ئه‌ی شكۆمه‌ند تۆ نه‌مریت
 

  

به‌شدار عوسمان(به‌شدار علی)


له‌وه‌ته‌ی چاوم به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌ به‌ تۆ ئاشنابووم سه‌رده‌شت گیان،بۆیه‌ تا ئیستاش بروا ناكه‌م تۆ ئیتر هیچیتر له‌گه‌ڵما نابیت،له‌ بازار و له‌ كتێبخانه‌ ،له‌ماڵ و له‌ ئاشتی نامه‌،له‌ سه‌فه‌ر و له‌ سه‌ردان و له‌ نه‌خۆشخانه‌،له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خزم و دۆست و براده‌ران تۆ له‌تكما نابیت، نا بروا ناكه‌م جارێكی تر شه‌وانه‌ له‌ته‌كما پاڵناكه‌ویت و كتێبه‌كانی نۆرهان پاموك و كازانتراكس و به‌ختیار له‌ ته‌نیشتی خۆت پاڵ ناخه‌یت،بڕواكردن بۆ وونبونی تۆ به‌م شێوه‌یه‌ كتوپڕ و زۆردارییه‌ بۆمن زۆر قورسه‌..
به‌راستی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ بیر له‌ دڵره‌قی و زاڵمی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئازاریاندای،پێیان سه‌رسامم جورئه‌تێكی زۆریان هه‌بوه‌ و دڵنیاشم له‌سه‌ر كوشتنی ئینسانه‌كان راهێندراون ئه‌گینا ده‌ستیان نه‌ده‌چویه‌ جه‌سته‌ی پڕ له‌ به‌رائه‌تی تۆی دڵ ناسك،ئاخر تۆ هه‌موو توڕه‌بونێكی به‌رامبه‌رت به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك وه‌ڵام ده‌دایه‌وه‌ هه‌رگیز گرژیت له‌ روخسارتدا به‌دینه‌ده‌كرا،چۆن توانیان گیانت لێ‌ بسنه‌وه‌؟! من دڵنیام ئیستاش تۆ زیندوبیته‌وه‌ زات ناكه‌ی و دڵت نایه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ ئازاربده‌ی كه‌ گیانیان لێ‌ سه‌ندی و له‌ ئێمه‌ و رۆژنامه‌ وكاری وه‌رگێڕان و زانكۆ و هاوپۆله‌كانت و كچه‌ نه‌شمیله‌مانیان كردی، بیرمه‌ هه‌موو كه‌ڕه‌تێك ده‌تگووت (ئه‌وه‌ی خراپه‌ به‌رامبه‌رت ئیهمالی بكه‌ خۆی چاك ده‌بێت،خراپه‌ به‌ خراپه‌ وه‌ڵام مه‌ده‌ره‌وه‌،ئه‌گینا ئێمه‌ش جیاوازنابین له‌خه‌ڵك)

سه‌رده‌شتی رۆح، مرۆڤدۆستی و میهره‌بانی تۆ له‌حه‌د به‌ده‌ربوو، راستگۆیی و دڵسۆزی تۆ پێوه‌ر ناكرێت، بۆیه‌ ئیستا شار و گوند و گه‌نج و لاو و پیر و په‌ككه‌وته‌ له‌پشته‌وه‌ی سه‌نگه‌ری ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی و حه‌قدۆستی تۆوه‌ سه‌نگه‌ریان گرتوه‌ بۆ ئاشكراكردن و شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌و جه‌لادانه‌..

ئاخر تۆ نه‌بوونی و برسیه‌تی و بێ‌ جل و به‌رگیت قبوڵ بوو، نه‌ك نامه‌ردی و سه‌ردانواندن بۆ ژیانی شاهانه‌ی سه‌ركزی،به‌ دیان كه‌ڕه‌ت و ده‌یان هه‌فته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ گیرفانی خاڵی گوزه‌راندنمان و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی ده‌ستكردیشت بۆ كه‌س نه‌كرد،خۆ تۆش ده‌توانی خاوه‌نی هه‌موو شتێك بیت و به‌مده‌رده‌ش نه‌ده‌چوی،به‌ڵام بیروباوه‌ڕی پۆڵاینی تۆ به‌ ئازادی و یه‌كسانی و مرۆڤدۆستی رێگای پێ‌ نه‌دای و باشیشتكرد،ئه‌وه‌نده‌ی بیرت له‌ ژیانی خه‌ڵك كرده‌وه‌ نیو هێنده‌ بیرت له‌ گیرفانی خۆت نه‌ده‌كرده‌وه‌،بۆیه‌ له‌كاتی شه‌هیدبونیشت ته‌نها 12 هه‌زارت له‌گیرفاندا بوو،چونكه‌ تۆ بۆ خه‌ڵك ده‌ژیایی،ئاخر شكۆمه‌ند تۆ ئیستا بویته‌ خاوه‌نی مێژوویه‌ك بۆ شار و مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی خۆت،بویته‌ ره‌مزێك بۆ هاوپیشه‌كانی خۆت،بویته‌ سیمبوڵێك بۆ ئازادی و حه‌قبێژی...با بوده‌ڵه‌ و قه‌زه‌م و بۆگه‌خۆره‌كانیش ئه‌و ژیانه‌یان پیرۆز بێت ...

برا گیان، وه‌سیه‌تنامه‌كه‌ی خۆت رێك ده‌رچوو،چۆن ژیانێكی تراژیدیت هه‌بوو به‌هه‌مان شێوه‌ ماڵئاواییه‌كه‌شت تراژیدی بوو و هه‌موو دنیای هه‌ژاند. هه‌موو گه‌نجانی شه‌ره‌فمه‌ندی ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ هه‌زاران خۆزگه‌ و ئاوات به‌ سه‌فه‌ره‌كه‌ت ده‌خوازن چه‌ند سه‌ربه‌رزانه‌ ژیایت و سه‌فه‌رتكرد، من ئیستا ئۆقره‌م نه‌ماوه‌ زۆر ئه‌ترسم ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی تۆ كردت به‌ نسیبی من نه‌بێت و به‌ په‌نا كه‌لاوه‌یه‌ك به‌ پیری گیانم ده‌رچێت ئه‌ی شكۆمه‌ند..
گیانه‌كه‌م منیش ده‌نگم ده‌خه‌مه‌ پاڵ وته‌كانت (كاتی ماڵاواییكردنی ئێمه‌ش دێت هاوڕِێ، من دڵنیام سپێده‌یه‌ك دێت كه‌ ئێمه‌ش جانتاكانی خۆمان پێچاوه‌ته‌وه‌، ئێواره‌یه‌ك ده‌ستی دایكمان ماچ ده‌كه‌ین و ده‌ڵێن" ببووره‌ ده‌بێ جێتبهێڵین"، له‌ نیوه‌شه‌ودا مێسجێك بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان ده‌نێرین و بۆیده‌نووسین" به‌داخه‌وه‌م، كه‌به‌یانی هه‌ڵده‌ستی من له‌مشاره‌ نیم، ماڵاوا ،خۆشحاڵم برا كه‌ به‌سه‌ركزییه‌وه‌ نه‌تمبینی، دڵخۆشم كه‌ جوامێری خۆت له‌ده‌ست نه‌دا....)



 

           

 

30/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com