کوردستان له‌ ئۆردوگا ده‌چێت

نه‌ک کۆمه‌ڵگا!

 

حه‌مه‌غه‌فور

hamaxafoer@yahoo.com

 

به‌گوێره‌ی ئه‌و تابلۆیه‌ بێت که‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ده‌سه‌ڵاتی کوردی کۆمه‌ڵی کوردستانی لێوه‌ نیشانیئه‌ده‌ن، کوردستان فیرده‌وسی به‌رینه‌و خه‌ڵک له‌ بێوه‌فاییانه‌وه‌یه‌ هێشتا ناڕازین‌و ئه‌ڕژێنه‌ سه‌نته‌ری شاره‌کان‌و ئاژاوه‌ئه‌نێنه‌وه‌! به‌ڵام ناوبردنی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌رو له‌ پێشیانه‌وه‌ گه‌نجان‌و داواکردنی ماف‌و خواسته‌کانیان به‌شێوازێکی شارستانی، به‌ "سپڵه‌یی‌و بێوه‌فایی سه‌گ" وه‌کو پریزیدینت پارێزه‌ر جلال تاڵه‌بانی‌ وه‌ سه‌رۆکی ڕاگه‌یاندنی ناوه‌ندی پارتی، سه‌رۆقادر له‌ لێدوانه‌کانیاندا بێحه‌وسه‌ڵه‌یی خۆیان له ‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵکیدا نیشاندا، پووچی‌ ئه‌م ئیدیعایانه‌و دووریی ئه‌م به‌هه‌شته‌‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌ به‌باشترین شێوه‌ ئه‌خاته‌ڕوو.

 

له‌کوێ ده‌توانرێ ئۆردوگایه‌کی ئاواره‌یی، یا که‌مپێکی چاوه‌ڕووانی لێقه‌وماوان به‌ پارادایس بخه‌مڵێنرێ! ئه‌م شه‌هامه‌ته‌ به‌ته‌نها له‌ سه‌ران‌و ڕابه‌رانی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی ئه‌وه‌شێته‌وه‌! کوردستان حه‌ڤده‌ ساڵی ڕه‌به‌قه‌ به‌ هێڵی دڕکاوی 34و36 ته‌نراوه‌و له‌ڕێگای کۆمه‌ک‌و یارمه‌تی‌و دابه‌شکردنی خواردن‌و ده‌رمانی (یوئێن)و ڕێکخراوه‌کانی (ئێن‌جی ئۆ)کانه‌وه‌ ژیان ئه‌گوزه‌رێنێ. دوای ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ش هێشتا دیارنییه‌ چاره‌نووسی ئه‌م که‌مپه‌ چاوه‌ڕووانییه‌ چۆن ده‌بێ. شه‌رمه‌زاری نییه‌ که‌سێک بێت‌و ئه‌م ئۆردوگا زۆره‌ملێیه‌ ناو بنێیت کۆمه‌ڵگا، چ‌جای فیرده‌وس!؟

 

ئه‌گه‌ر له‌وانه‌ ببوێرین‌و بچین سه‌رنجی لایه‌نه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی پێکهاته‌و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و حکومه‌ت‌، ئیداره‌و قه‌زاو په‌روه‌رده‌و خوێندن، زانکۆکان‌و که‌رتی ته‌ندروستی‌و به‌رهه‌مهێنان‌، خزمه‌تگوزارییه‌کان، ئاوو کاره‌باو ڕێگاو بان‌و داووده‌رمان‌و..تد بده‌ین، سه‌رنجی ماف‌و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک بده‌ین، له‌ شێوازی دابه‌شکردنی بودجه‌و داهات ووردبینه‌وه‌، بڕوانینه‌ په‌یوه‌ندی خه‌ڵک‌و ده‌سه‌ڵات، خه‌ڵک‌و حیزبه‌کان، جه‌ماوه‌رو چۆنێتی موداخه‌له‌یان به‌سه‌ر ژیانی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئێستاو ئایینده‌یانه‌وه‌، سه‌رله‌به‌ری ئه‌م دیاردانه‌ مۆرکی ئۆردوگاییان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و بێگومان ئینسان‌و کۆمه‌ڵگا به‌بێ فه‌راهمبوونی لانیکه‌می ئه‌م شتانه‌ بۆیان، ئیتر ئه‌که‌ونه‌ دۆخی ژیانی هه‌وارنشینی‌و قه‌بیله‌ییه‌وه‌و باسێک له‌ ژیانی ئه‌مڕۆژی ناکرێت! ئه‌م لانیکه‌می پاشماوه‌ی شارستانییه‌ که‌ له‌ ڕژێمی به‌عسیی به‌جێماوه‌، جگه‌ له‌ کۆشکو ته‌لاری فیرعه‌ونه‌کانی حیزبه‌ کوردییه‌کان، هیچی تری بۆ زیادنه‌کراوه‌. ئه‌مه‌ قسه‌و لێکدانه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌.

 

پێموایه‌ به‌ڕێز د. زریان عوسمان وه‌زیری ته‌ندرووستی حکومه‌تی هه‌رێم، ئه‌م که‌ناڵه‌ حه‌یاتییه‌ی کۆمه‌ڵی کوردستان له‌ چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی (ئاوێنه‌)دا، به‌ جوانترین شێوه‌ وه‌سف‌و به‌یان ئه‌کات ئه‌کرێ بکرێته‌ به‌ڵگه‌یه‌کی مه‌لموس بۆ قسه‌کانم؛ [ئاوێنه‌: جارێك با بپرسین، بارودۆخی‌ ته‌ندروستی‌ هه‌رێم چۆنه‌‌و له‌چیدایه‌، چونكه‌ زۆرجار باس له‌باشكردنی‌ ئه‌م سیستمه‌ده‌كرێت؟ د.زریان: كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌‌و به‌تایبه‌ت له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌ وێرانه‌یه‌، له‌ شارێكی‌ وه‌كو هه‌ولێر، دواین نه‌خۆشخانه‌ كه‌ دروست كرابێت 25ساڵ به‌ر له‌ ئێستابووه‌، تاكو ئێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌ خزمه‌تكردن. سه‌دام نه‌خۆشخانه‌ی‌ له‌ سلێمانی‌‌و نه‌جه‌ف هه‌ر دروستنه‌كرد، چونكه‌ زۆر رقی‌ له‌و دوو شاره‌ بوو. به‌م پێیه‌ش ئێمه‌ بناغه‌ی‌ ته‌ندروستیمان زۆر كۆنه‌،..].

 

له‌ به‌شێکی تری ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا ئه‌ڵێ؛ [ئه‌وه‌نده‌ی‌ جگه‌ره‌ خه‌ڵك له‌ وڵاتی‌ ئێمه‌ ده‌كوژێ‌، نه‌خواردنی‌ ئێكسپایه‌ر نه‌ده‌رمانی‌ ئێكسپایه‌ر نه‌ شه‌ڕی‌ براكوژی‌ خه‌ڵكی‌ نه‌ كوشتووه‌، 50%ی پیاوانی‌ ئێمه‌ جگه‌ره‌ ده‌كێشن، كه‌ ته‌مه‌نی‌ پیاوان 51ساڵه‌و هی ژنان 59 ساڵه‌، كه‌ حه‌قه‌ ئێمه‌ شه‌رم له‌م ژماره‌یه‌ بكه‌ین].

 

دیارده‌ی هه‌لکشانی جگه‌ره‌کێشانیش په‌یوه‌سته‌ به‌م که‌مپی لێقه‌وماوانه‌وه‌. به‌ڵام پێتان چۆنه‌ وه‌زیری ته‌ندرووستی به‌رێز خۆی باسی (خواردنی ئێکسپایه‌رو ده‌رمانی ئێکسپایه‌ر)ده‌کات! ئه‌میش به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ی ژیانی ئۆردوگاییه‌. له‌ کوردستان له‌گه‌ڵ داکشانی رێزو حورمه‌تی ئینسان‌دا ته‌مه‌نیشیان داده‌کشێت! دیارده‌ی ئینتیحارو خۆکوشتن زیادیکردووه‌. ئه‌م ژیانه‌ پرکاره‌ساته‌ که‌ی دوایی دێت!؟

 

ئه‌گه‌ر گوێبگرین له‌ وه‌زیری خوێندن‌و په‌روه‌رده‌و زانکۆکان، ده‌بێ چۆن وه‌سفی ژیانی خوێندکاران بکات کاتێک توالێت بووبێته‌ شوێنی چێشتخانه‌و له‌جیاتی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ شه‌و له‌ مزگه‌وته‌کاندا ڕۆژبکه‌نه‌وه‌! یا مه‌رگه‌سات‌و تراژیدیای شاره‌وانییه‌کان‌و ئاوو ئاوه‌ڕۆو ڕیگاو بانه‌کان کێ لێی به‌رپرسیاره‌! سکچوون‌و ڕشانه‌وه‌و کۆلێرا له‌جیهاندا به‌وه‌ ناسراوه‌ که‌ له‌ که‌مپ‌و ئۆردوگاکاندا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن!! یاخود سلکی ووزه‌و کاره‌باو سووته‌مه‌نی چۆن لێکده‌ینه‌وه‌؟ ئه‌وه‌ با ڕه‌شه‌کوژی ژنان، ئازاردان‌و ووردکردنی که‌سایه‌تی مناڵان، بێده‌ره‌تانیی پیرو په‌ککه‌وته‌و به‌ساڵاچووان که‌ درامایه‌کی دیکه‌یه‌و باسکردنی جه‌رگبڕه‌ با بوه‌ستێ.

 

ده‌می هه‌ر که‌س ئه‌کرێته‌وه‌ باسی دزی‌و فزی‌و تاڵانچێتی داروده‌سته‌ی حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارت بۆ ئه‌کات. سه‌یری هه‌ر که‌ناڵێکی ڕاگه‌یاندنیش ده‌که‌یت باسی ته‌جروبه‌ی دیموکراسی‌و به‌رقه‌راری ئه‌من‌و ئاسایش‌و ئازادیه‌کان‌و مافی مرۆڤ‌و ئه‌م شتانه‌ ئه‌بیسیت. خه‌ڵکی کوردستان له‌م ژیانه‌ ئۆردوگاییه‌ په‌ست‌و ناڕازین‌و خوازیارن کۆتاییبێت. به‌ڵام بۆ ماف‌و پێویستی‌و خواسته‌ ڕۆژانه‌کانیان، بۆ ناچارکردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواکاری‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیان ڕێگای تر نییه‌ جگه‌ له‌ خۆپیشاندان‌و ڕێپێوان‌و به‌ردبارانکردنی ئه‌م حکومه‌ت‌و داموده‌زگایه‌.

 

شه‌پۆلێکی گه‌وره‌و به‌رفراوان له‌ ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌و به‌شمه‌ینه‌تی کوردستان به‌ڕێوه‌یه‌. له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ هووشداری ئه‌درێ یان دراوه‌. ئه‌م خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌ری‌و سه‌رتاسه‌رییه‌ ناکرێ وه‌کو ڕابردوو بدرێته‌ به‌ر ده‌سڕێژی فیشه‌کی کوردایه‌تی‌و بۆ ده‌وره‌یه‌کی تر کپبکرێته‌وه‌. جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌بێ داوای کۆتایی ئه‌م ئۆردوگایه‌ بکه‌ن. داوای ڕیفراندۆمێک بکه‌ن بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ی کوردستان‌و پێکهێنانی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی یاساو ئۆرگانه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌سه‌ڵاتی میلیشیاییه‌ بۆ ڕاگرتن‌و کۆنترۆڵکردنی ئه‌م که‌مپه‌ چاوه‌ڕووانییه‌. خه‌ڵکی کوردستان نایانه‌وێ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ ئۆردوگادا بن. ووڵاتێکی سه‌ربه‌خۆو ده‌وڵه‌تی یاساو هه‌ڵبژێردراوی خۆیان ده‌وێ. خه‌بات‌و قوربانیدانی ئه‌م خه‌ڵکه‌ له‌پێناوی ڕزگاری‌و سه‌ربه‌خۆییدا بوو، نه‌ک له‌ پێناوی ژیانی ناو که‌مپ‌و ئۆردوگا.

23/6/2008

 

           

 

30/06/2008

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca