تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان ، شه‌رمه‌زاریه‌کیتری ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌

ئه‌حمه‌د عه‌لی   

 



ahmadali525@hotmail.com


سه‌رده‌شت عوسمان، دوای ئه‌وه‌ی چه‌نجار له‌ ڕیگه‌ی مۆبایل و ئیمایله‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لێده‌کرێ و ئاگاداری پۆلیس ده‌کاته‌وه‌، ڕۆژی 04.05.2010 له‌ به‌رده‌م کۆلێژه‌که‌ی خۆیدا له‌ شاری هه‌ولێر،به‌ به‌رچاوی خه‌ڵک و پۆلیس و ده‌زگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومه‌ته‌که‌ی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ڕفینرێ و 2 ڕۆژ دواتر له‌ شاری موسڵ ته‌رمه‌که‌ی ده‌دۆزرێته‌وه . ‌
سه‌رده‌شت عوسمان قوربانیه‌کیتری ده‌ست و پلانی ده‌سه‌ڵاتی خوێنڕێژ و خوێنمژی کوردستانه‌ ، هیچ له‌وه‌ ئاسانتر نیه‌ له‌م حه‌قیقه‌ته‌ تێبگه‌ین، که‌م نین ئه‌وانه‌ی به‌ به‌رچاوی دونیاوه‌ به‌ ده‌ستی یه‌کێتی و پارتی و ئیسلامیه‌کان خه‌ڵتانی خوێنکران.. شه‌رمه‌زاریه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌یه‌ بۆ پارتی ئاوا هه‌ڵسوکه‌وت له‌ گه‌ڵ هاوڵاتیانی کوردستاندا ده‌کات.. شه‌رمه‌زاریه‌ که‌ له‌ ته‌واوی دونیادا ئیدعای ئارامی کوردستان ده‌که‌ن و دواتر به‌ ده‌ستی خۆیان و به‌ به‌رچاوی خۆیانه‌وه‌ سه‌رده‌شت ده‌ڕفێنن و ده‌یکوژن.ده‌سه‌ڵاتی کوردی و هاوپه‌یمانه‌کانیان ده‌بێ به‌ کردار سنوریان بۆ دابنرێ .. ئه‌مانه‌ که‌ به‌ ئاسانی ده‌ستیان ده‌چێته‌ گیانی هاوڵاتیانی کوردستان ، ده‌ستیان ده‌چێته‌ جه‌رگی دایکان و له‌ت له‌تی ده‌که‌ن، ده‌بێ له‌ ته‌واوی دونیادا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ریسوا بکرێت و نه‌خشه‌کانیان ناکام بکرێنه‌وه‌.پێویسته‌ ته‌واوی لایه‌نه‌ جیهانیه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ، نه‌ته‌وه‌یه‌کگروه‌کان و .... ئاگادار بکرێنه‌وه‌و په‌رده‌ له‌ ڕووی دزێوی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌ڵبماڵین. سه‌رده‌شت و سۆران و شاپورو قابیل و سه‌دانیتر ،ئه‌مانه‌ که‌سی ئێمه‌ن،ئه‌مانه‌ به‌رگریکاری داخوازی و به‌ژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بوون، ئێمه‌ به‌ره‌ی ئازادیخواز ناکرێ له‌ خوێنی ئه‌م ئازیزانه‌مان خۆشببین.. ده‌بێ نه‌ک بکوژه‌کانی سه‌رده‌شت ،به‌ڵکو یه‌کێتی و پارتی که‌ ڕاسته‌وخۆ به‌رپرسی ئه‌منیه‌تی خه‌ڵکی کوردستانن بدرێنه‌ دادگا .. ئه‌مانه‌ ڕێگه‌یان بۆ هێرش و په‌لاماری ته‌واوی ئازادیخوازان خۆشکردوه‌.ئه‌مانه‌ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌روحوکمی ئیسلامیان له‌ کوردستان تازه‌کردۆته‌وه‌. ئه‌مانه‌ ده‌ستی خوێناوی خۆیان و ئیسلامیه‌کانیان له‌ بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیو ڕه‌خنه‌گرو قه‌بوڵنه‌که‌ری خۆیان و هاوپه‌یمانه‌ ئیسلامیه‌کانیان کردۆته‌وه .دواکه‌وتوترین حوکم ،حوکمی ئه‌مانه‌یه‌. له‌ کام شاری دونیادا هه‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌ ئاشکرا خه‌ڵک بفرێنرێ و بکوژرێ،، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ده‌ستی پارتی دیموکراتی کوردستانی تیادا نیه‌ ،ئه‌ی ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانیان له‌ کوێ بوون که‌ سه‌رده‌شتیان فڕاند؟ کامه‌تا ئارامی و ئه‌منیه‌ت؟حکومه‌تی هه‌رێم و به‌ تایبه‌ت پارتی ئه‌گه‌ر بکوژانی سه‌رده‌شت ئاشکرا نه‌که‌ن ئه‌وا نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ که‌ خۆیان ده‌ستیان له‌ کوشتنیدا هه‌یه‌. ئاخر ئه‌مانه‌ خۆیان که‌وتونه‌ته‌ گیانی خه‌ڵکی بێدیفاع بانگه‌شه‌ی پاراستنی گیانی خه‌ڵکیان له‌ چی؟ من سه‌ره‌خۆشی له‌ خێزان و که‌سوکارو هاوڕێیانی سه‌رده‌شت عوسمان و به‌ تایبه‌ت به‌شدار و ئارام عه‌لی برایانی سه‌رده‌شت ده‌که‌م و خۆم به‌ به‌شداری خه‌م و ده‌رده‌کانیان ده‌زانم.


07.05.2010

 

           

 

08/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com