abdulla.mahmud@gmail.com
ڕفاندنی خوێندکارو ڕۆژنامەنووس "سەردەشت عوسمان"
بەم شێوازە لە ڕفاندن و تیرۆر جێگای هەڵوێستەو
لێرامانێکی تایبەتە و جیاوازیەکی زۆری هەیە لەگەڵ
رفاندن و تیرۆرەکانی پێشتر.
هەموو رفاندنەکانی پێشوو، بە شێوەی نهێنی کراون،
یان هەوڵدراوە بەوپەری نهێنیەوە تێپەڕێنرێن و
زوربەیان بەشەو یان لەشوێنی دوور لە چاوی خەڵکی
ئەنجام دراون، پاشان لەهەمان شارو ناوچەی نزیک بە
ڕفاندنەکەدا، تەرمەکەیان فڕێدراوە. کەچی ڕفاندنی
سەردەشت عوسمان بە ڕۆژی ڕوناک، لەبەردەم شوێنێکی
بەرچاو و گشتی وەکو زانکۆ، هاوکات بەبەرچاوی پۆلیس
و هێزی زێرەفانی، ئەنجامدراوە و تەرمەکەی دوای
ماوەیەکی زۆر کەم لە شارێکی دەرەوەی هەرێم" موسڵ"
فڕێدراوە. ئەمەش پەیامێکی ڕۆشنە بۆ ڕاگەیاندنی
جەنگێکی نوێی بە شێوەی تیڕۆر بۆسەر ئەو دەنگانەی
هەڕەشەی جدی لە دەسەڵات دەکەن یان سنورەکان و
هێڵەسورەکانی ئادابی گشتی، پیرۆزیەکانی نیشتمان و
نەتەوە، مقدەساتەکانی ئیسلام و دین و ڕەمزەکانیان،
هێڵە بەئەلغام دەورە دراوەکانی بنەماڵەی
دەسەڵاتدارێتی، .... دەبەزێنن.
ئەم شیوازە لە تیرۆر لەگەڵ ئەوەدا کە بەرهەمی ترسی
دەسەڵات و کۆنەپەرستییە، لە هوشیاری و ڕابونی
دەنگی ئازادیخوازی، هاوکات بەیانی ئەوە دەکات کە
تیرۆریزمی دەسەڵاتی میلیشیایی وهێزە
کۆنەپارێزەکانی، سنورێکی بۆ کپکردنەوەی دەنگی
ڕەسای ئازادی نییە، سڵ ناکاتەوە لە چاوی شەقام.
پێمان دەڵێن حەوسەلەمان نییە، دەست ناپارێزین و
هەموو شیوازێکیش بۆمان کراوەیە. پێمان دەڵێن بە
سۆرانی مامە حەمە چاوترسێنتان دەکەین، بە ئاشکرا
رفاندن و کوشتنی سەردەشت عوسمان کپتان دەکەینەوە،
بە تیرۆری سەردەشتەکانی سبەینێ هێڵە سورەکانمان
دەمەزەرد دەکەینەوە، ئەمە پەیامی تیرۆرستانە.
ئەم کوردستانەی کە دەسەڵاتی کوردی بانگەشەی ئارام
بوونی دەکات، شانازی بە دەزگا ئەمنیەکانی دەکات،
ئارامە بۆ دەسەڵات و بەرپرسە حزبی و حکومی و
بنەمالەیەکان و سەرمایەدارانی تاڵانچی و
کۆنەپەرستان. وە نا ئارامە بۆ نوسەران و سیاسی و
رۆشنبیرانی نەیاری سازش هەڵنەگری دەسەڵات.
نائارامە بۆ ئەوانەی رەخنە کە کۆنەپەرستی ئیسلامی
دەگرن، نائارامە بۆ ئەوانەی خۆشەویستی بە پیرۆز
دەزانن و سنورەکان و تەلبەندەکانی دیلکردن و
پەلبەستکردنی خۆشەویستی، ریسوا دەکەن. نائارامە بۆ
کرێکارانێک کە دەنگیان بەرزدەکەنەوە بە دژی
بیمافیەکان و سەختی گوزەرانیان، نائارامە بۆ
هەلسوراوانی ژنان کە دەڵین دەستی ئیسلام و یاسا
کۆنەپەرستە سەرچاوەگرتوەکانی ئیسلام و مەلا لەسەر
ژنان هەڵگرن، نائارامە بۆ ئەو هونەرمەندو نووسەرو
میژونووس و توێژەرانەی، بەدەنگی بەرز لەدژی
بیروباوەری زاڵی ناو کۆمەڵگا، لە دژی دەسەڵاتی
تاڵانچی و نۆکەر، لەدژی پاوانکردنی دەسەڵات،
هاتوونە دەنگ.
دەسەڵات لە کوردستان تۆڕێک دەزگای سیخۆری هەیە
ئاشکراکانی" پاراستن، زانیاری، دوو دەزگای دژە
تیرۆر، دوو ئاسایش، دوو هێزی پۆلیس" هاوکات سەدان
باندی نهێنی سەر بە بەرپرسەکانی دەسەڵات، هەیە.
جگە لە میلیشیایی پان و پۆری حزبەکان بەسەدان
پاسەوانی بەرپرسە باڵای حزبەکان و حکومەت،
ئەژدیهایەکی هەزارسەرە کە دەیەوێت جوڵەی تەندروست
و دەنگی "نا" بەدژی هەلومەرجی زاڵ و باو، پەل بەست
بکات.
داهاتێک کە دەکرێت بە گەروی ئەم هێزە چەکدار و
جاسوسییە حوت ئاسایەدا، خەیاڵییە و ئەرکیشی نەک
پاراستنی کۆمەڵگا و تاکەکانی، نەک هیزی پاریزگاری
لە دژی هێزی دەرەکی و هەرەشەی ناوچەیی، بەڵکە بۆ
پاراستنی دەسەڵات و کپکردنەوەی دەنگی ئازادیخوازی
و سەرکوتی داواو مافە ژێرپێنراوەکانی کۆمەڵگایە.
بکوژانی سیاسیەکانی نەیاری دەسەڵات، بکوژانی
رۆژنامەنووسان، بکوژانی ژنان، بکوژی ئازادیخوازی
بەسانایی لەژێر دەستی ئەم هەموو هیزە چەکدارو
دەسەڵاتدا، ووندەکرێن، دەشاردرێنەوە. دەسەڵاتیک کە
دژی ئازادییە نایەوێ بکوژانی ئازادیخوازی، پەلبەست
بکات.
دەسەڵاتیکی پارێزەری کۆنەپەرستی دینی، ناتوانی و
نایەوێ فتواچیەکان و مەلاکان و رەوتگەلە
ئیسلامیەکان، لە کۆمەڵگا دوور بخاتەوە. دەسەڵاتی
دژە ژن، دەست نابات بۆ بەسزاگەیاندنی ژن کوژان.
دەسەڵاتی دژی ئازادی بەیان و بلاوکردنەوە و
ڕۆژنامەگەری، خەمی لێدان و سوکایەتی پێکردن و
زیندانیکردن و تیرۆری رۆژنامە نووسانی نییە.
دەسەڵات خۆی بەرپرسی ئەم دۆخە و بەرپرسی ژینگە
سازکردنە بۆ کوشتارو تیرۆرو کۆنەپەرستی و پاراستنی
دۆخی باو.
کوان بکوژان و کاراکتەری پشت ڕفاندن و تیرۆری
رەئوف ئاکرەیی، نەزیرعومەر، بەکر عەلی،
شاپورعەبدولقادر و قابیل عادل، فەرهاد فەرەج،
سۆرانی مامە حەمە، عەبدلستار تاهیر شەریف، سەردەشت
عوسمان....تاد؟ کوان ئەو قارەمانە جەربەزانەی!
بەدەیان و سەدان جار هێرشیان کردۆتە سەر
رۆژنامەنوس و نەبەز گۆرانەکان؟. کوان ئەو هەزاران
بکوژەی ژنان، .... کوان؟ بۆچی ئەم لیستە لە
تاوانبارانی زنجیرەیی بۆسەر ئازادی سیاسی و
رۆژنامەگەری و ژنان و نوسەران و ئازادیخوازان..
کەمترینیان نەدۆزرانەوەو راپێچی لێپرسنەوە نەکران،
کوا دادگا؟ ئاخر دادگا دەستی بە هەزاران تاوانبار
نەگات، چ دادگایەکە. یاسا دەستی نەگاتە هەزاران
تاوانبارو بکوژ، چ یاسایەکە.
هەموو ئەمانە پێمان دەڵین، دەسەڵات تاوانباری
سەرەکییە. ڕفاندنی سەردەشت عوسمان و دەربازکردنی
بە چەندین بازگە و پاشان تیرۆرکردنی، ترس و
کاردانەوەی دەسەڵات و کۆنەپەرستییە لەبەرامبەر
ئازادی و ئازادیخوازیدا.
بەرگرتن و بەئاگاهینانەوەی دەسەڵات لە یاریکرن بە
ئاگر، وە دەست کۆتاکردنی بەتەنها بە ئیمزا
کۆکردنەوە، بەماتەمینی نیشاندان، بەمەراسیم
سازکردن، بە وروژاندن و وتار و نوسین، بە
خۆپیشاندان.... ناکرێت، بێگومان ئەمانە هەموو
پێویستن و جێگای خۆیان هەیە، و لەوبارەیەشەوە
ئەزمونێکی زۆر لەبەردەستە، کە سەرباری ئەوەی بۆتە
گوشارێکی کاتی و کەمپەینی، بەڵام دەسەڵاتی کاس
نەکردووە، سەری تەسلیم بوونی پێدانەداوە،
تاوانباران و کاراکتەری پشت تاوانەکانی ئاشکرا
نەکردووە. بۆیە پێویستە لەگەڵ هەموو ئەمانەدا
دەستببرێت بۆ ئەو ئامرازانەی کۆمەڵگا فەلەج دەکات.
هەر بزوتنەوەیەک پایەکانی دەسەڵات نەلەرزێنی و
هەڕەشەی لێنەکات، دەسەڵات تەکان نادات و ناترسێنێ.
وەرێخستنی مانگرتنی سەراسەری لە ناو زانکۆکان و
ڕاگرتنی خوێندن، ڕاگرتنی کاری چەند کارگەیەکی
بەرهەمهینان کە شادەماری تالانی دەسەڵات ببەستێ.
مانگرتنی شارەوانیەکان تا شاری تیرۆر نا ئارام،
زبڵ و پسایی دایبپۆشێ. داخستنی دوکان و بازاڕەکان
و هاتووچۆ، تاجوڵە ڕابگرێ. وە لێک هەڵپێکانی
نارەزایەتیەکان و سەراسەری کردنەوەی... تا
ئاشکراکردنی دەست و باند و بکوژەکان درێژەی پێبدرێ.
ئەگەر لەبەرامبەر ناحەقی و تیرۆرێکدا، دەست بۆ ئەم
شیوازە ببرێت، بە دڵنیایەوە دەسەڵات لە بەرامبەر
بە ئیرادەی شەقام داگرتوو و کۆمەڵگا فەلەجکراودا،
تەسلیم دەبێت.
تیرۆری نوسەر، سیاسی و ڕۆژنامەنووس و ژنان...،
هەرەشە نییە تەنها لە توێژێک، هەڕەشەیە لە هەموو
کۆمەڵگا. بەرگری لە ئازادی کورتناکرێتەوە لە
ئازادی بەیان و بڵاوکردنەوەو رادەربڕیندا، یان
کورتناکرێتەوە لەئازادی رۆژنامەنووسیدا، کورت
ناکرێتەوە لەئازادی مانگرتن و خۆپیشانداندا، لە
ئازادی دینداری و بێدینیدا، لە ئازادی رەخنەگرتن و
تویژینەوە لە هەموو بیروباوەر و ئەخلاقیات و
کەلتورو رەمز و رابەرو خورافات و سرود و ئاڵا، بە
داستانکراو و قارەمانەکان... بەڵکە بەرگری لە
ئازادی پانتایەکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و
فەرهەنگی و کەلتوری، یاسایی ...هەیە. بەرگری لە
کۆیی هەموو ئەمانە، ئەرکی رۆشنبیران و
ئازادیخوازانە.
لە کوردستانی ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەحزابی
میلیشیایدا هەموو ئازادیەک لە ژێر هەڕەشەدایە، لە
ئازادی عیشق و ئینسانیەتەوە تا ماف و دادوەری و
ئازادی تاک، لە هونەرو داهێنانەوە تا زانست و
حەقیقەت، لە ئازادی سیاسیەوە تا ئازادی
رۆژنامەگەری و بەیان، لە ئازادی جموجۆڵی ئابوریەوە
تا ئازادی کەلتوری و ...تاد.
بزوتنەوەی سیاسی و رێکخراو، بزوتنەوەی رۆشنبیری و
ئازادیخوازی و ڕۆژنامەگەری، پیویستە لەهەموو ئەم
زەمینانەدا و بێ ئەماو ئەگەر لە مەیداندابێت و
ئاوانس بە هیچ لایەک و زەمینەیەک نەدات.
گوشارهێنان بۆ دەسەڵات بۆ ئاشکراکردنی باندی
ئینسانکوژی بکوژی سەردەشت عوسمان، جیاناکرێتەوە لە
خەباتێکی سەراسەری لە پێناو ئازادی و گێرانەوەی
ئارامی بۆ کۆمەڵگادا. جیاناکرێتەوە لەڕەخنەو
خەباتێکی لێبڕاوانە لە دژی دەسەڵاتی سیاسی،
پێویستە بۆ ئەم بەرامبەرکێیە سەنگەری تازە
بکرێتەوە و دەستی بۆ ببرێ. وە نابێ کەیسی تیرۆری
سەردەشت عوسمان، سەنگەری پاشەکشەکردن بە مەلا و
باندە ئیسلامیەکان و فتوادەرانیان، لاواز بکات.
9-5-2010
|