هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان ئیدێنتیتێ ده‌سته‌ڵاتوو كۆمه‌ڵگادا..!!
 

  

جوتیار


jutyar91@yahoo.com


هه‌میشه پرسیارێك له‌ زیهنماندا دێتوو ده‌‌چێت ، كه‌ لایه‌نی به‌رهه‌ڵستكار به‌رامبه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت بۆ دروست ده‌بێت ؟ یاخود ئه‌و كه‌سه‌ی پێی ده‌گوترێت به‌رهه‌ڵستكار له‌ چیه‌وه ئه‌و پێناسه‌یه‌ به‌ده‌ست دێنێت ، ته‌عریفی لایه‌ن یاخود كه‌سی به‌رهه‌ڵستكار به‌ واتا نوێیه‌كه‌ی هه‌میشه‌ وابه‌سته‌یه‌ به‌ئاكامی دۆڕانێك له‌ گه‌مه‌یه‌كی سیاسیدا كه‌ پێی ده‌گوترێت هه‌ڵبژاردن ، ئه‌و گه‌مه‌ سیاسیه‌ خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌و كه‌سو پارتانه‌ی كه‌ خه‌ونی گه‌یشتن به‌ كورسیه‌كه‌ی ده‌سته‌ڵات سه‌راسیمای كردوون ، كه‌س یاخود لایه‌نی دۆڕاو له‌و پرۆسێسه‌دا هه‌ندێك جار ناچار ده‌بێت كه‌ به‌شداری بكات له‌ درێژه‌ی پرۆسیسه سیاسیه‌كانی ده‌وڵه‌تدا و هه‌ندێك جاریش خۆی ده‌خاته‌ به‌رده‌م بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكو خۆی وه‌ك خاوه‌نی پرسه‌كانی ئازادی و مافو و ژیانی هاوڵاتیان پێناسه‌ ده‌كات ، فاكتی دووه‌م شانسێكی زیاتر ده‌دات به‌ لایه‌نی دۆڕاو بۆ به‌ ئاكتیڤكردنی ئه‌و ستراتیژه‌ی كه‌ سیاسه‌تی( ئۆپۆزیسیۆن ) بوونیخۆی له‌ سه‌ر بنیاد ده‌نێت .
هه‌ڵبژاردن وه‌ک هه‌موو گه‌مه‌ سیاسیه‌كان له‌ فه‌زای دیموكراسیدا خاوه‌ن به‌هێزترین بزاوتو و میكانزمی ئاڵوگۆڕی هاوكشه‌كانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا به‌ مه‌رجێك هۆشیاری سیاسی پێوه‌ری هه‌ڵبژاردنی ئیراده‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بێت، له‌ كۆمه‌ڵگا ئازاده‌كاندا هه‌ڵبژاردنی حیزبه‌ سیاسیه‌كان بۆ ده‌سته‌ڵات، بونیادێكی واقیعیانه‌تر ده‌به‌خشێته‌ ئه‌و پرۆسێسه‌ چونكه‌ نه‌ تاك هه‌ڵگری تێڕوانینێكی حیزبیانه‌‌یه‌ و نه‌ كۆمه‌ڵگاش وابه‌سته‌یه‌ به‌ ئیدۆلۆژیای حیزب . حیزب له‌ كۆمه‌ڵگا كراوه‌كاندا یانی ده‌زگایه‌ك بۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌و گه‌شه‌‌كردنی ئیدێ جیاوازه‌كان له‌ پێناو جوانكردنو و باشتر كردنی گوزه‌رانی كۆمه‌ڵگا به‌ پێی تواناو ئیرادی ئابوری ده‌وڵه‌ت . له‌ كۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتیه‌كاندا ئه‌و تیئۆره پێچه‌وانه‌بۆته‌وه تا ئاستی ململانێكانی تاك له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی دا و تا به‌ گشتی كردنی له‌ سه‌ر ئاستی هه‌موو سونه‌تو رێوڕه‌سمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ، كولتوری هه‌ڵبژاردن مێژووی بیركردنه‌وه‌یه‌كی تازه‌یه‌ له‌ زیهنی سیاسی كۆمه‌ڵگاكه‌مان، فاكتی ئه‌وه‌ش نه‌بوونی سیسته‌مێكی سیاسی ته‌ندروسته كه‌ نه‌یتوانیوه دیارده‌ی( ئۆپۆزیسیۆن) وه‌ک دیارده‌یه‌كی سروشتی له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا بناسێنێت ، له كۆمه‌‌ڵگا داخراوه‌كاندا به‌رهه‌ڵستكاریكردنی ده‌وڵه‌ت واتا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ دابوو نه‌ریته‌ سیاسیه‌كان ، واته دژایه‌تی كردنی پیرۆزترین دیارده‌ ، له‌ كۆمه‌ڵگا هه‌ژار به‌سیاسه‌تبووه‌كاندا ، تاك ناتوانێت به‌رخوردێكی راسگۆیانه‌ له‌ گه‌ڵ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كاندا بكات ، چونكه‌ ده‌سته‌ڵاتوو ده‌وڵه‌ت خۆیان خوڵقێنه‌ری هه‌موو ئاڵوگۆڕێكی سیاسین ، خۆیان داهێنه‌ر و دروستكه‌ری چاره‌نوسه‌‌كانن .
گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ كۆمه‌لگای ئێمه‌دا گه‌مه‌یه‌كی گاڵته‌جارانه‌یه‌ ،گه‌مه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر ڕای گشتیدا شه‌رمه‌زاری چه‌مكی دیموكراسی نه‌بین، ئه‌و گه‌مه‌یه‌ لای ئێمه‌ تا بڵێی پێكه‌نیناوییه‌ ، چونكه‌ له‌و گه‌مه‌یه‌دا ته‌نها یه‌ك لایه‌ن هه‌یه‌ ئه‌ویش لایه‌نی سه‌ركه‌ووتووه ، وه كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هیێچ هێزێك نییه‌ دان به‌ دۆڕانی خۆیدا بنێت ، هیچ گروپێك یان فراكسیۆنێك نیه‌ سه‌د د‌ه‌ر سه‌د پێی وابێ ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی به‌ ده‌ستی دێنێت ، ته‌واو به‌ره‌نجامی توانای هێزه‌كه‌یبێت له‌ كۆمه‌ڵگادا. هه‌موو هێزه‌كان سه‌رگه‌رمن به‌وه‌ی یه‌كتر ریسوا بكه‌‌‌ن له‌سه‌ر ده‌رنجامه‌كان، كاره‌ساتبارترین ڕه‌وش ئه‌و ڕوشه‌یه‌ كه‌ ئینسان ناتوانێت ئاكامێكی راستگۆیانه‌ هه‌ست پێبكات ، ئاخێر ئه‌وه‌ چه‌نده كۆمێدیه‌ كه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ پرۆسه‌ی چه‌ند مانگیدا ڕابگیه‌ندرێن، چ كاره‌ساتیكه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێك زیاد له‌ نیو ملیارد دۆلار به‌ سه‌ر خه‌ڵكیدا بكات به‌ ماڵ، چه‌ندان مانگ تێبپه‌ڕێت و هێشتا كه‌سێك ئومیدی به‌ دروست بوونی ده‌سته‌ڵاتێكی تازه‌ هه‌ڵبژێردراو نه‌بێت ، بۆ ؟ چونكه‌ كه‌س دۆڕاو نییه‌ ، هه‌ڵبژاردنی بێ دۆڕاو یانی دیموكراسیه‌تێكی پێناسه‌كراو به‌ پێی مه‌زاجی سیاسی ، ئتنی و مه‌زهه‌بی ،
ئایا خودی به‌شداری كردنی هێزه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردندا مانای ئه‌وه‌ نی‌یه‌ كه‌ ئه‌وان بروایان به‌ گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سته‌ڵاته له‌ ڕێگای ئه‌و پرۆسه‌یه‌وه ‌ ، وه‌ هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كیش كه‌ شه‌ر له‌ سه‌ر ده‌سته‌ڵات بكات به‌ بێ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كه‌واته‌ ناتوانیت شه‌ر له‌ سه‌‌ر مافوو ئازادیه‌كانی خه‌ڵك بكات ، شه‌ر كردن بۆ ده‌سته‌ڵات یانی شه‌ڕ كردن له‌سه‌ر ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كۆمه‌ڵگا، ده‌سته‌ڵاتێك به‌ بێ ئیرادی خه‌ڵك یانی به‌ ره‌عیه‌تكردنوو ده‌سته‌مۆكردنی خه‌ڵك بۆ ئه‌و رێسایانه‌ی كه‌ ره‌نگ ده‌كرێن له‌ لایه‌ن خودانه‌وه‌،
وه‌ له‌ كۆتایشدا ده‌مه‌وێت له‌‌ یه‌ك خاڵی( ئنتێنسیف)دا بڵێم كه‌ كۆمه‌ڵگا زۆر له‌وه‌ هه‌ستیار تره‌ له‌وه‌ی كه‌هه‌ندێك كه‌س بۆی ده‌ڕوانن ، كۆمه‌ڵگا پێویستی به‌ هێزی فریاد ڕه‌س نییه‌ ، وه‌ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر ئه‌و زیهنیه‌ته ڕابێنێ به‌وه‌ی كه‌ پێویستی به‌و ڕزگاركه‌ره‌ هه‌یه‌ ئه‌و‌ه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی مه‌زن به‌سه‌ر مێژوودا ده‌بڕێت ، ئه‌وه‌‌ هه‌ر هێزه‌ فریادره‌سه‌كانن كه‌ به‌رگی ئه‌فسانه‌بوون به‌ باڵای پاڵه‌وانه‌كانیاندا ده‌كه‌نوو له‌ دوایشدا سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ شیوه‌ی خودادا ده‌به‌خشن به‌ كۆمه‌ڵگا، مێژووی فریاد ره‌‌سه‌كان ده‌سپێكی مێژووی به‌ پیرۆزكردنی ده‌سته‌ڵاته‌كانه‌‌، كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ فێربكرێت چۆن ئیرادی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ڵاتدا زیندوو رابگرێت ،كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ له‌ سه‌ر ئه‌و هۆشمه‌ندیه‌ ڕابهێندریت كه‌ هیچ كاتێك له‌ چاوه‌روانی هێزێكدا نه‌بێت بۆ ڕزگاركردنی ، ده‌‌بێت كۆمه‌ڵگا به‌و هۆشیاریه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ په‌روه‌رده‌ بكرێت كه‌ ئیرادو ئیدێندیتێتی خۆی له‌ هه‌موو هێزێك مه‌زنتر ببینێت ، ده‌بێت فێر بكرێت كه‌ به‌ هیچ شێوه‌ک چار‌ه‌ی ده‌سته‌ڵاتی نه‌وێتوو خۆی خاوه‌نی ئاڵوگۆڕو چاره‌نوسه‌كان بێت‌ .








 

           

 

20/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com