عیرفان تاكه‌ پشتیوانمان بوو ئه‌ویش جێی هێشتین

  

ئالان عومه‌ر / سوید


به‌ر له‌هه‌رشت. ده‌بێت بۆ له‌ده‌ستدانی عیرفان زه‌نگه‌نه‌ی هونه‌ر دۆست ئه‌وی هونه‌رمه‌ند ئه‌وی دڵسۆز، سه‌ره‌خۆشی له‌خۆم بكه‌م له‌هونه‌ره‌كه‌م كه‌ زۆر كات هانده‌رو هاوكارم بووه‌، ئینجا له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌مه‌زنی هونه‌ر و خزمه‌تی هونه‌ر ده‌گه‌ن، سه‌ره‌خۆشی له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی عیرفان ببوه‌ باوك بۆ هونه‌ره‌كه‌یان. له‌وانه‌ی كه‌ تێده‌گه‌ن ئه‌و چ خزمه‌تێكی كردووه‌ له‌هه‌ولێر. كه‌ عیرفان شه‌قامه‌كانی و ئێواره‌ خامۆشه‌كانی به‌زكری موزیك له‌ ئێوارانی چوارچرا ره‌نگینتر ده‌كرد، سه‌ره‌خۆشی له‌خانه‌واده‌ ئه‌زیزه‌كه‌شی كه‌ ده‌زانن چ پیاوێكی مه‌زنیان له‌ده‌ستداوه‌. به‌ڵام ئه‌بێت له‌وه‌ش دڵنیابن عرفانی ئه‌وان و عیرفانی هونه‌رمه‌ندان چ شانازییه‌كی بۆ جێهێشتن.
هه‌ركه‌س له‌ هونه‌رمه‌ندان قسه‌یه‌كی كردبێت دیدارێكی كردبێت ئه‌و پرسه‌ هاتبێته‌پێش، باسی بێ پشتیوانی و بێكه‌سی هونه‌رمه‌ندانی كردووه‌ هه‌ركه‌س له‌ كوردستان به‌گشتی و له‌هه‌ولێر به‌تایبه‌تی كه‌ پایته‌ختی وڵاته‌كه‌مانه‌ ورد بوبێته‌وه‌ زانیویه‌تی چ ماڵوێرانێكین، له‌ نه‌بونی نه‌وایه‌ك بۆ هونه‌ر له‌ هه‌بونی په‌نایه‌ك بۆهونه‌رمه‌ند، به‌ڵام له‌و ناو ئه‌و بێهیوایه‌دا نه‌مانبووه‌ به‌هۆی هه‌بونی عیرفان زه‌نگه‌نه‌ ره‌شبینی دایگرتبێت له‌ كاتی هه‌ستكردن به‌ نه‌بونی پشتیوان، نه‌مان بووه‌ تروسكایی هیوای عیرفان زه‌نگه‌نه‌ی نه‌دیبێت له‌ به‌تاڵی هه‌ولێردا له‌ ‌بونی ده‌نگی موزیك و سه‌دای هونه‌رمه‌ند ئێوارانی چوارچرا دڵخۆشی نه‌كردبێت و هیوایه‌كی بۆ ئاشت بونه‌وه‌ی خه‌ڵك و هونه‌ری لا دروست نه‌كردبێت.
عیرفان زه‌نگه‌نه‌ خۆی وه‌زیری هونه‌رمه‌ندان بوو چوارچراش زۆركات وه‌زاره‌ته‌ راسته‌قینه‌كه‌ی هونه‌ربوو. ئاخر ئه‌گه‌ر له‌ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت، وه‌زاره‌تێك هه‌بێت ئازایی نییه‌ هه‌رچی بكات بۆ هونه‌ر، چونكه‌ به‌هونه‌ره‌وه‌ میزانیه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێت و ده‌بێ خه‌رجی هونه‌ریشی بكات. به‌ڵام هونه‌ره‌ بۆ پیاوێك له‌و وڵاته‌ بێ یاسادا له‌پاراستنی مافی هونه‌رمه‌ند سامانی خۆی له‌خۆشه‌ویستی هونه‌ر بكاته‌ ئاوو خزمه‌تی هونه‌ری پێ بكات. ئایا ئه‌وه‌ وه‌زیرو سه‌فیری هونه‌ره‌ كه‌ به‌سامانی خۆی خزمه‌ت بكات یان ئه‌وانه‌ی به‌هونه‌ره‌وه‌ میزانیه‌ وه‌رده‌گرن و هونه‌رمه‌ندی لێ بێ به‌ش ده‌كه‌ن.
عیرفان زه‌نگه‌نه‌ كاتێك له‌ هه‌ولێر هاته‌ مه‌یدان شتێك نه‌بوو به‌ناوی سه‌رمایه‌داری هونه‌ری، شتێك نه‌بوو به‌ناوی كاری پرۆفیشناڵی هونه‌ر و شتێكیش نه‌بوو به‌ناوی كۆمپانیای هونه‌ری. زۆری تر هاتن و ساحه‌یان چۆڵكرد زۆرهاتن و نه‌یانتوانی له‌و رێگا سه‌خته‌ به‌رده‌وام بن، چونكه‌ عیرفانێك نه‌بێت كێ ئاماده‌یه‌ گوێ به‌ سودی مادی خۆی نه‌دات و له‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندا خه‌رج بكات؟ ئاخر ناكرێ له‌هه‌ولێری پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌دا ساباتێك نه‌بێت بۆ كۆبونه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان جێیه‌ك نه‌بێت ببێته‌ ماڵی راسته‌قینه‌ی ئه‌وان، به‌ڵام به‌ر له‌عیرفان ئه‌و ناكرێته‌ ده‌ كرا نه‌جێ و نه‌ماڵێكی ره‌نگینی وه‌ك چوارچرا نه‌بوو كۆبینه‌وه‌ و له‌كارو له‌ خه‌مه‌كانمان بدوێین ته‌نانه‌ت له‌كاتی بونی ئه‌ویشدا جیا له‌زكری هونه‌ری ئێوارانی چوارچرا هه‌ولێر ئێوارانێكی بێده‌نگی موزیكی ده‌گوزه‌راند و وێڕای ناوبانگی میهره‌بانی ئه‌و شاره‌ ماڵێكی بێ جێگا بوو بۆ هونه‌رو زكری ئێوارانی موزیك. ئاخر ئه‌گه‌ر چوارچرا نه‌بێت كێ پێم ده‌ڵێت كام جێگا نه‌وای هونه‌ر بوو كوێ ویستگه‌ی كۆبونه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند بوو كام جێ ته‌كیه‌ی زكری هونه‌ر بوو.
عیرفان زه‌نگه‌نه‌ ئه‌و كه‌سه‌ خه‌مخۆره‌ی هونه‌ر كه‌ هاوكارییه‌كانی زۆرێكمانی قه‌رزار ده‌كرد ئه‌مه‌ شیوه‌نی دوای مردن نییه،‌ چونكه‌ له‌زۆر جێیه‌ك دانم به‌و راستیه‌دا ناوه‌ زۆركات له‌وه‌ختی بێهیوایمدا ئه‌و هیوای به‌من به‌خشیوه.‌ ره‌نگه‌ گله‌ییمان لێی هه‌بوبێت ،به‌ڵام له‌داهاتوو بۆ هه‌موان ئاشكرا ده‌بێت عیرفان چ پشتوپه‌نایه‌كی راسته‌قینه‌ بوو، ئاخر گله‌ییمان ده‌كرد كه‌ زیاتر له‌وه‌ی كردویه‌تی بۆچی بۆمان ناكا؟ به‌ڵام نه‌مان ‌پرسی ئه‌م پیاوه‌ مه‌زنه‌ به‌چی بیكا؟ به‌و میزانییه‌ی حكومه‌ت بۆی دابینكردووه‌؟ به‌و سه‌رمایه‌دارییه‌ی له‌هونه‌ردا ده‌یكات؟ كه‌ هه‌موومان ده‌زانین سه‌رمایه‌داری له‌هونه‌ردا جیا له‌ره‌نج به‌خه‌ساری هیچی تری تێدا نییه،‌ بۆ گله‌ییمان هه‌بوو؟ نازانم!!. ئه‌بێ له‌رابینینمان بوبێت له‌ تێگه‌شتنی جوانی ئه‌و پیاوه‌ بۆ هونه‌ر؟ له‌ هه‌ستكردنی به‌ناسكی دڵی هونه‌رمه‌ند نازانم.!!! ئه‌ی ئێستا له‌كام عیرفان داوا بكه‌ین سامانه‌كه‌ی بكاته‌ ئاو خزمه‌تی هونه‌ری پێ بكات؟؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر داوا بكه‌ین كێ ده‌بێته‌ عیرفان؟.
ئه‌ی ئه‌بێ پاداشتی مه‌ بۆ ئه‌و چی بێت؟ ئه‌بێ راست بێت هونه‌ر نه‌مره‌؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر هونه‌ر نه‌مر بێت هۆ و هۆكاری زیندومانی هونه‌ر پیاوێك بێت ئه‌بێت ئه‌و پیاوه‌ چ نه‌مرێك بێت؟
ئه‌بێ راست بێت هونه‌ر واتای وه‌فادارییه‌؟ ئه‌گه‌ر راست بێت ئه‌وه‌ عیرفان له‌داهاتوش ئیلهامی هونه‌ری زۆرێكمانه‌.
ئه‌بێت راست بێت هونه‌ر له‌رۆڵدا پێشه‌نگه‌؟ ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌بێت عیرفان چ رابه‌رو پێشه‌نگێك بێت؟
ئه‌بێت راست بێت پارك و باخی جوانی گشت شاره‌كان جێ په‌یكه‌ری نه‌مره‌كانن؟ ئه‌گه‌ر راست بێت ئه‌بێت كام باخی شار شانازی به‌‌بونی په‌یكه‌ری ئه‌م رۆح نه‌مره‌ و ئه‌م ‌ مه‌زنه‌وه‌ نه‌كات.
ئه‌ی ئه‌بێت دڵی كام هونه‌رمه‌ند په‌یكه‌رێكی عیرفانی لێدانه‌نرێت و نه‌یكاته‌ تروسكایی هیوا بۆ ئاینده‌ی؟.
رۆحت شاد بێت ئه‌ی ئه‌و پیاوه‌ی رۆحی راسته‌قینه‌ی مرۆڤه‌كانت شاد ده‌كرد، رۆحت شادبێت ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی دڵنیای تۆ له‌ پشتیوانی هونه‌ری تاقانه‌ پیاوی مێژویت.

 

           

 

26/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com