به‌ڕه‌ڵایی به‌كارهێنانی داووده‌رمان له‌ كوردستان
 

ئه‌نوه‌ر.س. مه‌سیفی  




به‌ گوێره‌ی ستانداردی وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كان، ته‌نها پزیشك ده‌توانێت ده‌رمان بۆ نه‌خۆش دیاری بكات، ئه‌ویش دوای پشكنینی وردی پزیشكی ئه‌گه‌ر پێویستی به‌ ده‌رمان هه‌بێت، ئه‌وكات بۆی ده‌نووسێت و به‌ باشیش بۆی روون ده‌كاته‌وه‌ له‌ چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی به‌ دروستی و هه‌روه‌ها مه‌ترسی له‌ هه‌ڵه‌ به‌كارهێنانی یان به‌كارهێنانی له‌ كات و ساتی خۆیدا یان به‌كارهێنانی له‌لایه‌ن كه‌سێكی تر به‌بێ ئاگاداری پزیشك، له‌وانه‌یه‌ زۆرجار دوای پشكنین پێویست نه‌بێت ده‌رمان بۆ نه‌خۆشه‌كه‌ بنوسرێت.
درمانخانه‌كانیش ده‌بێت له‌لایه‌ن خه‌ڵكی پسپۆر و ده‌رچووی كۆلیژی ده‌رمانسازیه‌وه‌ به‌رێوه‌ببردرێن و كه‌سیش ناتوانێت به‌بێ ره‌زامه‌ندی دكتۆر ده‌رمان به‌ كه‌س بدات، وه‌ك زانراوه‌ به‌كارهێنانی ده‌رمان كاریگه‌ری لاوه‌كی خۆی له‌سه‌ر ئه‌وكه‌سه‌ ده‌بێت كه‌ به‌كاری ده‌هێنێت ئه‌گه‌ر پێویستیشی به‌ده‌رمان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر بێت و ده‌رمان به‌گوێره‌ی ستاندادری جیهانی دروست كرابێت ده‌بێت به‌روونی له‌سه‌ری نوسرابێت له‌ چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی وكاریگه‌رییه‌ لاوه‌كیه‌كانی.
له‌ ولاته‌ پێشكه‌وتوه‌كاندا حكومه‌ت ئه‌ركی كۆنترۆڵ كردنی جۆری و دروستی ده‌رمانی له‌سه‌رشانه‌ و كۆنترۆڵی ده‌رمانخانه‌كانیش ده‌كات و كه‌سیش ناتوانێ به‌ بێ‌ مۆڵه‌ت ده‌رمانخانه‌ بكاته‌وه‌ و ده‌رمانخانه‌كانیش به‌رپرسیارن له‌ رووی یاساوه‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك كه‌ رووبدات.
له‌ كوردستان هه‌مو كه‌سێك ده‌توانێت به‌ ئاره‌زووی خۆی هه‌رجۆره‌ ده‌رمانێكی بیه‌وێت له‌ ده‌رمانخانه‌كان بیكڕێت و به‌كاری بهێنێت، زۆرجار ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌ده‌رمانخانه‌كان كارده‌كه‌ن بروانامه‌ی دروستیان نیه‌، یان به‌گوێره‌ی بروانامه‌كه‌ی مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ ده‌رمان بۆ نه‌خۆش دیاری بكات به‌بێ پزیشك، گه‌رچی ئه‌وان به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك لێیان بپێچێته‌وه‌ پشكنین ده‌كه‌ن و ده‌رمان به‌ نه‌خۆش ده‌ده‌ن و ده‌رزی لێده‌ده‌ن و زۆر جار به‌ ئاره‌زووی خۆیان یه‌ك دوو ده‌رزی تێكه‌ل ده‌كه‌ن بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی ئازاری نه‌خۆشیش مۆرفینیش له‌گه‌ڵ ده‌رزی تێكه‌ل ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر خه‌ڵكی تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌بێ هیچ سانسۆرێكی پزیشكی، به‌ پێی دوایین پشكنینی پزیشكی ده‌ركه‌وتووه‌ به‌كارهێنانی زۆری مۆرفین خه‌ڵكی تووشی شێرپه‌نجه‌ ده‌كات!
زۆر جار گوێمان لێده‌بێت ئه‌وده‌رمانانه‌ی كه‌ به‌ نه‌خۆش ده‌درێن به‌پێی ستانداردی جیهانی دروست نه‌كراون كه‌ ئه‌مه‌ش خه‌تای زۆری ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانه‌ له‌وه‌ی رێگا ده‌ده‌ن ئه‌م جۆره‌ ده‌رمانانه‌ بهێندرێنه‌ كوردستان و له‌سه‌ر خه‌ڵكی به‌دبه‌ختی كوردستان تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ته‌نها چه‌ند كه‌سانێك خۆیان به‌م كاره‌ ناره‌وایه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ن له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی تره‌وه‌، هه‌ندێ جار گوێمان لێده‌بێت به‌هه‌ڵه‌ ده‌رمانێكی تر به‌نه‌خۆش ده‌درێت و به‌بێ هیچ لێپێچینه‌وه‌یه‌كی یاسایی.
ده‌رمان ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ستانداردی جیهانیش دروست كرابێت ده‌بێت به‌دروستی به‌كاربهێندریت ئه‌گه‌رنا كاریگه‌ری پێچه‌وانه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر نه‌خۆش، به‌داخه‌وه‌ ده‌ڵێم به‌ره‌لایه‌كی ته‌واو هه‌یه‌ و رۆشنبیری به‌كارهێنانی ده‌رمان نیه‌، زۆركه‌س هه‌ر له‌ خۆیانه‌وه‌ به‌بێ پشكنین ده‌چن چه‌ند جۆره‌ ده‌رمانێك له‌ده‌رمانخانه‌كان ده‌كڕن وه‌ك هه‌ر كالایه‌كی تری بازار بۆ خۆی و خزم و كه‌سانیان و به‌كاریان ده‌هێنن و ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش شتێكی به‌سه‌ر هات زۆر به‌ ئاسانی ده‌ڵێن( قه‌زاوقه‌ده‌ر) بوو ناڵێن هه‌ڵه‌ی خۆمان بوو به‌بێ هیچ رێنمایه‌كی پزیشكی ده‌رمانمان به‌كارهێناوه‌.
بۆیه‌ ده‌بێت هه‌وڵبدرێت زیاتر كۆنترۆڵی ده‌رمانخانه‌كان بكرێت و رێگا به‌و به‌ره‌لاییه‌ نه‌درێت هه‌ركه‌سه‌و به‌هه‌وه‌سی خۆی له‌ هه‌ركۆلانه‌ و درمانخانه‌ بكاته‌وه‌و رێگاش نه‌درێت درمانی كوالێتی خراپ بهێندرێته‌ كوردستان و هه‌وڵبدرێت رۆشنبیری به‌كارهێنانی ده‌رمان له‌ كوردستان بلاو بكرێته‌وه‌.

masifi_77@yahoo.com

 

           

 

22/11/2009

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com