دیدار له‌گه‌ڵ حه‌سه‌نی ده‌رزی
سازکردنی ئالان عومه‌ر

  

 

حه‌سه‌ن ده‌رزی:
وه‌كوئه‌ركێكی نیشتمانی ده‌یان گۆرانی و ئاوازی ره‌سه‌نم پێیه‌ به‌ڵام نازانم چۆن بڵاوی بكه‌مه‌وه‌

خه‌ڵكی هه‌ولێرم به‌ خه‌ڵكێكی بێده‌نگ و ئارام ودور له‌ خولیاكانی خۆم و موسیقاو گۆرانی به‌دی كرد

هیچ كه‌س به‌ غه‌یری پارتی و pak یارمه‌تیان نه‌دام

له‌ساڵی 2004 وه‌ ئه‌لبومی شه‌شه‌م به‌ده‌ستمه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ به‌هۆی باری مادییه‌وه‌ هه‌لناسورێت پێشكه‌شی كوردستانی ئازیزی بكه‌م
ئالان عومه‌ر/ نوچه‌.نێت
www.nwche.net


هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی یه‌كێك له‌هونه‌رمه‌نده‌ دیارو ناسراوه‌كانی كورده‌ زۆركات له‌ به‌رهه‌مه‌كانی خه‌می نیشتیمانی له‌كۆڵ ناوه‌ به‌ڵام داخباره‌ بۆ هونه‌رمه‌نده‌كانی كورد كه‌ لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیان له‌بیركردووه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌و له‌ وه‌ڵامی چه‌ند پرسارێكی نوچه‌.نێت هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی وتی"به‌ داخه‌وه‌ زۆر به‌كه‌می له‌ به‌رهه‌مه‌كان هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی به‌دی ده‌كرێت ته‌نانه‌ت شێوازی نه‌ته‌وایه‌تی و ره‌سه‌ن كه‌م ره‌نگ و به‌ره‌و شوێنی نادیار و ناهونه‌رمه‌ندانه‌ وه‌ك ته‌قلید و چاو لێكه‌ری براوه له‌به‌رهه‌مه‌كاندا‌".
حه‌سه‌ن ده‌رزی هونه‌رمه‌ند جگه‌ له‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی ناسراوی كورده‌ به‌ڵام ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ هونه‌ریه‌ كوردیه‌كان وه‌ك پێویست گرنگیان به‌م هونه‌رمه‌نده‌ نه‌داوه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌خه‌می هونه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕیدان بۆیه‌ به‌نیگه‌رانیه‌وه‌ حه‌سه‌ن ده‌رزی له‌و لایه‌نه‌ دواو وتی"بۆ هونه‌ری ره‌سه‌ن هیچ كه‌س به‌ غه‌یری ئافه‌رین و ده‌ستت خۆش بێ, ده‌نگت نه‌رزێ, هیچ چه‌شنه‌ یارمه‌تیه‌كی دیكه‌ نیه‌. وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا من وه‌كوئه‌ركێكی نیشتمانی ده‌یان گۆرانی و ئاوازی ره‌سه‌نم پێیه‌ به‌ڵام نازانم چۆن بڵاوی بكه‌مه‌وه‌". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌"له‌ساڵی 2004 وه‌ ئه‌لبومی شه‌شه‌م به‌ناوی نه‌وا به‌ده‌ستمه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ به‌هۆی باری مادییه‌وه‌ هه‌لناسورێت كه‌ پێشكه‌شی كوردستانی ئازیزمی بكه‌م".
حه‌سه‌ن ده‌رزی له‌باره‌ی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌ كوردیانه‌ش كه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن رایگه‌یاند جگه‌ له‌وه‌ی جاروبار گۆرانیه‌كانی داده‌به‌زێنن هیچ هاوكاریه‌كی نه‌كراوه‌"جار به‌جار گۆرانیه‌كانم بلاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ڵام تائێستا هیچیان نه‌یانتوانیوه‌ هاوكاری و ستودیۆو مادی بۆ كێشه‌ هونه‌ریه‌كانم بكه‌ن"
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ر له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ نوچه‌.نێت وه‌ك به‌راوردێك له‌نێو هونه‌رمه‌ندانی رۆژ هه‌ڵاتی كوردستان له‌ناو خۆو له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات وه‌ك كار كردن له‌ سایه‌ی ئازادی له‌تاراوگه‌ و ژێر ده‌ستی له‌ وڵات واده‌بینێ له‌هه‌ردولا زه‌حمه‌ت و سه‌ختی بۆ هونه‌رمه‌ند بونی هه‌یه‌ و وتی"هه‌ڵبه‌ت هه‌موو جۆره‌كانی هونه‌ر له‌ئازادی ته‌واودا گه‌شه‌ ده‌سێنێ له‌ناو تاراوگه‌ به‌گشتی ئازادی هه‌یه‌ به‌ڵام به‌رهه‌می هونه‌ر ی زۆر زه‌حمه‌ت جێ به‌جێ ده‌بێت و به‌خۆرایی بڵاو ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌خۆیدا بێ عه‌داله‌تیه‌و كاریگه‌ری زۆر خراپی له‌سه‌ر داهاتوو به‌رهه‌مه‌كان و دوارۆژی هونه‌رمه‌ند ده‌بێت. ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ناوخۆی ووڵات دا ماوه‌نه‌ته‌وه‌ به‌هۆی نه‌بونی باری ئازادی و چوارچێوه‌كانی, له‌ باری ئابوری ناتوانێ حه‌قی ته‌واو به‌هونه‌ره‌كه‌ی بدات" له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش كه‌ ئاخۆ حه‌سه‌ن ده‌رزی چۆن له‌ غوربه‌ت ده‌روانیت ؟ چی ده‌ڵێیت بۆ دوری نیشتیمان؟ ئه‌گه‌ر له‌وێ به‌ ناحه‌ق خوێنی تێكۆشه‌ر برژێت بۆ ئه‌وو ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئه‌ون له‌غوربه‌ت چی روو ئه‌دات؟ وتی"بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی نیشتمان په‌روه‌ر بێت هیچ شوێنێك فه‌رقی نیه‌، هه‌ر نه‌حه‌ساوه‌یه‌. وه‌ ئه‌گه‌ر خوێنی كوردێك به‌ ناحه‌ق ده‌رژێ من لێره‌وه‌ هه‌مووجارێك لایه‌ك له‌ جه‌رگم ده‌بڕێت وه‌ك به‌ردی ناو هه‌مپانه‌كه‌ هه‌موو جار لایه‌كی جه‌رگی منیشی پێوه‌ ده‌بات". وه‌ك راشیگه‌یاند ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ئێستا به‌خه‌باتی حزبه‌كوردیه‌كانی رۆژ هه‌ڵات هیواداره‌و وتی"زۆر هیوام پێیانه‌ به‌تایبه‌ت له‌و دوایانه‌دا زیاتر له‌ هه‌میشه‌ یه‌كگرتوترن و هه‌ڵسوكه‌وتی فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیریان له‌جاران پتره‌" حه‌سه‌ن ده‌رزی وه‌ك یاده‌وه‌ری بۆ ئه‌وكاتی له‌هه‌ولێره‌وه‌ به‌ره‌و تاراوگه‌ به‌ڕێكه‌وت له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی ئاخۆ له‌ هه‌ولێردا كێ هاوكاری كردووه‌ و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ تاچه‌ند هاوكاری بوون؟ رایگه‌یاند كه‌ جگه‌ له‌پارتی و پاك هیچ كه‌س هاوكاری نه‌كردووه‌ وتی"له‌گه‌ڵ رێزی تایبه‌تم ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌گشتی خه‌ڵكی شاره‌ جوانه‌م به‌ خه‌ڵكێكی بێده‌نگ و ئارام ودور له‌ خولیاكانی خۆم و موسیقاو گۆرانی به‌دی كرد, به‌شێوه‌ی كه‌م و كورت هیچ كه‌س به‌ غه‌یری پارتی و pak یارمه‌تیان نه‌دام!!".


تێبینی/ ناوی ماڵپه‌ڕی نوچه‌.نێت له‌سه‌ر ئه‌م دیمانه‌یه‌ هاوكاریه‌ بۆ ناساندنی زیاتری ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌
 

           

 

20/11/2009

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com