سه‌فه‌رتر له‌ئاو.. كه‌ڵكه‌ڵه‌
 

  

عه‌لی پێنجوێنی



به‌ناو گۆرانیدا ده‌ڕۆم نامه‌وێ بگه‌مه‌ ئاواز
به‌ناو ته‌ڕاییدا ده‌ڕۆم نامه‌وێ بگه‌مه‌ ئاو
به‌ناو وشكاییدا ده‌ڕۆم
نامه‌وێ بگه‌مه‌ گوڵه‌كانی بیابان
به‌ناو توله‌ڕێكانی ده‌ستوپه‌نجه‌ی ته‌نیاییدا ده‌ڕۆم
به‌ناو توڕه‌بوونی ئه‌ستێره‌یه‌كدا ده‌ڕۆم
كه‌ مه‌كر به‌سه‌ر بێكه‌سیدا ده‌كا
هه‌رچی ماڵ هه‌یه‌ بیپێچه‌ له‌گه‌ڵای نۆبه‌ره‌ی گه‌ڵا مێوێكه‌وه‌
ئینجا بڕۆ سه‌فه‌ر بكه‌
سه‌فه‌ر تێپه‌ڕینه‌ تێپه‌ڕین نه‌ك ماڵ دروستكردن
به‌ناو باخێكا تێپه‌ڕه‌و نه‌كه‌ی ماڵ دروست بكه‌یت
به‌ناو ناوكی پرته‌قاڵێكا تێپه‌ڕه‌و مه‌وه‌سته‌
نه‌كه‌ی ماڵ دروست بكه‌ی
ئاخر كه‌ی سه‌فه‌ر بۆ ماڵ دروستكردنه‌
سه‌فه‌ر هه‌ر بۆ سه‌فه‌ره‌
غه‌ریبـی جگه‌ له‌كه‌ڵكه‌ڵه‌ هیچی تر نییه‌ له‌سه‌ری منا
ئیدی چۆن ده‌نوسرێته‌وه‌ غه‌ریبـی؟
حه‌رف جێگه‌ی سكونه‌ت و به‌پایان گه‌یشتنه‌
حه‌رف جێگه‌ی له‌په‌لوپۆكه‌وتنه‌
كه‌غه‌ریبـی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئاگر بێت، له‌ناو ئاوێكی بێ ئه‌دره‌سا
ئیدی غه‌ریبـی چۆن ده‌نوسرێته‌وه‌؟
(غه‌ریبـی سه‌فه‌ری لێكردمه‌ ئه‌وتان
سه‌راپا ئه‌رزی لێكردمه‌ سه‌فه‌رگا نه‌وه‌ك زیندان)
سه‌فه‌رو-با- زۆر زۆر له‌یه‌كتر ده‌چن
هه‌ردوكیان نه‌له‌شوێنه‌وه‌ هه‌ڵده‌كه‌ن
نه‌ بۆ شوێنێكی دیاریكراویش پێهه‌ڵده‌گرن
زه‌مزه‌مه‌ی غه‌ریبیه‌ك هه‌میشه‌ له‌قورگی ئاوا
خۆی ده‌ژه‌نێ و گۆرانییه‌كی غه‌ریب ده‌چڕێ
ئه‌م گۆرانییه‌ غه‌ریبه‌ له‌گه‌روی گشت ئاوه‌كانی دنیادا سه‌دایان دێ
سه‌فه‌رو ئاو هه‌ردوكیان بێ شوناسن
چونكه‌ هه‌ردوكیان غه‌ریبن
هه‌میشه‌ ئاو تێده‌په‌ڕێ..
هه‌میشه‌ ئاو ناوه‌ستێ
هه‌میشه‌ ئاو ماڵێك بۆ خۆی دروست ناكا
هه‌میشه‌ سه‌فه‌ر كۆڵانێكه‌ ته‌واو نابێ
ده‌بێ به‌ناویا تێپه‌ڕین و ماڵ دروست نه‌كه‌ین
ته‌ماشاكه‌ سه‌فه‌رو ئاو چه‌نده‌، له‌یه‌كتر ده‌چن؟!
دڵ له‌به‌رئه‌وه‌ سه‌فه‌ر ناكات، چونكه‌ له‌شوێنی خۆی هه‌ڵكه‌نراوه‌
دڵی لێوڕێژ له‌ژیان، دڵێكه‌ لێوڕێژ، له‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌
دڵی لێوان لێو، له‌سه‌فه‌ر، دڵێكی دامه‌زراو نییه‌
تابگریه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌م دڵه‌ بۆ هه‌ڵكه‌نراوه‌
دڵێكه‌ سه‌رشار له‌غه‌ریبـی، دڵێكه‌ سه‌رشار، له‌سه‌فه‌ر
سه‌فه‌ر جگه‌ له‌هه‌ڵله‌رزین، له‌ناو ئاگری كه‌ڵكه‌ڵه‌دا چی تره‌..؟
كه‌ڵكه‌ڵه‌ی روانینت خسته‌ سه‌رم
كه‌چی قوفڵێكت دا، له‌ڕوانینم و له‌ناوه‌ڕاستی چاوه‌ڕوانیدا
به‌جێتهێشتم
كێ ده‌زانێ جلیوه‌ی تاریكی
له‌كوێوه‌و بۆ كوێ سه‌فه‌ر ده‌كا؟
ئێمه‌ نازانین مه‌گه‌ر فه‌جرێكی بریندار لوتف بكات و بۆمان بگێڕێته‌وه‌
ئه‌وه‌ته‌ی خوا بنی دنیای داناوه‌
ئێمه‌ له‌ناو شه‌ودا ده‌مێنینه‌وه‌
كه‌چی بۆ یه‌ك جاریش شانوملمان به‌جیلوه‌ی تاریكی ته‌ڕ نه‌بوو
له‌سه‌فه‌ره‌ توناو تونه‌كانی شه‌و تێناگه‌ین، بۆیه‌ ناوێرین
ده‌ستوپلمان بده‌ینه‌ به‌ر تاشه‌ تاشی ئه‌م زوڵمه‌ته‌
شه‌مامه‌كان له‌ناو ده‌ستی ئه‌و دۆستانه‌دا بۆگه‌نیان كرد
كه‌تامردن ماچی یه‌كتریان ده‌كرد
كه‌چی تامردن نه‌یانتوانی یه‌كتریان خۆشبوێت
تۆ كه‌وانیت، هه‌رواش مه‌به‌و لاڕێ بگره‌
ئه‌ی شه‌مامه‌ی سه‌ر هه‌ڵگرتوو
لاڕێ بگره‌و به‌رده‌وام به‌، له‌سه‌فه‌ر
تۆ سه‌فه‌ر ده‌كه‌یت و تامی خۆشه‌ویستی ده‌كه‌یت
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو شیفۆنی ناسكی به‌یه‌كنه‌گه‌یشتندا بخه‌ویت
هه‌میشه‌ سه‌فه‌ری به‌
ئیدی كه‌ی گرنگه‌ ماچ بكه‌ی؟
ئاخر ماچێك كه‌ نه‌تخاته‌ سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌فه‌ر
ماچێكه‌، لێوت له‌وێیه‌، كه‌چی زمانت ژه‌هری ماره‌ گوفتاری
چاوت له‌وێیه‌و شه‌هوه‌ت تیایا مه‌وج ئه‌دا
كه‌چی روانینت كوێرایی داهاتووه‌
گوێت شڵپه‌ی ئه‌و هه‌موو ماچه‌ی تێئه‌ڕژێ
كه‌چی ده‌نگی ترپه‌ی دڵی نه‌سیمی به‌یانیان نابیستی
سه‌فه‌ر بۆ گه‌یشتن به‌ئاو نییه‌
سه‌فه‌ركردن بۆ بوون به‌ئاوه‌، تا هه‌میشه‌ پڕ بیت له‌كه‌ڵكه‌ڵه‌ی هه‌ڵاتن
كه‌ی سه‌فه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا بگه‌یت و دوایی ده‌ست بكه‌یت به‌گێڕانه‌وه‌
سه‌فه‌ر هه‌ر سه‌فه‌ر، نه‌ك هیچی تر
ده‌بێت هه‌ر نه‌گه‌ین و هه‌ر نه‌مانپه‌رژێ باسی بكه‌ین و بیگێڕینه‌وه‌
سرك سرك وه‌ك ئاو خۆت بنه‌خشێنه‌ ئه‌ی سه‌فه‌ر
ئاخر سه‌فه‌ر كه‌ی وێنه‌ی ده‌گیرێ؟!
كه‌وێنه‌ گرتن ساتی وه‌ستان و نه‌بزاوتن بێت
كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گۆرانیت خسته‌ سه‌رم
كه‌چی شمشاڵه‌كه‌ی قاله‌ مه‌ڕه‌ت پڕكرد له‌لم
كه‌ گۆرانییه‌ك له‌ نه‌یشاپور ده‌ڕژێ
له‌چاوی مندا نمه‌ی باران سه‌ما ده‌كا
كه‌باران سه‌فه‌ر ده‌كات و ده‌بارێ
بۆ ئه‌وه‌ نایه‌ت تا له‌سه‌ر زه‌مین نیشته‌جێ بێت
دێت ده‌مولێوی په‌لكێ پونگه‌ ته‌ڕ ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
به‌ڵام بۆ ئاسمان ناگه‌ڕێته‌وه‌
ئه‌گه‌ر وانییه‌
كه‌باران له‌ئاسمانه‌وه‌ دێت، بۆچی ئاسمان خۆی ته‌ڕ ناكا؟
باران ئیشی ئه‌وه‌یه‌ بمانخوسێنێ، نه‌ك له‌ناومانا دانیشێ
چونكه‌ سه‌فه‌ری باران هه‌ر بۆ سه‌فه‌ره‌
ده‌زانن بۆچی باران ناكوژرێت؟
چونكه‌ ناتوانین ده‌ستگیری بكه‌ین و ببینه‌ خاوه‌نی
باران بۆیه‌ جوانه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌، له‌سه‌فه‌ردایه‌
هه‌میشه‌ موسافیربه‌، وه‌كو باران
تاهه‌میشه‌ ده‌ست پێنه‌گه‌یشتوبیت
هه‌میشه‌ موسافیربه‌، وه‌كو جوانی
تاهه‌میشه‌ سرك بیت و نه‌كوژرێیت
قوڵترین سه‌فه‌ر راكشانه‌، له‌ناو بۆنی گوڵی (رۆز)دا
ئه‌وه‌نده‌ی له‌چاو داخستندا، هه‌ست به‌سه‌فه‌ری تۆلانی و قوڵ ده‌كه‌م
هه‌رگیز به‌چاوكراوه‌یی نه‌متوانیوه‌
بستێ رێگا به‌عه‌زمی سه‌فه‌ر ته‌ی بكه‌م
ئه‌وه‌نده‌ی شه‌و پڕ ده‌بم له‌بۆن و به‌رامه‌ی گوڵه‌ یاس
هه‌رگیز به‌رۆژدا وه‌ها نیم
ده‌زانن بۆ؟
چونكه‌ گوڵیش هه‌روه‌كو من به‌شه‌ودا چاو لێك ده‌نێ و سه‌فه‌ر به‌ناو جوانیدا ده‌كا
چه‌ند شیرینه‌ سه‌فه‌ر!
نه‌ له‌شوێنه‌وه‌ هه‌ڵده‌كات و نه‌ له‌شوێنیشا سكونه‌ت ده‌كا
ئامانجی ئێواره‌، له‌ئاوابوون
هه‌ر له‌شه‌قه‌ی باڵدانه‌، له‌بۆشاییدا
ئه‌گه‌ر ئاوابوونی ئێواره‌، مه‌به‌ستی سه‌فه‌ركردن بوایه‌، بۆ جێگه‌یه‌كی دیاریكراو
ئه‌وا یه‌كجار ئێواره‌، ئاوا ده‌بوو، نه‌ك هه‌موو رۆژێ
ئه‌و هه‌موو رێگه‌مان بڕی، كه‌چی نه‌مانتوانی سه‌فه‌ربكه‌ین
ئه‌و هه‌مووه‌، سه‌ر زه‌مینه‌كانمان دایه‌به‌ر ده‌سڕێژی روانین
كه‌چی بسته‌ زه‌مینێكمان نه‌بینی
ئه‌و هه‌موو شه‌وه‌، له‌زه‌ریاكاندا نوستین
كه‌چی ده‌رسێكی سه‌فه‌ر، له‌ئاوه‌وه‌ فێرنه‌بووین
سه‌فه‌ر كه‌ی بڕینی رێگه‌كانه‌؟!
سه‌فه‌ر وێڵبوون و گه‌ڕانه‌، به‌دوای رێگه‌كانا
ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ كه‌شتییه‌كان
به‌سه‌ر گۆنای ده‌ریاكانه‌وه‌ بوون
كه‌چی بۆ چركه‌یه‌ك خه‌و نه‌چووه‌ چاوانیان
ئاخر كه‌شتییه‌كان باش ده‌زانن
ئاو هیچ نییه‌، جگه‌ له‌ئاگری كه‌ڵكه‌ڵه‌
كه‌چی ئێمه‌ هه‌ر پرخه‌ی خه‌ومان دێت، له‌ناو كه‌شتییه‌كانا
خانه‌وێران خۆین له‌جوانی
خانه‌ تاڵان خۆین له‌سه‌فه‌ر
چه‌ند كزو كه‌ له‌لاو گرده‌ نشینی نێو بسته‌ زه‌مینێكین
كه‌چی هه‌ر لاف و گه‌زافی خوێندنه‌وه‌ی
*سیاحه‌تنامه‌ لێده‌ده‌ین
ئه‌و هه‌مووه‌، له‌ناو ژووره‌ نسرم و شێداره‌كانا ماینه‌وه‌
به‌كه‌ماڵی ئیسراحه‌تیش خه‌ومان لێكه‌وت
كه‌چی نه‌مانتوانی شه‌وێك به‌دیار خۆڵه‌مێشی ئه‌و هه‌موو حه‌رفه‌وه‌ بمێنینه‌وه‌
كه‌ سه‌فه‌ر كردینه‌ قه‌قنه‌س
باران به‌جیا ده‌بارێت و شه‌سته‌ ده‌كا
ته‌رزه‌ جیاواز دێته‌ خوارێ
به‌فر جیاواز له‌وانی دیكه‌ كڕێوه‌ ده‌كا
كه‌چی هه‌موویان ده‌بنه‌وه‌، به‌ئاوی چه‌مێك
چه‌میش نه‌وه‌ی كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌
كه‌ڵكه‌ڵه‌یش شوێنێك شك نابات رووی تێبكات، جگه‌ له‌ماڵی سه‌فه‌ر
سه‌فه‌ریش ماڵ نییه‌، ته‌نیا تێپه‌ڕینه‌ به‌ناو ماڵا
تۆ بڕوانه‌ زستان چۆن پیاما هه‌ڵده‌زنێ و له‌ناو سه‌رما
به‌فر ده‌یكات به‌تۆفانی سه‌فه‌ر
مه‌یلێ بكه‌و سه‌رنج بده‌، كه‌ چۆن پایز ئاوقه‌م بووه‌
به‌سه‌ر نینۆكی په‌نجه‌مه‌وه‌، ده‌نوسێ دره‌خت
كه‌چی له‌چاوانما، جه‌نازه‌ی گه‌ڵای زه‌رد داده‌بارێ و سه‌فه‌ر ده‌كا
خانه‌ وێران خۆم له‌گه‌ڵا
خانه‌ تاڵان خۆم له‌سه‌فه‌ر
جوانی خه‌ریكه‌ دڵی ده‌ته‌قێ له‌ناو دڵما
كه‌ ناتوانێ سه‌فه‌ر بكات بۆناو سه‌فه‌ر
نه‌ك بۆ شوێنێكی دیاریكراو
باران به‌قوڕگی وشكه‌وه‌، خه‌ریكه‌ كوێرایی دادێ بۆ قومێ ئاوی سه‌فه‌ر
من واناڵێم، ئه‌وه‌تا باران خۆی ده‌ڵێ:
ئاخر خۆ من بۆئه‌وه‌ نه‌باریم، تا زیندانم بكه‌ن له‌ناو زه‌ریاكانا
من هاتم سه‌رێ له‌چه‌مه‌ نزاره‌كان بده‌م
نه‌ك بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ بمێنمه‌وه‌
باران ته‌نیا ده‌توانێ له‌ناو سه‌فه‌را بنوسێ ئاو
نه‌ك له‌ناو ده‌ریاكانا
ئاو ته‌نیا ده‌توانێ له‌ناو كه‌ڵكه‌ڵه‌دا بنوسێ ته‌ڕایی
نه‌ك له‌ناو جامه‌كانی ده‌ستمانا
ده‌مه‌ و عه‌سرێكی شه‌رابی،
بۆڵێ ترێی به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌ی خۆمم ده‌دواندو پێمده‌وت:
چه‌ند نازداری ئه‌ی شۆڕه‌مێو
له‌سه‌ر مینای گه‌ردنی په‌نجه‌ره‌كه‌م راكشاویت و جارجاره‌ش سه‌ما ده‌كه‌یت
كه‌ نیوه‌شه‌و خه‌به‌رم بووه‌وه‌
ترێ سه‌فه‌ری كردووه‌و مانگ سه‌رخۆش سه‌رخۆش
به‌لێواری په‌نجه‌ره‌كه‌مه‌وه‌ سه‌ما ده‌كات و دڵۆپ دڵۆپ
جواناوی جیلوه‌ی شه‌رابی لێده‌چۆڕێ
كه‌ سه‌فه‌ر وه‌ك ترێ نه‌بێت و
له‌شه‌رابا سكونه‌ت نه‌كات و له‌سه‌رخۆشی مانگدا، ده‌ست نه‌كاته‌وه‌، به‌سه‌ما
ئیدی چۆن پێیده‌وترێ سه‌فه‌ر؟
به‌ته‌شی ته‌م بیڕێسه‌، په‌مووی هه‌وری سه‌فه‌ر
تا پروشه‌ بكات به‌فری ته‌نیایی
زریكه‌ی سوبح به‌دیار دوا قه‌تره‌كانی شه‌وه‌وه‌
كه‌ نازانێ بۆ كوێ سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن
له‌زریكه‌ی ره‌نگه‌كانی ناو جاجمه‌كه‌ی دایكم ده‌چێ
ره‌نگ، هه‌ر جاره‌ی له‌شوێنێكا ده‌شكۆفێ
جارێك له‌ناو چاوێكی مه‌حزونا
ره‌نگ جارێكی تر له‌ناو مه‌لۆتكه‌یه‌كدا
ده‌بێته‌ مه‌حشه‌ری جوانی
جارێكی تر له‌ناو سێبه‌ری چه‌مێكا گوڵ ده‌گرێ
به‌ڵام كه‌س نازانێ
ره‌نگ له‌كوێوه‌ هاتووه‌و بۆ كوێ سه‌فه‌ر ئه‌كا؟
ره‌نگ له‌كه‌یه‌وه‌ هاتووه‌و تاكه‌ی درێژه‌ به‌سه‌فه‌ر ده‌دا؟
 

------------------------------
*
به‌یتێكی حاجی قادری كۆییه‌، به‌ده‌ستكارییه‌وه‌
*سیاحه‌تنامه‌كه‌ی ئه‌ولیا چه‌له‌بی




 

           

 

20/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com