( ئێواره‌یه‌ک ئه‌بم به هۆره‌یه‌کی حه‌زین و
ئینجانه‌یه‌ک .. خاڵی له‌گووڵ
ئه‌بمه کانییه‌کی خه‌واڵو
ئه‌و ئێواره‌یه ..
ترسی هاتنی مه‌رگ ئه‌نێته ڕۆحی بێسره‌وتم
وه‌ک پیره‌دارێک .......
. ( با ) به‌ته‌وسه‌وه
گاڵته به ڕووت بوونه‌وه‌م ئه‌کات
له‌به‌رده‌م پاییزدا
ئه‌و ئێواره‌یه گووڵه هه‌نارله‌سه‌ر لێوه‌کانم
کۆچ ئه‌کات و
ئه‌بمه قه‌ڵه‌مێکی یاخی ..
ووشه هه‌نگوینیه‌کان له‌ژێر ده‌ستم ئه‌تارێن
ئه‌و ئێواره‌یه ..
باوه‌شێکم پڕ له هه‌ناسه ساردی و
وه‌رزێک ..
له‌هه‌ڵاتن ..
فریای کۆکردنه‌وه‌ی بوخچه‌که‌م ناکه‌وم و
گه‌ڵاکان دوور .. دوور
بۆ ژێر پێێ به‌فر جێده‌هێڵم
زۆر ده‌مێکه ..
به‌هار پێم ئه‌ڵێت ..
ئه‌ی ژن .. بۆت نییه
سه‌یران له لێڕه‌وارێکم سازبکه‌یت و
بۆنی عه‌تری ته‌ڕه‌داربییه‌کم به‌دیاری بنێریت
بۆ ( ئه‌و )
بۆت نییه ..
له‌ژێر بارانێکمدا سه‌ما بکه‌یت
تۆ که‌له‌جه‌نگێکی دوای ته‌ته‌ر جێماویت و
ده‌ماوده‌م له‌گه‌ڵ خه‌راباتی ئه‌م ڕۆژهه‌ڵاته‌دا گه‌وره‌بوویت
چیدی ..
به‌ڕه‌نگی من خۆت ئارایشت نه‌که‌یت
له‌کانی من تینوێتی بیابانی دڵت نه‌شکێنیت !
ئاخر .. من نه‌مئه‌زانی
کچی گوناهم و
باوکم پشتاوپشت ئه‌چێته‌وه سه‌ر تاوان
دایکیشم .. له‌مێژه ( ئه‌میره‌کان )
پرچیان بڕیوه‌و بۆ سه‌مه‌ری شه‌و
کردویانه به‌ڕه‌شماڵ
ئیدی له‌وکاته‌وه من ژنێکم
غه‌رقی قه‌هرو گه‌مه‌ی ده‌م وه‌رزه‌کان
من له‌دڵڕه‌قی خاک ئه‌زانم و
له‌بێڕه‌حمی ئاسمان گه‌یشتووم !
زه‌وی گه‌ردڵڕه‌قی گرتی ڕێگه به دڵۆپێک ئاو نادات
بستێ بیابان ماچ بکات و
ئاسمان ..
گه‌رتووڕه‌بوو
هه‌ربه‌ئاو به‌یداخی جه‌نگ 'له‌گه‌ڵ حیشمه‌تدا هه‌ڵده‌کات
ئاخر دارستان ..
هه‌میشه گاڵته به‌دره‌ختی
زڕ ئه‌کات
داریش به خه‌وی بن سێبه‌ر پێئه‌که‌نێت
ئه‌وانیش له سولاله‌ی ته‌بیعه‌تن و
هه‌میشه ئه‌مبوغزێنن !
ئه‌ی خودایه ..
له‌ئه‌فسوونی ئه‌م گه‌ردوونه‌ی
غه‌رقی کردوین به نهێنی و
له بێمروه‌تی ئه‌م قه‌ده‌ره‌ی
بۆته مه‌نفای به‌دبه‌خته‌کان
ئاخر خودایه ..
من چۆن بتوانم ماڵێکی ئارام
له‌نێو زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کدا بدۆزمه‌وه‌و
له‌گه‌ڵ چیمه‌نا که‌ی ..
باوه‌ش به‌ئاودا بکه‌م !؟
من به‌هار ترسانومی
پاییز جێێ هێشتوم و
به‌فر پێم ئه‌ڵێت چاوه‌ڕێ به
چاوه‌ڕێ به وا ئه‌بارێم
ئینجانه‌کانت کۆبکه‌ره‌وه‌و
نه‌مامه‌کانت بپێچه‌وه‌و
به‌لاولاوی قه‌د په‌نجه‌ره‌که‌ت بڵێ ..
شایه‌تمان بهێنێت
به‌فر ئه‌ڵێت ..
وا ئه‌بارێم
به‌کوکوختیه‌کان بڵێ چێتر سه‌ربه‌یه‌کدا نه‌که‌ن و
ئه‌و شانۆی په‌پوولانه‌ش بڕوخێنه
چیدی به‌سه ..
چاوه‌ڕێبه ..
من چاوه‌ڕێم و ئه‌ونابارێت
ئای له‌به‌فر فێری چاوه‌ڕوانی کردم
که‌چی .. هه‌رنه‌باری !
ئاخر خودایه ..
حیکمه‌تی قڵیش بوونی لێوی هه‌ڵوژه‌و
سرکه‌سرکی هه‌نگه‌کان و
هه‌ڵوه‌رینی ( تو ) له‌چیدایه
که‌من لێیان نه‌گه‌م ؟
من ژنی زه‌مه‌نێکم ..
ده‌ردی قه‌یره کچه‌کانی شار و
چاوی پڕ له‌ڕقی پیاوێک و
کۆچی باڵنده حه‌زینه‌کان
ئه‌مگرێنن
به‌ده‌ستی خۆم ئاگر له جه‌سته‌ی شیعرێکم به‌رئه‌ده‌م
جوانی خۆم ئه‌سپێرم به‌ترپه‌ی چرایه‌ک
ئه‌شقیشم ئه‌به‌خشم به‌مردن
ئاخر من زۆر له‌مردن ئه‌ترسم و
نامه‌وێت ئه‌و دیمه‌نه ببینم
نامه‌ویت حه‌سره‌ته‌کانم وه‌ک گووڵه ئه‌رخه‌وان هه‌ڵوه‌رێن و
خۆزگه‌کانم وه‌ک سوتوی نامه‌یه‌ک
به‌مه ده‌م (با )
ئاخر خودایه ..
ماچه‌کانی به‌هار که‌ی گووڵ بگرن
کراسه‌که‌ی پاییز که‌ی لای خه‌یات بێنمه‌وه‌و
شاتووه‌کانی ( ئه‌و ) به‌دیاری بۆی ناردووم
بیانکه‌مه خۆشاو
ئیتر .. مردنی چی ؟
خۆ هێشتا هاوین نه‌هاتووه
هێشوه ترێیه‌کم له جوانی خۆی
کوڵمه‌کانی سوورهه‌ڵگه‌ڕێن و
هه‌رمێیه‌کم له‌تاو بێ‌بارانی
ئاوس ببێت به شیرینی ؟
له‌یادمه ڕۆژێک ..
له مشتێ به‌ڵاڵوک و
چه‌پکێ گووڵه به‌یبوون و
ڕستێ مێخه‌ک
ماڵێکم دروست کرد بۆ ژووان
که‌چی ( ئه‌و ) نه‌هات
منیش به‌ده‌م گریانه‌وه
سپاردم به چه‌مێکی شێت
له‌وڕۆژه‌وه ..
چاوه‌ڕوانی هه‌ڵکردنی (با ) یه‌کم
فڕفڕۆکه‌که‌ی مناڵیم بخولێنێته‌وه
من ژنێکم قه‌هر پڕی کردوم له سه‌رشێتی
کردومی به‌کۆلاره‌یه‌کی کاغه‌ز
هه‌ر که‌ئاسمان ڕقی هه‌ستا
به‌ده‌م زریانه‌وه وون ئه‌بم
.. کردوومی به جۆگه‌له‌یه‌ک
پڕ .. پڕ له‌گه‌ڵا و
دارستانێک
دوور .. دوور له‌ئاو
خۆ هێشتا له باخچه‌یه‌کدا نه‌ڕواوم و
هێشتا .. پڕ نه‌بووم له‌بۆنی موحیبه‌ت
ئیدی مردنی چی ؟
ئای .. له‌ئه‌ندێشه
نایه‌ڵێت سه‌ر بنێم به‌سه‌ری قومرییه‌که‌وه‌و
له‌گه‌ڵ شه‌وێکا هێشوویه‌ک ترێی شه‌رابی به‌ش بکه‌ین
تێکه‌ڵ به‌ئازاری کردووم
یه‌ک تابلۆین ..
بێڕه‌نگ و بێده‌نگ
نایه‌ڵێت تامی ماچ بڕژێته نێو په‌رداخێکمه‌وه و
له‌به‌ر سووتانی مۆمێکا
قه‌سیده‌یه‌ک بۆ سێبه‌ری ئه‌شق بنووسمه‌وه‌و
له‌گه‌ڵ که‌نارییه‌کا پیاسه‌یه بۆ که‌نار ده‌ریا بکه‌ین
ئاخر .. که‌ی
نوشته‌یه‌کی چاوه‌زار هه‌ڵواسم به ده‌رگاکه‌ما و
ئینجانه‌یه‌ک پڕ له ڕه‌یحانه له‌به‌رده‌م ده‌رکه‌وتنتا دابنێم
؟
من له‌شارێکم ..
بۆنی مه‌نفا له کۆڵان و شه‌قامه‌کانی هه‌ڵئه‌سێت و
ده‌مامکی شه‌رم ئه‌دا له‌ڕووخساری گووڵاڵه سووره
زه‌مه‌نێکه به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی
حه‌قیقه‌تی خۆم و هاوڕێیه‌تی ئازارا
چاوه‌کان چێ ئه‌که‌م
هه‌ر که بێزار بووم
سه‌ردانێکی ده‌ریا ده‌که‌م و چیرۆکی خۆم
ئه‌ده‌مه ده‌م شه‌پۆله‌کان
منی ته‌نیا .. له‌ده‌ریا ته‌نیاتر و
منی پڕله ئازار .. له‌خۆم پڕ ئازارتر
له‌سه‌ر زه‌ویم ئاگر شین ئه‌بێت و
کاروانی گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیان بێره‌دا گوزه‌رناکات
منی .. پڕ له‌بۆنی مه‌رگ
هه‌رکه پۆرترێتی دیوی ناوه‌وه‌ی ڕۆحم ئه‌بینم
ئه‌و گۆرانییه‌م گوێ لێده‌بێت
که له‌مه‌رگستان میلۆدیایان بۆ داناوه‌و
چیرۆکی سه‌ربڕینی ئه‌و ڕۆژه‌م دێنێته‌وه یاد
که گووڵه به‌یبوونی سه‌ر یه‌خه‌میان له‌خاچ دا‌و
نه‌یانهێشت پڕ بم له‌تامی چرپه‌کانی
من ..
که له‌ئازار جودا نه‌کرێمه‌وه‌و
حه‌قیقه‌تی مردنم نه‌دۆزیبێته
ئیدی مردنی چی خودایه ؟
29 - 30 - 31 - 1 / 2007
هۆڵه‌ندا
|