ئێمە لە شوێنێكی تریش قسەمان لەسەر ئەوە كردووە كە زانكۆكانی
كوردستان هێندەى دروشمی گەورەو بریقەداریان هەیە، هێندە كار بۆ
بونیادنانی مەعریفەو دروستكردنی تاكی تەندروست ناكەن.
زانكۆیەكە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت نەیتوانیووە ئاسۆیەكی
پڕشەنگداری هەبێت. بۆ ئەوانەش كە خاوەن مەعریفەیەكی جددین و لە
رووی زانستییەوە توانیوویانە كەسانێكی جددی بن، ئەوا هەڵەیەكی
گەورە دەكەین ئەگەر پێمان وابێت زانكۆ دەستی لە دروست كردنیان
هەبووە، بەڵكو لە دیوێكدا خەمی خۆیان بووە بۆ مەعریفە و
فێربوون و لە دیوەكەى تریش یاخی بوونیان لە مەنهەج و كۆنە
زانست و مەعریفەى چەقبەستووی نێوەندەكانی خوێندن و بەشێك لە
مامۆستاكان، ناچاری كردوون بە دوای زانین بگەڕێن، ئەگینا
ساڵانە سەدان قوتابی لەو زانكۆیانە دەردەچن، ئەگەر بڕوانامەى
لێدەرچێت، گوزارشتێكی تریان پێ نییە.
ئەوەى لێرە دەمانەوێت تیشكی بخەینە سەر، لەدەرەوەى نا ئامادەیی
مەعریفی، بێ پلانی ئەو زانكۆیانەیە، بە ئەندازەیەك وا خۆیان
نمایش دەكەن، كە زۆر جاران بەس لە دەزگایەكی مەعریفی و مەدەنی
ناچن . بۆ نموونە كۆلێژ دەكەنەوە بێ مامۆستا، مامۆستا دێنن بێ
كۆلێژ، زانكۆ دەكەنەوە بێ پلان، كۆلێژ دروست دەكەن بێ بینایە،
قوتابی وەردەگرن بێ مەعریفە، مامۆستا دێنن بێ بڕوانامەو بەش
دەكەنەوە بەبێ مەنهەج.. هەر رێك وەك چێشتی مجێور وایە.. لەوەش
سەیرتر پاش جێبەجێكردنی هەر بڕیارێك، زەحمەت نییە پاش ماوەیەك
هەڵیبوەشێنەوەو چارەنووسی زانستی و مەعریفیش چی بەسەر دێت،
ئەوا كێشەى ئەوان نییە.
با لێرە نوێترین پلانی زانكۆی
سەلاحەدینتان بۆ بكەینە نموونە، (كە هەمیشە پێمان وایە
لەدەرەوەى ئەو نموونەیە چەندان نموونەى تریش لە زاكیرەى
هەموومان ئامادەن)، پاش ئەوەى كۆلێژی پەروەردەى ئێوارانیان لە
سۆران كردەوە. لە پلانێكی نوێتردا پاش دوو ساڵ دایانخست، دواتر
دیسان كردیانەوەو هەمدیس دایانخستەوە. پاشان وەك ئەوەى لە
ژمارە 152ی زاری كرمانجی بڵاو كراوەتەوە، لە پلانێكی زۆر
نوێتردا وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بۆ چارەسەری ئەو
كێشەیە دوو قۆناخ دابنێ (كە نازانیت كامەیان لە ئەوی تر
ترسناكترە). لە قۆناخی یەكەمدا بەشێك لەو قوتابییانە لە كۆلێژی
ئێوارانەوە بە بڕیاری فەرمی بگواسترێنەوە بۆ كۆلێژی پەروەردی
بەیانیانی سۆران. قۆناخی دووەمیش (كە بەڕای ئێمە جگە لەوەى
خزمەتی مەعریفە ناكات، هۆكارێكی گەورەشە بۆ دابەزینی كێرڤی
زانستی)، ئەوساڵەى كە لە دوومانگ زیاتر دەوامیان نەكردووە، بە
ساڵی خوێندنیان بۆ حیساب بكرێت.. جا لێرە پرسیار ئەوەیە: دەبێت
پلانی دوای ئەوەیان چى بێت؟ خۆ هیچ دوور نییە بە بیانووی خراپی
ئەندازەیی شار و جادەو كۆڵانەكانی ئەو دەڤەرە بڕیارێكی تر
دەركەن و بڵێن (لەبەر ئەوەى پێویستمان بە ئەندازیار هەیە،
بڕیارماندا بیانگوازینەوە بۆ كۆلێژی ئەندازیاری، پلانی دواتریش
بیر لە بینا بكەنەوەو ئاخر جاریش بیر لە مامۆستا).
_ ئەو نموونە پێمان دەڵێت، زانكۆیەك
كە نەیتوانی پلانی جددی هەبێت، كۆلێژێك كە بۆ رەزامەندی ئەم و
ئەویتر دامەزرابێت و بەشێكیش تەنها بۆ ئەوە كرابێتەوە بڵێین
ئێمەش وەك كورد شتمان هەیە، نەبوونی پسپۆر و مەعریفە و مەنهەجی
جددی و بینای شیاویش لەولاوە، قسەكردن لەسەر مەعریفەو زانست و
مەدەنیەت جگە لە دروشمی بریقەدار، هیچی تر نین.
|