)هه‌موو زاڵمێک ترسنۆکه‌ - (ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پلینۆمه‌که‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و
لێدوانه‌کانی تاڵه‌بانی له‌سه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا
:-
 

  جه‌لال چوارتایی

 

 

له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیێدا گه‌لێک زاڵم و سته‌مکار دێنه‌ پێش چاوان ، تا ئه‌و کاته‌ی هێزی په‌نجه‌کانیان مابێت درێغی له‌ کوشتنی مرۆڤه‌کان ناکه‌ن ، ته‌نها بۆ چرکه‌ ساتێکیش تێر ناخۆنه‌وه‌ له‌ نۆشینی خوێنی مرۆڤه‌کان . ئه‌م مرۆڤه‌ سته‌مکار و زاڵمانه‌ به‌ر له‌وه‌ی په‌نجه‌کانیان بکه‌وێته‌ له‌رزین ده‌که‌ونه‌ خۆشکردنی زه‌مینه‌یه‌ک بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی که‌سانێکی دیکه‌ که‌ زۆر کاراتر بن بۆ وورد و خاشکردنی گه‌ل . ئه‌و مرۆڤه‌ کارایانه‌ش که‌ جێگا په‌سه‌ندی دیکتاتۆر و سته‌مکاره‌کان بن زیاتر له‌ نێو خودی بنه‌ماڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت ، ئیتر که‌سی نێو بنه‌ماڵه‌ چ کوڕ بێت یان برا ، چ ئامۆزا بێت یاخود بنه‌چه‌زا هیچ له‌ ویسته‌که‌یان ناگۆڕێت . ئه‌گه‌ر ئه‌م که‌سه‌ کارایه‌ له‌ نێو بنه‌ماڵه‌شدا نه‌بوو ئه‌وا هانا بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی که‌سانێکی دیکه‌ ده‌برێت که‌ نه‌ک هه‌ر پوشووی پشت چاوی دیکتاتۆره‌کان نه‌بن به‌ڵکو 100% درێژه‌ پێده‌ری کرده‌وه‌ چه‌په‌ڵه‌کانی که‌سه‌ زاڵمه‌کان بن .

خۆ هه‌ر کاتێک ئه‌م که‌سه‌ زاڵمانه‌ دووچاری تێکشکاندنیش هاتن ئه‌وا نه‌ک هیچ جێگایه‌ک به‌خۆیان ناگرن به‌ڵکو بۆ ده‌ربازکردنی گیانی خۆیان ئاماده‌ن هه‌موو میلله‌تیش بکه‌نه‌ سووته‌مه‌نی و به‌رده‌بازی ده‌ربازبوونی خۆیان .

دیکتاتۆر و زاڵمێکی وه‌کو سه‌ددام حسێن به‌ هیچ کوردێک نامۆ نییه‌ ، تاوه‌کو ئه‌و کاته‌ی هێزی په‌نجه‌کانی مابوون له‌ هیچ کرده‌وه‌یه‌کی دڕندانه‌ نه‌ده‌سڵه‌میه‌وه‌ ، نه‌ک هه‌ر به‌ خاپوورکردنی ته‌واوی گونده‌کانی باشووری کوردستان و ئه‌نفالکردن و له‌نێوبردنی سه‌دانهه‌زار کورد تینوێتی نه‌ده‌شکا به‌ڵکو مرخی له‌ کۆتاییهێنانی یه‌کجا‌ره‌کی کوردانیش خۆشکردبوو ، بۆ درێژه‌دانی ئه‌م کرده‌وه‌ وه‌حشیگه‌رییه‌ش که‌وتبوویه‌ زه‌مینه‌ خۆشکردن بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ کوڕ و برا و ئامۆزا و ته‌نانه‌ت زاوا و هاوخێڵیه‌ نه‌فامه‌کانیشی . به‌ڵام کاتێک دووچاری تێکشکاندنیش هات ئه‌وا نه‌ک هه‌ر توانای یه‌ک چرکه‌ خۆڕاگری نه‌بوو به‌ڵکو بۆ ده‌ربازکردنی خودی خۆی له‌ ته‌واوی خاکی عێراقیشدا توانای خۆده‌رخستنی نه‌بوو و هانای بۆ کونێک برد که‌ جگه‌ له‌ هه‌وای هه‌ناسه‌دان ته‌نانه‌ت تیشکی خۆریشی له‌ خۆی حه‌رام کردبوو  ، ئه‌مه‌ش پیشه‌ی هه‌موو زاڵم و سته‌مکارێکه‌ که‌ بریتییه‌ له‌ ترسنۆکی .

ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر ڕه‌وشی باشووری کوردستان و به‌راوردکردنی به‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌عسی گۆڕکراو ئه‌وا هه‌مان لێکچوون به‌دی ده‌کرێت له‌ سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان‌دا و ته‌نانه‌ت ده‌بێت هه‌زار ڕه‌حمه‌تیش بنێرین بۆ کفندز.

هه‌رچی سه‌رده‌می یه‌کێتی‌یه‌ ئه‌وا وێنه‌ی نه‌بووه‌  له‌ جیهان‌دا که‌ ئاگادار بکرێیته‌وه‌ له‌ مه‌رگه‌ساتێک و بشچیت به‌ره‌و پیری مه‌رگه‌ساته‌که‌وه‌ ، له‌ سه‌رده‌می تاڵه‌بانی‌دا نه‌ک هه‌ر ئاژاوه‌ و شه‌ڕ هه‌موو ماڵێکی کورده‌واری ده‌گرێته‌وه‌ به‌ڵکو هۆکاری ئاشناکردنی ته‌واوی داگیرکه‌ران و دوژمنانی کوردیش ده‌بن به‌ هه‌موو بستێکی خاکی کوردستان و زه‌مینه‌ خۆشکردن بۆ ڕه‌شه‌کوژی کوردان و سوتاندنی ته‌ڕ و وشک به‌تێکڕا . ده‌بێت چ تاوانێک هێنده‌ مه‌زن بێت که‌ دوژمنه‌که‌ت ئاگادارت بکاته‌وه‌ و بڵێت : ئه‌گه‌ر پاسدار بهێننه‌ هه‌ر جێگایه‌ک ئه‌وا خه‌ڵکی ئه‌و جێگایه‌ کیمیاباران ده‌که‌ین ، که‌چی هه‌م پاسداریش بهێنیته‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ و هه‌م ڕێگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کانیش نه‌ده‌یت که‌ خۆیان ده‌رباز بکه‌ن ؟ ده‌بێت چ زاڵمێک هه‌بێت له‌ جیهاندا که‌ بتوانێت وه‌ها بڕیارێک بدات ؟ ده‌بێت چ که‌سێک هه‌بێت که‌ بتوانێت زاتی ئه‌وه‌ بکات و بڵێت : ڕه‌حم به‌ هاوخوێنه‌کانی خۆتان مه‌که‌ن و هه‌موویان له‌نێو ببه‌ن به‌هۆی بیروبۆچوونی جیاوازه‌وه‌ ؟

تاڵه‌بانی بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م کرده‌وانه‌ی هه‌میشه‌ له‌ زه‌مینه‌ خۆشکردندا بووه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی که‌سانێک که‌ به‌زیاده‌وه‌ بتوانێت ئه‌م داخوازیانه‌ جێبه‌جێ بکات و بیکاته‌ مقاشی ده‌ستی خودی خۆی تاوه‌کو له‌ کاتی ته‌نگانه‌دا ئه‌م مقاشه‌ به‌کار بهێنێت و خۆی پێ ده‌رباز بکات ، باشترین نموونه‌ی په‌سه‌ندکراوی تاڵه‌بانیش بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی داخوازییه‌کانی نه‌وشیروان مسته‌فا بووه‌‌ .

کاتێک سه‌ره‌تای ژیانی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ نارنجۆک خستنه‌ نێو خوێندنگاکان و کوشتوبڕی کچانی چوارده‌ ساڵی ده‌ستی پێکردبێت ، ئیتر چۆن جێگا په‌سه‌ندی که‌سێکی وه‌کو تاڵه‌بانی نابێت که‌ هه‌میشه‌ خولیای خوێن چۆڕاندنی کوردان  و ئاژاوه‌ی نێوخۆیی بووبێت ؟

ئه‌گه‌رچی سه‌ددام حسێن له‌ بۆ ده‌ربازکردنی ژیانی خۆی هانای بۆ کونێک برد به‌ڵام له‌و کونه‌وه‌ ئاماده‌ نه‌بوو نامه‌ی پیاهه‌ڵگوتن بۆ جۆرج بوشی ڕاونه‌ری بنێرێت ، لێ به‌ڵێ نه‌وشیروان مسته‌فاکه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان بۆ ده‌ربازکردنی گیانی خۆی نه‌ک هه‌ر میلله‌تی کرده‌ به‌رده‌باز به‌ڵکو (ته‌ڵه‌بانی گوته‌نی) له‌ کاتی هه‌ڵهاتنیشدا نامه‌ی پیاهه‌ڵگوتنی بۆ سه‌ددام حسێن ده‌نارد ، تاوه‌کو ئه‌گه‌ر له‌ کونه‌ ئه‌شکه‌وته‌کانی زه‌ڵێش‌دا جێگای پێلێژ بوو ئه‌وا ڕێگه‌ی هه‌ڵهاتن بۆ به‌غدادی عروبه‌ی بۆ ئاوه‌ڵاببێت .

 

لێیان ده‌ن ، بیانکوژن ، بیانبڕن ، به‌ به‌رد سه‌ریان پان بکه‌نه‌وه‌ :-

ئه‌م چه‌ند گوته‌یه‌ بریتی‌یه‌ له‌ هات و هاواره‌که‌ی فه‌رهاد سه‌نگاویی ده‌روێشی تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان ، که‌ بۆ خۆشکردنی شه‌ڕی کوردکوژی هاواری ده‌کرد و ده‌یگوت ڕه‌حم به‌ به‌دیلگیراوه‌کانی به‌ره‌ی جود{پاسۆک و سۆسیالیست و شیوعی و پارتی} مه‌که‌ن و به‌ به‌رد سه‌ریان پان بکه‌نه‌وه‌ ، ئه‌نجامی ئه‌م هات و هاواره‌ش باشترین زه‌مینه‌ بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڕه‌خسێنێت که‌ توانای په‌نجه‌کانی به‌ سازدانی قه‌ڕناقا و پشتئاشان دیاری بکات .

کاره‌ساتی قه‌ڕناقا و پشتئاشان هه‌موو خاوه‌ن ویژدانێک ڕاده‌چڵه‌کێنێت ، ئه‌و کاره‌ساته‌ی که‌ به‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نه‌کانی جودی تێدا کۆکوژ کرا و به‌ ده‌یان دیلکراویش له‌ لوتکه‌ی چیای قه‌ندیله‌وه‌ هه‌ڵدرانه‌ خواره‌وه‌ به‌ فه‌رمانی نه‌وشیروان مسته‌فا .

ئه‌گه‌رچی نه‌وشیروان مسته‌فا بکه‌ری ڕاسته‌وخۆی کۆکوژیه‌کانی قه‌ڕناقا و پشتئاشانه‌ به‌ڵام فه‌رمانده‌ر و بڕیارده‌ری یه‌که‌م له‌م کۆکوژیه‌دا خودی تاڵه‌بانی بووه‌ ، چونکه‌ به‌ر له‌ ڕوودانی کۆکوژیه‌که‌ له‌ گوندی شێنێی ناوچه‌ی پشده‌ر تاڵه‌بانی فه‌رمانی سوتاندنی ته‌ڕ و وشک به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌دات و داوا له‌ فه‌رمانده‌ گوێڕایه‌ڵ و کوردکوژه‌کانی ده‌کات که‌ به‌ هیچ جۆرێک ڕه‌حم به‌ پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ نه‌که‌ن و هه‌موویان کۆکوژ بکه‌ن . بۆ بیستنی گوته‌کانی ته‌ڵه‌بانی له‌ گوندی شێنێ کرته‌ له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ :-

http://www.youtube.com/watch?v=WF7XX2ICNMs&feature=player_embedded

 

کێ به‌رپرسیاره‌ له‌ مه‌رگه‌ساتی جه‌رگبڕی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال ؟

کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ بوو که‌ زیاتر له‌ 5000 شه‌هید و دوو هێنده‌ش برینداری لێکه‌وته‌وه‌ ، به‌ گوته‌ی تاڵه‌بانی سه‌دام حسێنی گۆڕکراو ئاگاداری سه‌رانی یه‌کێتی کردۆته‌وه‌ که‌ هه‌ر په‌لکێشکردنێکی سوپای پاسداران کیمیاباران و مه‌رگه‌ساتی لێده‌که‌وێته‌وه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر ، به‌ڵام سه‌رانی یه‌کێتی هیچ باکێکیان نییه‌ له‌وه‌ی که‌ چ مه‌رگه‌ساتێک به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌دا دێت به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ تاڵانکردنی شاره‌که‌ بۆ سه‌رانی یه‌کێتی و پاره‌ی به‌نکه‌که‌ش بۆ خودی تاڵه‌بانی ده‌مێنێته‌وه‌ .

واته‌ تاڵه‌بانی زۆر به‌ زانا بوون هێزه‌کانی یه‌کێتی کرده‌ چاوساخی سوپای پاسداران بۆ داگیرکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕوودانی مه‌رگه‌سات له‌و شاره‌دا ، که‌ ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ش به‌ هه‌موو پێوانه‌یه‌ک ده‌چێته‌ خانه‌ی بڕیاردانی خاپوورکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌نێوبردنی دانیشتوانه‌که‌ی له‌لایه‌ن خودی تاڵه‌بانییه‌وه‌ !!!!

ئه‌گه‌ر ویستی تاڵه‌بانی نه‌بووبێت بۆ ڕوودانی مه‌رگه‌سات له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا ، ئه‌ی بۆچی پیاوه‌کانی تاڵه‌بانی که‌وتنه‌ ڕێگریکردن له‌ خۆ ده‌ربازکردنی خه‌ڵکه‌که‌ له‌ کاتی داگیرکردنی شاره‌که‌یان له‌لایه‌ن سوپای پاسداران و هێزه‌ تاڵانکه‌ره‌که‌ی تاڵه‌بانی‌یه‌وه‌ ، له‌ کاتێکدا که‌ ئاگاداریش کرابێتنه‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌کرێت ؟

په‌لکێشکردنی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر بیره‌ نه‌وته‌کانی "بای حه‌سه‌ن" له‌ شاری که‌رکوک گرنگ نییه‌ بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا که‌ ئه‌نفالی به‌دوادا دێت به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ داخوازیه‌کانی تاڵه‌بانی به‌جێ گه‌یاندووه‌ و دڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌ خۆی و له‌ تاڵه‌بانی ڕازی کردووه‌ و ویسته‌کانی خۆیانی له‌ ئێرانی ئیسلامی دابین کردووه‌ .

له‌توپه‌ت کردنی پێشمه‌رگه‌ به‌دیلگیراوه‌کانی سۆسیالیست و پاسۆک له‌ گوندی قه‌ڕناقا گرنگ نییه‌ بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا چ برینێک ده‌خاته‌ دڵی میلله‌ته‌وه‌ به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ڕێگه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ بۆ به‌غدادی زۆرداران و له‌ ئامێزگرتن و ڕاموسینی سه‌دامی گۆڕکراو بۆ تاڵه‌بانی ده‌کرێته‌وه‌ .

کوشتنی کادره‌ پێشه‌نگه‌کانی پ‌ک‌ک له‌ وێنه‌ی{محه‌مه‌د قه‌ره‌ سونگور و ئیبراهیم به‌ڵگین} گرنگ نییه‌ بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا که‌ چ که‌له‌به‌رێک ده‌کاته‌ ڕیزه‌کانی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کوردانه‌وه‌ ، به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ دڵی که‌مالیسته‌ کوردکوژه‌کان له‌ تاڵه‌بانی ڕازی ده‌کات بۆ نوسینه‌وه‌ی یاداشته‌کانی ئه‌سته‌مبوڵی له‌ دواڕۆژدا.

سوکایه‌تیکردن به‌ هه‌ولێری و که‌رکوکی و گه‌رمیانی و بادینی و هه‌ورامی هیچ گرنگ نییه‌ بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ دڵی مامی داگیرکه‌رویست و داگیرکه‌ردروستکه‌ره‌وه‌ی پێ شاد ده‌کات .

کۆکوژیکردنی نوری شێخ ساڵحه‌کان و عه‌بدولی سورانه‌کان و ده‌یانی دیکه‌ له‌ نێو شاری سلێمانی‌دا گرنگ نییه‌ بۆ  تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ڵکو ئه‌وه‌ی گرنگه‌  ڕێگه‌ خۆشکه‌رێک ده‌بێت بۆ کردنه‌وه‌ی سه‌دان فه‌وجی به‌کرێگیراوی خه‌فیفه‌ له‌ باشووری کوردستان‌دا .

بۆ بینینی به‌شێک له‌ کرده‌وه‌کانی نه‌وشیروان مسته‌فا که‌ مشتێکه‌ له‌ ده‌ریای تاوانی سه‌رانی یه‌کێتی بڕوانه‌ گوته‌کانی تاڵه‌بانی له‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌دا :-

http://www.awene.com/Direje.aspx?Cor=1&Babet=Hewal&Jimare=5182

هه‌ڵوێستی ڕۆشنبیران و ڕۆڵی سه‌رکرده‌ :-

مه‌زنترین به‌دبه‌ختی کوردان له‌ بێهه‌ڵوێستی ڕۆشنبیره‌کانی‌دا بووه‌ که‌ له‌ هیچ مه‌رگه‌ساتێکدا نه‌یانتوانیووه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و سنورێک بۆ سه‌ره‌ڕۆییه‌کانی به‌ناو سه‌رکرده‌کانی دابنێن و بڵێن بوه‌ستن له‌ تاوان و چیدی مه‌رگه‌سات به‌سه‌ .

ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیرانی کورد خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوونایه‌ له‌ مه‌رگه‌ساته‌کانی قه‌ڕناقا و پشتئاشان‌دا ئه‌وا هیچ کاتێک تاوانه‌ پڕ له‌ مه‌رگه‌ساته‌کانی کڵاوقاسم و که‌پکی حه‌مه‌دئاغا و چه‌ندین ساڵ شه‌ڕی نێو شار و گونده‌کانی باشووری کوردستان دووباره‌ نه‌ده‌بوونه‌وه‌ .

ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیران خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوونایه‌ له‌سه‌ر په‌لکێشکردنی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر شاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ڕاوه‌دونانی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ ئه‌وا هیچ کاتێک په‌لکێشکردنی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر شاره‌کانی که‌رکوک و هه‌ڵه‌بجه‌ و حاجی‌هۆمه‌ران دووباره‌ نه‌ده‌بوویه‌وه‌ و ئه‌نفال و کیمیاباران و کۆکوژی بارزانیه‌کان ڕوویان نه‌ده‌دا .

ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیران خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوونایه‌ له‌سه‌ر کۆکوژیکردنی سوله‌یمانی موعینی و مه‌لا ئاواره‌کان ئه‌وا هیچ کاتێک ده‌ستی تاوان به‌ خوێنی 753 کادر و سڤیلی ڕۆژهه‌ڵاتی سوور نه‌ده‌بوو له‌ باشووری کوردستان‌دا . کێ به‌رپرسیاره‌ له‌ کۆکوژکردنی ئه‌م هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ و ئۆردوگانشینکردن و خه‌ساندن و چه‌ند که‌رتکردنی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ و لایه‌نه‌ بچوکه‌کانی دیکه‌دا ؟ {وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ جێده‌هێڵم بۆ که‌سوکاری شه‌هیده‌ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کان با خۆیان بڕیار بده‌ن} .

ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیره‌کانمان خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوونایه‌ له‌سه‌ر په‌ڕاندنی که‌لله‌ سه‌ری دکتۆر شڤان و سه‌عید ئاڵچی ئه‌وا هیچ کاتێک شه‌ڕی خیانه‌تی ساڵی 1992 دووباره‌ نه‌ده‌بوویه‌وه‌ و کۆکوژی هه‌ولێریش له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی میزۆپۆتامیا و ڕۆژنامه‌نووسانی ڕۆژنامه‌کانی وه‌ڵات و ئازادی وڵات و پزیشک و نه‌خۆشه‌کانی نێو نه‌خۆشخانه‌ی هه‌یڤا سووری کوردستان دووباره‌ نه‌ده‌بوویه‌وه‌ .

به‌ڵێ ؛ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستی ڕۆشنبیره‌کانمان بێت ، ئیتر ده‌بێت چ گله‌یی و گازنده‌یه‌ک له‌ به‌ڕێزێکی وه‌کو شێخ عێزه‌دینی حوسێنی بکه‌ین که‌ بروسکه‌ی پیرۆزبایی بۆ تاڵه‌بانی ده‌نارد بۆ کۆکوژیه‌کانی قه‌ڕناقا و پشتئاشان ؟

ئه‌ی ده‌بێت ئێستا مامۆستای به‌ڕێز "شێخ عێزه‌دینی حوسێنی" خاوه‌ن چ هه‌ڵوێستێک بێت به‌رامبه‌ر به‌م ڕاستیانه‌ی که‌ تاڵه‌بانی درکاندوویه‌تی ؟

مه‌رگه‌سات هه‌ر مه‌رگه‌ساته‌ ، ئیتر چ قه‌ڕناقا بێت چ هه‌ڵه‌بجه‌ ، چ پشتئاشان بێت چ ئه‌نفال . ده‌ستی ته‌ڵه‌بانیش له‌ هه‌موو ئه‌م مه‌رگه‌ساتانه‌دا هه‌بووه‌ . ئایا مه‌رگه‌سات سازکردن شایانی سه‌رکۆنه‌ و مه‌حکومکردنه‌ یاخود شایانی ده‌ستخۆشی و پیرۆزبایی کردنه‌ ؟

 

ڕه‌وشی ئیمڕۆی کوردستان :-

یه‌کێک له‌ گرفته‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ئێمه‌ی کورد له‌ باشووردا ئه‌وه‌یه‌ که‌ خۆمان زه‌مینه‌ خۆشکه‌رین بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی دیکتاتۆره‌کان و تێرکردنی حه‌زه‌ نه‌گریسه‌کانیان  که‌ ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی ناهوشیاریمانه‌ ، چونکه‌ ئێمه‌ ده‌زانین چیمان ناوێت به‌ڵام گرفتاریه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ نازانین چیمان ده‌وێت ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موومان ده‌زانین که‌ ته‌ڵه‌بانی و بارزانیمان ناوێت به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕێک له‌ ئاکار و کرده‌وه‌کانی ڕابردووی نه‌وشیروان مسته‌فا بده‌ینه‌وه هه‌موو ده‌نگی ئازادیخوازان ده‌خه‌ینه‌ خزمه‌تی ئه‌م که‌سه‌وه‌ و به‌ ده‌ستی خۆمان که‌سێک دێنینه‌ پێشه‌وه‌ که‌ نه‌ک هه‌ر هۆکاری چاره‌سه‌ری نییه‌ به‌ڵکو ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ درێژه‌ده‌ری ته‌مه‌نی له‌رزۆکی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانییه‌ ، ئه‌ویش له‌ ژێر ناوی "گۆڕان"دا ده‌نگی هه‌موو ئۆپۆزسیۆن و ئازادیخوازان ده‌خنکێنێت .

بریا ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ نووکی پێنووسه‌کانیان ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ ته‌نها هێنده‌ی نیوه‌ی نوسینێکیان بیریان له‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی نه‌وشیروان مسته‌فاش بکردایه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان !

ئه‌رێ ده‌بێت ئه‌م کرده‌وانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا که‌ مشتێکه‌ له‌ ده‌ریایه‌کی تاوانه‌کانی سوودمه‌ند بووبێتن بۆ کورد یاخود ماڵوێرانکه‌ر ؟

خوێنه‌ری خۆشه‌ویست ، بۆ زانیاری زیاتر کرته‌ له‌سه‌ر ئه‌م لینکانه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ :-

http://www.kurdocide.com/ku/news.php?readmore=6492 

http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Babet&Cor=Chawpekewtin&jimare=978

http://www.hewalnews.com/Detail.aspx?id=391&LinkID=3&AspxAutoDetectCookieSupport=1

http://nwche.net/dreja/23.10.2009-3/index.php

http://nwche.net/dreja/2.11.2009-2/index.php 

پێشنیار :-

ڕاسته‌ که‌ له‌ مه‌رگه‌ساتی پشتئاشان‌دا تاوانباری هه‌ره‌ سه‌ره‌کی تاڵه‌بانی و نه‌وشیروانن ، به‌ڵام تاوانی سه‌رکرده‌کانی ئیمڕۆی حیزبی شیوعی و سۆسیالیسته‌کان هیچ کاتێک له‌ تاوانی تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان که‌متر نییه‌ ، تاوانی ئه‌م سه‌رکردانه‌ش به‌ پاشکۆ کردنی شوعی و سۆسیالیسته‌کانه‌ بۆ هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی و پارتی و هاوبه‌شیکردنیان له‌ ده‌سه‌ڵاتێکدا که‌ جگه‌ له‌ تاوان و دزی و ساتوسه‌ودا کردن به‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌له‌وه‌ زیاتر هیچ شتێکی دیکه‌ نه‌بووه‌ .

هه‌تا حیزبی شیوعی خاوه‌ن بڕیار بوو و پاشکۆیه‌تی قبووڵ نه‌ده‌کرد ئه‌وا نازناوی "تاقمی که‌ره‌ سپی" و "ته‌حریفی"یان به‌سه‌ردا داده‌بڕین و مه‌رگه‌ساتی پشتئاشانیان بۆ ساز ده‌کردن ، به‌ڵام ئیمڕۆش که‌ به‌رپرسه‌کانیان بوونه‌ته‌ مووچه‌خۆری دز و تاڵانکه‌ران و حیزبی شیوعیشیان کردۆته‌ پاشکۆی ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌وا پۆستی وه‌زاره‌تییان پێده‌به‌خشرێت و پشتئاشان و ویستی که‌سوکاری شه‌هیدان که‌ دادگایی کردنی تاوانبارانه‌ پشتگوێ ده‌خرێت !!!

ئه‌گه‌ر شیوعیه‌کان و سۆسیالیسته‌کان ده‌خوازن قه‌ڕناقا و پشتئاشانێکی دیکه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێت ڕێگربن له‌به‌رده‌م سه‌رکرده‌کانیاندا بۆ درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی له‌رزۆکی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ له‌ ڕێگه‌ی چاوشۆڕکردنیان بۆ چه‌ند پۆستێکی کارتۆنی که‌ له‌ هه‌ولێر پێیان به‌خشراوه‌ ، ده‌بێت شوعیه‌کان و سۆسیالیسته‌کان هێڵی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی بپارێزن و ده‌ست بده‌نه‌ ده‌ستی کوردی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان بۆ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ده‌ستتێکه‌ڵاویه‌کانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران و کۆتایهێنان به‌ پیلانه‌ ژه‌هراویه‌کانی ئیمپریالیزمی ئه‌مریکا که‌ دژ به‌ نه‌ته‌وه‌که‌مان پیاده‌ ده‌کرێت .

 

جه‌لال چوارتایی

 

 

 
           

 

15/11/2009

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com