێم لۆبیی كورد لە ئاستێكی باشدانییە، پێم وایە وابێت، چونكە مەسەلەی حیزبایەتی لێرەش كێشەی دروست كردووە، بۆ یادكردنەوەی بۆ نەكان، یان ڕوو بە ڕووبوونەوەی هەر شتێكی دیكە، كە كار لە بە رژەوەندیی كورددا بێت، بۆ نموونە ئێمە وەك فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران، كە رێكخراوێكین لە پێناو مافە مرۆییە كانی پەنابەران تێدەكۆشین. لەگەڵ ئەوە دەیان جار داوامان لە رێكخراو و لایەنانی دیكە كردووە، كە هاریكاری و هەماهەنگی لەگەڵ یەكتردا بكەین، بەڵام نەك هەر وەڵامیان نەداوینەتەوە، تەنانەت هەوڵی ئەوەشیان داوە كە هەوڵ و تەقەڵای ئێمەش كەم بكەنەوە. * كێشەی ئێستای پەنابەرانی كورد لە سوید چییە? - لە راستیدا گەورەترین كێشەی پەنابەران لە ئێستادا، كێشەی مانەوە و نیشتە جێ بوونی هەمیشەییە، هەر لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە، كێشەی رەتكردنەوەی داواكانی پەناخوازانی كورد دەستی پێ كرد بە بیانووی نەمانی ترس لە بەرامبەر هێرشی رژێمی بەعس و هەبوونی ئارامی لە كوردستان، كە ئەمە مایەی ئەوە نییە بەندەكانی جاڕ نامەی مافەكانی مرۆڤ دەخرێتەلاوە. هەر چەند هەموومان هێرشەكانی رژێمی توركیای فاشیست و ئێران بە چاوی خۆمان دەبینین، كە هەر كاتێ بیانەوێت بۆ مباران و كاولكاری بۆ سەر كوردستان دەست پێ دەكەن، بێ گوێدانە ژیانی سەدان مناڵ و ژن و خێزانی كورد، بەداخەوە حكوومەتی هەرێمیش دەیەوێت خۆڵ بكاتە چاوی وڵاتانی ئەوروپاوە، بە بیانووی هەبوونی ئازادیی تا كە كەس كە بە بڕوای من بوونیان نییە و بەشێكی بەرچاو لەو پەنابەرانە لەسەردەمی شەڕی خۆبە خۆدا ئاوارەی وڵاتانی دنیا بوون، حكوومەتی هەرێمیش دەیەوێت دیسانەوە یاری و بازرگانی بە ژیان و گوزەرانی ئەوانەوە بكات، بۆیە من بە ئەركی سەرشانی حكوومەتی هەرێمی دەزانم و دەبێت دەست لەم كارانە هەڵبگرێت، لە كێشەی پەنابەراندا رۆڵێكی باش بگێڕێت كە لە قازانجی پەنابەران بێت. * ئەدی ئێوە چیتان بۆ پەنابەران كردووە? - لە ماوی چوار ساڵی رابردوودا، فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەران وەك رێكخراوێكی چالاك و داكۆكیكەر لە پێناو مافەكانی پەنابەران، هەمیشە لە ریزی پێشەوەی ئەم تێكۆشانەدا بووە، لە چەندین وڵاتی ئەوروپا و لە كەنەدا و توركیا، كۆمەك و هاوكاریی پەنابەران كراوە، لە ئێستادا وەك ئەركی هەمیشەیی سەرشانی خۆی لە كاروانی خەباتدا بەردەوامە، لەم پێناوەدا بەسەدان شەپۆلی ناڕەزایی بە ڕێ خستووە و رۆژانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەم كێشەیە لە گفتوگۆ و دانووستاندایە، ئێستا سكرتارییەتی فیدراسیۆن لە سوید لە هەوڵی گەرم و گوڕدایە بۆ راگرتنی دیبۆرتی پەنابەران و ئەو پەنا خوازانەی كە پەنایان بۆ سوید هێناوە. دەمەوێت لێرە هەوڵ و تەقەڵاكانی رێكخراوی بەرگری لە مافەكانی ژنانی عێراق بە سوپاسەوە بەرز بنرخێنم كە هەمیشە هاوكارێكی چالاك و پڕ وزە بوون شان بەشانی ئێمە لەم ڕێگایەدا.

 

           

 

22/06/2008

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca