کۆمه‌ڵه‌ی رۆشنبیریی کوردی-کێرکلیس له‌شاری هودرسفێڵدی به‌ریتانیا ئێواره‌ کۆڕێکی سیاسیی بۆ ئاسۆ که‌مال سازدا.
 
 

ئاسۆ که‌مال

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌‌ به‌رواری  ٢٩\۶\٢٠٠٨  (کۆمه‌ڵه‌ی ڕۆشنبیری کوردی- کێرکلیس) له‌ شاری هودرسفێڵد له‌درێژه‌ی کار و چالاکییه‌کانی خۆیدا به‌ ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێکی زۆر، ئێواره‌ کۆڕێکی  سیاسیی سازدا بۆ که‌سایه‌تیی  سیاسیی  کورد (ئاسۆ که‌مال)سه‌باره‌ت به‌(بارودۆخی سیاسیی عێراق‌و ڕێگه‌چاره‌ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان)

له‌ سه‌ره‌تادا کورته‌یه‌ک له‌ سه‌ر ژیانی سیاسیی کۆرگێڕ خوێندرایه‌وه‌ ، له‌ ته‌وه‌ری یه‌که‌مدا کۆڕگێڕ تیشکی خسته‌سه‌ر فیدڕالیزم و چاره‌نوسی کوردستان پاشان باسی له‌ چالاکییه‌کانی ڕیفراندۆم کرد که‌ زۆرینه‌ی خه‌لکی کوردستان سه‌ربه‌خۆییان هه‌ڵبژارد له‌سه‌دا نه‌وه‌ت و هه‌شتی خه‌ڵکی کوردستان ده‌نگیان به ‌سه‌ربه‌خۆیی دا، که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌م ده‌نگه‌ کپ کرایه‌وه‌. هه‌روه‌ها تیشکی خسته‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌کێتی،‌ مه‌ترسی ئیسلامی سیاسیی له‌ناوچه‌که‌ و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌روه‌ها باسی له‌ یاداشتی مه‌لا و حیزبه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان کرد که‌ چۆن ده‌یانه‌وێت ڕێگه‌ له‌ ئازادیی بیروڕاده‌ربڕین بگرن. له‌ ته‌وه‌ری دووه‌مدا ئاسۆ که‌مال هاته‌سه‌ر باسی ماده‌ی 140 و کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی که‌رکوک و چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140  و له‌ده‌ستدانی متمانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکردایه‌تی کورد به‌رامبه‌ر به‌ شه‌قامی کوردی و نیگه‌رانی هاوڵاتیان، پاشان شڕۆڤه‌ی ڕۆڵی ئه‌مریکا و ئێران و تورکیا و ووڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌کانی له‌سه‌ر چاره‌نووسی بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان کرد، هه‌روه‌ها تیشکی خسته‌ سه‌ر کاردانه‌وه‌ی ڕاپۆرتی به‌یکه‌ر هامڵتۆن و مایکڵ ڕۆبن پاشان به‌ ژیرانه‌ باسی له‌ ڕاپۆرتی دیمستۆرا و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کرد و ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ندین بابه‌تی تری وه‌ک نه‌بوونی یاسا و حکومه‌تێکی دامه‌زراوه‌یی و توندوتیژیی و ره‌شه‌کوژیی ژنان و پێشێلکارییه‌کانی‌تری ماف و ئازادییه‌کان که‌ سه‌ره‌نجامی ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسییه‌ن که‌ ئێستا له‌ کوردستان ده‌گوزه‌رێ. به‌ر له‌ کۆتاییهاتنی کۆڕه‌که‌ ته‌وه‌ری سه‌رنج و پرسیاره‌کان ده‌ستیپێکرد و ئاماده‌بووان به‌شدارییه‌کی گه‌رموگوڕیان له‌ کۆڕه‌که‌دا کرد و له‌ هه‌مان کاتیشدا خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌ ئاماده‌کارانی کۆڕه‌که‌ هه‌روه‌ها به‌ تێبینی و پرسیاره‌کان کۆڕه‌که‌ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، کۆڕگێڕ وه‌ڵامی پرسیاری ئاماده‌بوانی دایه‌وه‌، کۆڕه‌که زۆر به سه‌رکه‌وتووی کۆتای هات و له‌لایه‌ن (کۆمه‌ڵه)‌وه‌ ئه‌رک و ماندووبوونی کۆڕگێڕ به‌رز نرخێندرا که‌ له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ هاتبوو  هه‌روا سوپاسی هه‌موو ئاماده‌بوان کرا به‌تایبه‌تی ئه‌و میوانانه‌ی که‌ له‌ ده‌ره‌وی هودرسفێڵد - دۆنکاسته‌ر، لیدز، برادفۆرد، مانچسته‌ر، داربی ... هتد - وه‌ هاتبوون.  

گه‌شبیر ئه‌حمه‌د

30/06/2008

gashbir@hotmail.com

 
           

 

04/07/2008

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca