به‌ ناوی کوردستانی گه‌وره‌ .

ماموه‌ستا شێخ ره‌زا تاڵه‌بانی و  " هه‌جوی کاکه‌یی"

ح. س. سۆران

soransa@hotmail.com

 

تاران -  15/4/2708

ئه‌وانه‌ی  هۆنراوه‌کانی هۆنه‌ری  ناسراوی کورد ، ماموه‌ستا شێخ ره‌زا تاڵه‌بانی یان خوێندبێته‌وه‌ ، باش ده‌زانن که‌ هه‌ڵبه‌سته‌کانی  شێخ ره‌زا له‌و په‌ڕی رێک و پێکی کێش، قافیه‌ ، سه‌روا و ورده‌کاری دیکه‌ی وێژه‌یی دان . ماموه‌ستا شێخ ره‌زا به‌ پێی نێوه‌رۆکی دیوانه‌ هۆنراوه‌که‌ی، که‌ زۆر له‌ مێژه‌ چاپ بوه‌ ، به‌ سێ زمانی کوردی ، تورکی و عاره‌بی هۆنراوه‌ی وتوه‌ و زوربه‌ی خه‌ڵکی  کورد ، زۆر له‌ هه‌ڵبه‌سته‌کانی ماموه‌ستایان له‌به‌ره‌ . به‌ تایبه‌ت له‌ روانگه‌ی هۆنراوه‌ی گاڵته‌  ( ساتیر = جه‌فه‌نگ = گه‌مه‌ = شۆخی = گه‌پ = ره‌خنه‌) ه‌وه‌ ، شێخ ره‌زا له‌ کوێستانی زه‌نوێری ئه‌ده‌بی ساتیری کلاسیکی کوردی دا ، وه‌ک لووتکه‌ی چیای ئێڤرێست به‌رزه‌ وره‌نگه‌ هاوتای نه‌بێ.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش دا ،که‌ من نامه‌وێ زۆر بچمه‌ ناخی هۆنراوه‌ گه‌مه‌ و گاڵته‌کانی ماموه‌ستاسێخ ره‌زاوه‌ و ده‌ڵێم ره‌نگه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ، ئه‌م چه‌شنه‌ هۆنراوانه‌ تۆزێک باو بوون ، به‌ڵام  قسه‌م له‌سه‌ر هۆنراوه‌ی ( هه‌جوی کاکه‌ی‌) و ... ه‌ .

 

ئێستا ئیدی زوربه‌ی ئێمه‌ ده‌زانین ، ره‌نگه‌ له‌ هه‌ر ده‌ نه‌فه‌ر کورد ، یه‌کێکیان کاکه‌یی ( یارسان) بن و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ، چون فه‌رهه‌نگی عاره‌ب و ماره‌ب و فڵان و فیسار ،زۆر که‌م کاری له‌ سه‌ر کردوون ، خاوه‌نی داب ، کردار ، ره‌فتار و هه‌ڵس وکه‌وتی  زۆر کوردانه‌ ، جوان، شاز  و شیاون ، ئه‌و چه‌ند میلیۆن کورده‌ ره‌سه‌نه‌ ، هه‌ڵ گری هۆنراوه‌ی گه‌پ و گاڵته‌ی وا نین ، که‌ هێندێکی زۆر له‌ولای شۆخی ، سوعبه‌ت و جه‌فه‌نگه‌وه‌یه‌ . به‌ تایبه‌ت چون ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ ، ئایینێکی ره‌سه‌نی کوردیان هه‌یه‌ ، شتێکی لاوه‌کی نیه‌ و ته‌نانه‌ت ئایینه‌که‌ چوه‌ته‌ نێو گالانی دیکه‌شه‌وه‌ و زمانی کوردیشی له‌گه‌ڵ خۆی بردوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستانی گه‌وره‌  ، ده‌بێ به‌ هه‌ر ئایین و بڕوایه‌که‌وه‌ که‌ هه‌مانه‌ ، رێزیان لێ بگرین . پێم خۆشه‌ بزانم ، سه‌روه‌ر سوڵتان ساهاک ، چی له‌ عوزه‌یر پێغه‌مبه‌ر که‌متر بوه‌ -  بێجگه‌ له‌  کورد بوون !!! ئه‌گه‌ر ده‌بێ 124 هه‌زار پێغه‌مبه‌ر بووبێ ، ده‌بێ چه‌ند دانه‌شیان کورد بووبن – مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ڵ هاوادرن ، پشت گوێ خستن ، کلاکردن و  کاری سه‌رکوت کردنی رامیاری کورده‌ ؟ قوربان گیان! مه‌گه‌ر ناڵێن خودا دا‌دگه‌ره‌ ؟.  

 

من وه‌ک که‌سێک که‌ له‌ نزیکه‌وه‌ ، یه‌کجار زۆر له‌ سه‌ر  داب ، ره‌فتار و کرداری کاکه‌ییه‌کان لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانیم کردوه‌ ، کڕنۆش بۆ ئه‌و به‌شه‌ له‌ گه‌لی کورد ‌ ده‌به‌‌م ، رێزیان لێ ده‌گرم و  به‌ هیوام رۆژ به‌ رۆژ ، هه‌ر وا سه‌ربه‌رز و دروشمی ئاشتی ،  مرۆڤایه‌تی و خه‌باتی رزگاری خوازی و فه‌رهه‌نگی کوردایه‌تی بن.

 

قسه‌ هه‌زاره‌ و دوانی به‌کاره‌ :

 

من ئه‌م هۆنراوه‌ی ماموه‌ستا شێخ ره‌زا به‌‌ قسه‌ی بۆش ،  وه‌ڵاشم ،  شۆخی بێ بنه‌ڕه‌ت  و سوعبه‌تی  رووت و ناپێویست ده‌زانم و زۆر ده‌مێكه‌ ڵه‌ زه‌ینی خۆم دا ، به‌ وایتێکس  شۆرد‌وومه‌ته‌و .

 

گه‌لۆ ! وانیه‌ ؟

 

 
           

 

06/07/2008

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca