سێ به‌شی میکانیزمی شه‌ڕی پارێزه‌ره‌کانی
سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌دژی چینی کرێکار و
توێژه به‌شخوراوه‌کان و هه‌ڵسوڕاوه‌کانیان
به گشتی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری سیسته‌مێکه که
تیایدا سه‌روه‌ت و سامان و هۆیه‌کانی
به‌رهه‌مهێنان و داهاتی چینی کرێکار له‌لایه‌ن
به‌شێکی که‌می خه‌ڵک و ده‌وڵه‌ته‌وه خاوه‌ندارێتی
ده‌کرێت. ده‌وڵه‌ت، که هه‌میشه له‌ژێر ناوی
به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو خه‌ڵکدا دروست بووه، ئه‌م
خاوه‌ندارێتی یه وه‌ک بنه‌مایه‌کی سه‌ره‌کی و
ڕه‌وا به ڕه‌سمی ده‌ناسێت و خۆی به موته‌عه‌هید
ده‌زانێت که له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه و به
هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌م خاوه‌ندارێتی یه بپارێزێت.
ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت که (خاوه‌نه‌کان) به‌ر
له هه‌ر شتێک له ڕووی حقوقی و یاسایی یه‌وه
خاوه‌نی ئه‌و بڕیاره‌ن که به‌شی خه‌ڵک له
پێداویستی یه‌کانی ژیان و گوزه‌ران و په‌روه‌رده‌و
فێربوون و تێگه‌یشتن له ژیان و ده‌وروبه‌ر و
به‌خته‌وه‌ری دیاری بکه‌ن و هه‌رچی داموده‌زگای
ده‌وڵه‌تیشه له خزمه‌تی پاراستن و به‌رده‌وام
بوونی ئه‌و خاوه‌ندارێتی و مه‌وقعیه‌ته‌دان بۆ
(خاوه‌نه‌کان).
به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا هه‌میشه ڕاستی
یه‌ک هه‌یه و مێژووی هه‌موو ساتێکی کۆمه‌ڵگه‌ی
خستوه‌ته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه
که ئه‌م به‌شه هه‌میشه کێشه‌ی له‌سه‌ره، جا
یان ( خاوه‌نه‌کان) هه‌وڵ ده‌ده‌ن که ئه‌م
به‌شه که‌متر بێت وه‌یان کرێکاران و توێژه
به‌شخوراوه‌کان ( ئه‌وانه‌ی که خاوه‌نی
هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و سه‌روه‌ت و سامانی
کۆمه‌ڵگه و ده‌سڵات نین) هه‌وڵ ده‌ده‌ن زیاتر
بێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌م کێشه‌یه‌ش هه‌روا به‌ئاسانی
ناگوزه‌رێت، به‌ڵکو ده‌توانین بڵێین له شه‌ڕێکی
هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئاڵۆز ی نێوان دوو لایه‌ن ده‌چێت
که چه‌ندین جه‌بهه‌ی جیاجیا و جۆراوجۆری هه‌بێت و
هه‌ر جه‌بهه‌یشی چه‌ندین سه‌نگه‌ری هه‌یه و
به‌ڕێژه‌ی جیاوازیش هه‌رچی چه‌کی مێژووش هه‌یه
تیایدا به‌کارده‌هێنرێت.
ساده ترین تێبینی له‌م کێشمه‌کێشه‌دا ئه‌وه‌یه
که (خاوه‌ن) ه‌کان و پارێزه‌ره‌کانیان به‌سوود
وه‌رگرتن له ده‌سکه‌وته مێژوویی و ئابووری و
حقوقی و یاسایی و په‌روه‌رده‌یی یه‌کانی چینه
باڵاده‌سته‌کانی تر له قۆناغه کۆمه‌ڵایه‌تی
یه‌کانی تردا، به‌ر له هه‌رشتێک گه‌یشتوونه‌ته
مه‌وقعی یه‌تێک که وه‌ک ئه‌وه وایه به‌رهه‌می
هێرشێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان له‌به‌رده‌ستدا بێت و
به‌رامبه‌ره‌که‌یان خستبێته مه‌وقعی یه‌تێکی
دیفاعی یه‌وه. واته له‌م کێشمه‌کێشه‌دا به‌ر
له‌هه‌رشتێک (خاوه‌نه‌کان) هێرشێکی
هه‌مه‌لایه‌نه‌یان کردووه‌و بوون به (خاوه‌ن) و
خودی خاوه‌ندارێتی جگه له نیشانده‌رێکی بێ
ئه‌ملاو ئه‌ولای ئه‌م هێرشه‌و سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی
شتێکی تر نی یه‌و مه‌وقعی یه‌تی لایه‌نه‌که‌ی تر
هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه مه‌حکومه به دیفاع و
هه‌رچۆنێک له ململانێکه‌دا به‌شداری بکات( با
هێرشیش بکات) ته‌نیا به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی
هێرشه‌کانی (خاوه‌نه‌کان) ه، چونکه هه‌ر له
هه‌وه‌ڵه‌وه کرێکاران و توێژه به‌شخوراوه‌کانی
تری کۆمه‌ڵ پێداویستی یه‌کانی زیندوو مانه‌وه‌یان
لێ زه‌وتکراوه و له‌پێناوی زیندوو مانه‌وه‌یاندا
ده‌بێت ته‌سلیمی ئه‌و مه‌رجانه بن که
(خاوه‌نه‌کان) بۆیان داده‌نێن، واته له‌واقعدا
(سه‌ره‌تا) یه‌ک نی یه بۆ ئه‌م شه‌ڕه، به‌ڵکو
هه‌ر له‌و خاڵه‌ی که وه‌ک سه‌ره‌تا
ده‌رده‌که‌وێت شه‌ڕێک ڕووی داوه و چینێک سه‌رجه‌م
پێداویستی یه‌کانی ژیانی له زۆربه‌ی خه‌ڵک
سه‌ندووه‌ته‌وه و له‌م سه‌رکه‌وتنه‌وه
په‌یوه‌ندی یه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره
شکستخواردووه‌که‌یدا داده‌ڕێژێت و مه‌رجه‌کانی به
سه‌ریدا فه‌رز ده‌کات، یه‌کێک له‌و مه‌رجه
بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌کی یانه‌ش ئه‌وه‌یه که ده‌بێت
ئه‌وان له‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی که له
کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه و له‌و داهاته‌ش که( چینی
کرێکار) له ڕێگای هۆیه‌کانی
به‌رهه‌مهێنانه‌وه(که ئه‌وان ده‌ستیان به‌سه‌ردا
گرتووه) به‌رهه‌می دێنن به‌شێکی که‌میان به‌ر
بکه‌وێت و توێژه به‌شخوراوه‌کانیش به‌و به‌شه
ژیان و ئازادی و مه‌وقعیه‌ته‌ی که(خاوه‌نه‌کان) و
پارێزه‌ره‌کانیان بۆیان داده‌نێن ڕازی بن. به‌ڵام
ئه‌مه ته‌نیا وه‌ک مه‌رجێک نامێنێته‌وه، به‌ڵکو
ده‌بێته ئامانجێکی زیندوو هه‌میشه‌یی و حه‌یاتی
و(خاوه‌نه‌کان) و پارێزه‌ره‌کانیان به هه‌موو
شێوه‌یه‌ک له هه‌وڵی هێشتنه‌وه‌و پاراستن و به‌دی
هێنانه‌وه‌یدان. ئه‌مه‌ش به بێ هێرشی به‌رده‌وام
بۆ سه‌ر ئه‌و به‌شه له خه‌ڵک(به چینی
کرێکاریشه‌وه) که له‌لایه‌ک هه‌رچی ئیمکانتێک
که له سروشتدا هه‌یه و هه‌رچی هۆکارێک، که
به‌شه‌ریه‌ت به درێژایی مێژووی خۆی بۆ زیندوو
مانه‌وه‌و گه‌یشتن به‌و ته‌وه‌قوعه‌ی که بۆ ژیان
هه‌یه‌تی، به‌دی هێناوه و پێی گه‌یشتووه بێ به‌ش
کراوه‌و له‌هه‌مان کاتیش‌دا بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌ک
بۆ زیادکردنی به‌رهه‌م و سه‌روه‌ت و سامان و
ڕاگرتن و پاراستنی سیسته‌مه‌که، مه‌یسه‌ر نابێت.
چونکه ڕاگرتنی ئه‌م ناکۆکی یانه ( به‌شێکی
به‌رین له خه‌ڵک له هه‌بوونی ئیمکاناتی زیندوو
مانه‌وه و گه‌یشتن به طموح و ئاوات
وئاره‌زووه‌کانیان بێ به‌ش کرابن +
چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌وان له پرۆسه‌ی
به‌رهه‌مهێناندا و به‌کارهێنانیان) به‌بێ
به‌کارهێنانی میکانیزمێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌و
به‌رده‌وام و کاریگه‌ر مومکین نی یه،
واته(خاوه‌نه‌کان) و پارێزه‌ره‌کانیان ده‌بێت
له‌لایه‌ک به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی ڕاگرتنی ئه‌م
ناکۆکی یانه‌دا بن که هه‌ر به‌هۆی کارکرد و
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خۆیان به جه‌وهه‌ر و پێداویستی
یه‌کانی سیسته‌مه‌که‌یان( قازانج په‌رستی و
مونافه‌سه) ه‌وه هه‌میشه زه‌قتر و گه‌وره‌تر
ده‌بن و تادێت ژماره‌یه‌کی به‌رین تر له
خاوه‌ندارێتی داده‌بڕن و پێویستیان به ڕێژه‌یه‌کی
زیاتری قازانجه، که ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا
گه‌وره‌ترین لاوازیشی بۆ مه‌وقعیه‌تی ئه‌وان له‌و
شه‌ڕه‌دا دروست کردووه، چونکه ئه‌وان ده‌بێت
به‌رده‌وام دیفاع له ناکۆکی یه‌ک بکه‌ن که هه‌ر
خۆیان به هه‌ڵوێست و نه‌خشه‌و پلان و
بڕیاره‌کانیان زه‌ق و گه‌وره‌ی ده‌که‌نه‌وه‌و
له‌پاڵیشیدا ده‌بێت به‌رده‌وام هێرش بکه‌نه سه‌ر
چینی کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان. به‌ڵام
ئه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که له‌م سیسته‌مه‌دا
بێجگه له‌وه‌ی که هێرشێکی گه‌وره‌ی نه‌وعی وایان
کراوه‌ته سه‌ر که ئه‌وانی له سه‌رجه‌م
ئیمکاناتی سروشت و به‌رهه‌می ڕه‌نج و ته‌قه‌لای
به‌شه‌ریه‌ت بێبه‌ش کردووه، هه‌موو ساتێکی
ژیانیشیان بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ قازانجی
(خاوه‌نه‌کان) : ملیۆنه‌هایان ئاوی پیس
ده‌خۆنه‌وه، چونکه دابین کردنی ئاوی پاک پێویستی
به‌وه هه‌یه که بڕێک له‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی
بۆ خه‌رج بکرێت که سه‌رمایه‌داران و
حکومه‌ته‌کانیان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه و به
هی خۆیانی ده‌زانن، ملیاره‌ها ڕۆژانه بڕێکی که‌می
خواردن به‌کاردێنن وه‌یان خواردنی خراپ و بێکه‌ڵک
و ته‌نانه‌ت ژه‌هراوی ده‌خۆن، چونکه دابین کردنی
ڕاده‌ی پێویستی خۆراک و چۆنێتی باش به‌شه قازانجی
(خاوه‌نه‌کان) که‌م ده‌کاته‌وه. سه‌دان ملیۆن
به‌ده‌ست ئه‌و نه‌خۆشی یانه‌وه ده‌ناڵێنن و
وه‌یان گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن که ته‌نیا
به‌کارهێنانی به‌شێک له‌و سه‌روه‌ت و سامانه
ده‌توانێت چاره‌سه‌ریان بکات. ملیۆنه‌ها ئینسان
ساڵانه به‌هۆی نه‌گه‌یشتن به طموح و ئاوات و
ئامانجه‌کانیانه‌وه( که زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان
په‌یوه‌ندی به ئیمکاناتی ماددی یه‌وه هه‌یه)
ده‌ستیان ده‌چێته گیانی خۆیان و ئینتحار ده‌که‌ن،
سه‌دان ملیۆن ئینسان کارده‌که‌ن و کرێ یه‌کی
که‌میان پێ ده‌درێت، چونکه ئاشکرایه به‌مه
قازانجێکی زیاتر بۆ خاوه‌نکار و سه‌رمایه‌داره‌کان
مسۆگه‌ر ده‌بێت. زۆرێک له کرێکاران له
بارودۆخێکی زۆر ناهه‌مواردا کار ده‌که‌ن، چونکه
دابین کردنی سه‌لامه‌تی شوێنی کار و شێوه‌ی
کارکردن پێویستی به به‌کارهێنانی بڕێک له‌و
قازانج و سه‌روه‌ت و سامانه هه‌یه که له
چه‌وساندنه‌وه‌ی کرێکاران به‌ده‌ست دێت، وه‌یان
له‌به‌رده‌ستدایه. به‌ڵام ئه‌وان ناچار نین
له‌ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌وڵ بده‌ن هیچ ناکۆکی
یه‌ک ڕابگرن، هه‌رچه‌ند دابڕان له هۆیه‌کانی
به‌رهه‌مهێنان و سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگه خۆی
له‌گه‌ڵ خۆیدا مه‌وقعیه‌تێک به‌دی دێنێت که
ئینسانه‌کان له رووی فه‌ردی یه‌وه لاواز و
ده‌سته‌پاچه‌و ته‌سلیم ده‌کات، به‌ڵام
وشیارنوونه‌وه ده‌توانێت نه‌بوونی ئه‌و جۆره له
ناکۆکی( که خاوه‌نه‌کان هه‌یانه) بکاته
سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره‌ی هه‌ڵسوڕانی جه‌ماعی که
ته‌نیا ڕاگرتن و پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌و
پلانه‌کانی جه‌بهه‌ی به‌رامبه‌ر له دژی وشیاری و
ڕێکخراوبوون بتوانێت ئه‌وه‌نده قه‌یران
بۆ(خاوه‌نه‌کان و پارێزه‌ره‌کانیان) بخولقێنێت که
نه‌توانن چیتر ئیداره‌ی ناکۆکی یه‌کان بکه‌ن و
به‌مه‌ش زه‌مینه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی
کۆمه‌ڵگه بۆ سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگا و
هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان خۆش ده‌بێت..
به‌م پێ یه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جگه له
چوارچێوه‌یه‌ک بۆ شه‌ڕێکی هه‌مه‌لایه‌نه له
نێوان دوو به‌ره‌دا، شتێکی تر نی یه: به‌ره‌یه‌ک
دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و
سامانی کۆمه‌ڵگه‌دا‌و به‌شێکی که‌می بۆ
به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی خه‌ڵک خه‌رج ده‌کات و
هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی زه‌وت کردووه و ته‌نیا
به‌و مه‌رجه کرێکارانی تیا به‌کارده‌هێنێت که
به‌شێک له ڕه‌نجه‌که‌یان ببات و له‌هه‌وڵێکی
به‌رده‌وامیشدایه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتر ئه‌م
مه‌وقعی یه‌ته‌ی خۆی پته‌و تر و دڵنیاتر بکات و
به‌شێکی زیاتر بۆ خۆی مسۆگه‌ر بکات،
له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌ره‌یه‌ک هه‌یه که به
شێوازی جیاجیا به‌ره‌نگاری ئه‌م (زه‌وتکرانی
موڵکایه‌تی) و چه‌وساندنه‌وه‌و هێرشه
سیستماتیکه ده‌بێته‌وه و ده‌سکه‌وتی هه‌ر
به‌ره‌شیان له‌م شه‌ڕه‌دا( وه‌ک هه‌ر شه‌ڕێکی تر)
په‌یوه‌ندی به ئاستی ئاماده‌یی و توانایی و جۆری
چه‌ک و تاکتیک و کارامه‌یی سه‌رکرده‌کانیان و...
هتد، ه‌وه هه‌یه.
ئه‌گه‌ر حاڵی حازر له‌م شه‌ڕه ورد بینه‌وه
ده‌بینین (خاوه‌نه‌کان) و پارێزه‌ره‌کانیان له
چه‌ندین ده‌سکه‌وتی مێژوویی ئابووری، سیاسی،
فه‌رهه‌نگی و په‌روه‌رده‌یی، ئیداری، یاسایی،
ئیعلامی، ئایدیۆلۆژی، سه‌ربازی، جاسوسی، زانستی و
لێکۆڵینه‌وه و هی تر به‌هره‌مه‌ندن و به پشت
به‌ستن به‌م ده‌سکه‌وتانه سات به سات خه‌ریکی
پلاندانان و جێبه‌جێکردنی ئه‌رک و وه‌زایفه‌کانی
خۆیانن بۆ ڕاگرتنی مه‌وقعی یه‌ته‌که‌یان و
ده‌سکه‌وته‌کانیان و به‌ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وتی
زیاتر. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ده‌سکه‌وته‌کان و
ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌ی که چینی کرێکار و توێژه
به‌شخوراوه‌کان بۆ دیفاع له خۆ کردن لێیان
داوه، به جۆرێکن که تائێستا نه‌ک ته‌نیا
ته‌وازون قوا به‌قازانجی (خاوه‌نه‌کان) و
پارێزه‌ره‌کانیانه، به‌ڵکو به ئاشکرا فشاری
گه‌وره‌یان بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌ش
ده‌بینرێت.
دوای ئه‌و پێشه‌کی یه گشتی یه ئێستا ده‌مه‌وێت
به‌شێوه‌یه‌کی وردتر ئه‌و میکانیزمه
لێکبده‌مه‌وه که (خاوه‌نه‌کان) و پارێزه‌ره
جۆراوجۆره‌کانیان بۆ ده‌سته‌مۆکردنی چینه
ژێرده‌سته‌کان و چۆک پێ دادان و پاشه‌کشێ پێکردن و
له مه‌یدان ده‌رپه‌ڕاندن و ته‌نانه‌ت له‌ناوبردن
و شکست پێدانی ئه‌و هه‌ڵسوڕاو و ڕێکخراو و
حزبانه‌ی که هه‌وڵیاندابێت به جۆرێک له
جۆره‌کان، چۆنێتی و هێزی ناڕه‌زایه‌تی و دیفاع و
فشاره‌کانی چینی کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان
به‌رجه‌سته بکه‌ن وه‌یان بیگه‌یه‌ننه ئاستێکی
تر، به‌کاریان هێناوه.
پارێزه‌ره‌کانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری(
ده‌وڵه‌ت، بزوتنه‌وه و حزب و لایه‌نه
جۆراوجۆره‌کان) بۆ پاراستنی خاوه‌ندارێتی و
پێداویستی یه‌کانی و قازانجه‌کانی و هێشتنه‌وه‌ی
ته‌رازوی هێز، له‌یه‌ک کاتدا ده‌ستیان بۆ سێ به‌شی
میکانیزمێک بردووه و ناو به‌ناویش به ڕێژه‌ی جیا
جیا( هه‌ر سه‌رده‌مه و به‌پێی پێویست و به‌پێی
چۆنێتی و ئاستی هه‌ڵسوڕانه‌کان و وه‌زعیه‌تی
جه‌بهه‌ی شه‌ڕی چینایه‌تی) ئه‌وله‌ویه‌تیان به
یه‌کێک له‌و به‌شانه داوه. چونکه تاقه
زامنکه‌ری توانایی یه‌کانی ئه‌وان بۆ ڕاگرتن و
پاراستن و ئیداره‌کردنی ئه‌و ناکۆکی یه بنه‌ڕيتی
یانه، به‌ستراوه‌ته‌وه به سه‌رکه‌وتنی ئه‌م
میکانیزمه‌وه، ئه‌گینا سه‌رکه‌وتنی ئه‌وان له
زه‌وتکردنی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگا و
هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا به‌ته‌نیا چه‌ند
سه‌رچاوه‌ی هێزه ئه‌وه‌نده‌ش سه‌رچاوه‌ی لاوازی
یه، چونکه خاوه‌ندارێتی له سیسته‌می
سه‌رمایه‌داری دا ته‌نیا ئه‌و کاته گیانی
تێده‌زێت که زیندووه‌کان بچه‌وسێنێته‌وه، که
زیندووه‌کانیشی چه‌وسانده‌وه، ده‌بێت ئه‌وان
ته‌سلیمی مه‌رجه‌کانی خۆی بکات، ئه‌مه‌ش پێویستی
به میکانیزمێکی زیندووه و هه‌ر له‌خۆوه
نایه‌ته‌دی. هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌توانین بڵێین که
ئه‌گه‌ر چین و توێژه موڵک لێزه‌وتکراوه‌کان
بتوانن کاریگه‌ری یه‌کانی ئه‌م میکانیزمه په‌ک
بخه‌ن، ئه‌وه به کرده‌وه توانیویانه تا ڕاده‌ی
لێسه‌ندنه‌وه‌ی موڵکایه‌تی یه زه‌وتکراوه‌که
بچنه پێش.
لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه بڵێم که ئه‌گه‌ر سه‌یری
زه‌وتکردنی موڵکایه‌تی هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و
سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگه وه‌ک ڕوداوێکی دابڕاو
له پرۆسه زیندووه‌که‌ی به‌رهه‌مهێنان بکه‌ین،
ئه‌وه ده‌توانین بڵێین قورسایی ئه‌م هێرشه
ده‌که‌وێته سه‌ر ژیانی فه‌رد و چه‌ند ئینسان
ته‌نیا بێته‌وه ئه‌وه‌نده ئه‌م هێرشه کاریگه‌ری
ده‌بێت و به پێچه‌وانه‌شه‌وه چه‌ند بازنه‌ی
وجودی له تاکه‌که‌سێک واوه‌تر بێت ئه‌وه‌نده
کاریگه‌ری یه‌که‌ی که‌م ده‌بێته‌وه.
فریودان ، ترساندن ، سه‌رکوت، ئه‌مانه ئه‌و
به‌شانه‌ن که(خاوه‌نه‌کان) و پارێزه‌ره
جۆراوجۆره‌کانی به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانیان
له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوڕاوان و به‌ش به‌شی چین و
توێژه ژێرده‌سته‌کان پیاده‌ی ده‌که‌ن.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌م میکانیزمه له پاراستنی سیسته‌می
سه‌رمایه‌داری و به‌رژه‌وه‌ندی
یه‌کانی ( خاوه‌نه‌کان) و ده‌سته‌مۆ
کردنی چینی کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کاندا
کاریگه‌ری و سه‌مه‌ربه‌خشی خۆی نواندووه‌و
سه‌لماندووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێی
سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که ئێمه ( قوربانی یه‌کانی
ئه‌م میکانیزمه) تا ئێستا نه‌هاتووین له
میکانیزمێکی ڕۆشن و عه‌مه‌لی دا چۆنێتی
ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م میکانیزمه پیاده بکه‌ین،
له‌وه‌ش خراپتر، ته‌نانه‌ت دیراسه‌شمان نه‌کردووه!
داڕشتنی میکانیزمێکی تایبه‌ت بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه
و تێکشکاندنی کاریگه‌ری یه‌کانی ئه‌و میکانیزمه‌ی
که(خاوه‌نه‌کان) و پارێزه‌ره‌کانیان(حزب و
لایه‌نه جۆراوجۆره‌کان) به‌کاری ده‌هێنن. به‌ر
له هه‌ر شتێک پێویستی به تێگه‌یشتنێکی ورد
هه‌یه له مانای هه‌ریه‌که له به‌شه‌کانی ئه‌م
میکانیزمه و ناسینی ئه‌و هه‌لومه‌رج و
تایبه‌تمه‌ندی یه‌ی که یه‌کێک له‌م به‌شانه
ئه‌وله‌ویه‌ت په‌یدا ده‌کات.
ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ین که کاتێک فریودان ، یان
ترساندن، وه‌یان سه‌رکوت ، ئه‌وله‌ویه‌ت په‌یدا
ده‌کات، ئه‌وه چ واقعیه‌ت و ڕاستی یه‌کی چۆنێتی و
ئاستی بزوتنه‌وه‌ی چین و توێژه ژێرده‌سته‌کان و
ته‌وازون قوا ده‌رده‌خات ؟ کاتێک که مانا فکری و
سیاسی و ڕێکخراوه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازی
یه‌کانی ئه‌م واقعیه‌ته‌مان ده‌رک کرد، ده‌بێت کام
سه‌نگه‌ر قایم بکه‌ین و کام ماتریاڵی
بزوتنه‌وه‌که‌و کام هێز و چ چه‌کێک به‌کاربێنین؟
ئاخر شه‌ڕی چینایه‌تی شه‌ڕێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه و
ئاڵۆزه و چه‌ندین جه‌بهه و چه‌ندین سه‌نگه‌ر ی
هه‌یه و چینه‌کانیش له‌م شه‌ڕه‌دا نه هه‌میشه
ته‌رکیزیان له‌سه‌ر یه‌ک جه‌بهه‌و سه‌نگه‌ره‌و نه
به‌رده‌وام یه‌ک جۆره ماتریاڵ وهێز و چه‌ک
به‌کارده‌هێنن. ناکرێت به بێ زانستی کردنی ئه‌م
شه‌ڕه چاوه‌ڕێی سه‌رکه‌وتن بین. ئه‌مه
له‌کاتێکدا که(خاوه‌نه‌کان) و پارێزه‌ره‌کانیان
بێجگه له‌و هه‌موو سه‌رکه‌و‌تنه‌ی که له
جه‌بهه‌کانی ئابوری و فه‌رهه‌نگی و په‌روه‌رده‌یی
و ئیداری و ڕاگه‌یاندن و سه‌ربازی دا به‌ده‌ستیان
هێناوه، زۆر به وردیش به شێوه‌یه‌کی به‌ردوام
مامه‌ڵه‌یه‌کی زانستی بۆ پاراستنی ته‌وازون قوایان
له‌و جه‌بهانه‌دا و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی هه‌ر
سه‌نگه‌رێکیش که داگیر کرابێت، ده‌که‌ن. به‌بێ
زانستی کردنی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ چینێکی وادا،
سه‌رکه‌وتن مه‌حاڵ ده‌بێت. به‌ڵام خاڵی هێزی
هه‌ڵسوڕاوانی چینی کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان
له‌م شه‌ڕه‌دا ئه‌وه‌یه که ئه‌وان له سیسته‌می
سه‌رمایه‌داری دا، به پێچه‌وانه‌ی (خاوه‌نه‌کان)
و پارێزه‌ره‌کانیانه‌وه، نه قورساییی پاراستنی
موڵکایه‌تی یان له‌سه‌ره و نه ناچاریشن ناکۆکی
یه‌کانی ئه‌و سیسته‌مه ئیداره بکه‌ن و ڕابگرن.
هه‌ربۆیه ته‌نیا به پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی
میکانیزمی شه‌ڕه‌که‌یان، ده‌توانن پایه‌کانی ڕه‌وا
بوون و ده‌سڵات و زۆربه‌ی ده‌سکه‌ته‌کانیان بنکۆڵ
بکه‌ن و بیانخه‌نه قه‌یرانێکی به‌رده‌وامه‌وه و
ته‌رازوی هێز بگه‌یه‌ننه ئه‌و ئاسته‌ی که چیتر
نه‌توانن موڵکایه‌تی زه‌وتکراوی کۆمه‌ڵگه بپارێزن
و زه‌مینه‌ی ئه‌وه خۆش ده‌بێت که چینی کرێکار و
توێژه به‌شخوراوه‌کان بتوانن ئه‌و موڵکایه‌تی یه
زه‌وتکراوه بۆ کۆمه‌ڵگا بگێڕنه‌وه و
کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی یه‌کسان دابڕێژن.
فریودان، چی ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌بێت
له‌به‌رامبه‌ری دا چی بکرێت؟
فریودان، به‌شێکی به‌رده‌وامی میکانیزم و پرۆسه‌ی
ڕاگرتنی ته‌وازون قوایه بۆ (خاوه‌نه‌کان) و
پارێزه‌ره‌کانیان و له هیچ کات و ساتێکدا
ده‌ستبه‌رداری نابن. فریودان له هه‌ندێک حاڵه‌تدا
ئه‌وله‌ویه‌ت په‌یدا ده‌کات و ده‌توانرێت به‌زه‌قی
وه‌ک نیشانه‌ی ئاستێکی دیاریکراو له ته‌وازون قوا
ببینرێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا زیاتر مه‌به‌ستمانه
ئه‌م حاڵه‌ته‌یه‌تی که زۆر که‌م له بزوتنه‌وه‌ی
ئێمه‌دا سه‌رنجی خراوه‌ته سه‌ر و زیاتر وه‌ک
حاڵه‌تێکی ڕۆتین مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا کراوه.
فریودان به پله‌ی یه‌که‌م به شوێن ئه‌وه‌وه‌یه
که سه‌رنجی کرێکاران و توێژه به‌شخوراوه‌کان
له‌سه‌ر مه‌سه‌له سه‌ره‌کی و گرنگه‌کانی ژیان
لابدات و بیخاته سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی که
په‌یوه‌ندی یان به ژیانی واقعی یه‌وه نی یه، بۆ
ئه‌وه‌ی له‌م ڕێگایه‌وه بتوانرێت له لایه‌ک
کرێکاران و توێژه به‌شخوراوه‌کان له‌و هه‌ست و
پرسیارانه دوور بخرێنه‌وه که ده‌بنه مایه‌ی
گه‌ڕان به دوای ئه‌و جۆره وه‌ڵامانه‌دا که
زه‌مینه‌ی هه‌ڵویستی چینایه‌تی تایبه‌ت به
به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانی خۆیان خۆش ده‌که‌ن و له
لایه‌کی تریشه‌وه بتوانن ئه‌و هه‌ست و
پرسیارانه‌یان لا دروست بکه‌ن که وه‌ڵامه‌کانیان
لای (خاوه‌نه‌کان) و پارێزه‌ره‌کانیانه و له
ئه‌نجامدا ده‌توانن به ئاسانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی
یه‌کانی خۆیان ئاراسته‌یان بکه‌ن. به‌ڵام له‌و
کاتانه‌دا که ئیتر ئه‌م جۆره فریودانه
سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنێت و ئه‌و هه‌سته
چینایه‌تی یه و ئه‌و پرسیارانه هه‌ر سه‌ر
هه‌ڵده‌ده‌ن، ئه‌مجاره‌یان شێوازێکی تری فریودان
زاڵ ده‌بێت، که بریتی یه له‌و کۆمه‌ڵه
لێکدانه‌وه و وه‌ڵام و ڕێگه چارانه‌ی
که(خاوه‌نه‌کان) و پارێزه‌ره‌کانی به‌رژه‌وه‌ندی
یه‌کانیان بۆ ئه‌و ناکۆکی یه زه‌قانه‌ی که له
ژیاندا هه‌ن و ئه‌و دیاردانه‌ی که ژیانی کرێکاران
و توێژه به‌شخوراوه‌کان، ناهه‌موار ده‌که‌ن
ده‌یخه‌نه ڕوو و بره‌ویان پێده‌ده‌ن. ئه‌وان له‌م
ڕێگایه‌وه ده‌یانه‌وێت، کاتێک که ئیتر ئه‌و
ناکۆکی یانه ده‌رکه‌وتوون، که زۆربه‌ی هه‌ره
زۆری خه‌ڵک له خاوه‌ندارێتی سه‌روه‌ت و سامانی
کۆمه‌ڵگه و هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان بێ به‌شن و
ته‌نانه‌ت ناشبنه خاوه‌نی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که
خۆیان به‌رهه‌می دێنن و له‌به‌رامبه‌ر
کارکردنیشیاندا کرێ یه‌کی که‌م وه‌رده‌گرن،
ئه‌مانه وه‌ک به‌شی خوا، وه‌ک شانس، وه‌ک ئاکامی
تایبه‌تمه‌ندی و هه‌وڵدانی شه‌خسی لێکبده‌نه‌وه،
ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن کاتێک چین و توێژه چه‌وساوه
و به‌شخوراوه‌کان، به دوای وه‌ڵامدا گه‌ڕان،
هۆکاره‌کان له هه‌بونی سیسته‌می چینایه‌تی و
خاوه‌ندارێتی دا نه‌بیننه‌وه، به‌ڵکو له
نه‌بوونی کاربه‌ده‌ست و سیاسه‌تمه‌دار و
په‌رله‌مانتار و سیاسه‌تی ئابووری و ئیداری و
په‌روه‌رده‌یی و چی و چی شیاودا بیانبینن. ئه‌وان
له‌م کاتانه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ن، له هه‌موو ئه‌و
شتانه‌دا ئاڵوگۆڕ ببێت، به‌ڵام سیسته‌مه‌که و
بنه‌ما سه‌ره‌کی یه‌کانی و داموده‌زگاکانی چه‌سپاو
تر و پارێزراو تر بمێننه‌وه. کاریگه‌رترین و
سه‌رکه‌وتوانه ترین و هه‌مه‌لایه‌نترین سیناریۆ
بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م جۆره ئاڵوگۆڕه، بریتی یه
له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و شاره‌وانی یه‌کان و
.... که تیایاندا نه‌ک ته‌نیا بنه‌ماکانی
سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و چه‌وساندنه‌وه‌ی چینی
کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان ناله‌رزێن، به‌ڵکو
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری پایه و کۆڵه‌که‌کانی
ده‌سڵاتیش( ده‌ستوور، یاسا، داموده‌زگاکانی
فریودان و ترساندن و سه‌رکوت) وه‌ک خۆیان
ده‌مێننه‌وه و ئه‌وه‌ی که ده‌گۆڕێت ته‌نیا
هه‌ندێک ئۆرگانی داماو و خزمه‌تکاری به‌رژه‌وه‌ندی
یه‌کانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و چینه دارا و
چه‌وسێنه‌ره‌کانه و هیچی تر. هه‌ربۆیه ده‌توانین
بڵێین که( ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن) خۆی له خۆی
دا نیشانه‌یه‌که بۆ سه‌رکه‌وتوویی(خاوه‌نه‌کان) و
پارێزه‌ره‌کانی له‌م شێوازه‌دا و قه‌ره‌بوو
کردنه‌وه‌ی ئه‌و شکست و لاوازی یه‌ی که له
شێوازی یه‌که‌م( فریودان بۆ گۆڕینی سه‌رنج) دا،
تووشیان هاتبوو. هه‌ڵبه‌ته هه‌ر شێوازێک له
فریودان ده‌توانێت ببێته تایبه‌تمه‌ندی یه‌کی
دیاری به‌شێک یا باڵێک له پارێزه‌ره‌کانی
سیسته‌می چینایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانی چینه
چه‌وسێنه‌ره‌کان و زۆربه‌ی جار هێزی ئه‌و به‌شه
له بۆڕدانی ڕکابه‌ره‌کانیشیدا پابه‌نده به
سه‌رکه‌وتوویی ئه‌وه‌وه له‌شێوازه تایبه‌ته‌که‌ی
فریوداندا.
به‌ڵام ده‌توانین بڵێین که ئه‌وله‌ویه‌ت په‌یدا
کردنی فریودان، چه‌ند ڕاستی یه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت،
که بریتین له:
یه‌که‌م: سه‌رکه‌وتوویی که‌سایه‌تی و حزب و
لایه‌نه‌کانی پاراستنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری،
له زاڵکردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پرسیارانه‌ی
که په‌یوه‌ندی به ژیان و مه‌سه‌له سه‌ره‌کی
یه‌کانی ژیانی چینی کرێکار و توێژه
به‌شخوراوه‌کانه‌وه نی یه( ئه‌وه‌ی که
بزوتنه‌وه قه‌ومی یه‌کان به ناوی نه‌ته‌وه
په‌رستی و خاک په‌رستی و به‌رژه‌وه‌ندی
میلله‌ته‌وه ده‌یکه‌ن، ئه‌وه‌ی که ئیسلامی
یه‌کان به زه‌قکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له و کێشه و
گیروگرفته‌کانی هه‌زارو چوار سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر
و زاڵ کردنی سێبه‌ری مردن ده‌یکه‌ن) وه‌یان
زاڵکردنی ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی که ڕێگه له وشیار
بوونه‌وه و ڕێکخراوبوونی سه‌ربه‌خۆی کرێکاران و
توێژه به‌شخوراوه‌کان و به‌هێز کردنی هه‌ڵوێستی
چینایه‌تی یان ده‌گرێت، ئه‌وه‌ی( گۆڕان)
کردوویه‌تی و توانیویه‌تی ئه‌و وه‌ڵامانه بۆ
پرسیاره‌کانی به‌شێک له خه‌ڵک به‌رامبه‌ر به
تاڵانچێتی و بێمافی زاڵ بکات و له ناوه‌نده‌کانی
ژیان و کارکردنه‌وه بیگوێزێته‌وه بۆ هۆڵی
ده‌زگایه‌کی داماوی وه‌ک په‌رله‌مان و هێزه
سه‌دان هه‌زاری یه‌که‌ی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تی یانه‌ی
بۆ ئاستی چه‌ند په‌رله‌مانتارێک قه‌ڕه‌م کردووه.
ناڕه‌زایه‌تی زیندووی ژیانی ناو گه‌ڕه‌ک و
شاره‌کانی خزاندوه‌ته ناو هۆڵێکی ساردوسڕی وه‌ک
په‌رله‌مانه‌وه، که به (ته‌په ته‌پ)
ده‌یانه‌وێت گیانی بێننه‌وه به‌ر. ئه‌مانه
هه‌مووی جگه له سه‌رکه‌وتوویی و به‌رده‌وامی
فریودان، نیشانه‌یه‌کی تر له وه‌زعی شه‌ڕی
چینایه‌تی ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه.
دووه‌م: به‌رجه‌سته‌بوون و جێگیر بوونی ئیعتبار ی
که‌سایه‌تی و ڕاگه‌یاندنه‌کان و
سیاسه‌تمه‌داره‌کانی پارێزه‌ری سیسته‌می
سه‌رمایه‌داری و لاوازی ئیعتباری که‌سایه‌تی و
ڕاگه‌یاندنه‌کان و سیاسه‌تمه‌داره‌کانی چینی
کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان ده‌نوێنێت.
سێیه‌م: سه‌رکه‌وتوویی سیاسه‌تمه‌داره‌کانی
پارێزه‌ری سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له ته‌شخیص
کردنی وه‌زعیه‌تی جه‌بهه‌کانی شه‌ڕی چینایه‌تی و
له‌به‌رامبه‌ریشدا لاوازی هه‌ڵسوڕاوانی چین و
توێژه چه‌وساوه و به‌شخوراوه‌کان له ته‌شخیص
کردنی هه‌لومه‌رجی جه‌بهه‌کان و چۆنێتی
به‌کارهێنانی هێزو ماتریاڵه‌کاندا ده‌نوێنێت و
ده‌سه‌لمێنیت.
چواره‌م: وه‌ک به‌ره‌نجامی ئه‌وه‌ی که فریودان
توانیویه‌تی هه‌ستی چینایه‌تی بسرێته‌وه یان
بیشێوێنێت و به ئاراسته‌ی تری دا ببات، ئاماده‌یی
و توانایی یه‌کانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان بۆ
تێگه‌یشتن له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی که
هه‌ستی چینایه‌تی دروستیان ده‌کات و نواندنی ئه‌و
هه‌ڵوێستانه‌ی که له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌م
وه‌ڵامانه به‌رجه‌سته ده‌بن و کۆمۆنیسته‌کان
نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن، لاوازه و لێره‌شه‌وه
نیشاندان و ئه‌نجامدانی ئاسته به‌رزه‌کانی خه‌بات
و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه زۆر نزمه.
هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌گه‌ین به‌و ئه‌نجامه‌ی که
له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێت هه‌ڵسوڕاوانی چینی کرێکار
و توێژه به‌شخوراوه‌کان به چۆنێتی و ڕاده‌ی
ئه‌رک و وه‌زایفه‌کانیان و میکانیزمی
ئه‌نجامدانیان له سێ خاڵی یه‌که‌مدا بچنه‌وه‌و
به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک په‌رچه‌کرداره‌کانیان
و ئامانجه‌کانیان واقعی بکه‌نه‌وه و له‌جیاتی
به‌کارهێنانی هێزو ماتریاڵه‌کان له جه‌بهه‌و
بواره‌کانی تردا( که زۆر نزمن و به‌بێ له‌که‌ڵک
خستن و مایه‌پووچ کردنی توانایی یه‌کانی چین و
توێژه باڵاده‌سته‌کان له فریوداندا، بڕشت و
توانایی و ئاستی پێویستیان نابێت) ، ده‌بێت
ته‌رکیز بکاته سه‌ر ئه‌و سێ خاڵه.
ترساندن
گومان له‌وه‌دا نی یه که ترساندنیش خۆی له
خۆیدا ئاست و جۆرێکه له سه‌رکوت، به‌ڵام له
هه‌مان کاتدا ئه‌وه‌نده جیاوازیشی هه‌یه له‌گه‌ڵ
سه‌رکوتدا که بتوانین وه‌ک به‌شێکی تایبه‌ت لێکی
بده‌ینه‌وه، چونکه هێشتا ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی که
ده‌کرێن: زیندانی کردن، وه‌یان به‌مه‌حکه‌مه‌دان،
نانبڕین، کوشتن،.. ) نه‌بوون به کردار و ئه‌م
مانایانه‌ی هه‌یه:
یه‌که‌م: چین و توێژه چه‌وساوه و به‌شخوراوه‌کان
و هه‌ڵسوڕاوانیان توانیویانه تاڕاده‌یه‌ک ماشینی
فریودانی(خاوه‌نه‌کان) و پارێزه‌ره‌کانیان له‌کار
بخه‌ن و ئه‌ونیش ناچار بوون له جیاتی
ئه‌وله‌ویه‌تدان به به‌کارهێنانی به‌ڵگه
هێنانه‌وه‌و بیانوو و حورمه‌ت و ئیعتیباری
که‌سایه‌تی یه‌کانیان( که کاریگه‌ری و بڕشتی
خۆیانیان له‌ده‌ست داوه) په‌نا بۆ
چاوسورکردنه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه و خولقاندنی فه‌زای
ترس( که به هه‌ردوو شێوازی دیراسه‌کراوو
هه‌ڕه‌مه‌کی پیاده ده‌کرێت و به که‌ناڵی
جۆراوجۆردا به‌رجه‌سته ده‌کرێت).
دووه‌م: ئه‌م قۆناغه‌ی مامه‌ڵه‌ی پارێزه‌رانی
به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانی چینه باڵاده‌سته‌کان،
چه‌ند بۆ ئه‌وه‌یه که ڕێگه له گه‌یشتنی ئاستی
خه‌باتکارانه‌ی چینه ژێرده‌سته‌کان به ئاستێکی
تر بگرێت، ئه‌وه‌نده‌ش نیشانه‌ی ترسێکه که
ئه‌وان تیایدا ده‌ژین. ترساندنی به‌رامبه‌ر له‌و
ترسه‌وه دێت که له‌به‌رامبه‌ر هه‌یه.
هه‌ربۆیه ده‌بێت هه‌ڵسوڕاوانی چینه
ژێرده‌سته‌کان:
یه‌که‌م: ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی فریودان و پێداویستی
یه‌کانی بکه‌ن به کارێکی ڕۆتین، چونکه گه‌یشتنی
پرۆسه‌ی شه‌ڕ و کێشمه‌کێش به‌م ئاست و قۆناغه‌و
ئه‌وله‌ویه‌ت په‌یدا کردنی و په‌نا بردنی
پارێزه‌رانی به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانی چینه
باڵاده‌سته‌کان بۆ به‌کارهێنانی، ئه‌وه
ده‌گه‌یه‌نێت که یان ئه‌وان به‌ڕێوه‌بردنی شه‌ڕی
فریودانیان به‌پێی پێویست نه‌بووه، یان
په‌رچه‌کرداری هه‌ڵسوڕاوانی چینه ژێرده‌سته‌کان
سه‌رکه‌وتوانه بووه.
دووه‌م: ئه‌وله‌ویه‌ت دانی پارێزه‌رانی سیسته‌می
چینایه‌تی به ترساندن وه‌ک قۆناغێکی تایبه‌ت له
ململانێ و کێشمه‌کێشی نێوان چینه‌کان مامه‌ڵه‌ی
له‌گه‌ڵدا بکرێت و ئه‌وله‌ویه‌ت بدرێت به
تێگه‌یاندنی هه‌ڵسوڕاوان له ورده‌کاری یه‌کانی
ئه‌م قۆناغه و بارودۆخه‌که و به‌رزکردنه‌وه‌ی
وره‌یان و نه‌خشه‌ی مه‌دروس و پێویست بۆ
پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کانی ترساندن دابڕێژرێت و
پیاده بکرێت، چونکه به‌بێ حساب کردنێکی جددی و
به‌به‌رنامه بۆ ئه‌م قۆناغه، ئه‌وه یان
هه‌ڵسوڕانی له‌وه‌وبه‌ر درێژه‌ی ده‌بێت وه‌یان
په‌رچه‌کرداری بێ به‌رنامه یان فه‌ردی ڕوده‌ده‌ن،
که هیچ کامیان ناتوانن ده‌سکه‌وته‌کانی
له‌وه‌وپێش جێگیر و زه‌مانه‌ت بکه‌ن و گه‌یشتن به
ئاستێکی تری خه‌بات و ململانێ مسۆگه‌ر بکه‌ن و
توانایی و ئاماده‌یی و ته‌نانه‌ت زۆرێک له
ماتریاڵه ئینسانی و فه‌ننی یه‌کانیش داده‌به‌زنه
ئاستێکی نزمتر.
سێ یه‌م: ئیتر ترس وه‌ک واقعیه‌تێکی هه‌ست پێ کراو
له جه‌بهه‌ی به‌رامبه‌ردا ده‌رک بکه‌ن و
مامه‌ڵه‌ی زانستی له‌گه‌ڵدا بکه‌ن.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه فه‌رز ده‌کات که له‌جیاتی
گواستنه‌وه‌ی خێرای ئه‌م قۆناغه بۆ قۆناغێکی
به‌رزتر، ده‌بێت( که‌م تا زۆر، هه‌ڵبه‌ته به‌پێی
فه‌راهه‌م کردنی پێداویستی یه‌کانی گواستنه‌وه بۆ
قۆناغێکی تر) تیایدا بوه‌ستن و له‌و سه‌نگه‌ر و
ده‌سکه‌وتانه بکۆڵنه‌وه، که ده‌توانرێت به سوود
وه‌رگرتن له‌و ترسه‌ی که پارێزه‌رانی
به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانی چینه باڵاده‌سته‌کان
تیایادا ده‌ژین، به‌ده‌ست بهێنرێن. چونکه زۆر جار
ترس ئاماده‌یی یه‌کی زیاتر له شه‌ڕێکی واقعی(
به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ره‌که پێداویستی
یه‌کانی سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌تری فه‌راهه‌م
نه‌کردبێت) بۆ سازش فه‌رز ده‌کات.
سه‌رکوت
ئه‌م به‌شه کاتێک ئه‌وله‌ویه‌ت په‌یدا ده‌کات
که ئیتر به‌شه‌کانی تری پرۆسه‌ی هێشتنه‌وه‌و
زه‌مانه‌تکردنی باڵاده‌ستی چینه چه‌وسێنه‌ره‌کان،
واته: فریودان و ترساندن، ئه‌و کاریگه‌ری و
ئه‌وله‌ویه‌ته‌یان نه‌مابێت له ڕازی کردن و
ده‌سته‌مۆ کردنی هه‌ڵسوڕاوان و به‌شه‌کانی چینه
ژێرده‌سته‌کاندا وه‌یان ده‌سکه‌وت و ئاستی
ئاماده‌یی و توانایی یه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی چینه
ژێرده‌سته‌کان ئه‌وه‌نده بن، که ئیتر بووبنه
مه‌ترسی واقعی بۆ گۆڕینی ته‌وازون قوای نێوان
چینه چه‌وساوه و به‌شخوراوه‌کان و چینه
چه‌وسێنه‌ره‌کان چیتر نه‌توانن ئه‌و ڕاده‌یه له
ئازادی بۆ چه‌وساندنه‌وه، ئه‌و ڕاده‌یه له
ئیعتباری یاسایی و سیاسی ، ئه‌و ڕاده‌یه له
هه‌یبه‌تیان هه‌بێت، که قازانجی ماددی و
مه‌عنه‌وی خوازراو مسۆگه‌ر بکات. هه‌ر بۆیه له‌م
شه‌ڕه‌دا په‌نا بۆ ئه‌و نوقته قوه‌تانه‌ی تری
خۆیان ده‌به‌ن، که پێشتر به‌ده‌ستیان هێناوه(
وه‌ک هه‌بونی سوپا‌و پۆلیس و ئاسایش و جۆره‌ها
ده‌زگای سه‌رکوتی تر) و به‌کرده‌وه ده‌که‌ونه
شوێن ئه‌و ئامانجه، که هه‌ڵسوڕاوان و چینه‌که
تا ئاستی پێویست زه‌بوون بکه‌ن وه‌یان ئه‌و
سه‌نگه‌رانه‌ی که پێشتر له‌لایه‌ن چینه
ژێرده‌سته‌کانه‌وه لێیان زه‌وت کراوه، دیسان
به‌ده‌ستی بهێننه‌وه.
سه‌رکوت بۆی هه‌یه شکڵ وشێوازی جۆراوجۆر به
خۆیه‌وه ببینێت: هه‌ر له ڕێگرتن و تێکدانی ئه‌و
چالاکی یانه‌ی که هه‌ڵسوڕاوان و کرێکاران و
زه‌حمه‌تکێشان لێره‌و له‌وێ ده‌یگرنه به‌ر تا
ده‌گاته له‌سه‌رکار ده‌رکردن و گرتن و زیندانی
کردن و کوشتنی هه‌ڵسوڕاوان و به‌شداربووان.
ئه‌وله‌ویه‌ت په‌یداکردنی ئه‌م به‌شه نیشانه‌ی
چه‌ند ڕاستی یه‌کی بابه‌تی یه، له‌وانه:
ـ ده‌کرێت په‌رچه‌کرداربێت بۆ پێشڕه‌وی چینه
ژێرده‌سته‌کان و ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که
دوو به‌شه‌که‌ی تر( فریودان و ترساندن) کاریگه‌ری
خۆیان له‌ده‌ستداوه ( جا به‌هۆی لاوازی به‌ڵگه‌و
بیانوو ئه‌دای پارێزه‌ره‌کانی چێنه
باڵاده‌سته‌کانه‌وه بێت، یان به‌هۆی چالاکی و
هه‌ڵسوڕان و به‌رنامه‌ی سه‌رکه‌وتوانه‌ی
هه‌ڵسوڕاوان و چینه ژێرده‌سته‌کانه‌وه بێت).
ـ ده‌کرێت وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ک بێت به خواست و
ئامانجه هه‌نوکه‌یی یه‌کان وه‌یان قۆناغه‌کانی
دواتری پاراستن و زه‌مانه‌ت کردنی به‌رژه‌وه‌ندی
یه‌کانی چینه باڵاده‌سته‌کان و پارێزه‌ره‌کانی.
جیا کردنه‌وه‌و ده‌ستنیشانکردنی ئه‌وه که
سه‌رکوت کردنه‌که له کام له‌و واقعی یه‌تانه‌وه
سه‌رچاوه‌ی گرتووه، یه‌کێکه له ئه‌رک و
پێداویستی یه‌کانی هه‌ڵسوڕاوان و ڕابه‌رانی چینه
ژێرده‌سته‌کان و ده‌بێت له‌کاتی پێویستدا ئه‌نجام
بدرێت، چونکه هه‌رکام له‌مانه چۆنێتی
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه.
به‌ڕای من ئه‌و کاته‌ی که سه‌رکوت ڕوده‌دات و
هێشتا کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان نه‌یانتوانیوه
ڕێکخراوبوون بگه‌یه‌ننه ئاستێکی وا که وه‌ک
قه‌ڵایه‌ک وابێت، ئه‌گه‌ر سه‌رکوت بیشیڕووخێنێت،
ئاسه‌واره‌که‌ی بمێنێته‌وه، ئه‌وه مانای
ئه‌وه‌یه که په‌نابردنی چینه باڵاده‌سته‌کان و
پارێزه‌ره‌کانیان بۆ سه‌رکوت، له لاوازی
خۆیانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، نه‌ک له
سه‌رکه‌وتوویی به‌به‌رنامه‌ی هه‌ڵسوڕاوان و چینه
ژێرده‌سته‌کانه‌وه، چونکه ته‌نیا ڕێکخراوبوون
ده‌توانێت له لایه‌ک نیشانه‌ی سه‌رکه‌وتنی
هه‌ڵسوڕاوانی چینه چه‌وساوه و به‌شخوراوه‌کان
بێت له شه‌ڕی به‌شه‌کانی تردا و له‌هه‌مان کاتدا
ئه‌و مه‌ترسی یه بنوێنێت که پارێزه‌ره‌کانی
سیسته‌می چینایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانی
سه‌رمایه‌داران ناچار بکات ئه‌وله‌ویه‌ت بده‌ن به
سه‌رکوت.
لێره‌دا ده‌بێت بیر له پاراستنی ئه‌و
ده‌سکه‌وتانه بکرێته‌وه که که‌م تا زۆر
به‌ده‌ستهاتوون: پاراستنی ڕابه‌ران و هه‌ڵسوڕاوان
لێره‌دا گرنگی خۆی ده‌بێت بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و
درێژه‌دان به کێشمه‌کێش و ململانێی
هه‌مه‌لایه‌نه‌ی چینایه‌تی و ده‌بێت به به‌رنامه
ڕۆتینیه‌کانی وشیارکردنه‌وه‌و هاندانیشدا
پیاچونه‌وه بکرێت. هه‌ڵبه‌ته به
پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتن له
جه‌بهه‌و قۆناغه‌کانی تردا گه‌یشتبێته ئاستێکی
به‌رچاوی ڕێکخراوبوون، ئه‌وا سه‌رکوت هه‌وڵێکی
دیفاعیی به‌کرده‌وه‌یه بۆ ڕێگه‌گرتن له پێشڕه‌وی
زیاتر و بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته‌کان و
ده‌بێت له‌پاڵ لێدانی سه‌نگه‌ری دیفاعی پته‌ودا بۆ
پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کان، هه‌وڵ بدرێت به پشت
به‌ستن به ئاست و توانایی یه‌کانی به‌شه‌کانی
چێنه ژێرده‌سته‌کان، جه‌بهه‌ی نوێی ململانێش
بکرێته‌وه ( جا ئه‌و جه‌بهانه جوگرافی بن،
واته له شوێن و جێگای زیاتر هه‌نگاوی
هێرشبه‌رانه هه‌ڵبگیرێت، وه‌یان خستنه‌ڕووی
خواستی زیاتر بێت).
به‌کورتی ده‌توانین ده‌ستنیشانکردنی ئه‌وه‌ی که
کام له‌و به‌شانه‌ی میکانیزمی شه‌ڕی
پارێزه‌ره‌کانی سیسته‌می چینایه‌تی و
به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانی سه‌رمایه‌داران،
ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌یه له شه‌ڕه چینایه‌تی
یه‌که‌دا، بکه‌ین به یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کانی
په‌یبردنمان به وه‌زعیه‌تی جه‌بهه‌ی چینی کرێکار
و توێژه به‌شخوراوه‌کان و هه‌ڵسوڕاوه‌کانی و
ئه‌رکه‌کانمان وردتر ده‌ستنیشان بکه‌ین.
له کوردستان( له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که هه‌ر سێ به‌ش
و سێ قۆناغه‌که به‌کار ده‌هێنرێن) به‌ڵام فریودان
ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌یه و به نه‌فه‌سێکی درێژ
تره‌وه به‌کار ده‌هێنرێت . هه‌رچی ترساندن و
سه‌رکوته، ناو به ناوه و زۆر کورتخایه‌نه و
زۆربه‌ی جاریش ته‌نیا بازنه‌یه‌کی بچوک(جا جوگرافی
بێت یان هه‌ڵسوڕاوان) ده‌گرنه‌وه. هه‌ر
لێره‌شه‌وه ده‌توانین بڵێین شکستی بزوتنه‌وه‌ی
چینایه‌تی چینی کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان،
هێشتا له قۆناغی هه‌ستی چینایه‌تی دا یه و
نه‌توانراوه هه‌ستی چینایه‌تی له ژێر قوڕولیته
و شێواندن ده‌ربهێنرێت، ساده‌ترین به‌ڵگه بۆ ئه‌م
ڕاستی یه ئه‌وه‌یه که له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا
و سه‌رباری زیادبوونی ژماره‌ی( دابڕاوان له
موڵکایه‌تی) و ده‌رکه‌وتنی قڵشتی چینایه‌تی و
زه‌قبوونه‌وه‌ی ماهیه‌تی چینایه‌تی حزبه‌کانی
بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی و ئه‌و هه‌موو لێبڕاوی و
حه‌قبێژی و جه‌ساره‌ته‌ی که کۆمۆنیسته‌کان
نواندیان، که‌چی که‌مترین ڕێژه‌ی چینی کرێکار و
توێژه به‌شخوراوه‌کان به‌ده‌م بانگه‌وازه‌کانی
کۆمۆنیسته‌کان و هه‌ڵسوڕاوانی خۆیانه‌وه ده‌چوون.
چونکه ئه‌و پرسیارانه‌یان لا دروست نه‌بوبو که
هه‌ستی چینایه‌تی ده‌یوروژێنێت و به دوای ئه‌و
وه‌ڵامه‌شدا نه‌ده‌گه‌ڕان که ته‌نیا لای
کۆمۆنیسته‌کان هه‌بوو، وه حه‌تمه‌ن ئه‌و
هه‌ڵوێسته‌شیان نه‌ده‌نواند که داوایان لێده‌کرا!
بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی به‌ناچاری ده‌بێت
بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئاسته له شکست و
چاره‌سه‌ری بکات ( من له نوسینه‌کانی تردا
هه‌وڵم داوه، گرێکانی بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی
ده‌سنیشان بکه‌م و ڕێگا چاره‌ی کردنه‌وه‌یان
بخه‌مه ڕوو، خوێنه‌ر ده‌توانێت بۆ ئاشنابوون به‌و
باسانه له ماڵپه‌ڕه‌کانی ئه‌مڕۆ، هاوپشتی،
ده‌نگه‌کاندا بیانخوێنێته‌وه).
19.03.2010
amang70@hotmail.de
|