لەم دووشارەی هەولێرو سلێمانی كە دووحاكم حوكمی ئەكەن و ئەم
دوو حاكمە دنیایەك رۆژنامەنوسی جاهیل و بەناو رەخنەگرو
سیخوریان بەرداوەتە گیانی خەڵكی و بەهۆی هەندێ بابەتی
وروژێنەرو لێدان لە قودسیەتی بنەماڵەكان خۆیان نزیك ئەخەنەوە
لە رۆژنامەنوسە پاك و بوێرەكان تا راپۆرتیان لەسەر بنوسن و
سومعەی ئۆرگانەكەش بشێوێنن بەوەی كە گوایە پارە لەملاولا
وەرئەگرن وەك ئەوەی كە بیستمان "ئاوێنە" لەگەڵ دەزگای "میت"
كۆبۆتەوە بەبێ ئەوەی كە بزانین و پێمان بڵێن چۆن و بۆچی و لە
كوێ و ئایا ئەمە هەواڵێكی باوەرهێنە یان دیماگۆگیەتی
دەسەڵاتەكانە؟! دەسەڵات ئیدی لە رێگەی رۆژنامەنوسان خۆیانەوە
چارەی وەزعی كەوتووی خۆی ئەكات و بەم رەگەزە ناشیرینانەی هەواڵ
دەیانەوێت ئەو كەمە ناوەندە جوانەش كە هەمانە لای جەماوەر لێڵ
و تەم و مژی بكەن و وا ئەكات ئێمەی رۆژنامەنوس خۆمان لە
داهاتوودا ببین بە خۆرەی یەك و بە دەستلەپشدانی حیزب و پارەو
نیفاقی دەوڵەتانی دراوسێ یەكتری تیرۆر بكەین لە رووی ئەخلاقی و
مەعنەویەوە وەك ئەم مۆدێلەی ئێستا، راستە رۆژنامەی بەناو ئەهلی
خۆفرۆشیش زۆرن كە بەستراونەتەوە بە دەیان كەناڵی حیزب و حكومەت
بە نهێنی و كەچی هەر ئەم رۆژنامانە سەدان گەمەی ناشیرین ئەكەن
و دەیان كاسەی حیزب پڕ ئەكەن لە جنێو و تەشهیر، ئەمە
سەرەتایەكی خەتەرناكی نیفاقی رۆژنامەنوسی كوردیە كە لەگەڵ ئەو
نیفاقەدا رۆژنامەنوسی سیخوڕ و جاسوسیش بەرهەمدێ كە زۆرجار
قودسیەتیش پێشێل ئەكەن و لە گوڵ كاڵتریشیان پێناوترێ، لە
بیرمان نەچێ بەدەگمەن حیزب پارەكانی خۆی ئەخاتە پرۆژەیەك كە
دژی خۆی بەكاربێتەوە، ئایا دەكرێت ئێمە چەند دەنگێكی جوانی وەك
"هاووڵاتی و لڤین و ئاوێنە" بە نمونە بخەینە بەر گومان و
رەخنەو شیكارە جوانەكانیان نەبینین؟! هەمانكات دەشێت
رۆژنامەنوسی سیخوڕیش هەبن لەم كەناڵە ئەهلیانەدا هاتوو چویان
بێ بۆ دەگە وەشاندن لە هاورێیانیان كە چی ئەكەن و بۆ كوێ ئەچن
و پەیوەندیان بە كام كەسایەتی و دەزگاو گروپەوە هەیە؟ ئەم كارە
وەزیفەی حیزبەو بە كاراكتەری رۆژنامەنوس جێبەجێ ئەكرێ، كە
سەرەتای گوماندانان و گواستنەوەی گەندەڵی حیزبی و حكومییە بۆ
ناو فەزای رۆژنامەنوسی و مەعریفیمان، مۆدێلی ئێستا وا ئەخوازێ
رۆژنامە، رۆژنامەی واقع و فاكتەكانی كۆمەڵگابێت، بە كورتی
رۆژنامەی شیكاریست، بەڵام حیزب ئەیەوێت رۆژنامەی ستایشكەرو
تەشریفات بێ، باشە منی هاووڵاتی ئەگەر غازوكارەباو ئاوم نەبێ،
هەزاران نوسینی دریداو ماكس فیبەرو فۆكۆو هابرماسم بۆچیە، یان
من ئەگەر پارەو داهات و دەخلم سفر بوو، قسەی ناو كتێبەكان و
رۆمانەكانی بەختیار عەلی و فەلسەفەكانی فاروق رەفیق ئەرزشی
چییە لام، تەنانەت هەواڵی وەزیرو گزیرو سەرۆكەكانیش بێ
ئەهمیەتە لام، كەواتە ئەبێ رۆژنامەكان بەردەوام بن لەسەر
گۆرینی ئەو واقیعە تاڵەی هاووڵاتیان و گوشارو فشار دروست بكەن
و گوێ بەو رۆژنامەنوسە جاسوسانەش نەدەن كە گەرەكیانە
گەندەڵیەكە بگوازنەوە بۆ هەموو كایەكان و وەك قەناعەتێكی
كۆمەڵایەتی لێ بێت؟!
|