هه‌ڕه‌شه‌ی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مانه‌وه‌
په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسیی خه‌ڵكی کوردستانه‌وه‌ نیه‌!

 

موحسین که‌‌ریم-  
21/11/2009


 
یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ په‌سه‌ندکرا و له‌لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانی- سه‌رۆکی کۆمارو، عادل عه‌بدولمه‌هدی- جێگری شێعه‌ی تاڵه‌بانی یه‌وه‌ ئیمزاکرا، به‌ڵام طارق هاشمی- جێگری سونه‌ی تاڵه‌بانی یاساکه‌ی ره‌تکرده‌وه‌. له‌لای خۆشیه‌وه‌ مه‌سعود بارزانی- سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان دژایه‌تی خۆی بۆ یاسای ناوبراو خسته‌روو، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی کرد که‌ ئه‌گه‌ر یا‌ساکه‌ به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستای بچێته‌پێشه‌وه‌ ئه‌وا هه‌رێمی کوردستان بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌ن!
حیزبی ئێمه‌(حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان) له‌ به‌یاننامه‌ی مه‌کته‌بی سیاسیدا ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق ئه‌وه‌ی راگه‌یاند که‌ بایکۆتی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ ده‌که‌ین، چونکه‌‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ که‌مترین پێوانه‌کانی هه‌ڵبژاردنێکی ئازادانه‌ی تێدانیه‌، به‌شداریکردن و راکێشانی خه‌ڵکی کوردستانیش بۆناو ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گرێدانه‌وه‌ی چاره‌نوسی سیاسی کوردستانه‌ له‌چوارچێوه‌ی فیدراڵیزمی له‌قولۆقی قه‌ومی و تایفیدا به‌عێراقه‌وه‌. ئه‌وه‌مان راگه‌یاند که‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌‌ بۆئه‌وه‌یه‌ شه‌ر‌عیه‌ت بداته‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ ناسیۆنالیست و شۆڤێنی و ئیسلامی و تائیفیه‌کان که به‌زۆری چه‌كو به‌ پاڵپشتی ئه‌مریکاو ئێران و ووڵاتانی کۆنه‌په‌رستی ناوچه‌که‌ ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵکی عێراقدا داسه‌پاندوه‌. به‌شداریکردن تێیدا بۆ خه‌ڵكو هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان وه‌ستانه‌وه‌یه‌ به‌ژی خواستی جیابونه‌وه‌ی کوردستان که‌ خواستی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵکی کوردستانه‌و حیزبی ئێمه‌ش‌ وه‌کو تاکه‌ رێگاچاره‌یه‌کی سیاسی مومکین و عادیلانه‌ بۆ کۆتایی هاتن به‌ کێشه‌ی کوردو هه‌ڵواسراوی سیاسی کوردستان خستویه‌تیه‌ به‌رده‌م خه‌ڵک و رایگشتی و هێزه‌ سایسه‌کانی کوردستان و عێراق.
یاسای هه‌ڵبژاردن نه‌ك هه‌رئه‌وه‌ی ته‌ئکیدکرده‌وه‌‌ که‌ ئامانجی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ‌بۆئه‌وه‌یه‌‌ ره‌سمیه‌ت بداته‌وه‌ به‌‌ده‌سه‌ڵاتی میلیشیا قه‌ومی و تائیفیه‌کان و جیاوازی و دابه‌شکردنه‌ قه‌ومی و تائیفیه‌کان قوڵتربکاته‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موان ئاشکراکرد که‌ بریتیه‌ له‌پرۆژه‌یه‌کی سیاسی‌ که‌ رووی له‌وه‌یه‌ هیچ ئاسه‌وارێك له‌ پێناسه‌ی هاوڵاتیبون بۆ دانیشتوانی عیراق نه‌هێڵێته‌وه. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ راسته‌وخۆ ده‌یه‌وێ به‌دانانی مه‌رجی 30 ساڵ و بونی بڕوانامه‌ی دواناوه‌ندی بۆ کاندیدبوون، به‌شێکی سه‌ره‌کی چینی کرێکارو ژنان، که‌ به‌هۆی بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی عێراقه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه ئاستێکی گونجاوی خوێندن ته‌واوبکه‌ن‌ و هه‌روه‌ها توێژێکی فراوانی لاوان که‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 18 بۆ 30ساڵدایه‌ به‌ته‌واوه‌تی له‌ مه‌یدانی سیاسی بکاته‌ده‌ره‌وه‌. ته‌نها ئه‌م دوو به‌ڵگه‌یه‌، بێجگه‌ له‌هه‌موو ناوه‌رۆکی کۆنه‌په‌رستانه‌و مۆرکی ئیسلامی و قه‌ومی و تائیفیی یاساکه‌، به‌سه‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌رهێزێکی سیاسی که‌ باسی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك ده‌کات ئه‌و یاسایه‌و هه‌ڵبژاردنێك که‌ ئه‌و یاسایه‌ بڕیاره‌ بنه‌ماو مه‌رجه‌کانی دیاری بکات توڕهه‌ڵبدات.
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێم،‌ وه‌کو مانۆرێکی سیاسی به‌پێچه‌وانه‌ی تاڵه‌بانی و نوێنه‌رانی ناسیۆنالیزمی کورده‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق دژی یاساکه‌ وه‌ستایه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کات، به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌که‌ی بارزانی وه‌کو هه‌ڵوێسته‌که‌ی هاشمی له‌به‌رئه‌وه‌یه که‌ ژماره‌ی کورسیه‌کانیان له‌چاو باقی رکابه‌ره‌ ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کانی دیکه‌یاندا که‌مترده‌بێته‌وه‌و به‌مپێیه‌ش له‌ دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیاییدا و له‌بردنی داهاتی خه‌ڵکدا به‌شێکی که‌متریان پێده‌بڕێت. بارزانی به‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی ده‌یه‌وێ خۆی وه‌کو نوێنه‌ری ره‌سمیی ناسیۆنالیزمی کورد نیشان بدات و گۆڵێكیش له‌تاڵه‌بانی، هاوکاری ئه‌مڕۆ و مونافیسی سیاسی ده‌یانساڵه‌ی، بکات و چه‌ند کورسیه‌کی زیاتریش بۆ ناسیۆنالیزمی کورد مسۆگه‌ربکات.
بۆیه‌ ده‌بێ خه‌ڵکی کوردستان به‌رامبه‌ر به‌و مانۆڕو گه‌مه‌ سیاسییه‌ی بارزانی که‌ به‌ڕواڵه‌ت بۆبه‌رگریکردنه له‌وان چاوکراوه‌و هوشیاربن. ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ شه‌ڕی چه‌ند کورسیه‌کی زیاتره‌ بۆخۆیان و شه‌ریکه‌ سیاسیه‌کانیان‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خه‌ڵكی کوردستانه‌وه‌ نیه‌، هه‌روه‌کو ته‌جروبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌وان نیشانی داوه‌ که‌ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی ئه‌وان له‌گه‌ڵ خواست وئومێد و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی خه‌ڵكدا چه‌ند ناته‌با و دژبه‌یه‌کن! به‌شداریکردن یان بایکۆتکردنی خه‌ڵك له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا بۆئه‌وه‌ نیه‌ که‌ چه‌ند کورسیه‌کی زیاتر به‌ پارتی ویه‌کێتی و باقی حیزب و گروپه‌ ناسیۆنالیستی و ئیسلامیه‌کانی کورد ببڕێت‌‌، به‌ڵکو‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌نده‌ به‌چاره‌نوسی سیاسی کوردستان و مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆوه‌ له‌کوردستان. به‌شداریکردنی خه‌ڵکی کوردستان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌باری سیاسیه‌وه‌ ماناکه‌ی ده‌بێته‌ ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵك خه‌ریکن به‌ده‌ستی خۆیان مل به‌فیدرالیزمی قه‌ومی پێ له‌هه‌وای بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی ده‌ده‌ن و به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی خۆیانه‌وه‌ ده‌جوڵێنه‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ سیاسیه‌ به‌ هه‌موو لایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێ که‌ نایانه‌وێ بچنه‌وه‌ ژێرده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تێك و ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی-عروبی نه‌ته‌وه‌په‌رست و خوازیاری ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆن له‌کوردستان. هه‌ڕه‌شه‌ی بایکۆتی بارزانی شه‌ڕی چه‌ند کورسیه‌کی زیاتره‌ به‌ڵام ده‌بێ بایکۆتی خه‌ڵکی کوردستان شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی بێت!
 

           

 

22/11/2009

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com